سەخت بوو باوەڕ بێنمەوە بەیانی بەسەر ڕۆژێكی تازەدا دێم،
شەو تاریكییەكی تر بەسەرما دێت.
ڕۆژێك، كە نەمدەزانی لەكوێی ئەم گەردووندا ونبووم
سەخت بوو باوەڕ بهێنم كە مردووم.
ڕۆژێك، كە نەمدەزانی لەكوێی ئەم جەنگەڵەدا زیندووم
من دوواهەمین فەرزەندەی جیڤارا بووم،
گەڕابوومەوە سەرزەوی.
بەوە نەبوو
ساڵەكان لێرەدا كۆتاییان بێت،
ڕۆژەكان لە هیچەوە دەستپێبكەنەوە،
وەرزەكان بەسەر خەلیقەتدا بێنەوە،
خودا بەسەر عەرشەوە بێكارو
ئەهریمەن بەسەر تەنهاییەوە بمرێت.
هاتمەوەو ڕەنگی گوڵەكانم لە ڕەنگی خۆم جیاكردەوە
ڕۆژێك كە دیوار لە ماڵ، شار لە ماڵەكانی هەڵدەهات
ئەو ماسییانەم لە خۆم تاراند
كە ئەوەندەی وشكایی دوژمنی دەریا بوون.
دەرگام لەسەر ئەو كەنارییانە كردەوە
كە ئەوەندەی قەفەس دوژمنی ئازادی بوون.
ڕێگاكان بە هەنگاوەكانمەوە كوشتمیان،
تەویلەكان بە شەرەف گرتمیانەوە،
باڵندەكان بە كفنی خوێنینەوە لە گلێنەمدا بەجێمان
پێغەمبەرەكان بە عەساكانیانەوە لە منا شەهید بوون.
خودا بانگی كردم: "مەریەم"
باوكم پێی وتم: "فاحیشە" .


ڕۆژێك بوو
نەمدەتوانی ئەو خەنجەرانە بژمێرم، كە تیامابوون ڕوو بكەنە كوێم!
ئەو برینانە ببەستم
كە پەڕیبوونە ئەو دیوی منەوەو
لەو قافڵانە بپاڕێمەوە كە لە تاریكیدا بەجێمابوون.


سەخت بوو باوەڕ بهێنم كە زیندووم.
دەڕۆیشتم و دەنگێك نەبوو لەو سەری حەقیقەتەوە بانگم بكات،
دەمردم و چاوێك لەو سەری گومانەوە نەیدەپێكام.
لەگەڵ ماسیگرە پیرەكاندا خەوتم
لەگەڵ قاچاخچییە مەستەكاندا كچێنیم دابەشكرد.
تفم لە تاریكی كرد كە بە قسەی تاریكییەكی ساختە گومڕا بوو.
تفم لە ڕاستی كرد كە بۆ شەوێك جێگەی خۆی لەگەڵ جێگەی ئەهریمەنەكاندا گۆڕییەوە.
چۆن جەردە قافڵەكان ڕووت دەكاتەوە،
كەرامەتم ڕووت كردەوە.
چۆن "با" تۆوی گوڵەكان بەسەر كێڵگەكاندا دەگێڕێت،
خیانەتم بەخشییەوە.


بەسەر ئەسپە پیرەكانی سوڵتاندا هاوارم كرد
بەسەر پاسەوانەكانی قەیسەردا ڕشامەوە.
وەك پاڵەوانێكی تەنیاو دۆڕاو لەو سەری شكستەوە بانگم كرد:
( ئەی خودا
چۆن ڕاستیت لەم تاریكییە شوومە هەڵكێشا،
لە جەنگەكانم هەڵكێشە.
لەو خودایانە ببەرەوە كە خودای من نین.
چۆن بەهەشتت بە سۆزانییەكان فرۆشت،
تەنهایی خۆتم بدەرێ‌.
چۆن ئەستێرەت لە ئاسمان و
ئاسمانت لە پرسیار دەرهێنا،
كارەسات لە خوێنم دەربێنە.)


سەخت بوو باوەڕ بێنم بەیانی بەسەر ڕۆژێكی تازەدا دێم،
شەو ئەوەندە تاریك بوو، گومان لە هاتنەوەی هەتاو دەكرا.
ئازادی بە درۆوە دەچووە كتێبەكان.
عاشقەكان بە درۆ عاشق بوون.
مانگ بە درۆوە هەڵدەهات.
باڵندەكان بە ساختەوە دەفڕین.
پاڵەوانەكان لە ناوەڕاستی جەنگەكاندا بەدوای سەری خۆیاندا دەگەڕان.
پێغەمبەرەكان بە كتوبەكانیانەوە پەشیمان دەبوونەوە.
پاشاكان تاجەكانیان پڕ دەكرد لە گوو.
ماسییەكان ئەوەندەی وشكایی دوژمنی دەریا بوون.
ڕێگاكان تەقەیان لە هەنگاوەكان دەكرد.
دایكەكان مەمكیان لە دەمی تووتكەكاندا ڕادەگرت و
پشیلەیان دەخستەوە بەجای مناڵ.
ڕاهیبەكان بە زۆڵەكانی باوەشیانەوە لە كڵێسا دەهاتنەدەر.
خودایە !
لە نێوان فریشتەو سۆزانیدا ...... چی ؟
لە نێوان حەقیقەت و ساختەدا ...... چی ؟
لە نێوان ژیان و مردندا ...... چی ؟
لە نێوان من و دوێنێ‌ و بەیانی و ئەمڕۆدا ...... هیچ !!


