و. لە ئەڵمانییەوە: سیروان ڕەحیم
 
زۆر بەڕێز خانمی پارێزگار بیرگیت یۆردەر
زۆر بەڕێزان ئەندامانی ئەنجوومەنی شار
ئازیزان ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی خەڵاتی نیلی زاکس
ئامادەبووانی بەڕێز
 
خۆشحاڵییەکی گەورەیە بۆم، کە هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسا لێرە بە دیدارتان شاد دەبم. دەستپێک دەمەوێت سپاسی تایبەتیی خۆمتان پێشکەش بکەم. بە پێشکەشکردنی خەڵاتی ئەمساڵی نیلی زاکس، شانازییەکی گەورەتان پێم بەخشی.
 
ئەوەی بە تایبەت من وا لێ دەکات بە وەرگرتنی ئەم خەڵاتە سەربەرز بم، ئەوەیە، پێشتر بە گەورە نووسەرانی وەکو ئێلیاس کانێتی، ئێریش فرۆم و میلان کۆندێرا بەخشراوە، ئەو نووسەرانەی من لە چەندین قۆناغی جیاوازی ژیانمدا خوێنەریان بووم. بەڵام شتێکی گرنگتر لەوەش ئەوەیە، ئەم خەڵاتە وەکو ئاماژەیەکی واتادار تەماشا دەکەم بۆ پشتگیریکردن لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵات. بەلامەوە گرنگە هەموومان لەوە ئاگادار بین، کە نووسەرانی ڕۆژهەڵات، تایبەت نووسەرانی کورد، لە هەلومەرجی تەواو جیاوازدا گەورە بوون و تاکو ئیمڕۆیش لە دۆخێکی تەواو جودادا دەژین و دەنووسن. 
 
ئەوەی ئیمڕۆیش من دەتوانم لێرە بم و سەبارەت بە ئەدەبیاتی کوردی قسە بکەم، پێویستە سەرنجتان بۆ ئەوە ڕابکێشم، ئێوە لەوە ڕامێنن و تێفکرن کە هێشتا ملیۆنان کورد ڕێگەیان پێ نادرێت بە زمانی زکماک و بە ئازادی باس لە خۆیان بکەن، ناتوانن بێبەربەست بە زمانی زکماکی خۆیان بخوێننەوە یان بنووسن. بۆیە خەڵاتی نیلی زاکس ئاماژەی هیوایەکیشە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە هەوڵ و تەقەلای پاراستن و ڕزگارکردنی زمانەکەیاندان، ئیتر مرۆڤگەلێکی کورد یان سەر بە هەر گروپ و نەتەوەیەکی تر بن. بێگومان وەک نووسەر من خەونم هەمیشە لەوە گەورەتر بووە تەنیا وەک زمانپارێز ببیندرێم، لە یەک ساڵونیوی ڕابردوودا وەکو نووسەرێک بۆ سازکردنی کۆڕی ئەدەبی سەبارەت بە ڕۆمانەکانم هەلم بۆ ڕەخسا لە زۆر شار و شارۆچکەی ئەڵمانیا، ئۆتریش و سویسرا، کۆڕ ساز بکەم. لە هەموو ئەو شوێنانە لە منیان دەپرسی: لە ناوچەکەی ئێوە ڕۆڵی ئەدەبیات چییە؟ یان بە شێوەیەکی تر بڵێم: لەنێو ئەو هەموو خوێنڕشتن و کارەساتەدا ئەدەبیات دەتوانێت چ بۆ ئێوە بە دەست بخات؟ 
 
پرسیارێک کە لە جێی خۆیایەتی و ڕەوایە، بەڵام ئازاربەخشیشە، چونکە پرسیارەکە لە نووسەرانی تر ناکرێت. بەڵێ ئەدەبیات لە نێو شەڕ، لە نێو خوێن و لە شەڕگەکاندا بە ڕاستی دەتوانێت چ بجوڵێنێت و چ بکات؟ 
هەر نووسەرێک ڕوونکردنەوە و بۆچوونی خۆی لەو بارەیەوە هەیە کە بۆچ نووسینی بۆ گرنگە. هیچ کات دوو نووسەر هەمان وەڵامیان بۆ ئەو پرسیارە نابێت. بۆچ ئەدەبیات دەنووسرێت و چۆن دەخوێندرێتەوە، پەیوەندیی بە ئەزموونی تایبەتی هەر مرۆڤێکەوە هەیە. ئەوەی منی بەرەو نووسین جوڵاند و برد، بەر لەوەی پێش ساڵانێکی زۆر دەست بە نووسین بکەم،  سەرسوڕمانی بێسنووری من بوو بۆ مرۆڤەکان، بۆ توانای مرۆڤەکان و بۆ ویست و بۆ زیرەکییان. من تا ئیمڕۆیش لە نێو جەرگەی ئەو سەرسوڕمان و ئەفسوونەدا دەژیم. بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێت بە نووسەر، پێویستە بە مرۆڤەکان سەرسام بێت. سەرسوڕمان بۆ دەق یاخود بۆ دنیابینی دواتر و درەنگتر دێت. هەموو ڕۆمانەکانم لەو سەرسامییەوە سەرچاوە دەگرن. خەیاڵ و فەنتازیا هەمیشە کەرەستەی من بووە، بۆ ئەوەی باس لە جوانییەکانی ژنان، پیاوان و منداڵان بکەم، چیرۆک و بەسەرهاتەکانیان بگێڕمەوە، چیرۆکی ئەو مرۆڤانە بپارێزم کە لە چەقی شەڕ، کارەساتەکان و ململانێکاندا ڕوحی زیندووی خۆیان و مرۆڤبوونی خۆیان دەپارێزن و ئەوانی تر فەرامۆش ناکەن. بۆ من گرنگە پێشانی بدەم، هەر مرۆڤێک هەرچەندە خاوەنی دەسەڵاتێکی ترسناکیش بێت، شەڕەنگێز یان بێدڵ یاخود ڕقاوی و پڕکینەیش بێت، کەسێکە، مەخلوقێکە، ئێمە دەتوانین لە هەناویدا، لە ناخیدا، شتێک بدۆزینەوە کە مایەی سەرسوڕمان بێت.
 
من خەڵکی ناوچەیەکم کە شەڕ و کارەساتەکان بوون بە تانوپۆی. هەرگیز نەمویستووە ڕووخساری هیچ شتێک جوان و پاک دەرخەم، هەر بۆیە بەرهەمەکانم نیشانەکانی ڕق و زەبروزەنگیان پێوە دیارە. هەرگیز نەمویستووە هیوای درۆ بئافرێنم، یان تەنها تیشک بخەمە سەر سیما ناسک و نیانەکانی ژیان و بە تەنها ئەوان بەسەر بکەمەوە. بەڵام من هەمیشە بەرگریم لە قەناعەت و ڕاستییەک کردووە: مرۆڤ دەتوانێت بە نێو دۆزەخدا تێپەڕ ببێت و سەرباری ئەو تێپەڕبوونەیش لەوسەرەوە وەکو مرۆڤ بێتە دەرێ. سیاسەت و ئایین دەتوانن مرۆڤەکان بکەن بە خەڵکی دڵڕەق، دەستوەشێن، بەڵام ئەو هیوایەیش دەمێنێتەوە، هیوای ئەوەی سەرلەنوێ ئەو کەسە بگەڕێتەوە و ببێتەوە بە مرۆڤ، بەڵێ، ئەو هیوایە هەمیشە دەمێنێت و هەر لە ئارادایە.
 
ئەوەی کە ئایا مرۆڤ باشە یان خراپ، من هەرگیز ئەو پرسیارەم لە خۆم نەکردووە. من سەبارەت بە هێزی ناوەکیی مرۆڤ بەرهەمم نووسیووە، بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی بێخەیاڵی، گوێنەدان و لەبیرکردن. سەرسووڕمانیی من بۆ مرۆڤ لە پێناسەیەکەوە سەرچاوە دەگرێت: ئەو، مرۆڤ دەزانێت بەرپرسیارێتییەکی هەیە و دەبێت شانی بداتە بەر و هەڵیبگرێت. هەستکردن بەم بەرپرسیارێتییە ئەرکێکی سیاسی و ئایینی نییە، لە یاساکانەوە سەرچاوە ناگرێت یان زادەی فەرمان و باوەڕداریی نییە. بەڵکوو هەڵکەوتەی ڕاستەوخۆی بەرپرسیارێتیی مرۆڤە بەرانبەر بە مرۆڤ. بەرپرسیارێتیی سەرەکی ئەو ئەوەیە، مرۆڤانە ڕووبەڕووی ئەوانی تر ببێتەوە و مرۆڤانەیش بیانبینێت. ئەم بەرپرسیارێتییە لە کاتە ئاساییەکاندا تاقی ناکرێتەوە و نابیندرێت. ئەوە دەبێت لە ترۆپکی ترس و گیرۆدەییدا خۆی بسەلمێنێت، ئەو کاتەی کە مرۆڤبوون بۆ خۆی مەترسییە و مرۆڤ لەسەر مرۆڤبوونی ڕووبەڕووی کێشە و دەردەسەری دەبێتەوە، تەنیا لە ترۆپکی بێهیواییدا خۆبەدەستەوەنەدانی مرۆڤ مانای خۆی وەردەگرێت.
 
خوێنەرانی من دەبێت هەرگیز ئەوە لەبیر نەکەن، کە سەبارەت بە ڕۆژگارێک دەنووسم، ڕۆژگارێک لە بۆتەیاندا بۆ تاکەکان ترسناکە و ئاسان نییە وەک مرۆڤ بمێننەوە و لە مرۆڤبوون لانەدەن. هەر بۆیە ویستومە لە بەرهەمەکانمدا، لە نێو هەناوی شەڕ و کارەساتەکاندا ڕێز لە لاوازیی مرۆڤ بگرم. من هەوڵم داوە ئەوە پێشان بدەم کە لەگەڵ هەموو توندوتیژیی و زەبروزەنگێکیشدا توخمێک دەمێنێتەوە، توخمێک کە شایستەی سەرسوڕمان و ڕێزە.
 
زۆر کەس ئەم سەرسووڕمانەی من بۆ ئەو توانا بێسنوورەی مرۆڤ، کە تەنانەت لە ڕۆژگاری پڕ کارەساتدا، شتی جوان بەرهەم بهێنێت، وەکو خەیاڵ یان فەنتازیا پێناسە دەکەن. بەڵام ئەوە هەڵەیە. بێ بڕوا و متمانەم بەو هێزە من نەمدەتوانی ڕستەیەک بنووسم. مرۆڤەکان وەکو تاک، وەکو دەرهاویشتەی سیاسەت و جڤات دەتوانن ئێمە بێهیوا و خەیاڵشکێن بکەن، دەتوانن دڵڕەق و دەستوەشێن بن، بەڵام نابێت هەرگیز ئێمە باوەڕمان بە مرۆڤایەتی و مرۆڤبوون لە دەست بدەین. سیاسەت و شەڕەکان لە ڕۆژهەڵات هەمیشە گومڕامان دەکەن، گومڕامان دەکەن تا مرۆڤ کەموکورت ببینین و خۆمانی لێ بە دوور بگرین. بەرهەمەکانی من هەوڵێکە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو وێنە هەڵەیەی مرۆڤ. ئەو بەرهەمانە هەوڵێکن بۆ گەیشتن بەو توخمە، بەو جەوهەرە ئینسانییەی لە هەناوی ئێمەدا ئامادەبوو، بەرلەوەی سیاسەت و ئایین لە نێوی ببەن یان بیشێوێنن. من دۆزینەوەی ئەو توخمە مرۆڤانەیە وەکو ڕێگەیەک بۆ ڕزگاربوون و فریاکەوتن دەبینم.
 
هەموو مرۆڤێک تەنانەت ئەوانەش کە بە هەموو کەرەستە و ئامێرێک وەک دەستوەشێن و دڵڕەق پەروەردە دەکرێن، لە جەوهەری خۆیاندا بەشێکیان لەو مەخلوقە هوشیار و زیرەکە تێدایە، ئەو مەخلوقەی جۆرە جوانییەکمان پێشکەش دەکات و ئێمە خودی ئەو جوانییە بە «مرۆڤ» ناو دەنێین. هیچ ئیدۆلۆژیایەکی فریادڕەس، هیچ سەرکردەیەکی ڕزگارکەر و هیچ ئایینێکی پیرۆز ناتوانن لە ڕۆژهەڵات ئێمەی مرۆڤ ڕزگار بکەن. تاکە هیوای ئێمە پەیوەستە بەو مرۆڤەوە، بەو مرۆڤە بریندارەوە، بەو مرۆڤەوە کە لاواز کراوە و تین و توانای لێ داماڵدراوە، ئەو مرۆڤەی من تێکستەکانمی بۆ دەنووسم. 
هیوادارم پەیامی سادە و ڕوونی خۆم ڕاستگۆیانە گەیاندبێت. 
 
من بۆ ئەوانە دەنووسم، ئەوانەی کە لە شەڕ و بەدبەختییە گەورەکاندا ژیاون و دەژین. نامەوێت هیوای درۆیان پێ ببەخشم، بەڵام هەوڵ دەدەم، خوێنەرەکانم جیهان بە چاوێکی تر ببینن. 
ڕەنگبێت زۆرێک لە بەرهەمەکانم بۆ خوێنەری ئەوروپایی تێگەیشتنیان سەخت بێت. لەبەر ئەوەی، من سەبارەت بە بەشێک لە دونیا دەنووسم، هەندێ ڕووداو دەگێڕمەوە، باس لە کارەساتی دیرۆکی و سیاسی دەکەم، شتگەلێک تاکو ئێستا ئەدەبیات بە ڕاستی جێگەیەکی وەهای پێ نەداون. سەرباری هەموو ئەو دۆخە جیاوازانەش ئەوە دەبینم، بوونی من ئەمڕۆ لێرەدا و لەبەردەم ئێوەدا هەڵگری ئاماژەیەکە، ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئەدەبیات هەمیشە ڕەهەندێکی گەردوونیی هەیە و هیچ سنوورێک ناناسێت. 
من هەوڵم داوە و ئێستایش هەر هەوڵ دەدەم، بەشداریییەکم لەوەدا هەبێت کە گەلی کورد لە ڕەهەندە گەردوونییەکانی خۆی باشتر حاڵی ببێت، لە هەوڵی گەڕاندا بێت بۆ شتە هاوبەشەکان و لە سنووری خۆیدا چەق نەبەستێت. 
 
جارێکی تر سپاسی بێسنوورم پێشکەش بە ئێوە و بە شارەوانی دۆرتموند دەکەم.
 
ئەم خەڵاتە، شتێکە کە بەدرێژایی هەموو ژیانم شانازیی پێوە دەکەم.