چێژی هیچ شتێك تا كۆتایی نییە و لە قۆناغێكی تردا ئەو چێژە بۆ ئازار دەگۆڕێت. ساڵانێكی زۆر، پێش ئەوەی ببمە پاسەوانی گۆڕستان و كارم دزینی كفنی مردووەكان بێت، چێژم لە شتێك دەدی، كە ئێستا بۆم مایەی ئازارە.
ناوم (مەردان)ـە. خەڵكی شار كاتێك بانگم دەكەن، بە (مەردانی پاسەوان) ناوم دێنن. لێرە، هەموو كەس بە پیشەكەیدا دەناسرێتەوە، نەك خۆی. پرسیار ناكرێ تۆ كێیت، بەڵكو پرسیار لەوە دەكرێ تۆ چییت. منیش بە پیشەی پاسەوانی دەناسرێمەوە و بەوە ناوم دەركردووە. خەڵكی ئەم شارە منیان خۆش دەوێ و ڕێزی زۆرم دەگرن، بێ ئاگان لەوەی دزینی كفنی مردووەكانیان لە هەناومدایە. ناهەقیان ناگرم، چونكە ڕووخسارێكی فریودەرانەم هەیە و بە بێدەنگییەكەم چاویان لە ئاست خراپەكانم كوێر دەكەم. هەندێ مرۆڤی وەك من گورگێكی پاشوقلدەرن لە پێستی مەڕدا. هەر من نا، زۆربەی خەڵكی وان، بە تایبەت ئەو زیندووانەی بۆ ئەوەی لە جووڵە و زیندوویی خۆیان دڵنیا بن، بۆ مردووەكانیان دەگرین، تابووتەكان دەنێنە ژێر شانیان و ڕێگای گۆڕستانەكان دەگرنە بەر، تا بەو هۆیەوە خراپییەكان و درۆ و فێڵی خۆیان بشارنەوە.
پاسەوانی گۆڕستانی (ئیمام محەمەد)م، ئەو گۆڕستانە كەوتۆتە سەر گردۆڵكەیەك و لە قەراغی شاردایە. لە نزیكیەوە هەندێ ماڵی زۆر كۆن هەیە، كە شێوەی بیناسازییان لە هیی سەردەمە كۆنەكان دەچێت، گومەزیان هەیە و لەبەر كۆنیان درز كەوتۆتە دیواری خانووەكان، هەر بە بینینیان دەتوانیت لە خانووەكانی ناوشار جیایان بكەیتەوە.
هەموو كاری من لە شەودا دەست پێ دەكات، بۆ بڵێم هەموو كار، من تەنیا یەك كار دەكەم، ئەویش دزینی كفنی مردووەكان لە شەودا. بە ڕۆژ ئەو كەسانەی مردووەكانیان دەهێننە ئێرە و ژێرخاكیان دەنێن، هاوكارییان دەكەم، لەبەر ئەوە نا، تا وەك كەسێكی باش و بە كەڵك تەماشام بكەن، نەخێر، بەڵكو لەبەر شتێكی تر، كە تا ئێستا تەنیا خۆم دەیزانم و لەم شارەدا كەس لە مانای ئەو هاوكارییەم نەگەیشتووە. هاوكاریكردنم بۆ زانینی شوێنی مردووە تازەنێژراوەكانە، بۆ ئەوەی شەو كاتێك ئاسمان ڕەنگی ڕەش دادەگەڕێت، لەناو تاریكییەكی تۆخدا گۆڕی مردووە تازەنێژراوەكە هەڵدەمەوە، لەبەر چی؟! لەبەر ئەوەی كفنەكەی لە بەر دابماڵم و لە ماڵە یەك ژوورییەكەی گۆڕستانەكەدا لەبەری بكەم، ئەویش بۆ گەیشتن بە شتێكی تر و دۆزینەوەی ونبوویەك. مرۆڤ وایە، هەر شتێك لە پێناو گەیشتن بە شتێكی تردا دەكات.
