ڕووداوەکانی ئەم دواییەی دەڤەری بادینان پرسێک نییه‌ته‌نها سه‌باره‌ت به‌ پارتیی و یه‌کگرتوو و سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌‌. دۆزێکی مەدەنیی ناجینائیی نییە کە تیایدا دوو حیزب لەسەر دراوسێتیی یەکتر لە ناوچەیەکدا پێک نەیەن، تا چارەسەر ئەوەبێت حیزبێکی تر ناوبژییان بکات و پێکیان بێنێتەوە، یان لیژنەیەک دامەزرێنریت بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئایا دەستی حیزب و ئەندامانی حیزب لەپشت ئەو هێرشانەوە هەبووە یان نا. ئەو هێرشانەی بۆ سەر مەیخانەکان و سەنتەرەکانی مەساج و بارەگا حیزبییەکان ئەنجام دران، چی حیزب ئەنجامی دابن یان خەڵک، دوو دۆزی جینائیی گەورە و خەتەرناکن کە لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت سزایان بەدوادا بێت. گرنگە کۆمەڵگای ئێمەش ئیتر ئەم مامەڵە مەدەنییە لەگەڵ تاوانی مومارەسەی توندوتیژیی سیاسییدا بکات؛ بەجۆرێک کە ئیتر نە «خەڵکبوون» پاکانەیەک بێت بۆ سزانەدانی ئەوانەی دەست بۆ توندوتیژیی و تیرۆری نەیارانی سیاسیی و ئایدۆلۆجیی خۆیان دەبەن، وە نە توندوتیژیی نێوان ئەحزابی سیاسیی وەک جۆرەکردارێکی نەخوازاو بەڵام بێسزای ناو پرۆسەی سیاسیی تێپەڕێت. لە ساڵانی ڕابردوودا هەموو تاوانە گەورەکانی ناو شەڕی ناوخۆ تا تاوانە گەورەکانی ناو سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی بەهاری ئەمساڵ و چەندین زیادەڕۆیی تر، هەموو بەم تاکتیکە بەسەر خەڵکدا تێپەڕێنرا.
 
ئەوەی کە خەڵکانێک لە زاخۆ، بە هاندانی حیزب بووبێت یان خۆبەخۆ، دەزگاکانی دەوڵەت پشتگوێ دەخەن و خۆیان وەک «پۆلیسی ئەخلاقی کۆمەڵگا» ڕادەگەیەنن و ڕێگە بە خۆیان دەدەن هەڵکوتنە سەر سەنتەرەکانی مەساج و مەیفرۆشەکان و سەر ئەو هاوڵاتییانەی ڕوانگەیەکی جیاواز لە ڕوانگەی ئەوانیان بۆ ئەخلاق و ئاین هەیە، کارێکی وا چەندین بڕگەی یاسای سزادان دەیگرێتەوە: لەوانە، چالاکیی تیرۆریستیی، خراپکاریی (بە واتای تەخریب یان ڤاندالیزم)، خۆخستنە جێگەی دەسەڵاتی حکومیی، بڕینی سەرچاوەی داهاتی خەڵک، هەڕەشەلێکردن و چاوترسێنکردنی خەڵک، هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی تاوان، وە هەوڵی کوشتن لەڕێگەی ئاگرتێبەردانەوە. ئەمە جگە لەوەی کە پیادەکردنی کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتیی و فەرزکردنی بەزۆری بەها و ڕوانگەی مۆڕاڵیی خۆت بەسەر کەسانی تردا، تەجاوزێکی گەورە و خەتەرناکە بۆ سەر ''ئازادیی بیر، قەناعەت، ئایین و جیهانبینیی -Freedom of thought, concience and religion''. تەجاوزێک کە لە کۆمەڵگایەکدا کە خەونی هەیە بەهای لیبڕاڵ و یەکترتەحەمولکردن باڵادەست بێت تیایدا، دەبێت تەواو بە جیدیی وەربگیردرێت و سزای توندی هەبێت.
 
