لەو نامە ساختەیەدا کە ژیانی ڕاستەقینەی نالی دەگێڕێتەوە؛ بەو جۆرەی کە لە (ئەستەمبوڵ) عاشقی کەنیزەیەک دەبێ کە عوسمانییەکان لەشەڕی ڕۆمدا گرتوویانە و ئێستا وەک ئیشکەرێک لە قەڵای سێی چێشتلێنەران تاقی حەوت کاردەکا.. لە هامشۆی نێوان نالی و شاعیرانی فارسا بۆ دیوان، لە بەرەوژوورکەکەی (لالەلی) چاویان بەیەک دەکەوێ و نالی دڵنیا دەبێ کە ئەمە حەبیبەی ڕاستەقینەی خۆیەتی و بەخێراییش ئەوە بەسەریادێ كە ئینسان هەمیشە یەکەم و دووەمی شتەکانی لێتێکدەچێت.. لەو دەستنووسە تورکییەدا کە بەخەتی شکستەی فارسی نووسراوە و ئێستا وا لە (مۆزەی ئەسفەهان) و من بەسەریدا دانەویومەتەوە و لە هێڵی چەماوەو کەوانەیی و لاری نێوان پیتە کاڵەوبووەکانیدا ڕاماوم و بەئەستەم خەریکم شەرحەکەی لە حاشییەدا دەخوێنمەوە، باس لەو عەشقە سەخت و توندەی نالی دەکات بۆ کەنیزەکە و هاتووە کە؛ شەوێکی درەنگ نالی و کچەی ڕۆمی دەستی یەکدەگرن و بۆ هەتاهەتایە کۆشکی سوڵتان جێدەهێڵن و لە دەریای (مەڕمەڕە)وە بۆ جێیەکی نادیار ون دەبن.
ئەگەر (قیرغیزییەکان) ئەمشەو لە مۆسکۆ ئەو چالاکییە ترۆریستییەیان نەکردبایە.. من دەرگای ئەم باوەڵەم لەم سەردابە شێدار و ترسناکەدا جارێکی تر نەدەکردەوە.. من لە ‌دڵەوە لەگەڵ خەڵکی ڕوسیا هاوغەمم. ئەوەی کە ڕووداوەکان دەتوانن ڕووداوی تر بەدوای خۆیاندا بێنن بۆ من شتێکی نوێ نەبوو، بەڵام ئەوەی کە ڕووداوێک توانای ونکردنی ڕووداوێکی تری هەیە، ئەوە یەک لەو وانە نوێیانە بوو کە من لە ئەنجامی تێڕامان لە کوشتن و وێرانکردنەوە پێی گەیشتم.
کابرایەکی قاجاری شاعیری دیوانی سوڵتان نوسیویە "ئەمێستا من لە کونجی حەپسخانەوە ئەم پەیغامە سەجلدەکەم و سبحەی سوبح لەگەڵ نوێژی فەجرا بەقەتلی من و دفنم لە جەزیرەی (ئۆسکۆدار) لیلئەبەد ئەم فەهێت و عەیبە میسلی لەکەیەک لەخۆیان مەسح دەکەن و من لە نائیبی نالی یەوە فەوت دەکەم" هەرچی سەبارەت بە نالی یەکەم و ڕاستەقینەشە، (خزڕڵڵای شوعاعی قاجاری) نوسیویەتی "نالی لە هیچ مەکانێ چاونەکراوە و تا یومی قیامە مەنفییە دەست بەیەدی مەعشوقەیەوە".
لە مۆزەخانەی (سوور) لە (مۆسکۆ) شەقامی (لێۆڤسکی) باڵەخانەی 216 نهۆمی ژێرزەمین، كچێکی کاڵ لەوانەی برژانگ و پێست و کەزێیان بەدەرەجەیەکە دڵی بونیام سست دەکا، لەپشت مێزێکی ئاسنی کۆنەوە بەزەردەخەنەی کارمەندێکەوە کە پیشەییانە دەیەوێ دڵی میوانەکانی ڕابگرێ، پێشوازی لێكردم. بەڕوسییەکی شکاوی تێکەڵ لە ئینگلیزی خۆم ناساند و وتم بەڵگەنامە هەواڵگرییەکانی کۆتای سەدەی نۆزدەم دەوێ سەبارەت بە دەوڵەتی عوسمانی لە ویلایەتی ئەستەمبوڵ، بۆ ساتێک برۆی هێنایەیەک، دیاربوو عەیامێکی درێژبوو کەس لەبەشێکی ئاوا پرسیاری نەکردبوو، دوایی وەک ئەوەی شتێکی بیرکەوتبێتەوە برۆکانی هاویشتە ئاسمان و سەرێکی بادا و گووتی:
- چاکی ماڵکۆ.. " کەمێک بووەستە"
- دا ئز چاکم... " ‌بەڵێ وەستاوم"
ئەو لەناو ڕەفە دێرین و درێژەکاندا و من لە بیری ئەم دەستنوسەدا ونبووم کە ئێستا وا لە باخەڵی چەپمداو نەمدازانی تا ئەمڕۆ ئاوا سیحریانە و مینا سێبەرێک ژیانی من بەدوای خۆیدا کێشدەکات..