من (ئەستێرە)م، پورزای (مەردان)، مەبەستم (مەردان)ی پاسەوانی گۆڕستانەكەی نزیك ماڵمانە. ئەو ئێستا زۆر پیر بووە، بەڵام هێشتا ڕەنگوڕووی منداڵی لە ڕوویدا دەبریسكێتەوە و ئێستاش وەك منداڵێك بە شەوقێكی زۆرەوە دەژی. جاران دزێكی خۆشەویست و منداڵێكی چەتوون بوو، لە دزیندا زۆر هونەری بە كار دەهێنا. تەنیا من دەمزانی ئەو دز بوو. ماڵی خزم و دراوسێكانی هەموو تاڵان كردبوو، بەڵام ئێستا پاسەوانی گۆڕستانە، نازانم لەو گۆڕستانەدا جگە لە پاسەوانیی مردووەكان، هیچ كارێكی تر دەكات، یان نا؟ مردووان پاسەوانیان بۆ چییە؟ چ پێویست دەكات زیندوو چاودێریی مردوو بكات؟! بڵێی لە گۆڕستاندا ژیانێكی تر هەبێت و ئێمەی زیندوو هەستی پێ نەكەین؟! گوتم (ئێمەی زیندوو؟!) بەڵێ، ئێمەی زیندوو! (مەردان) كاتێك منداڵ بوو كەرەستە و شتی زیندووەكانی دەدزی، بەڵام ئێستا لەگەڵ مردووەكاندا دەژیێت، بڵێی بتوانێ دزیی لەوانیش بكات؟
ماڵی ئێمە سەد مەترێك لە گۆڕستانەكەوە دوورە. زۆر جار سەر لە (مەردان) دەدەم و خواردنی بۆ دەبەم. منی زۆر خۆش دەوێ، چونكە دەڵێت: (((ئەستێرە) زۆر هاوكاریم دەكات و پێمەوە ماندوو دەبێت.)) گوتم زۆر جار سەری لێ دەدەم؟ بەڵێ، بەڵام مەرجی چوونم بۆ لای ئەوەیە، كە تەنیا لە ڕۆژدا بیبینم و خواردنی بۆ ببەم، یان ئەگەر كارێكم پێی هەبێت، دەبێت لەژێر ئاسمانی ڕووندا بۆ لای بڕۆم. ئەویش هەروا دەكات، تەنیا لە ڕۆژدا سەردانیمان دەكات، نازانم ئەمە بۆ دەكات.
ماوەیەكی زۆرە ئەو گومانە لەسەرمدا دەخوولێتەوە و هەڵهێنانی ئەو مەتەڵە پڕ ئەفسوونە بووەتە ماخۆلانم، كە پورزاكەم بۆچی نایەوێ لە شەودا كەس ببینێت و كەس بیبینێت. بە منداڵییش كچێكی بزێو و سەركێش بووم، هەمیشە دەمویست ئاگام لە هەموو ئەو شتانە بێت، كە لە دەوروبەرم ڕوودەدەن، تەنانەت هەوڵم دەدا بزانم كێ كێی خۆش دەوێ و كێش ڕقی لە كێیە. وام هەست دەكرد بەو كارە دەتوانم خۆشەویستیی هەمووان بە دەست بهێنم، بۆیە نهێنی زۆر لە خزمەكانم لای من بوون، زۆر كات هانایان بۆم دەهێنا، منیش لە پێدانی نهێنی باش و پێویست دڵفراوانیم دەكرد و پێم دەدان، بەڵام نازانم بۆ دوای ئەوەی (مەردان) كاتێك تەمەنی تەنیا بیست بەهار بوو، بووە پاسەوانی گۆڕستانی (ئیمام محەمەد) و پێمانی گوت نامەوێ كەس لە شەودا سەردانم بكا، زاتی ئەوەم نەكردبوو بە دوای ئەو نهێنییەدا بگەڕێم. ڕەنگە بە هۆی ئەوەوە بێت، كە (مەردان) ژیانێكی زۆر لەوە ئاڵۆزتری هەبوو، من بتوانم بە هەوڵێك دركی پێ بكەم. لەوانەیشە لەوەوە سەرچاوەی گرتبێت، كە دایكم چیرۆكی سەیر سەیر و ترسناكی لەبارەی ئەو گۆڕستانەوە بۆ دەگێڕامەوە و هەمیشە پێی دەگوتم:((ئەستێرە گیان، شەوان مردووەكانی ئەو گۆڕستانە لە گۆڕەكانیان دێنە دەرەوە و بەناو كۆڵان و شەقامەكانی شاردا دەگەڕێن. هەر كەس بیانبینێت، زەندەقی دەچێت، بۆیە هەرگیز نەكەی شەوان بچیتە دەرەوە.)) گوتم هەر لە منداڵییەوە كچێكی بزێو و سەركێش بووم؟ بەڵێ‌، بۆ ئەوەی بزێوی و سەركێشیی خۆم بیسەلمێنم، وزەم دایە بەر خۆم و شەوێك لە شەوە گەرمەكانی كۆتایی مانگی شەشی ساڵی (1988) فانۆسێكم هەڵگرت و هێواش هێواش هەنگاوم بەرەو گۆڕستانی (ئیمام محەمەد) نا. كاتێك بەسەر خاكە زبر و بەردەڵانەكەی نێوان ماڵی خۆمان و گۆڕستانەكە دەڕۆیشتم، بە جۆرێكی وا هێمن پێم زەوییەكەی ماچ دەكرد، هەندێ كات هەستم دەكرد قاچەكانم لە هەوادا دەڕۆن و لەنێوان من و زەویدا بۆشاییەك هەیە، كە نایەڵێت قاچی من و زەوی بە یەك بگەن. بۆ ئەوەی بزانم بە ڕێگادا بۆ شوێنێك دەڕۆم و دڵنیا بم لە بۆشاییدا نیم، چەند چركەیەك هێزێكی زۆرم خستە سەر پێڵاوەكانم و لە زەویم خشاندن. دەزانن بۆ وا هێمن و نەرم دەڕۆیشتم؟ چونكە دەمگوت نەك دایكم و مردووەكان بمبینن و نەیەڵن كلیلی ئەو نهێنییە بدۆزمەوە. فانۆسەكەم بە دەستی ڕاست گرتبوو، تیشكێكی زۆر كزی هەبوو، تەنیا چەند مەترێك بەرپێی خۆم دەبینی. تا گەیشتمە بەردەم دەرگای گۆڕستانەكە چەندین جار پێم هەڵكەوت. لەترم دەدا و دەكەوتمە سەر زەوی، پێیەكانم دەسووڕان و ئازاری زۆرم پێ دەگەیشت، بەڵام لەبەر زانینی نهێنییەك هەستم بە ئازاری كەوتنەكان نەدەكرد، ئەو نهێنییەی، كە تا ئەو ساتە ببووە مۆتەكەیەك و هەموو شەو دەهاتە خەوم، بینی دەگرتم و هەناسەی دەبڕیم. مرۆڤ لە ساتی گەڕان بە دوای نهێنییەكی گرنگدا هەست بەو ئازار و ناخۆشیانە ناكات، كە بە هۆی زانینی نهێنییەكەوە دێنە پێشی.
لە پەنادیوارێكی گۆڕستانەكە و لەژێر دارهەنجیرێكدا لەنگەرم گرت. بۆ ئەوەی (مە‌ردان) هەست بە بوونم نەكات، فوویەكی هێواشم لە تیشكی فانۆسەكە كرد، كەوتە سەما و دواتریش كوژایەوە، تا فانۆسەكەم نەكوژاندەوە، نەمزانی دنیا وا تاریك بووە. نزیكی كاتژمێر هەشت بوو. هیچ دەنگێكم نەدەبیست، گەڵای دارەكانی لێواری گۆڕستانەكە نەدەجووڵانەوە و خشەیان نەدەهات. بێدەنگییەك باڵی بەسەر شەودا كێشا بوو، بەرچاوم تاریك بووبوو، هیچ شتێكم بەدی نەدەكرد. هەستم كرد لە شوێنێكم تەنیا تاریكی سەروەرە، دواتر وردە وردە چاوم لەگەڵ تاریكییەكدا ڕاهات و توانیم بە تەڵغی شتەكان ببینم. لەپڕ چاوم بە تیشكێك كەوت، تەماشای مەترێك سەرەوەی تیشكەكەم كرد و ڕووخسارێكی