لەبەرامبەردا، ئەوەی کە خەڵکانێک، بە هاندانی حیزب بووبێت یان خۆبەخۆ، هەڵدەکوتنە سەر بارەگاکانی حیزبێکی سیاسیی و دەیسووتێنن، چەندین بڕگەی یاسای سزادان دەیگرێتەوە، لەوانە: چالاکیی تیرۆریستیی، تەخریب، هەڕەشەلێکردن و چاوترساندنی خەڵک، هاندانی خەڵک بۆ ئەنجامدانی تاوان، وە هەوڵی کوشتن لەڕێگەی ئاگرتێبەردانەوە. هەروەها کارێکی وا هێرشە بۆ سەر ''ئازادیی دەستەسازدان – Freedom of association'' و ئازادیی بیروڕا و بەهای پلورالیزمی سیاسیی لە کورستاندا.
 
ئەو دوو کردارە جینائییە دەبێت سەربەخۆ لەیەکتر مامەڵە بکرێن؛ سەربەخۆ لەیەکتر بەو مانایەی کە مومکین نەبێت هیچیان بە هیچیان پاکانە بۆ بکرێت، وە ئەوەی کە ئایا کێ دەستپێشخەر بووە و کێ لە پرەچەکرداردا کردوویەتی هیچێک نەگەیەنێت. گرنگە ئەو هێرشانە سزای یاسایی بەدوادا بێت بۆ ئەو کەسانەی زەمینەسازییان بۆ کردووە و فەرمانی ئەنجامدانیان داوە (ئیتر لەناو حیزبێكدا بن یان نەبن)، بۆ ئەوانەی هانی خەڵکیان داوە و بۆ ئەوانەشی کە هێرشەکانیان ئەنجام داوە. بەدوای ئەم هەنگاوەدا ئەگەر سەلما مەسەلەی هاندانی سەرکردەیەک یان کادرێکی حیزبیی لۆکاڵ یان مەلای مزگه‌وتێک بۆ کارەکە فەرمانێکی حیزبیی بووە نەک دەستپێشخەرییەکی شەخسیی، ئەوکاتە دەبێت لەپاڵ مولاحەقەی یاسایی ئەو کەسەوە، بە ناوی پێشێلکردنی یاسای ئەحزابەوە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حیزبە بکرێت یان تەنانەت حیزبه‌که‌وەک کەسایەتیی حقوقیی (Legal Personality) ببرێتە بەر دادگا.
 
ئەوەی کە لەئێستادا مومکین نییە لە کوردستاندا ئەم مامەڵە مەدەنییە ئایدیاڵە بەسەر ئەو هێزانەدا فەرز بکرێت کە دەسەڵاتدار و بەهێزن، قەت ئەوە ناگەیەنێت باسی مامەڵەیەکی وا غائیب بکەیت و زەرورەتی نەبێت پرینسیپاڵ ڕەخنە بکەیت. قەت ئەوە ناگەیەنێت لەجیاتی پێداگریی لەسەر چارەسەر لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی کۆمەڵگای یاسا، پێتوابێت تەنها سەرکۆنەکردنی کارەکە و بەکارهێنانی ووشەی گڕدار لە وەسفی ئەم حیزب یان ئەو حیزبدا کافیی بێت. مەسەلەکە ئەوەیە کە هێزگەلێک و کەسانێک هەن کە کە جگه‌له‌ڕەخنە، خۆیان شایان بە سزاش کردووە. مادامێک تاوان ڕوویداوە، کارێکی نادروستە لەئاست حاڵەتێکی وادا باسی ئەوە بێنیتە پێشەوە کە تاوانکاران ڕق و تووڕەییان تیایە و شیکاریی ئەوە بکەیت کە سەرچاوەی ئەو ڕقە لەکوێوەیە. دیارە شیکردنەوە و ڕەخنەیەکی لەم جۆرە تەواو گرنگە، بەڵام ئەگەر ئاگادار نەبیت لە چی سیاقێکدا دەیکەیت، تەواو بۆی هەیە ببێتە تێگەیشتنپیشاندان بۆ تاوان و لەسزادەربازکردنی ئەوانەی ڕێگەیان بەخۆیان داوە بۆ ئامانجی سیاسیی دەست بۆ تیرۆر بەرن.
 
