چەند دێرێکی تر لە 'دەربەندی پەپوولە' ەوە

«سالم»ەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
هاوڕێیان!
تا ئەم تۆفانی نەهەنگە
کڕنووشی نیشتنەوە ئەبا بۆ زەمین و
هەتا تاریکی ئەوەرێ.
هەتا کەشتیەکانتان ئەیکەن بە جەژنی ئاو
هەتا بەندەرمان ئەیکەن بە جەژنی کەشتی
ئەبێ بانگی سەری ئێمە «نەء» و
سەوڵەکانی دەستی ئێوەیش «نەء» و «نەء»بێ
سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
هاوڕێیان!
ئالەم تاقە وشەیەدا
دواڕۆژ هەناسە ئەدات و
هەر لەم تاقە وشەیەشدا
خەون هەڵدێ!

بۆننامە

"مەحوی" ناهێڵێ داسەکێنم وەکو "وەڵام"
"مەحوی" ناهێڵێ من هەرگیز سەقامگیر بم وەکو "یەقین"
بۆیە ئەو منی کردووە
بە هەڵچوون و بە داچوون و
بە زمانێکی دڕدۆنگ و بە شیعرێکی پڕ لە "بەڵام"!

پەریزاد و گوڵەکەی دوژمنی

ئەمە «بۆرەتار»ێکی شوومە و
سەرەتای شەوێکی ئاوس بە قات و قڕیی.
بۆرەتارێکی ژان گرتوو بە:
بەچکە شەیتان و بەچکە سیاسی و بەچکە بازرگانەوە.
ئەمە شەوێکی چەلاکی ڕەقەڵەی بەدبینە و بێبەزەیی.
چاوەکانی گۆڕیچەی ئەستێرانن و پەناگەی جادووگەران.
ئەم شەوە: قەڵای مێردان نییە،
قەڵای دزانە، قەڵای کاسەسەرم و
قەڵای جەستەی ڕووخاوم و
قەڵای خۆڵەمێشی ئارەزۆکانمە و
هەوێزی تاوان!

چەند بەشێكی تر لە 'خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێ'

هەمدیسان تۆ سەرت خول ئەخوا بە دەوری
بازنەی گوماندا و بە دەوری مەرگێکی تازەدا و
لە تەیری گێژ ئەچیت، لە ڕێگەی ون ئەچیت.
تۆ ئێستە وای لەبەر وەیشوومەی شەڕێکی دەروونتا،
شەڕێکی ناو سەرتا، شەڕێکی ناو خۆتا، هەر ڕۆژە و
بایەکی نەفرەت دێ و هەر ڕۆژەی گەرداوی
خوێنێکت هەڵ ئەکا و هەر ڕۆژەی تۆفانی
مردنێ تۆ ئەبات. تۆ ئێستە تەنیاییت گۆڕێکی
گەڕۆکە و لەگەڵتا ئەڕوات و تۆ ئێستە نامۆییت
بەژنێکی تاریکە و پەل و پۆی خاچەکەت هەر ڕۆژە و
قولانجێ زیاد ئەکات.
 
هەمدیسان نەفرەتی خۆکوژییم هاتەوە