لێڵم بەدی كرد، كەسێك بوو، لە ڕۆیشتنیدا هەستت دەكرد مرۆڤێكی پیر و ساڵدارە، چونكە كاتێك بەناو گۆڕستانەكەدا دەڕۆیشت، پشتی چەمابووەوە. ڕوونتر بینیم، جامانەیەكی ڕەشی ئاڵاندبووە سەرییەوە، كە خاڵی ورد وردی سپیی تێدا بوو. بە دەستێكی فانۆسێكی وەك ئەوەی من و بە دەستەكەی تری دارێكی درێژی وەك خاكەنازی گرتبوو، یەكسەر ترپەی خێرا و بەرز كەوتە ناو دڵمەوە و جەستەم پڕ لە ترس بوو. لە دڵی خۆمدا گوتم:((ئەو كەسە كێیە؟ بەو شەوە تاریكە لەنێوان ئەو كێل و گۆڕانەدا چی دەكات و بۆ چیی دەگەڕێت؟!)) لە بەردەم گۆڕێكدا نووشتایەوە، سەری سووڕ دا و سەیری دەوروبەری خۆی كرد، لە تیشكی فانۆسەكەی دەستی نزیكتر بووەوە. ئۆو! ئەوە (مەردان)ە، لەسەر ئەو گۆڕە چی دەكات؟! پێش ئێستا گوتم (مەردان) زۆر پیر بووە؟ بەڵێ‌، كاتێك تیشكە كزەكەم لەسەر ڕووخساری بینی، لۆچە ئەستوورەكانی دەموچاوی بە جوانی خۆیان نیشان دەدا.
یەكێك لە شەوەكانی سەرەتای مانگی نۆی(1930)ـە. منداڵان بە قاووقیژ و داخستنی بەهێزی دەرگای ماڵەكانیان، بۆ یاریی فڕیوە، گرتن و بەردان و چاوشاركێ دەچنە دەرەوە. هەر كۆمەڵە منداڵێك پێكەوە یاریی دەكەن، هەندێكیان فڕیوە، هەندێكی تریان گرتن و بەردان، دوو منداڵیش بە تەنیا و پێكەوە چاوشاركێ دەكەن. ئەم كچۆڵە و كوڕیژگەیە جیاواز لە منداڵەكانی تر چێژی زۆر لە یاریی چاوشاركێ وەردەگرن و هەر بە تەنیا ئەو یارییەش دەكەن.
كچۆڵەكە پێشنیارێك بۆ یاریی ئەمشەویان دەكات و دەڵێت:
- هەموو شەوەكانی تر تۆ چاوی منت دەبەست و خۆتت لێم دەشاردەوە، منیش جۆم دەكردی. حەز دەكەم ئەمشەو من چاوی تۆ ببەستم و خۆمت لێ بشارمەوە، تۆ من جۆ بكەی، باش؟
- ئاخر من زوو تۆ جۆت دەكەم، حەز ناكەم یارییەكەمان زوو تەواو بێت.
- ئەگەر ڕازی نەبیت، من یارییت لەگەڵ ناكەم و دەڕۆمەوە بۆ ماڵی خۆمان، ئیتر هیچ شەوێكی تریش بۆ یاریی نایەمە دەرەوە و چاوەڕێم نەكەی.
- باش. ڕازیم، بەڵام توند چاوم ببەستە. بۆ شوێنی دووریش مەڕۆ، تەنیا لەو جێگایانە خۆت بشارەوە، كە من خۆم تیا شاردبووەوە.
- باش، دەی كوا پارچەپەڕۆ سپییەكەم بدەرێ.
كوڕیژگەكە دەستی بەناو گیرفانی ڕاستی پانتۆڵە بچووكەكەیدا گێڕا، پارچەپەڕۆكەی (كە هیی كچۆڵەكە بوو.) دەرهێنا و خستییە ناو دەستی كچۆڵەكەوە، بۆ ئەوەی چاوی ببەستێت. (مەهتاب) هەوڵی زۆری دا، تا توند لە دواوە پەڕۆ سپییەكە گرێ بدا و نەكرێتەوە. چەند جارێك جەختی لێ كردەوە، كە ئایا چاوی دەبینێت، یان نا، دوای ئەوەی دڵنیا بوو كوڕیژگەكە هیچ نابینێت، خۆی شاردەوە و پێی گوت:
- ئێستا چاوت بكەوە!
