نووسینی: پابلۆ نیرۆدا
نیگارکێش: پالۆما ڤالدیڤیا
وەرگێرانی بۆ سویدی لە ئیسپانییەوە: هاننا نۆدرێن هوێک
وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە: بەکر ئەحمەد
چاپخانەی: تاستێن 2023

پێشەکییەکی کورت:

نیرۆدا ناوێکی ناو ئەدەبیات و شیعرە و بۆ خوێنەری کورد نەناسراو نییە. ئەو یەکێکە لە وەرگرانی خەڵاتی نۆبێل و لە ساڵی ١٩٧٣ دا کۆچی دوایی کردووە. سێ مانگ بەر لە مردنی ، "کتێبی پرسیارەکان" بڵاودەکاتەوە. بەرهەمێک کە لە ٧٤ شیعر و ٣٢٠ پرسیار پێک هاتووە.

لە سێپتێمبەری ئەمساڵدا، ئەم بەرهەمە وەردەگێردرێتە سەر زمانی سویدی. بەڵام نەک وەرگێرانی کۆی هەموو پرسیارەکانی ناو کتێبەکە، بەلکو وەرگێرە سویدییەکە 70 دانە لە پرسیارەکان هەڵدەبژێرێ. لەم وەرگێرانەی منیشدا، دوو دانە لە پرسیارەکان لابراون. ئەویش لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە هەرچیمکرد، نەمدەتوانی بەو شێوەیە وەریبگێرم کە شایەنی تێکستە کورتە سویدییەکەی بێت.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەم شیعرانەی کە لە شێوەی پرسیاردان، بۆ منداڵانێکی شەش تا نۆ ساڵە نووسراون. بەڵام بەوەی فەنتازیایەکی قوڵ و فەلسەفی جەوهەری پرسیارەکانی ئەم کتێبە پێکدەهێنێت، پرسیار و شیعرەکانی ئەم کتێبە دەکاتە یەکێک لە جوانترین بەرهەمەکانی ئەو.

نیرۆدا لەم پرسیارانەدا، لە رێگای شیعرەوە، دەچێتە ناو ئەو مەملەکەتە پڕلە فەنتازیایەی کە لە منداڵدا شەپۆلدەدات و پرسیارە وجودی و فەلسەفییەکانی ئینسان دەخاتە بەردەست. بۆ کەسێک کە دەربڕینی "پرسیار بۆ مندالان لە زمانی شیعرەوە" دەبیستێت، پێویست ناکات بڕیارێکی بەپەلە بدات بۆ ئەوەی بەهانەیەک بدۆزێتەوە تا ئەم کتێبە نەخوێنێتەوە.

ئینسان ئەگەر لەو تەمەنەیشدا نەبێت کە شیعرەکانی ئاڕاستەکراوە، دەکرێ دەست بە داوێنێ منداڵی ناو ناخی خۆیەوە بگرێ و لە چاوی ئەوەوە گەشتێک بە ناو ئەم پرسیارانەدا بکات. ئەوەی کە نیرۆدا لەم نووسینەدا کردوویەتی، هەر هەمان شتە.

هاوکات من تووشی ڕاچلەکاندنێکی گەورە بووم لە خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا. بێ هیچ دوو دڵییەک دەتوانم بڵێم ئەم پرسیارانەی ناو کتێبی پرسیارەکان، یەکێک لە کارە ناوازەکانی ئەوە.

لەم پرسیارانەدا، نیرۆدا زمان دەداتە کیسەڵ و گوڵ و ئەستێرە و لە هیچ جێگایەکیشدا بەشوێن وەلامەوە نییە. رەنگە ونبوونی وەڵام بەهێزترین پەیامی ئەم کۆمەلە پرسیار و شیعرانە بێت بە تایبەت لە زەمەنێکدا کە پرسیارەکان کەمن و وەلامە حازربەدەستەکانیش زۆرتر.

پێشکەشکردنی ئەم وەرگێرانە بە بێ نیگارە سەرنجڕاکێشەکانی "پالۆما ڤالدیڤیا"، بە بڕوای من، وەک پێشکەشکردنی کارێکی ناتەواو وایە. کەموکوڕییەک کەمن ناتوانم پڕی بکەمەوە. تابلۆکەی سەرەوە، یەکێک لە وێنەکانی ناو کتێبەکەیە.

