- سەیرە، تۆ زۆر شت دەزانیت لەسەر هاتنی قیامەت و منی فریادڕەس، کەچی خۆت زۆر بەگومانی لە هەمووی!
- هیچ شتێک ئەوەندەی گومان مرۆڤ بە زیندوێتی و ئازایەتی ناهێڵێتەوە، تۆ بۆ خۆشت هەر گومانکاریت، ئیبراهیم.. باپیرەگەورەی تۆ، یەکەم کەس بوو کە بانگهێشتی یەکتاخوایی کرد، کەچی بە گومان بوو، تۆ لەسەر خاچ گومانت نەبووایە.. نەتدەوت: خودا هاوار.. بۆ بە تەنیا جێمدێلیت.. ڕۆحی بڕواداری ڕاستەقینە یەقینپەرستیی نییە، بەڵکو کرۆک و ڕۆحی گومانە، هەموو سۆفی و ڕۆحانییە گەورەکان سەرمەشق و وەرزش و خەڵوەتیان ڕەنجێکە بۆ کوشتنی گومانێک کە لە دڵیاندا زیندووە.. ڕەنج و مەشقی زۆر و خەڵوەنشینیی درێژ لە پرسیار و گومان و دڵەڕاوکێوە هاتووە.. گومان نەقیزە و قامچییەکە بۆ ئەسپی خەیاڵ کە بە تاوتر غار بدات.
...
...
- ئاه.. برادەر.. زۆر سەیرە.. هەندێکجار کە ئەو هەموو ئازارەم یاد دەکەوێتەوە کە لە ژیانی ئاسایی خۆمدا یان بەسەر خاچەوە چەشتم، لە دڵی خۆمدا دەڵێم، کامەیان جوانتر بوو: بوون یان نەبوون؟ ها.. تۆ دەڵێیت چی؟
- من خۆم عاشقە ژیانم.. هەمیشە سەگێکی زیندووم لە شێرێکی مردوو پێ جوانترە.. بەڵام منیش هەر وا دەڵێم: گەر نەبوومایە چاکتر نەبوو؟ بەڵام گەر نەبوومایە.. پرسیارێکی لەم چەشنەش بۆ خۆی مانای نەدەبوو.. ڕەنگە حیکمەتی من و تۆ و ئەو خەڵکە لەوەدا بێت کە ئەم پرسیارە دەکەین: کامەیان جوانترە.. مانادارترە.. ڕاستترە. کامەیان: بوون یان نەبوون..؟ بۆ من زیندوێتیی و جوانی ژیان خۆی مایەی شاگەشکەبوونە، بەڵام پڕە لە وەهم و پووچی، گرفتەکەش ئەوەیە کە بە تەنها مرۆڤ خۆی دەتوانێت هەموو شتەکان مانادار یان پڕوپووچ بکات.
- دیسانەوە تۆ گومانێکی گەورەت هەیە لە حیکمەتی بوون؟
...
...
 
 
 
---------------------------
نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان'