لە یەکێتی کرێکارانی دەریا کارم دەکرد، لە بەشی خزمەتگوزارییە تەلەفۆنییەکانی یەکێتیدا، چەند هاوڕێیەکم هەبوو کە کارییان وەرگرتنی پرسیاری ئەندامانی یەکێتی بوو لە پەیوەند بە پرسیارەکانی بێمەی بێکاری و ئەو پرسیارانەی دیدا کە ڕۆژانە دەگەیشتە بەدالەی یەکێتی. هاوڕییەکم ڕۆژێک پرسیارێکی هەتا بڵێی سەرنجڕاکێشی لێکردم:"بۆچی زۆربەی کرێکارانی دەرەوەی وڵات کە لای ئێمە ئەندامن لە کاتی تەلەفۆنکردنیاندا دەڵێن:" ببوورە، دەکرێ لەگەڵ فڵانە کەسدا قسەبکەم،یان  سوپاستدەکەین ئەگەر ئاخاوتنەکەم بگەێنیتە لای فڵانە کارمەندی یەکێتی". من لەسەرەتاوە لە پرسیارەکە نەگەیشتم و ناچاربووم داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری لێبکەم. بە پێێ ڕوونکردنەوەکانی هاوڕێکەم، ئەو لەوێیە تا کاروباری خەڵکی دیکە ڕاپەڕێنێت و گواستنەوەی ئاخاوتنێکی تەلەفۆنی بۆ کەسێکی دیکەی یەکێتی، یەکێک لە کارە سەرەتاییەکانی ئەوە. چ پێویستدەکات کەسێک سووپاسگوزاری من بێت بۆ کارێک کە من دامەزرێنراوم بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەم.  
من لەسەرەتاوە خەیاڵم بۆ ئەو دەربڕینانە دەچوو کە دەچێتە خانەی ڕێزڵێنان و ئاخاوتنێکی بە ئەدەبانەوە لە کاتی بەکارهێنای دەستەواژەی لە چەشنی:" تکایە زەحمەت نەبێت، سووپاستدەکەم کە ئەم پەیامە بگەێنیت" یان لە بەکارهێنانی هەر دەستەواژەیەکی دیکەدا کە دەکرێ لە زۆر زمانی دیکەی دنیادا بوونی هەبێت. بەڵام کاتێک لە هەڵوێستی هاوکارەکەم ورددەبمەوە، هەستدەکرێت، ڕاستییەکی شاراوەیش لە سەرنجەکانی ئەودا هەیە. من لێرە کاردەکەم و وەزیفەی سەرەتایی منە کە خزمەتگووزارییەکان بۆ هاوڵاتییان بەو جۆرە پێشکەش بکرێت بێ ئەوەی هاوڵاتی پێویستی بە هۆنینەوەی تکایە و سووپاسکردنێکی لە حەد بەدەر بێت. 
 
لەسەر یوتوب دەکەوم بەسەر بەرنامەیەکی کوردساتدا کە بە بۆنەی سەری ساڵەوە پێشکەشکراوە و ناوە گەورەکانی گۆرانی و شانۆ و مۆسیقای کوردی ئامادەییان هەیە. هەر کەسێکییان دەمدەکاتەوە بە هۆنینەوەی: سووپاسی کەناڵە ڕەنگینەکەی کوردسات دەکەم و ...." درێژە بە قسەکانی خۆی دەدات. ئەگەر ئەمە شێوازی ئاخاوتنی کەڵە ناوەکانی مۆسیقا و شانۆی کوردی بێت کە بێ ئەوان کوردسات و زاگرۆس تێ ڤێ وەک ئاشی بێ ئاوییان لێدێت، پرسیارەکە تەواو پێچەوانە دەبێتەوە و دەبێ بووترێت کێ دەبێ سووپاسگوزاری ئەوی دی بێ. بێگوومان هەر ئەم ئاوەیە کە گۆرانیبژان و ئەکتەرانی کورد ڕشتوویانە کە بە دوایدا هەر هاوڵاتییەکی کورد میکرۆفۆنی لەبەردەمدا ڕابگیرێت، دەبێ بە هەمان قەوانی ئایدۆلەکانییان دەم بکەنەوە و سووپاسی کەناڵە قەشەنگەی تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ خنجیلانەکان بن. 
