سەرەتا مەبەست لە کۆڵکە مەلا ئەو بە ناو مەلایانەن کە کورت بین و کەم بین و زمان پیس و جوێن فرۆشن، مە لای زانا و دانا میحرابی مزگەوت بەکار ناهێنێ بۆ تە شیر و هەڕەشە و سوکایەتی کردن بە خەڵکانی تر، دین بە زۆرە ملێیی نییە، لە مێژە قورئان فەرمویەتی ( لا اکراه فی الدین ) .
ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆلکە مەلایەک شیعری شاعیرێک دەکاتە کفر و ڕق و نە فرەتی بە سەردا ئەبارێنێ ، ئەوە بوو لەم دوایەدا لە منبەری یەکێک لە مزگەوتەکانەوە بە رامبەر ئەو شیعرەی حەمە کاکە ڕەش ( خودایە دڵی ژن مە شکێنە ) هەرایەکی گەورەیان نایەوە، دیارە زمانی شیعر هەندێ جار دەربڕینەکانی مە جازە و ناچێتە خانەی کفرەوە، ئەگەر بێتوو کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە بۆ شیعرەکانی مە نصوری حەلاج و دەربرینەکانی ئەبا یەزیدی بەصطامی و سوهرە وەردی و رابیعەی عەدەوی و دەیانی تر بە تێڕوانینی مەلایەکی نیمچە خوێنەوار بێت دەبێت هەموویان بخینە خانەی کفرەوە. حەلاج لە شیعرێکیا ئەڵێ ( الکفر وعلی واجب... و عند المسلمین قبیح ) یان ابا یزید لە شوێنێکدا ئەڵێ
( سبحانی سبحانی ما اعظم شآنی ) یا رابعە عەدەوی شکایەت لەو ئایەتە دەکات کە دەڵێت (آنهم فی شغلهم فاکهون) جا بە پێوانەی ئە و جۆرە مەلایانە بێت دەبێت ئەم زاتە گەورانە بسوتێنرێن و ڕەجم وبەردە باران بکرێن.
بەراستی گوناحە کە سێک لە شیعر و زمانی شیعر تێ نەگا و باکگراوندێکی رۆشنبیری نەبێ و مانا شاراوەکانی دەقێک تێ نەگات بێت تکفیری خەڵک بکات و بارانی هەرەشە و جنێو ببارێنێ .
دووبارە دەڵێم زۆر جێگەی داخە ئەدەب و هونەری میلەتێک لە لایەن کۆلکە مەلایەکەوە دادوەری بکرێ وسوکایەتی بە کەسایەتی شاعیران و شیعر بکرێ، خۆ عەرەبیش لە مێژە وتویەتی ئەوەی بۆ شاعیر ئاساییە و لواوە بۆ کاسانی تر ئاسایی نییە.
ئەم بابەتە کاتی خۆی لە کوردستان بڵاوبۆتەوە.