باشچاوشێکی مەلول و ژولیدە لە حەپسخانەی تایبەتی سوڵتانەوە کە دەکەوێتە پشت یەکێک لە ئەمبارە گەورەکانی گەنمەوە لە خوارووی (باغچەلی)یەوە کە ئەوسا پێیان دەگووت (بیئۆغڵۆ)، سەعات سێ و چواردە دەقیقە بە کاتی عەرەبی نامەکە لە نالی وەردەگرێ و ‌بێبەرامبەر وەک هەر سەرکێشییەک کەبەسەر هەریەکەماندا دێ و لەوەدەچێ نرخەکەشی بەژیانی خۆمان تەواوببێ، ‌نامەکە دەگەێنێتە سەر سنوری خاکی عارەبان.. باشچاوش بەدنیابینی خۆی و لەپێناو گەیاندنی نامەکە بەجێی مەبەست، ڕاستەوخۆ بۆ ئێرانی نانێرێ، ‌‌بەڵکو بە تەکنیکێکی سەربازیی کە ئەفسەرێکی ساڵخوردە دایڕشتبێ ‌بڕیار دەدات ڕێگەیەکی دوورو توولانی (بەڵام سەلامەت)ی پێ ببڕێ.. بەمجۆرە لە دووی ڕەبیعی یەکەمی 1293ی کۆچی دا و پاش سێ مانگ و یانزە ڕۆژ لە مراندنی نالی دووەم، بەڕێگای (شام)دا نامەکە دەگەێنێتە سەرسنوری (میسر).. بەیازی زەردی کۆنە دەفتەر لازم بە هەژدە شەوی تر ئینتیزار دەکات تا دەگاتە دەست (پەروێزی ئەکبەریی)، عالی جەنابی نوێنەرایەتی شای قاجار لە میسر..
کە لیستی ناوی بەڵگەنامەکانی بۆ‌هێنام، بەهەردوو زمانی ڕوسی و ئینگلیزی لە خشتەیەکی سێ ستوونیدا ناوی ڕاپۆرت و ڕاپۆرتنووسەکەی و مێژووی ناردنەکانیانی تێدا تۆمارکرابوو. بەوەدا من ناوی ڕاپۆرتنووسەکەم نەدەزانی و لەو مێژووەشدا کە بەرامبەرە بە 1786ی زاینی، چوون ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک قەڵتاغێک لەسەر تەختەڕەقێک گیانی دەدا، قەڵمڕەوەکەی تژی ببوو لە جاسوس و خەبەرلەر و ئەوبیانیانەی هەواڵگریانە کاریان بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکانی دراوسێ ‌دەكرد‌..
ئەمە دیسان دۆزینەوەی نامەی مەبەستی لەو مێژووەدا بۆ من دژوارتر دەکرد، ناچار بەناوی ڕاپۆرتەکاندا ڕۆیشتم تا گەیشتمە سەر ئەم ناونیشانە: (ڕاپۆرت- دەقی نامەی نالی شاعیری فارس لە کوشتاندینا 3-4-1786) زانیم ئەوە ئەوشتەیە کە من بەدوایدا دەگەڕێم، گوتم ئەم نامەیەم دەوێ.. ئەو سەیری دەکردم و من هێکڕا هێکڕا دەمگووت ئەم نامەیەم دەوێ.. ئەم نامەیە.