هەمانشت بۆ هەڵوێستگیریی لەئاست سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتوودا، دروست نییە بە ڕووکردێکی گروپگەریی (Group-oriented approach) واوە قسە لەو ڕووداوە بکەیت کە ئەوە غەدرکردنە لە یەکگرتوو. گرنگە سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی ئێمە بە ڕووکردێکی مەدەنیی واوە لەو مەسەلەیە بدوێن کە ئەوە هێرشە بۆ سەر ئازادیی دەستەسازدان و ئازادیی بیروڕا و بەهای پلورالیزمی سیاسیی. مادامێک وەستانەوەی ئێمە دژ بەو هێرشە لەو سۆنگەیەوە نییە کە ئایا کراوەتە سەر چی حیزبێک و لەسەر چییە، بەڵکو بۆ سەر هەر حیزبێکی تریش بێت و بە هەر بیانوویەکیشەوە بێت هەر هەمان هەڵوێستمان دەبێت، لێرەوەیە کە هەڵوێستگرتنی دروست ئەوەیە بکەر سەرکۆنە بکەیت و داوای سزدانی بکەیت، نەک بە ڕاگەیاندنی پاڵپشتیی خۆت بۆ قوربانیی هەوڵ بدەیت قەرەبووی مەغدوریی بۆ بکەیتەوە. بۆ قوربانیی، بە غەیری قەرەبووی ماددی و مەعنەویی، کاری تۆ نییە بەدوای هیچ دەستکەوتێکی ترەوە بیت بۆی. ئەگینا ئەگەر ئەم جیاوازییە ووردە مەبدەئییەی خۆت نەبینیت لەگەڵ ئەوانەدا کە خەریکی شەڕی حیزبایەتیین، بیئەوەی خۆت ئاگادار بیت دەکەوێتە سەنگەری هەزاران لەو کەسە حیزبییانەوە کە دژ (یان لەگەڵ) ئەو هێرشەن تەنها لەبەر ئەوەی کراوەتە سەر حیزبێکی دیارییکراو و لەسەر سیاسەتێکی دیارییکراوە؛ ئەگینا ئەگەر هەمان هێرش بکرێتە سەر حیزبی بەرامبەر، ئینجا دژەکان دەبنە لایەنگری هێرشەکە و لایەنگرەکانی ئێستا دەبن بە دژ. بە مانایەکی تر، هەڵوێستگیریی لە ڕێگەی بەخشینەوەی پاڵپشتیی و هاوسۆزیی خۆت بەسەر ئەو تەرەفانەدا کە بە ''غەدرلێکراو''یان دەزانیت، بۆی هەیە بەئاسانیی بتکاتە هاوسەنگەر و بەشدارییکەرێکی چالاک لەو شەڕە پڕنیفاقەی نفوزگرتنەدا کە ئێستا لەنێوان حیزبە سیاسییەکاندا دەگوزەرێت.
 
بەڵام وەک دەردەکەوێت نە ڕۆشنبیران و نە دەزگا ڕاگەیاندنە ئازادەکان لەم کارەدا زۆر بەئاگا نین. ئێستا لە هەموو ئەو دوو تاوانکارییە گەورەیەی سەرەتای ئەم مانگە لە بادینان ئەنجام دران، هەر ئەوەندە ماوەتەوە کە هەموو ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی و ئیعلامیی و شەعبیی ئێمە گرفتەکەیان لێ بۆتە ئەوەی بەوردیی موتابەعەی ئەوە بکەن کە ئایا پارتیی و یەکگرتوو کەی دادەنیشن، کامیان غەدری کردووە و کامیان مەغدوورە، لیژنەی لێکۆڵینەوە کامیان خەتابار دەکات و کێ نایەت بۆ کۆبوونەوەی دوقۆڵیی و کێ تەوقە ناکات و کێ ئیحراجیی بۆ دروست دەبێت و کێ دڵی دەیەشێت و، ڕاگەیاندنەکان زیهنییەتی هەموو کۆمەڵگایان بەم بەها خێڵەکییانانەی حیزبەکانەوە خەریک کردووە.
 