كوڕیژگەكە چاوی كردەوە، بە هۆی ئەوەی كچۆڵەكە گرێی توندی لە پەڕۆكە دابوو، بە خێرایی چاوی وەك تیشكی مۆمی بەر هەوا دەپرتاند و سەری بۆ چواردەوری خۆی دەسووڕاند. كەوتە گەڕان بۆ جۆكردنی كچۆڵەكەی هاویاری. زۆر گەڕا، كەلاوە تاریكەكان، كۆڵانە تەسك و شێدارەكانی ئەو نزیكانە، ئەو كۆڵانانەی ماڵەكانیان تەنیا یەك گڵۆپی تێدا دەسووتا، هەتا ئەو ماڵە چۆڵەش گەڕا، كە پێش دوو ڕۆژ خاوەنەكەی جێی هێشتبوو و ڕووی لە شارێكی تر كردبوو، بەڵام لە هیچ یەكێك لەو شوێنانە هەواڵێك لە كچۆڵە نەبوو، ئاخر ئەم تەنیا لەم شوێنانە خۆی دەشاردە و ڕووی لە هیچ شوێنێكی تر نەدەكرد، دەبوو ئەویش هەر وای بكردایە، بەڵام وا دیارە وای نەكردووە. ڕۆیشتەوە بۆ ناو منداڵەكان و بە وردی چاوی بە ناویاندا گێڕا، تا كچۆڵەی هاوڕێی بدۆزێتەوە، كەچی لەناو ئەوانیشدا نەبوو. پرسیاری لە یەك دوو منداڵی هاوڕێی كرد و ئەوانیش بێئاگایی خۆیان لە بینینی (مەهتاب) دەربڕی. هەناسەی سوار و ڕەنگی بزڕكا بوو، كاتێك لای منداڵەكان قسەی دەكرد، تۆنی دەنگی وەك كوڕە هەرزەكارێك گڕ ببوو. بیری كردەوە، كە ڕەنگە بۆ ماڵ ڕۆشتبێتەوە، چونكە زۆر شەوی تر، بێ ئەوەی ئەمی جۆ كردبێت، دەڕۆیشتەوە ماڵ و تاقەتی یاریی نەدەما، بەڵام هەرچەندی كرد نەیتوانی بۆ ماڵیان بڕوات و هەواڵێكی (مەهتاب) بزانێت. ئێستا ئەو هەستە تیایدا سەروەرە، كە كچۆڵەكەی ون كردووە، ونكردن وایە، مرۆڤ گەر یەكجار كەسێك، یان شتێك ون بكا، ئیدی هەرگیز نایدۆزیتەوە، گەر ئەو كەس و شتەش ببینێتەوە.
ماوەیەك لە شوێنی یارییەكە مایەوە و چاولەڕێی هاتنەوەی (مەهتاب) بوو، تا بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی كۆتایی بە یارییەكەیان بهێنن و هەر یەكەیان بۆ ماڵی خۆی بڕواتە‌وە‌، بەڵام كچۆڵەكە بۆ شوێنی یارییەكەش نەگەڕایەوە. نائومێدانە ڕێگای ماڵەوەی گرتەبەر، دایكی لەسەر سەكۆی حەوشەكە جێگای نووستنی بۆ ڕاخستبوو، ئەویش بێ قسە و بە دڵێكی منداڵانەی ناسكەوە چووە ژێر جێگاكەی و بیری لە دیارنەمانی (مەهتاب) دەكردەوە. هیچ شتێك لەوە ناخۆشتر نییە منداڵێك خەمی هەبێت، لە ناخەوە خۆی بخواتەوە و بە كەس نەڵێت چ خەمێكم هەیە.
