عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا کردووییە بە کوردى و پەراوێزى بۆ نووسیوە
 
ئیف بۆنفوا دەڵێ: ئەو چوار لێکچەرەى کە ئەو کتێبەى لێپێکهاتووە، لە ئایارى 1984 لە کۆلیژى (دو فرانس)ى فەرنسا، لەسەر بانگهێشتنى کۆمەڵێک مامۆستا، پێشکەش کراوە.
من لەو چەند دێرەدا جگە لە بەخێرهاتن و سوپاس کردن، نامەوێ راڤەى ئەو لاپەڕانە بکەم کە دواتر دێن. خوێنەر لەو پێشەکییە نوێیە لەبارەى شیعرییەت خستنەڕووێکى زۆر ئاشکراى فیکر و رووداوەکان دەبینێ، کە جگە لە شتێکى کەم، هیچى دیکەى لەبارەوە نەدەزانى. من لەو بارەوە زۆرى لێفێربووم، کە ناتوانم شتێکى دیکەى بخەمە سەر.
ئەوەندە بەسە، ئاماژە بەوە بکەم، کە ئێمە دووبارە لە خوێندنەوەى ئەدۆنیس ئەوە فێر دەبین، کە دەبێ لە کەلەپورى شیعریى تایبەتى خۆمان لە چەرخى ناوەڕاست هەتا سوریالیەت باشتر تێبگەین، چونکە واپێدەچێ هەر ئەو تێگەیشتنە لە دەقەکانى سەردەمە کۆنەکانى ئەرزى ئیسلام، رێگاى بۆ ئەدۆنیس کردبێتەوە. جارێکى دیکە ئەوە تۆمار دەکەم، کە لێوردبوونەوەکانى ئەدۆنیس یەکبوونى ئیبداعى شیعریى بەدرێژایى سەدەکان دەچەسپێنێت. پێشتر بەلاى کەمى ئەو بوارە رۆشنبیرییە بەرفرەوانە، گفتوگۆى لەنێوان فەلسەفەى گریکى و رۆمانى و ئایینە خاوەن کتێبەکان، بەخۆە بینیوە. ئەدۆنیس دەڵێت بەر لەئیسلام شاعیر ئەوەى دەگوت کە ئەوانیدیکە دەیانزانى و بیستبوویان: "لە دابونەریتەکانیان دەدوان، شەڕ و کاریگەرییەکانیان، سەرکەوتن و هەرەسەکانیان". بەڵام (ئاخاوتنى شاعیر) بەپێى ئەو رێبازە "نوێ و کەسییە"ى کە لە ئاخاوتن پەیڕەوى دەکرد قابیلى قبولکردنى زێتر دەبووە. لە کۆمەڵگاکانى ئێمە چ لە خۆرهەڵات و چ لە خۆرئاوا، لە چاخى کۆندا وەزیفەى شیعرى هەرتەنها لە (ئاخاوتنى باش) خۆى دەبینیەوە، بەڵام لە چاخى دواتر، تازە، شاعیر لە رێگاى ئاخاوتنى خۆى، لە رێگاى ئاخاوتنە جیاوازەکەى خۆى، رووبەڕووى ئەزموونى هاوبەش دەبێتەوە؟ نەخێر، هەرگیز گەردوونى و تایبەت لەسەر ئاوێتەبوون نەوەستاوە، لەو شیعرەى کە خودى ئەو ئاوێتەبوونە دیارى دەکات. شاعیر ئەو کەسەیە، کە جەخت لەوە دەکاتەوە حاڵەتە گەردوونیەکانى بوون ئەوە نییە، کە کۆمەڵگا تێیگەیشتووە. ئەوە راستییەکە نییە، هۆى ئەو ناوبانگەش بەپێى ئارەزووى کەسەکە و حەساسیەتەکەى دەکەوێتەوە، دەشێ شانازى پێوە بکات، بەڵام بێ ئەوەى بەرانبەرەکەى ناپاک بێ.
