"جوانییەک لە تووڕەبووندا"
دیدارێک بە تامی ژیاننامەوە

شێرزاد حەسەن
سازدانی دیدار: هیوا قادر
هاوینی ١٩٩٧- بەهاری ١٩٩٨
شاری تامپرێ/ فنلەندا

...
...

نووسین بۆ من سیپەلاک و سیی دووەممە کە هەناسەی پێ دەدەم، بێگومان بۆ من فیتنەی نووسین تەنیا لەوەدایە كە مێژووی شكست و هەرەس و نشوستی خۆم و ئەوانیدکە بگێڕمەوە. ڕەنگە کەسێک بپرسێت: ئایا پانتاییەک بۆ خۆشیی و سەرکەوتن و شکۆمەندیی نەبووە کە من ئاوڕی لێ بدەمەوە، بێگومان هەبووە، بەڵام من زادەی سەردەمی تراژیدیا و کارەساتە گەورەکانم، کە مەحاڵە ئەو کەم خۆشبەختییەی من دیومە لە خۆم و خەڵکی، بەراورد بکرێت لەتەک مەرگەساتەکانی مێژووی ئێمە، لەسەر ئاستی تاک و نەتەوە. من هەست دەكەم کە خیانەتم بە هەموو ئەو شتە خۆشەویستانە كردووە كە بەجێمهێشتوون.
من زۆر جاران لە خۆم و هاوڕێكانم دەپرسم: ئەرێ كوردستان ئەو باوكە دڵڕەقە بوو كە هەر هەموومانی ڕاو نا و لە ماڵ دەری کردین.. یان ئەو دایكە بێوەژنە بوو کە لە تەنیایی خۆیدا هەر هەموومان فەرامۆشمان کرد؟ كوڕانی سپڵە و ناڕەسەن بووین و دڵڕەقانە لە کەلاوەکەی خۆیدا بەجێمانهێشت، کە ڕەنگە بەسەریدا بڕووخێت؟!
من تا هەنووكە لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا: تیایدا ڕاماوم، لەوە دەچێت كوردستان: هەردووكیان بێت‌، بەڵام بۆ من پتر لەو باوكە دڵڕەقە دەچێت كە لە ماڵ، لە نیوەشەوێکی تۆف و باران و وەیشوومەدا، دەری كردم.

...
...

بەڵێ‌.. لە نۆڤلێتی "حەسار و سەگەکانی باوکم"دا باس لە ترسی مرۆڤی كورد دەكەم، ترس لە بەرامبەر ئازادیی، ئێمە لە ڕاپەریندا توانیمان بەندیخانەكانی دەرەوە بڕمێنین، وەلێ نەمانتوانی یەك دیوار لە بەندیخانەكانی ناو زاتی مرۆڤی كورد بڕمێنین، ئەوەش تاڵترین هەقیقەت بوو كە زۆرینە دركیان پێ نەكرد، دیارە "ئێریک فرۆم" واتەنی، ئاسودەگییەكی زۆر لە ملكەچكردن و نوچدان و پاشەكشێدا هەیە، خۆدانە دەست هێزێكی باڵا و  زێدە زاڵ ڕێگایەکە بۆ خۆڕزگاكردن لە لاوازیی و گرێی خۆ بەکەمزانین، هەڵاتنە لە پرسیاری ئازادیی و خۆ دزینەوە لە خەونی سەربەخۆبوون.

...
...

دەكرێت مرۆڤێكی سەرگەردان و خۆنەناس بم، دەكرێت‌ بە هەزار ڕایەڵی دیار و نادیار بە خەڵك و خاكی خۆمەوە بەسترابێتمەوە، کە هێشتا من نەمتوانی بێت ئەو ناوکە ببڕم کە منی بە دایکمەوە بەستبۆوە، کە ئەوەیان لە باری سایکۆلۆژییەوە جۆرێکە لە ناکامڵبوون و دەردەداری. دەكرێت‌ هەست بە مامەڵەی بیرۆكراتییانەی ئەم وڵاتە بكەم و پێم هەرس نەكرێت‌، بایی ئەوەندەی کە خۆم بناسم نامۆبوون و غوربەتەکە لە ناو خۆمدایە، کە ناهێڵیت لە هیچ شوێنێكدا ئۆقرە بگرم، بەڵام بە لایەنی كەمەوە بە سووتانی ئاگرەکەی ئەوێندەر‌ ڕاهاتووم.

...
...

-----------------
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا، لە ڕێی 'غەزەلنووس'ەوە بڵاوبکرێتەوە.