نۆرمان میللەر لە تێکستێکیدا دەڵێت « مردن زۆر سەخت نییە، تا ئێستا کەس نییە نەیتوانی بێت بمرێت». بەڵام ئەم وەسفە بۆ هەموو کەس دروست نییە... بە بڕوای من شێرکۆ لەوانەیە چەندە بیەوێت، چەندە هەوڵ بدات ناتوانێت بمرێت. کورتکردنەوە و وەسفکردنی شێرکۆ لە کارە سەختەکانە. من ڕستەیەک شک نابەم لەوەسفیدا باسی بکەم، دێڕێکی کنۆت هامبسون نەبێت کە دەڵێت «بلیمەت چەخماخەیەکە، گرمەکەی سەدان ساڵ دەنگ دەداتەوە». ڕاستە ئەمڕۆ چیتر ڕوناکی ئەو چەخماخەیە نابینین، بەڵام بە دڵنیاییەوە گرمەی تا سەدان ساڵی تر و ڕەنگە تا دوا کورد لە سەر ئەم ئەستێرەیە بەردەوام بێت.

مردنی کتوپڕ نەبوو، لەو جێگایەدا هات کە دەبوو بێت، وەک خۆی، وەک ڕووداوێک، وەک شتێک دوای خۆی ڕەنگی دونیا دەگۆڕێت... مردنی وەک شتێک دێت کە پێشتر زۆر بیری لێ کرابێتەوە، وەک پلانی بۆ کێشرابێت، وەک ساتێک بێت، لە مێژە خۆی بزانێت لە کوێدایە و کەی دێت. مردن هەمیشە بەشێکی گرنگی جیهانبینی شێرکۆ بووە، بەڵام شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە دەتوانین بە شاعیرانی ژیان ناویان بەرین. زۆر لەسەر مردوەکانی نوسیوە، نا بۆ ئەوەی مردنیان بگێڕێتەوە، بەڵکو بۆئەوەی زیندوویان بکاتەوە... نوسین لای شێرکۆ، پرۆسەی ژیان بە بەرداکردن بووە. نوسین لای ئەو بە دروستکردنی ژیانەوە گرێدراوە. سەردەمی شێرکۆ، بەمڕۆشەوە سەردەمی مردن و کارەساتە گەورەکان بوو. بەرامبەر بە دەسەڵاتی ڕەهای مەرگ، شیعری شێرکۆ سەمبولی دەسەڵاتی ڕەهای ژیانە. ئەو بە ژیانی ڕەها، بە ژیانێک کە دەکرێت بە بەری هەموو مردوەکاندا، بە بەری هەموو بێگیانەکاندا، وەڵامی مەرگ دەداتەوە، بەرامبەر بەبێ نرخبوونی مرۆڤ، شیعری شێرکۆ گۆرانییەکی بەردەوام و ستایشکردنێکی بێوچانی جوانییەکانی مرۆڤە. هەموو شتێک لە شیعری شێرکۆدا دەژی و وەک مرۆڤ دەنوێنێت. نیشتیمانی شێرکۆ، نیشتیمان نییە بە مانا ناسیونالیستییە تەسکەکەی، بەڵکو هەموو ئەو شوێن و سنوورانەیە کە هێزی ژیان دەستی دەگاتێ. لە شیعری ئەودا بەردەکان، چیاکان، باڵندەکان پێکڕا وەک ئێمە زیندوون، وەک ئێمە هاواردەکەن، دەترسن و دەژین و بۆ مانا دەگەڕێن .