ئەمە دواکەوتنی عەقڵییەتێکی بیدائییە کە تیرۆر و تاوان وەک ناکۆکیی تایبەتی نێوان ''خێڵە سیاسییەکان'' چاو لێدەکات و پێیوایە دەتوانن بە سوڵح و دانوستانی نێوان خۆیان خۆشی بکەنەوە. عەقڵییەتێکی خێڵەکیی پێش-مۆدێرنیتییە کە ئینسان وەک تاکێکی سەربەخۆی خاوەن ماف نابینێت و ڕوانگەیەکی کۆلێکتیڤیی بۆ مافی مرۆڤ هەیە. لێرەوەیە پێویست دەکات ڕۆژنامە و دەزگا ڕاگەیاندنە ئازادەکان ئیتر دەست هەڵگرن لە ئاخنینی لێکدانەوەی گروپگەرایی بۆ تاوان بە مێشکی خوێنەرانی خۆیاندا و دێباتێک دروست بکەن کە لەسەر بنەمای بەهاکانی دیموکراتییەت و مافەکانی مرۆڤ و دابڕاو لە شەڕی دەسەڵاتی نێوان حیزب و گروپە سیاسییەکان دامەزرابێت. ڕوماڵکردنی بەردەوامی هەواڵی کۆبوونەوەکان و لێدوانەکانی هەردوو حیزب، کارێکی کردووە پیاوە سادەکانی ناو سەرکردایەتیی ئەو دوو حیزبەیان لە زیهنی خوێنەردا کردووە بە مەهدیی نەجاتدەر کە خەریکی چارەسەرکردنی ئەو ''قەیرانە سیاسییەن کە کوردستان دووچاری بووە''. ئەم ئیدمانەی ڕۆژنامە ئەهلییەکان بە نوخبەی سیاسیی گرفتێکی دیموکراتیی خەتەرناکی کۆمەڵگای ئێمەیە. ئەم ئیدمانە (هۆکارەکەی هەرچییەک بێت) ڕۆڵی گەورەی هەیە لەوەدا کە خەڵکی کوردستانیش ئیدمان بکات بە شەڕی دەسەڵاتی نێوان گروپەکان؛ لەوەی وێنەیەکی هەڵەی لەسەر واقیعی سیاسیی کوردستان بداتێ و خەریکی شەڕی دەستەوتاقمەکانی بکات نەک شەڕی بەها و نۆرمی ئینسانیی.
 
ڕۆژنامە ئازادەکان ساڵانێکی زۆرە بەچەشنی ڕۆژنامە حیزبییەکان خوێنەر بە مێنتاڵیتێتێکی گروپگەرایی سۆشیالیزە دەکەن. ترسی من لەوەیە کە ئەو سەرکۆنە زۆرەی لەمەسەلەی هێرشەکانی بادیناندا ئەمڕۆژانە بەرامبەر پدک دەکرێتەوە بەشێکی زۆری هەڵقوڵاوی تووڕەیی و ڕقێکی گشتیی بێت لەو حیزبە و لە سیاسەتەکانی (کە بێگومان حیزبێکی وەک پدک بەو جۆری حوکمدارییەوە کە دەیکات، لەئێستادا شایان بە هەموو تووڕەیی و ڕقێکە)، نەک بەدیارییکراویی ڕەخنە بێت لە ڕۆڵی ئەو حیزبە لەو هێرشانەی بادیناندا. ڕشتنی ڕقی گشتیی لە باسی ڕووداوێکی دیارییکراودا خەتەری ئەوەی هەیە دەنگی ڕەخنەگرانێکی وا لە دێباتی سیاسیی ناو فەزای گشتییدا زاڵ بکات کە زیاتر سەرقاڵی کێبڕکێ و خەباتی سێکتاریستیین نەک سەرقاڵی بەهای دادپەروەریی و هەوڵ بۆ خستنەوەی ئاشتیی لە کۆمەڵگادا. ئەمەیە وادەکات لەو دوو زیادەڕۆییەی لە بادینان ئەنجام دران، ئێستا هەر تەنها باسی سووتانی بارەگاکانی یەکگرتوو بمێنێتەوە. دیاردەیەکی خەتەرناکی وەک سەرهەڵدانی ''پۆلیسی ئەخلاق'' لە کۆمەڵگای کوردستاندا باسێکی ئامادە نییە لەناو ئەو دێباتەدا کە بەدەوری ئەو ڕووداوانەدا دەکرێت. مەیفرۆشان کە ئامانج و قوربانییەکی گەورەی دەستی ئەو ناشیرینکردن و هێرشە خەتەرناکانە بوون که‌بۆ سەر ئازادیی جیهانبینیی ئه‌وان ئه‌نجامدران، لەبری وێنەی قوربانیی، لە زیهنی خەڵکدا وێنەی کەسانێکی بێمۆڕاڵ و یاخیی و یاساشکێنیان پێدراوە و کەچی هیچ ڕاگەیاندن و هێزێکیش نییە ئامادە بێت کارێک لەڕاستای ڕاستکردنەوەی ئەو وێنەیەدا بکات. ئەوەی کە لەناو دێباتی دەوری ئەم مەسەلەیەدا قسەی داکۆکییکەرانەی مەیفرۆشان خۆیان و قسەی داکۆکییکەران لە مەیفرۆشان لە ڕوانگەی ئازادیی جیهانبینییه‌وه‌نائامادەیە، نیشانەی نائامادەیی بەهاکانی مافی مرۆڤ و زاڵبوونی شەڕی دەسەڵاتی گروپەکانە بەسەر دێباتی سیاسیی لە کوردستاندا.
 
