١
لە نێوانی چەترەکەی 'تۆ' و بارانەکەی 'ئەو' دا
چەنێ خۆشە
هەمیشە نوێژکردن لەبەر لێزمەی عیشقەکەی "ئەو" .
٢
نازانم 'ئەو' ، تا ئێستا لە خۆی پرسیوە ؛
گەزۆی خۆشەویستیی و ئایەتەکانی سۆزی ،
بۆچی درەنگ بارینە سەر ڕۆحی من ؟!
٣
دڵی 'ئەو' زوو زوو 'نووکە' دەکات ،
کەچی منی کافر ، ڕۆحم خستۆتە سەر 'هەززە' .
٤
لە ژێرەوە بیری دەکەم
کەچی کە دێتە بەردەمم
منی درۆزن ، شاخێ لە کیبریائی نیشان دەدەم !
بڵێی پیاو درۆزنترین کائینی سەرزەمین نەبێت ؟!
٥
من چەندین جار سێوەکەیم خوارد و
کەچی نازانم بۆچی لە بەهەشتەکەی خۆیی وەدەر نەنام !
٦
چەندەم پێ وت ؛
هێندە خۆی بە خەونمدا نەکات
ئاخر ئەم دونیایە زیندانێکی بچوکە بۆ خەونەکانی ئینسان!
٧
بیر لە 'هیچ' دەکەمەوە .
لای من ؛
هیچ = ئیمزایەکی سەخیف لە دامێنی نامەیەکی دڵداری .
هیچ = گەڕانەوەی بارانێ بۆ لای هەورێکی بێوەژن .
هیچ = کۆکردنەوەی قوتوە بەتاڵەکانی دڵ
لە زبڵدانەکانی قەراغ شاری نەدامەت !
دواجار هیچ = چی دەبوو ، گەر کەشتیەکەی 'نوح'
بە تەنێ مێینەی بارکردبا !
٨
لێی دەپرسم ؛ سەعاتەکەی دەستی
لەسەر ترپەی دڵی کام عاشق میقات دەکات ،
هی 'مەولانا' یان هی 'مەحوی' ؟
هەرکامیان بێت ، من هەر شەهیدە تەنیاکەی خۆیم !
٩
جانتاکەی پڕ دەکات لە خۆڵی کام زەمەن ،
زەمەنی مافیاکانی دزینی ڕۆح ، کوشتنی دڵ !
یان زەمەنی ئەو شەهیدانەی دڵنیام دەگەڕێنەوە و
خەریتەی ئەم عیشقە بۆ ئەبەد دەگۆڕن !
١٠
مانگ دراوسێی 'ئەو' بوو .
هەندێ جار لە ناو پەڕەی دڵیا دەخەوت !
جارێکیان لە مانگم پرسی ؛
چەند ئەستێرەت لە دەوری سەری ئەو گێڕاوە ؟
چەند جار تریفەت بە دیاریی بۆ کردۆتە ستیان ؟
چەند جار ماچت بۆ هەڵداوەتە حەوشەی ئاهەکانی ؟
١١
من بارانم هەبوو پێوەی بنازم ، وشکی کرد
ئێستا حەز دەکەم 'ئەو' ببێتە کانیاوی حیکایەتەکانم !
١٢
ئەدرەسی نازانم ، لە سەر زەمینە یان لە ئاسمان ؟
'ئەو' لە هەموو شوێنێکی گریاندایە
کەچی منی فرمێسک
هەموو چاوی خۆمی بۆ دەگەڕێم ، نایدۆزمەوە !
١٣
پێیان دەڵێم ؛
کە دەمرم ، لەسەر دەستی چەپم بنووسن :
ئەم کائینە هێندە لە چاوەکانی 'ئەو' ڕاما
هەتا ڕوانین کوشتی !
١٤
لەم وڵاتەی ڕۆحکوژاندا
خودایا ! ژن بوون چەنێ سەختە .
سەختتر ، عاشقبوونی ژن !
١٥
'ئەو' لە شەرابی کۆن دەچێت
هەموو ڕەز و ترێی دونیا
سەری میهری بۆ نەوی دەکەن ،
کەچی منی قەسیدەیەکی هەمیشە مەست
نەمتوانیوە لە پێکی دێڕێکما بیخۆمەوە ،
هەتا ئەبەدیش ناتوانم !
---- سلێمانی و ئەدیلاید / ٢٠١٦-------