لەژێر سەمای سێبەری دارتووەكەی ماڵی خۆمان دانیشتووم و چیرۆكێكی ئەو نووسەرە دەخوێنمەوە، كە هەمیشە بە سەرخۆشی دەینووسی، چیرۆكەكە باس لە خوشك و برایەكی تەنیا دەكات، لە گوندێك هاوشێوەی ئەم گوندەی ئێمە، بەهۆی ئەوەی كە ماڵەكەیان نزیكی دەریایە، ئاوی دەریاكە دەچێتە ژێر خانووەكەیان و بەسەریاندا دەڕووخێت، تا ئەو شەوەی كە مردن، هەر لە ماڵەوە بوون و سەردانی كەسیان نەدەكرد و كەسیش نەدەهات بۆ لایان، بۆیە پاش چەند ڕۆژێك خەڵكەكە پێیان دەزانن و لەژێر داروپەردووی خانووەكە دەریان دێنن... مردنێكی جوان و بێدەنگە... ها؟ جوانترین مردن، مردنی بێدەنگ و نهێنییە، بە جۆرێك كەس بە مردنت نەزانێت. تەماشایەكی خوارەوەی خۆم دەكەم، بێشەڵانە چڕەكەی لای چەپی ماڵەكەمان دەبینم كە چەمێك سینگی شەق كردووە و دار و درەختی بێشەڵانەكە خۆیان بە سەر چەمەكەدا نووشتاندووەتەوە و نایەڵن تیشكی خۆری ئەو ڕۆژەی كۆتایی بەهاری بگاتێ‌ و بریقەی لێبێنێ.
 
سەرم هەڵدەبڕم... دایكم لە ژوورەكە بە سەرپۆشێكەوە دەبینم، كە چەند تاڵە قژێكی سپی بە لاڕوومەتەكانیدا هاتوونەتە خوارێ‌، بەدیار ئەو وێنەیەوە ڕاوەستاوە و ئەشك ئەڕێژێ‌ كە براكەم بە بلووزێكی ڕەشەوە بەرخێكی لەباوەشدایە و بزەیەكی شیرین و لاسارانە بۆ كامێراكە دەكات، دیار بوو كە فۆتۆگرافەرەكەی زۆر ماندوو كردووە تا وێنەیەكی گرتووە، ئەو دیمەنە ڕۆژی لافاوە كتوپڕەكەی بیرهێنامەوە، ئەو لافاوەی لەگەڵ خۆیدا ئاگری تووڕەیی هێنابوو، ئەو لافاوەی ژیانی ماڵی ئێمەی بۆ خۆی برد. دایكم لەو ڕۆژەوە لە هەموو هەورێك دەترسێت، هەركات هەور دەبینێت، مردنی بیر دەكەوێتەوە.
 