ئەم جۆرە لە ئیدارەدانی دێباتی سیاسیی دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان بەر مەبنای ئینتیمای گروپ جەمسەرگیریی پێبکات نەک بەرمەبنای بەهاو نۆرمی ئینساندۆستانە. ئەمەیە وادەکات پدک و چەند حیزبێکی تر لەهەر مەسەلەیەکدا، چەند لەسەر ناحەقیش بن، هەر لەشکرێکی گەورە دەمێنێتەوە داکۆکییان لێ بکات و بیانپارێزێت. هەمانشت هەر ئەم جۆرە کارکردنەیە جێگەی پارادۆکسێکی وای تیا دەبێتەوە کە ئەگەرچی هێرشەکانی بادینان کۆنەپارێزیی دینیی و قبوڵنەکردنی ئازادیی جیهانبینیی هێزی جوڵێنەری سەرەکییانە، کەچی لە درێژەدا دەبێتە هۆی هاوسەنگەرییەکی گەورە لەگەڵ هێزێکی کۆنەپارێز و دژە ئازادیی جیهانبینیی وەک یەکگرتووی ئیسلامیی لەبەرامبەر پارتییدا.
 
بەکورتیی، ئەوەی لە بادینان ڕوویدا هەر تەنها تێکئاڵانێکی حیزب و گروپە سیاسییەکان نەبوو تا هەموو هەواڵ و دێباتە سیاسییەکان بە دەوری حەقداریی ئەم حیزب و ناحەقیی ئەو حیزبدا چڕ بکەینەوە. ئەو ڕووداوانە دەبێت وەک هۆشدارییەکی پێشوەخت وەربگرین سەبارەت بەوەی کە کۆنسەرڤاتیزمی دینیی و سەرکوتگەریی دەسەڵات به‌پله‌یه‌کی خه‌ته‌رناک، تا ئاستی دەستبردن بۆ تیرۆر، گەشەیان کردووە لە کوردستاندا. ئەو ڕووداوانە ئەوە پیشان دەدەن کە کەمتۆڵێڕانسیی دینیی و کەمتۆڵێڕانسیی سیاسیی گەشەی گەورەیان کردووە و هەریەکەیان وەک دژەبەری ئەویتر لەناو خەڵکی ئێمەدا شەرعییەتی وەرگرتووە و لە گەشەیەکی خێرادان. ئەو ڕووداوانە دەبێت وەک هۆشدارییەکی پێشوەخت وەربگرین کە پێماندەڵێت ئەگەر دۆخی سیاسیی لە کوردستان هەر بەم ئاراستەیەدا گەشە بکات، ئەوا گرفتی گەورەی داهاتووی کۆمەڵگای ئێمە پێکداتەقانی هێزە عەلمانییە دەسەڵاتدارە گەندەڵەکان و هێزە ئاینییە فەندەمێنتاڵە توندڕەوەکان دەبێت.
 
 

ئۆسلۆ، ٢٢/١٢/٢٠١١
sirwanebdul@yahoo.com