«گۆران» یش وەک شێرکۆ عاشقی ژیان بوو، بەڵام گۆران کوڕی ڕۆژگاری کارەساتە گەورەکان نەبوو... گرنگی شێرکۆ لەوەدایە لە ناوەراستی هەموو گەردەلوول و کارەساتەکاندا ستایشی ژیان دەکات، ئەو تەنیا وابەستەی زیندوێتی خۆی نییە، بەڵکو وابەستەی لادان و شکاندنی هەر قاڵبێکە کە بوونمان گەمارۆ دەدات، شیعری ئەو هیچ نییە جگە لە بەربوونی وزەی ناکۆتای ژیان لە زیندانە گەورەکانی خۆی. شێرکۆ لە سیاسەتیشدا نوێنەری هاواری ژیانە، نەوەک هاواری ئایدۆلۆژیایەک یان بەرەیەک. ئەو شاعیری ڕووداوە گەورەکان و شتە بچوکەکانیش بوو، هیچ کات لە زمانی شیعر بەولاوە زمانێکی تری نەبوو، شیعری ئەو بریتییە لە سەفەرێکی بێوچان و قووڵ و پڕ لە سەرسامی بە ناو شتەکان و پەیوەندییە نهێنییەکانیاندا. یەکێک بوو لەو شاعیرە کەمانەی مێژوو کە دەتوانن هەموو شتێک بکەن بە شیعر... لە هەر شت سەختتر و گرنگتر بۆ من، هێزی شێرکۆ بوو لەسەر گۆڕینی سیاسەت بۆ شیعر. سیاسەت لای شێرکۆ بەشێک بوو لە دونیابینییە شیعرییەکەی، هیچ کات بە چاوی سیاسی سەیری شیعری نەدەکرد، بەڵکو هەمیشە بە چاوی شاعیر سەیری سیاسەتی دەکرد... هیچ کات هەستم نەکردوە، لەوە بپرسێت خەڵک لەسەر خۆی، لەسەر هەڵوێستی، لەسەر بڕواکانی چی دەڵێن، بەڵام هەمیشە دوودڵی ئەوەبوو لەسەر شیعری چی دەگووترێت. نە پێش ئەو و نە دوای ئەو کەسێکمان نییە بەوجۆرە دیلی شیعر بووبێت. شێرکۆ شاعیر نەبوو، بەڵکو کارخانەیەکی گەورە و سەرسوڕهێنەری شیعر بوو. هێزێکی بێوێنەی هەبوو، شیعر لە هەموو فۆرم و شێوە و ئەگەرەکانیدا تاقی بکاتەوە، شیعر تا ئەوپەڕی سنوورەکانی مەحاڵ ڕابکێشێت، هەمان بیرۆکە و هەمان ئايدیا لە سەدان وێنەی جیاوازدا دابڕێژێت.

ئەو هەمیشە لێرەیە... لەو مرۆڤانەیە کە تەنیا لەدایکدەبێت، مردنی هیچ نییە جگە لە میتافۆرێکی شیعری، لە مەجازێک کە هیچ کات ناتوانین وەک حەقیقەت وەریبگرین... لەگەڵ شێرکۆدا مردن هیچ کات ناتوانێت وەزیفەی تەواوەتی خۆی تەواوبکات، ئەو وەک هەموو نوسەرە گەورەکان یەک لەشی نییە، بەڵکو زیاد لە لەشێکی هەیە، مردن تەنیا دەتوانێت فۆرمێکی جەستەی بسڕێتەوە، بەڵام فۆرمەکانی تری هەمیشە لێرەن ... ئەو لەو ڕۆحانەیە چەندە مردن لە ڕاڕەوەکانی کات و شوێندا دوای بکەوێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان زیندوو دەبێتەوە و سەرهەڵدەداتەوە، ئەو وەک هەموو شاعیرەکان پتر لە سەرابە تا لە گۆشت. ئەوەی شێرکۆی کرد بە کاراکتەرێکی گەورە، ئەو توانا گەورەیەی بوو، هەمیشە لە سەرەتاوە دەست پێبکاتەوە، شیعر لای شێرکۆ ئەزموونێک نییە سەرەتا و کۆتایی هەبێت، بەڵکو هەر خودی ژیانە لە جوڵە ئەبەدییەکەیدا. ڕەنگە هەموو سەرسام بووبین بە توانای لەسەر نەوەستان، لەسەر نوسین، بەڵام خۆی نا، خۆی یەکێکە لەوانەی هەمیشە لە سەرەتاوە دەست پێدەکەنەوە، بۆ ئەو ژیان ئەوە بوو بنوسێت، نەوەک هەناسە بدات. ئەو لەو مردووانەیە کە بەردەوام دەگەڕێنەوە، هەمیشە شتێکی نوێی تێدایە دەبێت بانگی بکەین و بیبینین. ئەو تەنیا مرۆڤێک نەبوو بە هەزاران قەسیدەوە، بەڵکو مرۆڤێکە سەردەمەکانی داهاتوو، ئەو ڕۆژگارانەی کە دێن، هەرگیز تێر نابن لە سەیرکردنی.

ئەم بایۆگرفییە ڤیدیۆییەی خوارەوەیش کارێکی  سادەی من و هەردی قادرە بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە یادی کاک شیرکۆدا.

بایۆگرفیی شێرکۆ بێکەس، بەرهەمی خە‌سره‌و حه‌مه‌ که‌ریم و هەردی قادر

لە واڵی کاک 'خە‌سره‌و حه‌مه‌ که‌ریم'ەوە وەرگیراوە.