چەند دێڕێک لە ' ئایدۆلۆژیست'

لە مێژووی ئایدۆلۆژییدا خۆرهەڵات پڕە لە هێزی گۆڕانکار، لە گۆڕانکاریی بونیادیی، لە بەریان و هێزی سیاسی جیاواز کە هەر یەکەیان بۆ قازانجی نەتەوە ئیش دەکەن، پڕە لە سەرۆکی فریادڕەس کە ملیۆنان خەڵک سوژدەیان بۆ دەبەن، پڕە لە هەڵبژاردن کە هەستی دیموکراسییەت و ئازادیی دەجێنن، پڕە لە بانگەشەی یەکێتی و برایەتی و دۆستایەتی و لێبوردن. بەڵام مێژووی ڕاستەقینە پڕە لە کینە، پڕە لە جەنگ، پڕە لە جەنگی سایکۆلۆژیی وێرانکار، پڕە لە تاڵانکردنی سیستماتیک و ناسیستماتیکی سامانی ئابووریی، پڕە لە ڕاسیسزمی نێو نەتەوەکان و نێو مەزهەبەکان، پڕە لە خواستی جینۆسایدی سیاسی و حیزبی، پڕە لە سەرۆکی فێڵباز کە ڕۆلی ڕزگارکەر نمایش دەکەن.

بەشێک لە 'ئێستا ژیان نیشتیمانمە'

نۆرمان میللەر لە تێکستێکیدا دەڵێت « مردن زۆر سەخت نییە، تا ئێستا کەس نییە نەیتوانی بێت بمرێت». بەڵام ئەم وەسفە بۆ هەموو کەس دروست نییە... بە بڕوای من شێرکۆ لەوانەیە چەندە بیەوێت، چەندە هەوڵ بدات. ناتوانێت بمرێت.

چەند دێڕێک لە 'یادەوەری و زەمەن'

ئەوە دەرئەنجامی تێنەگەیشتن و نەخوێندنەوەی کامۆیە کە هەندێک وا دەزانن کامۆ فەردگەرایەکی پوچپەرستە. پێداگرتن لەسەر فەرد لای کامۆ لەسەر حسابی بەرپرسیارێتی مرۆف نییە بەرابەر بە مرۆڤ، کامۆ کاتێک پێ لەسەر تاکەکەس دادەگرێت، مانای ئەوە نییە هەر مرۆڤە و بە تەنیا دەبێت بۆ بەختەوەری و ڕزگاری خۆی بگەڕێت، فەرد لای کامۆ بوونەوەرێکی ئەبستراکت نییە، بەڵکو مرۆڤ لای کامۆ بەبێ برایەتی و هاوکاری مانای نییە، برایەتی و هاوکاریش بەبێ ڕێزی فەردانییەت دەبنە شێوەیەک لە شێوەکانی ملکەچی بۆ گروپ و بەهاکانی. بەڕای کامۆ کاتێک تاعوون هات و خەڵکی بێگوناهی ئازار دا، ئیدی هەموومان بەرپرسیارین، فەرد ناتوانێت هەڵبێت و بەدوای خۆشبەختی و ڕزگاری خۆیدا بگەڕێت.

چەند دێڕێک لە 'ناشوێن'

قسەکردن سەبارەت پەیوەندی تاراوگە و کولتوور بە دوو کەناڵی زۆر سەرەکیدا تێدەپەڕێت.
یەکەمیان کەناڵی پەیوەندی تاراوگەیە بە ڕۆحەوە، واتە پەیوەندی تاراوگە بە هەست و تێڕوانینە ستاتیکییەکانمانەوە بۆ دونیا. واتە قسەکردنە لەسەر ئەزموونێکی نوێی نامۆیی کە کەسی تاراوگەبوو پیادەڕوات، ئەزموونێک کۆمەڵێک سیفاتی دیاریکراو لە شێوازەکانی دیکەی غوربەت جیایدەکاتەوە، بە جۆرێک وا دەکات ''غوربەتی تاراوگە'' دیوێکی ناوازەتر و تایبەتیتری ناو هەموو غوربەتەکان بێت. ڕۆحی کەسی تاراوگەبووش ڕۆحێکی تایبەتتر و ناوازەتری ناو غەریبان بێت.

چەند دێڕێک لە 'ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی'

 

ماشێنە ڕاستەقینەکانی جەنگ بەرلەوەی لە مەیدانی جەنگدا تۆپەکانی خۆیان بتەقێنن، لە سەری ئینسانەکاندا ئەو کارە دەکەن. تۆپەکانی فاشیزم لە مێژە لە خەیاڵ و عەقڵ و فەنتازیای کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوەی سیاسیدا گرمەیان دێت، جار جار لە فۆرمی دەوڵەتێکی سێنتڕاڵدا گوزارشت لە خۆیان دەکەن، وەک لە عێراقی سەدام حوسەیندا، یان تورکیای ئەتاتورکیدا دەیبینین، یاخود دابەشدەبنە سەر چەندەها دیالێکتی سیاسی جیاواز جیاواز و لەگەڵ خۆیاندا جەستەی کۆمەڵایەتیش هەلاهەلا دەکەن، وەک لە عێراقی ئەمڕۆدا دەیبینین.

....

....

جیهانێکی دی

بـۆ ئەسـتێرەیەک دەگەڕێـم نیـوەی ئاسـمان داگیربـکات، خۆرێـک بتوانێت بنوسـێت، شـەوێک بتوانێـت هەتـاو بخوێنێتـەوە. جیهانێکـی تـرم دەوێـت درەختـەکان بتوانـن هاواربکـەن، هـەر شـتێک کـە بێدەنگـە قسـەبکات. هـەر ڕەنگێـک بچێتـە سـەر عەرشـی خـۆی، هـەر شـیعرێک قافیــەی خــۆی بدۆزێتــەوە.  جیهانێــک... بکرێــت کەشــتییەکان بەرینــەوە بــۆ مــاڵ، بکرێــت مرۆڤـەکان هەمـوو بـبن بـە پاڵـەوان، بکرێـت ئینسـان بگاتـەوە بـە کەمـاڵ.

دوو کتێبی نوێی 'بەختیار عەلی'

 

 ڕۆژانی هەینی «08.02.2019» و شەممە «09.02.2019»، سەعات 2 ی پاش نیوەڕۆ، هەر دوو کتێبی «دەریاس و لاشەکان» و «ناشوێن» لە «ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند» بە ئامادەبوونی نووسەر خۆی بڵاودەکرێنەوە.

«دەریاس و لاشەکان» دوا ڕۆمانی نووسەرە و کتێبی «ناشوێن» کتێبێکی لێکۆڵینەوەیە کە هەندێ وتاری نووسەر دەربارەی «کۆچ» و «پەنابەریی» و «غوربەت» لە خۆدەگرێت.