لە هەڵدانەوەی گۆڕەكاندا، لە یەككاتدا و بێ ویستی خۆم گومان و چێژ و ترسم تێكەڵ دەبن و بۆم جیا ناكرێنەوە. زۆر ماندوو دەبم، تا خۆڵی سەر گۆڕەكان لا دەبەم، هەڵیاندەستێنمەوە و پشتیان دەدەمە كێلی گۆڕەكەی خۆیانەوە، دایاندەنیشێنم، تا كفنە سپییەكەیان لە بەر دابكەنم. هەرچەندە مردووەكان زیاتر لە زیندووەكان دەمترسێنن، چونكە زۆریان دوای لابردنی خۆڵی سەر گۆڕەكانیان، كاتێك تیشكی فانۆسەكەیان لێ دەدەم، ڕووخسارێكی ترسناك و پێستێكی ڕەق و بێدەنگییەكی دڵلەرزێنیان هەیە، بەڵام چێژی زیاتریشم پێ دەبەخشن. زیندووەكان نامترسێنن، بەڵام ئازارم دەدەن و لە چێژ بێبەریم دەكەن، هەموو چێژێك لەناو ترسی گەورەدایە، من تا نەهاتمە ئەم گۆڕستانە و مردووەكانم بە چاوی خۆم نەبینی، نەمدەزانی چێژ لە كاری مەترسیداردایە. ئەمەی ئێستا خەریكی هەڵدانەوەیم (182)ـەمین گۆڕی مردووە، كە تا ئێستا لەم گۆڕستانە هەڵمداونەتەوە.
دوای قۆناغی منداڵییم ئەمە یەكەمجارمە ئاوا بە شەو بێمە دەرەوە، ماڵەوە و ترسی خۆم تا ئێستا ڕێگری ئەوەم لێ دەكەن، بە تایبەتی كاتێك ماڵی ئێمە نزیكی گۆڕستانێكی گەورە و ترسناكە. شەوانی هەر چوار وەرزی ساڵ، كاتێك دەچوومە ژێر جێگای نووستنمەوە، سەرەتا زیندەخەونم بەو كوڕەوە دەبینی، كە هاوپۆلم بوو، زۆر یەكدیمان خۆش دەویست، بەڵام ماڵیان بۆ شارێكی گەورەتری دوور لەم شارە بچووكەی ئێمە گواستەوە و ئیتر هەرگیز نەمبینییەوە. دوای تەواوبوونی زیندەخەونی هەمیشەییم، بیرم لەو نهێنییە دەكردەوە، كە بۆچی (مەردان) نایەڵێ بە شەو كەس بیبینێت. دێمەوە سەر خۆم و جووڵەی (مەردان) دەخەمە ژێر چاودێری وردەوە، دەبێ چ بكات؟ هەستایە سەر پێ، بە هەردوو دەستی داری خاكەنازەكەی گرت و كەوتە لابردنی خۆڵی گۆڕێك، ئەوە چی دەكات؟! خۆ ئەوە گۆڕەكەی هەڵدایەوە. وای! مردوویەكی هێنایە دەرەوە، دەستی بۆ كفنەكەی برد و لە بەری داماڵی، مردووەكە ڕووت بووەوە. لەشم داهێزرا و لە شوێنی خۆم وشك بووم، ئەمە یەكەمجارمە مردوویەكی ڕووت ببینم. لە ڕووخساری (مەردان)یشدا هەستم بە ترس و شڵەژان نەكرد، پێدەچێت لەگەڵ ئەم پیشەیەدا ڕاهاتبێت، وای! نازانم، بۆ هێندە لە بینینی مردوو دەترسم، لە كاتێكدا زیندووەكان جێی ئەوەن لێیان بترسم. چاوم دادەخەم و دەمەوێ دیمەنی ڕووتی ئەو مردووە نەبینم، بەڵام هەوڵەكەم بێ ئاكام دەبێت، جارێكی تر و بێ ئەوەی خۆم پێی بزانم چاوم دەچێتەوە سەر (مەردان) و مردووە ڕووتكراوەكە. دەمەوێت چاو دابخەم، بەڵام هێزێك لە ناوەوە پێم دەڵێت: (ئەستێرە! نابێت بترسیت. تۆ! ئەمشەو بۆ زانینی نهێنییەك هاتوویت، بڕۆ پێشەوە و پرسیار لە (مەردان) بكە، بزانە بۆچی ئەو گۆڕانە هەڵدەداتەوە؟ بۆچی كفن لە بەری مردووەكان دادەماڵێت؟ بۆچی...؟!)) ترس ئارەقی زۆری پێ كردبووم، وام هەست دەكرد لەبەر خۆری گەرمی هاویندا وەستاوم و سەرم تاوەسووت بووە، وردە وردە چوومە پێشەوە و لەشم نا، دڵم دەلەرزی. (مەردان) سەرێكی هەڵبڕی و گوێی بۆ دەنگێك هەڵخست، زانیم ئەویش ترسی لێ نیشتووە. گەیشتمە لای و بە دەنگێكی هەڵبزڕكاوەوە سەڵاوێكم لێ كرد، ئەویش بە هەمان دەنگی من و ڕەنگی تاساوەوە سەڵاوەكەی سەندمەوە. ورەم دایە بەر خۆم و گوتم:
- (مەردان)، بۆ ئەو مردووەت لەو گۆڕە دەرهێناوە و كفنەكەی لە بەر دادەكەنییت؟!