ئاغای (ئەکبەریی) شابەندەری ئێران، نامەکە وەک گەوهەرێک دەبینێ و مەرا‌قی ئەوەی نەخۆی تورکی دەزانێ و نەکەسە نزیکەکانیشی و لە ترسی ئەوەی نەبادا نهێنییەکە دزەبکات و بگاتەوە بە تورکان، لە کەس ڕانابینێ بۆ وەرگێرانی نامەکە بانگهێشتی بکات.. هەر زوو بە قاسیدێکدا ڕەوانەی شای دەکات لە (تەبرێز).. دوای سێ شەو لە دەرچوونی نامەکە لە میسر، شابەندەری ئێران لەوپەڕی سەلامەتیدا و لە کەیف و سەفای سەر (نیل)دا بەدیار ئەو خانمە ئەسمەرانەی هیچ شتێک لە دنیا نازانن جگە لە سمتبادان و وا ئەو هونەرە گەورەیەشیان نیشانی پەروێز دەدەن، شەوێک دڵی بە‌‌هێزی دەوەستێ و دەمرێ..
ئەو ڕۆژانەی ئەمانە ڕوودەدەن تورکی باشچاوش لەو کارەی زۆر پەشیمان دەبێ و هەستی خیانەت لە دین و ئەرک و هاودینەکانی ڕایدەکێشێتە سوچی گۆشەگیری و جگە لە گریان و سوجدەبردن سوکنایی بە هیچ نایەت.. تا سەعات چوار و سی و یەک دەقیقەی عەسرێک لە مزگەوتی (قەدی بایەزید) پیاوچاکێکی ڕێبوار پێشنیاری پێ دەکات کە "بونیامی زەعیف بۆ تەسکینی ڕۆحی عاسیی، هیچ لەوە بۆی دەرمانتر نییە قسەی دڵی خۆی بکات و دانبەگوناهیدا بنێ".. پاش قەیرێ، بێسرەوتی ئێمە لەسەر دەستی ئەم خواناسە دانبەتاوانەکەیدا دەنێ و هەمان شەوی ئەو عەسرە ئەم چاوشە کەسیرەیە لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لە ماڵەکەی خۆیدا بەچەقۆ دەکوژرێ.
شەوهایەکی زۆر من شەرابم خواردەوەو لە پیتی پێچەوانەو سەرهەڵگەڕاوی ئەم نامەیە ڕامام.. ڕۆژگارێکی درێژیش لە بەرامبەر فەرهەنگە قەبەکانی زمانی ڕوسیدا دانیشتم و هەوڵی وەرگێڕانی ئەم نامەیەمدا کە دەتوانێ بەشێکی گەورەی نهێنی هەڵهاتنەکانی (نالی)مان بۆ ئاشکرا بکات.. ئەوەی لەو وەرگێڕانە حەرفیانەدا پێیگەیشتم، ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نەبوو جگە لەوەی دواجار حاڵیبووم کە ئەم نامەیە لە نالییەوە بۆ ژنێک نوسراوە.
ئێستا کە دووسەد و سی و چوار ساڵ بەسەر ئەم ڕووداوانەدا تێدەپەڕێت و من لە نێوان ئێران و ڕوس و تورانا بەدوای بەشی جێماوی ئەم چیرۆکەدا دەگەڕێم، هیچ سەرەداوێکم لەسەر ناوی ئەو پیاوچاکە دەستنەکەوتووە.. ئەوەندەی دەیزانم بەپێی فەرمانێکی ڕەسمیی سوڵتان، دەفتەرداری دەروازەکانی (قوستەنتینە)و سەرجەمی تەکیەو خانەقاکانی، دەبێت ناوی هەموو میوانێکی بیانی لای خۆیان تۆماربکەن.. بەڵام ئەو ڕۆژانەی ئەم یەکتربینینەی باشچاوش و خواناسە نەناسراوەکەی تێدا ڕوودەدات سوڵتان لە حەج دەبێ و بەم جۆرەش هیچ میوانێکی تایبەت ڕ‌‌وو لەدیوان ناکات.. دوای سۆراغێکی زۆر لەدەفتەری هۆتێل (قاغێ) لە دامێنی (ئەیاسۆفیا)، بینیم لە تەنیشت ناوێکەوە کە کوژاوەتەوەو ناخوێنرێتەوە، بێ گرنگی پێدان و تەنها وەک تێبینییەک نوسراوە "ئەم ئەغیارە موساییە".