ئەو ڕۆژە من و سالاری برام وەكو هەموو ڕۆژەكانی دی لەژێر ئاسمانی شیندا بەرخەكانمان بۆ ئەو بێشەڵانە برد، كە ئێستا زیاتر لە هەر شت بۆنی مردنی لێدێت، یان لانی كەم ئەمە بۆ ئێمە وایە، بەهۆی ئەوەی كە زۆر منداڵ بووین، دایكم نەیدەهێشت زۆر لە ماڵ دوور بكەوینەوە، نەك لە بەرچاوی ون بین و شتێكمان بە سەر بێت، بەرخەكانمان لەو نزیكانە لەوەڕاند و خۆمان بۆ قەراخی چەمەكە ڕۆشتین، كە شڵپوهوڕی ئاوەكە دەنگێكی نەرم و خۆشی هەبوو، وەك دەنگی گیتاری دەستی گیتارژەنێك، ئەو دەمەی كە لە كەناری دەریادایە. لە ڕۆخی ڕووبارەكە شوێنێكمان بۆ خلیسكێنە دروست كردبوو، مەتارەیەكمان دەخستە ژێرمانەوە و لەسەرەوە بۆ خوارەوە خۆمان دەخشان، لەژوور سەرمانەوە خۆر ڕەنگی زەردێكی جوان بوو، ئاسمان هێندە شین و ساف بوو، تەنها چەند پەڵە هەورێكی پاكی تێدابوو، لە پڕ هەورێكی تۆخی ڕەش ئاسمانی گوندەكەی داپۆشی و گوێمان بەو چەخماخەیە كاس بوو، كە دەنگی وەكو لێكخشانی دوو بەردی تیژ وابوو.. بارانێكی تووند باری.. شێوەی بارانەكە وەكو تاڵی مافووری تەواو نەكراوی بەردەستی ژنە تەونكەرەكان بوو، ئاوی چەمەكە زیادی كرد و بە خێراییەكی سەیر دەڕۆیشت و هاژەیەكی ترسناكی هەبوو، نەمدەتوانی گوێ‌ لەو دەنگە بگرم، ئەو دەنگە هێندەی لە مردنەوە نزیك بوو، هێندە لە ژیانەوە نزیك نەبوو، دایكم لە سەربانەكەوە بانگی لێكردین و وتی:
-كوڕەكانم، بەرخەكان بێننەوە، دڵم ئەم بارانە باش ناخوێنێتەوە و شتێكی بەدواوەیە.
ڕاستی كرد، ئەو شتەی بە دواوە بوو، كە بە هۆیەوە شەیپووری كۆتایی ژیان لە ماڵی ئێمە لێدرا، ئێستاش هەرچەندە دەكۆشم بزانم دایكم چۆن زانی ئەو بارانە شتێكی بە دواوەیە؟ بەڵام ناتوانم ئەم مەتەڵە پڕ لە نهێنییە هەڵبێنم، تۆ بڵێی هەموو دایكەكان پێش مردنی ڕۆڵەكانیان گوێیان لە بووقی مەرگیان بێت؟ نازانم، ڕەنگە وابێ‌، لەوانەشە هەر تەنیا ئەمە بۆ دایكمی من ڕاست بێ‌، ویستم بە قسەی بكەم و بڕۆمەوە بۆ ماڵ، چونكە زۆر ترسنۆك بووم، ترسم لە هەر شت زیاتر لە وشەی ترس خۆی بوو، بەڵام (سالار)ی برام لەوە لاسارتر بوو بە قسەی دایكم بكات، ئەو بەردەوام حەزی بە كاری ڕیسك دەكرد و لە هیچ شتێك سڵی نەدەكردەوە، هەر كارێكی بكردایە بیری لێنەدەكردەوە، من وانەبووم، زۆر بیرم لەو شتە دەكردەوە كە دەمویست ئەنجامی بدەم، مرۆڤەكان زۆربەی ئەو شتانەی بیری لێدەكەنەوە لێی دەترسن. ویستم بە دایە بیترسێنم، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە، وەلێ‌ ئەو منداڵێكی سەرەڕۆ و چاونەترس بوو گوێی لێم نەگرت، من سەرم لەو ئازایەتی و بوێرییەی سووڕما بوو، نا..نا... ئەو ئازا نەبوو، ئەوە ترسنۆكی من بوو وا هەستم دەكرد ئەو ئازایە. ئەو تەنانەت شەوێكی هاوین لەژێر تریفەی مانگدا لە كاتی گەڕانەوەدا بۆ ماڵ سەگە دڕەكەی ماڵی هاوسێكەمان شاڵاوی بۆ هێنابوو ویستبووی قەپاڵێكی لێ‌ بگرێ‌، ئەمیش هیچ نەپەشۆكابوو بەردێكی گەورەی پر بە مشتی هەڵگرتبوو و بە قەپۆزی كێشابوو، سەگیش بە قرووسكە قرووسك ڕایكردبوو.
 