ئەگەر نیرۆدا سەرکەوتووانە ئەم پرسیارە سادە و پڕمانایانە بە جدێڵێ، ئەوا نیگارە ڕەنگاورەنگەکانی "پالۆما"یە کە لە ڕیگەی رەنگ و وێنەوە ئەو کەشە فەنتازیئامێزە دەسازێنێ کە پرسیارەکان پیویستییانە. بەڵام وێنەکان تایبەتن بە کاری هونەری نیگارکێشێک و لە رێگای نێتەوە دەکرێ ئینسان دەستی بە هەندێکییان بگات. بەلام بۆ چاپکردنەوەی لە بەرگێکی کوریدا، خەرجێکی ئابووری دەوێ، کەمن لە توانای هەڵسووراندنیدا نیم.

پرسیارەکان:

بۆ کەندەلان، هێندە چرچ و لۆچی هەیە
ئەوەندەش کون؟
ئایا زەوی وەک زیکزیکە، بۆ موزیکی ئاسمان دەچڕێ؟
کێ لە شادیدا ترەکا وەختێک رەنگی شین پەیدا بوو؟
چی گڕکانی قەڵسکردووە
تا ئاور و تووڕەیی خۆی وا باتە دەر؟
ئەو فرمێسکانەی هێشتاکە نەرێژراون
لە دەریاچە گچکەکاندا، لە چاوەڕوانی ڕژاندان؟
یاخود دەبنە ئەو ڕووبارە نادیارانەی
دەرژینە ناو، جۆگەکانی خەفەتەوە؟
بە زاری بێ سەرچاوەوە، لەگەڵ کامە ئەستێراندا
ڕووبارەکان دێنە پەیڤین؟
گەر ڕووبار هێندە شیرینە
دەریا ئەو هەموو خوێیەی خۆی لە کوێ دێنێ؟
وەختێک دەریا دەبینمەوە، دەریاش هەمان هەستی هەیە
یان وا ناکات؟
بۆ شەپۆلان هەمان پرسیار دەکەنەوە
وەختیک من لێیان دەپرسم؟
ناوەڕاستی دەریا کوێیە
بۆ شەپۆلان بۆ وێ ناکشێن؟
چۆن دووچەرخەیەکی جێهێڵراو
ئازادی وەردەگرێتەوە؟
چۆن بتوانم بۆ کیسەڵێ بگێڕمەوە
لەرۆیشتندا بە هێواشی ، لەو باشترم؟
بە کام ڕاستی و لەسەر کامە ناڕاستییە
باران فرمێسکی شادی خۆی دەبارێنێ؟
برنج لەبەرانبەر کێدایە
بەو گشت دانە سپیەیەوە پێدەکەنێ؟
بۆ کێڵگەکان دەدەنە قاقای پێکەنین
وەختیک ئاسمان بێرەنگ دەگری؟
قیتارێکی وەستاوی ژێر لێزمەی باران
دیمەنێکی خەفەتاوی وەکو ئەمەت، لە کوێدا بۆ پەیدادەکرێ؟
بۆ دەبێ کرمی ئاوریشم
ژیانی خۆی ، لە بەرگی پارچەقوماشدا بەسەربەرێ؟
هەڵۆ چنگی لەچی گیرکات
وەختێک لەسەر هەور ڕادەکشێ تا کەمێک بحەوێتەوە؟
چۆنە هەور هێندە دەگری
هاوکاتیش ئەو، لەگەرمەی شادی خۆیدایە و پۆزلێدەدا؟
ئەرێ بەڕاست، دووکەڵ لەگەڵ هەورا دەدوێ؟
بۆ درەختان ڕووتدەبنەوە کاتێک چاوەڕوانی بەفرن؟
دەکرێ گەڵا لە زستاندا
بە نهێنی لەگەڵ رەگدا، ژیانێکی دیکە بژی؟
مانگی چواردە، بالیفە پڕ لە ئاردەکەی
لە چ شوێنێکدا دادەنێ؟
ئەی ڕەگەکان چۆن بزانن
دەبێ ئێستا سەردەربێنن، تا سەر لە رووناکی بدەن