من لە هیچ کەناڵێکی ڕادیۆیی و تەلەفیزیۆنی ئەوروپادا نەمبینیوە، بەر لە وەڵامدانەوەی پرسیار،کەسی وەڵامدەرەوە لە بەرانبەر چاوەکانی تێڤێ یان میکرۆفۆنەکانی ڕادیۆدا، هێندە سووکایەتی بەخۆی بکات و مەمنونی نیشانبدات بەوەی کە کەسێک ڕەئی ئەوی وەرگرتووە. 
ئەم کولتوری سووکایەتیبەخۆکردنە لە کوێوە دەبێتە وێردی سەرزاری هاوڵاتی کورد و ئیلیتە هونەری و ئەدەبییەکەی. کاتێک مەدح و سەنای کەناڵی مێدیایی دەبێتە ویردی سەرزاری هاوڵاتییەک کە ڕەئی وەردەگیرێت و وەک بسم اللە الرحمن الرحیم دەبێ بەر لە دەمکردنەوە ئەم دێرانە دووپاتیبکاتەوە، خودی مەوزوعیبوونی ڕەئییەکە بە کوێدەگات. ئەمە ئەو پرسیارانەن کە من لەم وتارەدا بە شوێنیەوەم. 
ئازادی دەربڕین وەک مافێکی سروشتی لە دۆخێکی سیاسیی نا سروشتیدا  
بە بڕوای من ئەم کولتوورە رەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەلومەرجە سیاسییەی کە خەلکی کوردستان لە عێراقدا تیای ژیاون و لە پێش هەموویانەوە نەبوونی ئازادی دەربڕینە لە کۆمەلگادا وەک دیاردەیەکی نۆرماڵ و سروشتی. هاوڵاتی لە کوردستانی عێراقدا، ئەوی نییەتی رەئیدەربڕینە. تا زەمەنی بەعس کەسێک میکرۆفۆن لەبەردەمی هاوڵاتی کوردستاندا ڕاناگرێت تا بزانێت ئەو چی دەوێت. کاتێکیش میکرۆفۆن و چاوەکانی کامێرا لەبەردەم هاوڵاتیدا رادەگیرێت، لە لایەن ئەو هێزانەوە و رۆژنامەنووسەکانیانەوەیە کە دەسەڵاتی حزبی لە پشتییەوە وەستاون. بێگوومان هێشتاش ئەم کەناڵە حزبییانە بە تەنها ئەو دەنگانە دەهێننە ئاخاوتن کە لە گرووپی خۆوە نزیکن و نەیانتوانیوە وەک کەناڵێکی ئازاد کە هەموو کەس دەتوانێت دەنگی تیا هەڵبڕێت ببنە مینبەری هاوڵاتییان. بەڵام هیچ دوودڵییەک لە ئارادا نییە ئەگەر بووترێت مێژووی راگرتنی کامێرا و مایکی رادیۆ و هێنانە قسەی هاوڵاتی لە کوردستاندا لە هەموو بوارەکانی مێدیادا، لە سەر دەستی دەسەڵاتی حزبەوە لە بەرانبەر هاوڵاتی کورددا دەبێتە دیاردەیەک لە کوردستاندا. جا ئەگەر ئەم هێنانە قسەی هاوڵاتیش بە تەنها لایەنگرانی ئەندامانی گرووپی خۆ بوو بێت، ئەوا بێ دوودڵی دەتوانم بڵێم ئەمە یەکەمین تاقیکردنەوەی هاوڵاتی کوردە لەگەڵ میدیادا بۆئەوەی وەک مافێکی سروشتی ڕەئی خۆی دەرببڕێت.   