تاکە جیاوازییەک لەنێوان ساتەوەختە رەسەنە مەزنەکان و ئەو سەردەمەى دوایى، ئەوەیە کە رێکەوتنەکانى پێشان و ئاگایى لەبارەى ناسنامە، هەم جزئى بووە هەم گشتى، بۆیە بە خێرایى وەک ئاگر،  لەلایەکەوە بۆ لایەکى دیکە لە چیرۆکى جەنگ، یان لە حیکایەتى خۆشەویستى بڵاو دەبۆوە،  هەڵبەتە بەهۆى ئەو وشانەوە، کە لەناوەوەى خۆیان نزیکایەتییەکى قوڵیان لەگەڵ یەکدا هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەو یەکبوونە تەنها لەناکاو نەبێت، نابینرێت، لە کۆتایى ئەو وێڵگە درێژە بۆ کێ لەبارەى (گومان) و (یەکبوون) دەنووسرێت ،هیچ وشەیەک، لە دوورەوە، نوێنەرایەتى (گومان) و (یەکبوون) ناکات، تەنها وەک چیایەکى نێو بیابان نەبێت، کە رەنگى خاکەکەى دەوروبەرى هەڵگرتووە و لە هەمان کاتیشدا لێى جیایە، بەهۆى رەنگدانەوەى ئەو رووناکییە توندەى، کە دەکەوێتە سەر خەونە سوێرە نیشتووەکانیەوە. ساتەکانى ئەوسا هەمان ماناى بەردەوامى ئەمڕۆى هەیە: شیعر دەمێنێتەوە و ئەو ساتانە یەکدەخات، شیعر دەیەوێت یەکیبخات.
بەڵام ئەو کارە شیعرییەى ئەدۆنیس- ئەو پێشکەشکردنەى کە لە شیعرییەتى دنیاى عەرەبییەوە دەستى پێکرد- کارێکە بۆ یەکگرتن، لە نوێوە.  لێکچەرەکانى ساڵى 1984، دەخرێتە سەر شیعرەکانى، کە هەر لە کۆنەوە دەبێتە خولیاى هاوڕێ فەرەنسییەکانى، بەڵام ئەوەى تەرجەمەکردن بەشێوەیەکى تەواو نەیتوانییوە کەشفى بکات، تەنها لەو دواییەدا نەبێ، ئەو دەنگە ئامادە و قوڵەیە، کە لەنێوانمانە. هیوادارم ئەو بەهرەیە لە وڵاتەکەمان و ئەو بانگهێشتکردنە لەپێناو تەرجەمەکردن، کاردانەوەى خۆى هەبێت، بۆ نموونە ئەو دەقانەى ئەدۆنیس یادى خستەوە، لەپێناو لێوردبوونەوە، با لەوبَوە لە ماناوە – لەهەموو رۆشنبیریى دورگەوە دەست پێبکرێت. ئێمە لەزۆربەى جاردا لەبیریان دەکەین، چونکە بە دەست هەموو ئەو بەڵگە شێواوە بینراوانەى، کە لە فیکرى ناوچەکانى دیکەى دنیا و شیعرەکانیانەوە پێشکەش دەکرێت، ماندوو بووین.
 لەو "زەمەنە نوێیەمان"دا ئەوەى شەیداى کەشفکردنى کارى زمانە، لەبەر تایبەتمەندى ئاخاوتن لە مەسەلەى بەشداریکردن لە ساتەوەختى ئێستادا دەکەوێتە نکۆڵى کردنەوە: هەستدەکەم ئەوە لەڕووى هەقى شیعرییەوە لە حاڵەتى لەبیرکردندایە، بە تەئکید ئەوەش کارەساتە. ئەو دوو هۆکارە وام لێدەکەن سوور بم و هیواى بەهایەک، وەک ئەوەى لێرە پێى هەڵدەستم، لەسەر ئەو کتێبە قەوارە بچوکە، بەڵام پڕ بایەخە، بۆ ئەو سەرەتایە بخوازم. کەواتە سوپاسکردنى ئەدۆنیس بەشێوەیەکى باشتر بەوە دەبێ کە لە فەرەنسا دراسەکردنى ئەدەبى عەرەبى و لێوردبوونەوە لەشیعرى عەرەبى وەک ئەوەى هەیە، بەرفرەوان بکەین: ئەوەش گەمە نییە، وەک چۆن هەر بابەتى زانیاریش نییە، بەڵکو هەناسەدانى کۆمەڵگایەکە، لە رێگاى نەوە یەک لەدوایەکەکانییەوە، واتە مەبەستم بەختە، تاکە بەختى هەقیقەتى مانەوە.
 
 
 
- ئیف بۆنفوا (Yves BONNEFOY):-  شاعیر و رەخنەگرى گەورەى فەرەنسا، مامۆستاى کورسى شیعر لە کۆلیژى (دو فرانس). ئەو تەرجەمەیە لە پێشەکییە فەرەنسییەکەوە کراوە.