چەند ڕۆژێک دواتر سوڵتان ڕێوڕەسمی حەج لە قەلەقییەکی زۆرو خێراییەکی چاوەڕواننەکراودا تەواو دەکات و دەگەڕێتەوە ئەستەمبوڵ، لەو ماوەیەدا کوژرانی پاسەوانێکی حەپسخانە نهێنییەکانی سوڵتان، وادەکات دەوڵەت بکەوێتە خۆی و لە هەموو سنوری قەڵمڕەوی لەگەڵ خاکی فارس و ڕوس و ڕۆمدا بکات بەخەبەرلەر و سیخوڕ و چاو و گوێ..
(ناسرەدین سالاردەولە) لە کتێبە مێژووییەکەیدا؛ (هەڵهاتن لە گورگەزێ) بەدرێژیی وەسفی ئەو شەڕە خوێناوییە دەکات کە لە کوتایی سەفەرەکەیاندا ئێوارەیەکی پایز لە نێوان پەیک و دەستەی پارێزگارییەکەی لەگەڵ چەند فەسیلێک لەچەکدارانی پیادەی عوسمانی لەبۆسەیەکدا لەخوارووی (دیوانییە) ڕوودەدات و تێیدا هەشتا کەس لە پیادەکانی عوسمان دەکوژرێن و چوارتفەنگ بەدەستیش لە خێڵی قاسید "ڕۆحی بەرزیان بە ئێوە عەتا دەفەرموون" وەک سالاردەولە لە وەسفە شیعرییەکەیدا نوسیویەتی "ئەو غروبە هەوری چڵکنی پایز.. نم نم لە جێی باران خوێن دەبارێنێ".
سەفەری دووری من و وێڵیم بەشارانەوە وایکرد بیرۆکەی گەڕانەوە و ساغکردنەوەی ئەم نامەیە بێنمەوە بۆ ‌وڵات و ئەم گرێ قورسەی سەر دڵم لەلای جەنابی پڕۆفیسۆر بکەمەوە؛ ئەوشەوەی بە تەلەفۆن قسەمانکرد و دوای خۆناساندنێکی کورتی من و ڕوونکردنەوەیەکی سەرپێیی مەبەستەکەم، لەودیو هێڵی تەلەفۆنەوە لەناو غەڵبەغەڵبێ میوانەکانیا بەزارێکی شیرینەوە گوتی "سبەینێ لە‌‌ هۆڵی کتێبخانەی زانکۆی سلێمانی یەک دەبینین و نامەکە وەردەگێڕین" سەعات هەشتی بەیانی ڕۆژی دواتر تاقە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی شار بە خەتێکی درشت ئەمەی لە مانشێتیدا نوسیبوو ((ئەمشەو لە کارەساتێکی ئۆتومبێلدا پرۆفیسۆر (عەبدولڕەحمانی حاجی مارف) گیانی سپارد)) ئیتر من زانیم ئەم نامەیەی لای من، شتێک لە تەلیسم و شتێک لە نەفرەتی لە خۆیدا هەڵگرتووە.. هەر ئەم ترسەش وایکرد من سێ ساڵی تر نامەکە لە باوەڵێکی کۆندا بپارێزم و نەچمەوە سەری.
(میرزا جەلالی مەمالیک) میرزای (حیسامەدینلمولکی کوڕی فاتح عەلی شای قاجار) لە یاداشتەکانیدا دەڵێت عەسرێکی درەنگ پەیک گەیشتۆتە تەبرێز و لەخانی بەردەم کۆشکدا و بەرلەوەی بەخزمەتی شــــا شەرەفیاب ببێ، لە پەلەپەلێکدا لە ئەسپەکەی کەوتۆتە خوارێ و بەرلەوەی فریای خەڵات و بەراتی شا بکەوێ مردووە.. میرزا مەمالیک نوسیویەتی "لە دیوان شــا بەدەستی موبارەکی خۆی مۆری سەر زەرفەکەی شکاندو فەرمووی جەلال بخوێنە، پەیغامەکەم لە دەستی موبارەکی وەرگرت و ڕوانیم وەک پیرێکی ساڵخوردە نامەکە گیان دەدا، بەنی ئادەم وەهای ئیحساس دەکرد ئەگەر ئێستا فریای خۆندنەوەی نەکەو‌ێ حیبری تاڵ و تاری چوون ڕۆحێکی پەژمووردە، لە بەیازەکە هیجر دەکاو ئەچێ بۆ ئاسمان.." میرزا جەلال دوای وەسفێکی زیادە و پێوەنراوی ساتی وەرگرتنی نامەکە کە هەژدە لاپەڕەی یاداشتەکانی پێ ڕەشکردۆتەوە دەڵی ئەم بەیتە شیعرە سەر دێرێ ‌نامەکە بووە: "نفس ساعت گیپی ایشرسە گر یاد ایلە تاعتدر؟ بر انک قورمەسی پیریولونە احیا ساعتدر" کە لە موزەکەراتی مەمالیک دا گەیشتمە ئێرا، ئێستێکم کرد و چوومەوە سەر دیوانی نالی چاپی 1923ی (عەلی موقەبیل)، هەموو دیوانەکەم شەن‌وکەو کرد، ئەم بەیتەم تیا نەدی. دواتر لە چاپی 1979ی (مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس)دا دیتم خۆیەتی هەمان بەیتە و لە پەراوێزیدا ئاماژەی داوە کە لە نوسخەی دەستنووسی (حاجی ئەحمەدی توربەیی) ناوێکەوە وەریگرتووە.. ئەو زەمانە (مەلا شکور)یان وەک تورکیزانێکی بلیمەت تەکلیفکردبوو بۆ لێکدانەوەی بەیتەکە، بەڵام بەداخەوە مەلا شکور بۆ ئەوەناچی کە ئەم بەیتە تاقانەیە هی نالی نییە و چوون لە زیندانیشەوە نوسراوە و لەترسی بەردەستکەوتن و ئاشکرابوونی، نوسەرەکەی هێندە فامیدەبووە کە بزانی پیتەکانی بەیتەکە و تەواوی نامەکەش بە پێچەوانەوە و لە چەپەوە بۆ ڕاست بنوسێ و بەمجۆرەیش بۆ پەی پێبردن و تێگەیشتنی جگە لە خوێندنەوەی لە ئاوێنەدا، هەر هەوڵێکی تر بۆ سەرلێدەرکردنی سەرلێتێکچوونە.
‌هەر ئەمڕۆژانە چاوە کەمتینەکانی عوسمانی توانای دیتنەوەی ئەغیارە جووەکەیان دەبێ و پاش ئەشکەنجەیەکی زۆری کە سوکترینیان ئەوە دەبێ بەخەنجەر پوزی قاژ بکەن و پڕی بکەن لە خوێ و توند شەکەتیدەن، سەحەری ڕۆژی دووشەممەی 2-5-1786 داندەنێ بەوەی سیخوڕی ڕوسە و ئەوەش ئاشکرا دەکات کە دەقی ئەسڵی نامەکەی لە باشچاوشێک وەرگرتووە و وەریگێڕاوە و ناردوویەتی بۆ (پیترسپۆرگ).. (من لێرەدا ئەوەم بۆ ڕوون بووەوە کە ئەو نامەیەی بۆ ئێران چووە، جگە لە نوسخەیەکی لەبەر نوسراوەی نامە ڕاستەقینەکە بەدەسکارییەوە هیچی تر نەبووە..) دوای ئەم دانپێدانانە سەعات دە و چل و سێ دەقیقەی بەیانی بەکاتی عەرەبی لە مەیدانی (تۆپخانە) بە بەرچاوی دانیشتوانی ئەستەمبوڵەوە سیخوڕەکە بە شمشێر دەکرێت بە دوولەتەوە.
ئەمشەو کە لەهەواڵەکاندا پەلامارێکی ترۆریستیی کەمینە قیر‌غیزییەکانم بۆسەر مۆزەخانە سوور لە مۆسکۆ دی، تەنیا من زانیم ئێمە کلیلێکمان تێیدا فەوتا کە دەتوانێ کۆدی ون بونی نالی بکاتەوە.. سوتاندنی مۆزەخانەکە وایکرد من جارێکیکە سەری باوەڵەکەم بکەمەوە.. بۆ ‌تێگەیشتنیش لەو نهێنیە گەورەیە جگە لە (مامۆستای خەزنەدار) کە لەشارێکی 150 کیلۆمەتری تەنیشت شارەکەی منەوە دەژی، من کەسی دیکەم پێ شک نایە.. ئێستا کە من ئەو چیرۆکەم بۆ ئێوە دەنوسییەوە کاغەزێکی زەرد وا لەباخەڵی چەپمداو بەڕ‌ێگاوەم بۆ ئەو شارە، ئومێد دەکەم تا من دەیگەمێ مامۆستا سەلامەت بێ.. کێ دەزانێ چیرۆکێکی تر لە ناو نامەکەدا چاوەڕێی ئێمە ناکات..!