- ها؟ نا، ئەوە هیچ نییە، تەنیا كفنەكەی پاك دەكەمەوە!
- نا، ئەوە ڕاست نییە، تۆ دەتەوێ شتێك لەو مردووە بكەی. دەتەوێ تۆڵە لەو مردووە بكەیتەوە؟!
- بەڵێ.
- تۆڵە لە زیندووەكان دەكرێتەوە، نەك مردووەكان!
- تازە تۆ بە هەموو شتێكت زانی. با بچینە ژوورەوە هەموو شتێكت پێ دەڵێم.
كاتێك گوتی (هەموو شتێك)ـت پێ دەڵێم، هەستم دەكرد ئەو نەك هەموو شتێكم پێ ناڵێت، بگرە یەك شتیشم لەو هەموو شتە بۆ باس ناكات، كە بڕیاری دابوو پێم بڵێت. (مەردان) هەستایە سەر پێ و خۆی تەكاند. پێكەوە چووینە ژوورەكەی، كە كەوتبووەوە بەشی ڕۆژئاوای گۆڕستانەكە.
لە ساتی چوونەژوورەوەدا (ئەستێرە) لە دوای (مەردان)ـەوە دەڕۆیشت، بۆ ئەوەی تەواو هەست بەو گۆڕانە لەناكاوە بكات، كە لە ڕووخسار و جەستەی پورزاكەیدا ڕووی دابوو. چوونە ژوورەوە و دانیشتن، (ئەستێرە) بێ ئەوەی چاوەڕێی ئەو بكات، سەیری دەمارە سەوزەكانی دەستی (مەردان)ی كرد، كە لەبەر تیشكی فانۆسەكە وەك هێڵی لاری سەر نەخشەكانی لێ هاتبوو. دەستی بە پرسیارە زۆرەكانی كرد وگوتی:
- مەردان گیان، ئەمە یەكەمجارمە بە شەو دەتبینم. لە ڕۆژدا گەنجتر دەردەكەوی، بەڵام لە شەودا زۆر پیر دیاری.
بێ ئەوەی ئەو قسەیەی (ئەستێرە)ی بەلاوە گرنگ بێت، گوتی:
- ئەستێرە گیان، خۆت دەزانی ماوەیەكی زۆرە لەم گۆڕستانەدا دەژیم، لە پێناوی یەك شتدا، ئەویش ڕاكردن لە زیندووان. ماوەیەك لەگەڵا زیندوواندا ژیام، ئازاری زۆرم چەشت، بۆیە بڕیارم دا ئیدی لەگەڵ مردوواندا بژیم. ئەوە ئێوەن لە دوورەوە وا تێدەگەن، كە ئەوانەی لێرەن جووڵەیان نییە و ناتوانن بژین، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە، ئەوان جوانتر لە زیندووەكان دەژین، دنیایەكی ئارام و جیهانێكی بێدەنگی پڕ لە ژیانیان هەیە.
(ئەستێرە) كەمێك بێزارانە خۆی نیشان دا و ویستی وەڵامی پرسیارەكەی دەست بكەوێت. جارێكی دی لێی پرسییەوە:
- (مەردان)، پێم بڵێ، كفنی ئەو مردووەت بۆ چی بوو؟! بۆ لە بەریت داماڵی؟! چی لێ دەكەی؟!
- چونكە مردووەكان پێویستیان بە كفن نییە. ئەوان جەستەی ڕووتیان لەگەڵ خاكدا تێكەڵ دەبێت و گەر پارچە قوماشە سپییەكانی بەریان دانەكەنرێت، لەژێر خاكدا دەڕزێن. كفن بۆ زیندووانە، نەك مردووان، كفن بۆ ئەوەیە ناشیرینییەكان بشارێتەوە. مرۆڤ، كە دەمرێت ڕۆحی بۆ ئاسمان و جەستەشی بۆ ژێرخاك دەچێت. كفن بۆ كەسێكە لەسەر خاك بێ و خراپەكانی خۆی پێ دابپۆشێت.