سالار دەستی منی گرت و نزیك بووینەوە لە ئاوی چەمەكە، كە تا ئەو كاتە بارانەكە بەردەوام بوو، من لەو هاژەیە ترسام، بۆیە نەمتوانی نزیك ببمەوە، بەڵام سالار دەستی بچووكی خستە نێو ئاوەكە.. لە پڕ قاچی خلیسكا و لەگەڵ ئەو لافاوە تووڕەدا ڕۆشت، سەرەتا وایزانی لافاوەكە گاڵتەی لەگەڵدا دەكات، كەچی ئەو لافاوە مەرگهێنە لەوە دڵڕەقتر ڕەفتاری لەگەڵدا كرد و بردی، سالار هاواریكرد و بە هەناسە سوارییەوە پێی گوتم:
- فریام كەوە خەریكە دەخنكێم!
بە دەم پێكەنینەوە ئەمەی وت، وامزانی بۆ خۆشی وادەڵێت، چونكە ئەو پێشتر شتی وای بە گاڵتەوە پێ وتبووم، كەچی ئەوە ئەو ئاوە لەگەڵ خۆیدا لوولی دەدات و لێمی دوور دەخاتەوە، هەستم بە ترسێكی قووڵ كرد، بەڵام نەمتوانی هیچی بۆ بكەم، تەنیا ئەوەندە نەبێت كە شانبەشانی ئاوەكە بە لێواریدا ڕۆشتم، بەو هیوایەی هەر كات شەپۆلەكە كەم بووەوە منیش سالار بگرمەوە، بارانەكە نەما و لافاوەكە كەم بووەوە، سالارم لە كەنارەكە بینییەوە هەر پێدەكەنی، خۆم لێی تووڕە كرد و پێم وت:
- ئێستا كەی كاتی ئەو گاڵتە بێتامەیە؟ ها؟
وەڵامی نەدامەوە، سەرم نایە سەر سینگی هەستم بە هەناسەی نەكرد، چی؟ خۆ ئەوە مردووە، واقووڕماو بە دیارییەوە دانیشتم و نەمدەزانی چی بكەم، هەستی ترس هەموو گیانمی وەكو بەتانییەك دایپۆشیبوو، سەرم بەرز كردەوە خۆرم بینی وەكو پشكۆی تاوەسووتی ناو تەنووری لێهاتبوو زانیم كە كاتی ئێوارەیە، دایكم كە بەرخەكانی دیبوو هەر خۆیان چووبوونەوە ماڵ، ئەو پاڵتۆیەی باوكمی كردبووە بەری، كە لە هەیوانەكە بە بزمارێكەوە هەڵواسرابوو، دایكم بڕیاریدابوو كە هیچ كات ئەو پاڵتۆیە لە بەرچاوی لا نەدات و نەیفەوتێنێت، بۆ ئەوەی بەردەوام وا هەست بكات كە باوكم لە ماڵەكەدا لەگەڵماندا دەژی، لەدوورەوە بە ڕاكردن بۆ لای ئێمە هات و هاواری كرد:
- كوڕەكانم، كاتی گاڵتەكردن نەماوە، ئێوارەیە و وەرنەوە بۆ ماڵ. سالار، كوڕم ئەوە بۆ كەوتووی لە بەردەستی براكەتدا؟
پەشۆكا بووم و نەمدەزانی چی بە دایكم بڵێم، پێی بلێم مردووە؟ یان لە ترسا بڵێم هیچ نییە دایە گیان خەوتووە؟
ئێستا بیستوچوار ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێدەپەڕێت و منیش تەمەنم سی ساڵە و لاجانگەكانم هەندێ‌ مووی سپییان تێكەتووە. دایكیشم لە ڕۆژی لافاوەكەوە پرچی وەكو بەفری زستانی لووتكەی شاخەكە سپی بووە و چاوەكانی وەكو تیشكی ئەو چرایەی لێهاتووە، كە شەوان خەڵكی گوندەكان دوای خەوتن لەسەر تاقێك دایدەنێن و كزكز دەسووتێت. بە فرمێسكی چاوەكانیشی دوو جۆگە ئاوی وشك لەسەر ڕوومەتە چرچ و لۆچەكانی دروست بوون. لەو ماوە دوورودرێژەدا هەر چەندە هەوڵم دا ئەو بۆشاییە بۆ دایكم پڕبكەمەوە، كە سالاری برام بۆی دروستی كردبوو، بەڵام نەمتوانی، دایكم بەردەوام دەیگووت:
-هیچ مرۆڤێك ناتوانێت بۆشاییەكت بۆ پڕبكاتەوە، كە مرۆڤێكی تر لە ناوتا دروستی كردووە، مەگەر ئەو كەسە خۆی بێتەوە و پڕی بكاتەوە.
منیش بەردەوام گوێم لێدەگرت و ئەو بە دەم هەنسكی قووڵ و پێكەنینێكی تاڵەوە دەستی بە قسە دەكردەوە:
-ناخۆشترین شتی ژیان ئەوەیە كە ناچارین بژین. بە دەستی خۆم بووایە هەر ڕۆژی ئەو لافاوە شوومە كۆتاییم بە ژیانم دەهێنا.
شەوان تا درەنگانێك بەتاسەوە لەبەر تیشكی زەردی ئەو چرایەی سەر تاقی ژوورەكەمان حیكایەتی مردنە ناوەخت و ترسناكەكانم دەخوێندەوە، كە بۆنی خوێنێكی سامناكیان لێدەهات. زۆرجار لە نێو دێڕەكاندا، مردنم بە چاوی خۆم بینیوە چۆن دەگەڕێت بە دوای كەس و پاڵەوانی نێو چیرۆكەكان، دەمویست بەراوردیان بكەم لەگەڵ مەرگی سالاری برامدا، بەڵام نازانم سالار مردووە یان نا، چونكە ئەو پێكەنیوە كە خستوومانەتە نێو ئەو گۆڕەی كە دایكم لە حەوشەكەی خۆماندا بۆی هەڵكەندبوو، دەبێت ئێستا لە نێو گۆڕەكەدا هەناسە نەدات؟!!
دایكم بە ماكسییەكی ڕەشی چرچی وەكو دەم و چاوی خۆی هەڵدەستێت چراكە كز دەكات و دێتەوە سەر جێگاكەی و دەڵێت:
-كوڕم درەنگە بخەوە.
دایكم چراكەی وا داناوە تیشكەكە تەنیا لە وێنەكەی سالار بدات، بۆ ئەوەی تا خەو دەیباتەوە لەو نیگا مناڵانەی بڕوانێت. منیش پاڵدەكەوم و دەستەكانم دەخەمە ژێر سەرمەوە و دەڕوانمە پەنجەرەكە، هەست بە تاماری تەنكی كەسێك لەودیو پەنجەرەكە دەكەم ، زیاتر لێی ورد دەبمەوە.. خۆ ئەوە سالارە پێدەكەنێت و دەیەوێت بچم بۆ لای، منیش هەڵدەستم.. دایكم لە خەودا دەڵێت:
- كوڕەكانم، بەرخەكان بێننەوە، دڵم ئەم بارانە باش ناخوێنێتەوە و شتێكی بەدواوەیە.
بە دەنگی دایكم ڕادەپەڕم... سالاریش ون دەبێت و پەنجەرەكە جێ‌ دەهێلێت...
 
 
تامار: تارمایی، شەبەح
شەیپوور: بووق، نەفخی سوور كە لێدانی مانای كۆتایی ژیانە.
 
 
+ ئەم چیرۆكە لە ژمارە (5) ی گۆڤاری (كۆنسێپت) بڵاوبۆتەوە