سەخت بوو باوەڕ بێنم كە مردووم
سەخت بوو باوەڕ بێنم كە دەژیم.
دەمزانی مەحاڵە كەس خەونی قووڵی ئەم گەمژەییەی بزڕێت...
هیچ ئازادییەكی ساختە،
بەختیاری قەفەسەكان بشكێنێت.
هیچ هەتاوێكی ناكامڵ،
دەرەقەتی كڕێوەی ئەم وەحشەتە بێت.
من كە لەو ڕۆژانەدا هاتبووم
بازرگانەكان تێزابیان بە نرخی تەڵا دەفرۆشت.
شاعیرەكان پاكێتییان بە نرخی وشە هەڕاج دەكرد.
سیاسییەكان بەسەر هەرەسی شۆڕشەكانیاندا دەگریان.
من بەسەر لاسەنگی خۆمدا
كە بەسەر لاسەنگی گەردووندا دامدەقرچاند،
بەسەر خیانەتی خۆمدا
كە بە خیانەتی خواكانمەوە دەبەستەوە،
هاوارم دەكرد:
( من بارمتەم
كوا ئەو قافڵەی كە دەنگی هیچ جەستەیەكی ناگاتێ‌؟
من بارمتەی ئەو ڕۆژگارە تاریكانەم
كە دەستی هیچ سەدەیەكی ناگاتێ‌،
سوپای هیچ ناپلیۆنێك نایبڕێت.
من بارمتەی ڕووناكییەكی درۆم
كە هیچ تاریكییەك ڕەونەقی ناشكێنێت.)


شاعیرەكان بە درۆ ئەتكیان كردم
پیاوكوژەكان بە تفەنگ
مەزهەبەكان بە حەقیقەت !!
هەر هەناسەیكی گەرووم
بۆنی خوێنێكی لێدەهات.
دەستەكانم وەك دوو خەنجەر لە قۆڵەكانمەوە دەڕژان.
دەڕۆیشتم و دەردی خۆم وەك جێپێكانم بەسەر زەوییەوە جێدەما.
خوداكان تیریان لە سێبەرەكەم دەگرت.
ئەستێرەكان جینایەتمیان دەنووسییەوە.
مانگ بانگی دەكردم:
( عیفریتی .... عیفریتی
ئەی ئەوەی بەو هەموو گوناهەوە بەسەر زەویدا دەڕۆیت و دەلەنگی،
بەری دەستت پڕە لە نەخشەی شكستەكانی خۆت.
بەر لەوەی "بەیانی" خەبەری بێـتەوە، دەپێكرێیت.
بەر لەوەی جەهەننەم بانگت بكا
دەبیتە ئاو !
بەر لەوەی قیامەت لە سینەتا بەرپا بێت،
كتێبەكانت دەدڕێنی.
هاوار دەكەیت:
ڕۆژێك كە خودا لەسەر زەوی نەما
بۆچیمە خودا لە دەنگی تۆ دروست بكەم ئەی گومڕا ؟
دەنووسیت:
كە ڕاستی لە كۆڵانە تاریكەكانی تۆدا كوژرا
- سیاسەت -
تف لە شۆڕش و كودەتات.
كە پرسیار بەر شەوارەی نوورێكی ساختە كەوت،
حاشا لە "كانت و ئەرستۆ"ت. )


سەخت بوو باوەڕ بێنم
ئەستێرە بەو هەموو دەردەوە دەتوانێ‌ هەڵبێت!
باران بەو هەموو تاعوونەوە دەتوانێ‌ ببارێت!
خۆر بەو هەموو بوغزەوە دەتوانێ‌ جیماع بكا!
خودا كە ئەوەندە تووڕەیە
دەتوانێ‌ بێتەوە سەرزەوی.
وەك چۆن ماسیگرەكان تۆڕەكانیان لە دەریاكاندا ڕادەخەن،
ترسم لە چاوەكانم هەڵدەگرت.
چۆن پیاوكوژ لە خوێنی خۆی غافڵ نابێ‌،
لەو جەهلە غافڵ نەدەبووم كە پەڕیبووە وجودمەوە,
وەك ڕاوچییەكی پیر، ساچمەم لە كارەساتەكان گرت و بردم بۆ خۆم.
ساچمەم لە جەنگەكان گرت و بردم بۆ خۆم.


سەخت بوو باوەڕ بێنم، كە كایە بەم خوێنە كۆتایی دێ‌.
چۆن درەختەكان باخچەكانیان بەجێدەهێشت،
مردووەكان ... گۆڕەكانیان
شاهیدەكان ... هۆڵی دادگا
دڵنیایی زەوی چۆڵ دەكرد.
بەو خەنجەرانە هەستامەوە كە نەمدەزانی كەوتوونەتە كوێم.
دەنگم بەو هاوارانە هەڵبڕی ،
كە نەمدەزانی لەكوێی گەروومدا شكاون.
گوێم لە شریخەی ئەو قامچییانە پاك دەكردەوە،
كە نەمدەزانی نەعرەی ئەهریمەنن یا خودا.
قاچم لەو زنجیرانە دەردەهێنا،
ئازادیم كردبوویە پێم.
لەسەر ئەو لەوحانەی كە كەس نەیدەخوێندنەوە
نووسیم:
( تكایە بمبەنەوە بۆ قەفەس
تەنها ئەو لە من دەگات و بەس. )