(ئەستێرە) وەك ئەوەی بڕوای تەواو بە قسەكانی پورزاكەی نەكات، سەیرێكی بنمیچی ژوورەكەی كرد، دوو فەردەی هەڵواسراوی پڕ لە شتی سپیی بینی، سەرەتا وایزانی لۆكە، یان پەمووی تێدایە، بەڵام كاتێك وردتر تەماشای كرد، بینی هەمووی كفنی مردووە. هەناسەی توند بوو، بۆی دەركەوت، كە بۆچی بە درێژایی ئەم هەموو ساڵە نەیهێشتووە كەس لە شەودا بێتە ئەم گۆڕستانە و بیبینێت، چونكە كفنی زۆری مردووەكانی ئەم گۆڕستانە لێرەن، لای (مەردان)، لەبەر ئەوەش نەیهێشتووە لە شەودا كەس بۆ لای بێت، بۆ ئەوەی ئاشكرا نەبێت. بڵێی لەناو ئەو پارچە قوماشە سپییانەدا بۆ چی بگەڕێت؟ جارێكی تر لە (مەردان)ی پرسی:
- پورزاكەم، هەموو ئەمانەی تۆ دەیڵێیت ڕەنگە ڕاستی بن، بەڵام تۆ وەڵامی پرسیارەكانی منت نەدایەوە. كفنی ئەو مردووانەت بۆ چییە؟ ڕەنگە ڕۆژێك لە ڕۆژان كەسوكاریان بێن و گۆڕەكانیان هەڵدەنەوە، گەر ببینن مردووەكەیان كفنی لە بەردا نەماوە، یەكسەر گومان لە تۆ دەكەن.
- نا، خەمی ئەوەم نییە، هیچ زیندوویەك مردووی خۆش ناوێ. كاتێكیش دێنە سەر گۆڕەكانیان و بۆیان دەگرین، لە ڕاستیدا دەیانەوێ بزانن، كە تا ئێستا دەژین و لە سەر زەوین، جیاوازن لە مردووەكانی ژێرخاك.
- ئەی كاتێك گۆڕەكان هەڵدەدەیتەوە ترس داتناگرێت؟
- مرۆڤ هەموو كارێك بۆ چێژ دەكات، هەموو چێژێكیش ترسی خۆی هەیە، هەر كارێك ترسی نەبێت، چێژیشی نییە. بردنی كفنی مردووەكان بۆ من چێژی زۆری هەیە، وەك چۆن لەگەڵ داكەندنی كفنی بەر هەر مردوویەك، خەریكە ترس دڵم بۆ خۆی دەبات. ئەم چێژە، یان ڕوونتر بڵێم ئەم كارە تەنیا بۆ گەیشتن بە شتێكی تر، یان بڵێم چێژێكی تر دەكەم.
- ئەو شتە چییە؟
- شتێكە دەمەوێ پێی بگەم.
- تا ئێستا پێی نەگەیشتوویت؟
- نەخێر. ڕاستییەكەی (ئەستێرە) گیان، ئەو كاتەی گەنجێتیی خۆم لەناو مرودووەكاندا پیر كرد، مانای وابوو منداڵیی خۆم ڕەتكردووەتەوە، كە بریتی بووە لە ژیان لەگەڵ زیندووەكاندا.
- ژیان لە گۆڕستاندا و لەگەڵ مردوواندا چۆنە؟
- یارییەكە، زیندووان ناچارت دەكەن بیكەیت!
دوای ئەو شەوەی كچۆڵەكە یارییەكەی جێ هێشت، ونبوون ڕووی دا و كوڕیژگەكەش زوو گەورە بوو...
فەردەكانی كفنیش كەمێكیان مابوو پڕ بن...
 

ئەپرێل/ 2013

 
 

+ ئەم چیرۆكە لە ژمارە (61)ی گۆڤاری (گەلاوێژی نوێ)دا بڵاو كراوەتەوە.
karwanshorshe@yahoo.com