تا بە گوڵ و هەموو رەنگەکانیانەوە
سلاوێک لە هەوا بکەن؟
بۆچی درەخت
شۆخ و شەنگی رەگەکانی حەشاردەدا؟
شوێنێک هەیە بۆ چەند دڕکەکێوییەکی تر؟
پرسیارێک بوو لە گوڵەباخی کێوییان کرد؟
پەرەی گوڵ چی پێیە بیڵێ
وەختێک بەهارچرۆدەکا؟
لە قوڵایی پایزەوە
گوێت لە زرمەی رەنگی زەردە چۆن زرمەی دێ؟
گەر گشت زەردیی کۆتای بێت
ئەی نان لەچی دروست بکەین؟
چی بە زاری ئەلماسە سوورەکاندا هات
وەختێک شیلەی هەناریان دی؟
تۆ دەزانیت چی زۆر سەختە
چنینەوە و هەڵگرتنی میوەکانە؟
ئایا پەپوولە دەبێتە ماسی باڵدار
وەختێ دەمرێ و رۆحی لەشەقەی باڵدەدا؟
بۆ کەس بە هەلیکۆپتەرەکان ناڵێ
چۆن بتوانن هەنگوینی دڵی خۆر بمژن؟
ئەگەر مێش بیتوانیبایە هەنگوینی خۆی بەرهەمبێنێ
دەکرا هەنگەکان توورە بن؟
پرتەقاڵەکانی سەر دار، چی دەکەن لەگەڵ یەکتردا
تا خۆریان وەک یەک بەرکەوێ؟
كێ خۆر بێداردەکاتەوە
وەختێک لەسەر تەختی خەوە گڕدارەکەی ڕاکشاوە؟
نەتزانیوە، وەختێ داری سێو گوڵدەکا
بۆ ئەوەیە وەک سێو بمرێ؟
چی بەو کولیلکەیە دەڵێن
وەختێ بەڕێی کۆچی باڵنداندا دەفڕێ؟
ئەوە کام باڵندەیانە
دەبێتە سەرکردەی کۆچیان؟
پەڕەسێلکەکان درەنگ دێن بۆ قوتابخانە
تۆ بڵێی وا بێ، بەرلەوەی بێن
نامە ڕوونە شووشەییەکان لە ئاسماندا دابەش بکەن؟
چیت لەو پشتە قەموورەتدا حەشارداوە؟
وشترێک وای بە کیسەڵ وت.
ئەی تۆ لەگەڵ پرتەقاڵدا چی باس دەکەی ؟
کیسەڵ وای وت.
پێت وانییە وشترەکان
لە کۆپارەی سەرپشتیاندا، تیشکی مانگییان هەڵگرتبێ؟
ڕووی نەداوە هەندێک جاران
کە وشەیەک وەکو مار پێچ لە خۆی دەدات؟
ژمارەی چوار، هەمان چوارە بۆ هەموومان؟
ئەی حەوتەکانیش هەر واهین؟
کە زیندانی، خەو بە ڕووناکییەوە دەبینێ
ئایا هەمان ڕووناکییە لە تۆ دەدا؟
بۆ پێنجشەممە نایەوێ دوای هەینێ بێت؟
تەمەنی نۆڤێمبەر چەندە؟
مانگی نێوان دیسیمبەرو جانیوەری ، ناوی چییە؟
بۆ کڵاوی شەو
بەو هەموو کوونەی ناویەوە، بەم ناوەدا دەخولێتەوە؟
بۆ بە مەرەکەبی نەبینراو دەنووسین
کاتێ وەختی تاریکی دێ؟
ئەو سەعاتەی لە خەونەکانتا لێدەدا
دەکرێ لە کوێ پەیدا بکرێ؟
ئەو خەونانەی نایەنە دی، چییان لێ دێ؟
دەچنە خەونی ئەوانەوەی کە کەسانی دی دەیبینن؟
لە چ جێیەک ، کۆلکەزێرینە دوایی دێ؟
لە رۆحتدا یاخود لەو دیوی ئاسۆوە؟
دەتوانم لە پەرتووکەکەی خۆم بپرسم
کە بە راستی خۆم نووسیومە؟