بەڵام بەوەی ئەم پەیوەندییەی نێوان هاوڵاتی و مایکرۆفۆن و چاوەکانی کامێرا، لە پەیوەندییەکی سروشتی نێوان هاوڵاتی و مێدیادا قەراری نەگرتووە، ئاخاوتنی هاولاتی کورد لەگەڵ ئەم کەناڵانەدا ڕێچکەی سروشتی خۆی وەرناگرێت و رەئی دەربڕینی هاوڵاتی لە مافێکی سروشتییەوە دەگۆڕدرێت بە مافێکی ناسروشتی و پەیوەندی نێوان ئەم دوو لایەنە دەگۆڕدرێت بە پەیوەندی نێوان کەسێک کە خاوەندارێتی بۆ دەنگ و ڕەنگ هەیە و کەسێکی دیکە کە  لە دەنگ و ڕەنگ بێبەشکراوە. ئەو کاتەش ئەو پەیوەندی دەسەڵاتەی کە وەک تۆڕێک سەرتاپای کۆمەلگا دادەپۆشێت و لە هەموو شوێنێکدا دەکرێ هەست بە بوونی بکرێت، ئاڵوگۆڕێکی گەورەی بەسەردا دێت و کەسی خاوەنداری دەنگ و ڕەنگ (مێدیا)، لە باڵادەستییەکی گەورەدا خۆی دەبینێتەوە لە بەرانبەر کەسی بێبەشکراو لە دەنگ و ڕەنگدا(هاوڵاتی کورد)دا. لە سەنتەری ئەم هاوکێشەی دەسەڵاتەدا کە مێدیای حزبی لە سەردەستەییەکی گەورەدا ڕادەگرێت لە بەرانبەر خواردەستەیی هاوڵاتی کورددا، هەم چەمکی ئازادی بە شێوە گشتییەکەی و ئازادیی دەربڕین بە شێوەی تایبەتی لەڵایەن حزبەوە پێناسە دەکرێت. ئازادی ئێمە هێناومانە و ئازادی دەربڕینیش لە رێگای مێدیاوە، ئێمە خاوەنین. بۆیە کاتێک هاوڵاتی کورد لە دەرفەتێکدا دەیەوێت بدوێت، لە جێگاوڕێگایەکی قەرزداربارانەدایە لە بەرانبەر مایکرۆفۆن و چاوەکانی کامێرای حزبدا. بۆ ئەوەی شتێک بڵێ، دەبێ بەر لە هەموو شتێک ئاخاوتنەکەی خۆی لە بەرگێکی وەک  سوپاسی تەلفیزیۆنە جوانەکەتان و ڕادیۆخنجیلانەکەتانەوە بپۆشێت. ئەمەش وەک گەرەنتییەک بەوەی ئەوەی ئەو دەیڵێت لە چوارچێوە فیکرییەکانی خاوەن کەناڵ و ڕادیۆ دەرناچێت. ئەم جۆرە ئاخاوتنە بە زەقی پەیوەندی نێوان خاوەنقەرز و قەرزداری پێوە دیارە. 
 بەڵام مەگەر هەموو هاوڵاتییەک لەمرۆی دیموکراتیترین وڵاتەکانی دنیادا لە پەیوەندییەکی خوارەوە تردا نییە لە بەرانبەر مێدیادا، مەگەر باڵا دەستی مێدیا لە هەموو دنیادا دیاردەیەکی ڕاشكاو و بێبەڵگە نییە کە مێدیا باڵادەستییەکی گەورەی هەیە. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە تەنها ڕوونکردنەوەیەکی کورت بە پێویست دەزانم بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی بابەتەکە دوور نەکەومەوە. 
پەیوەندی دەسەڵاتی نێوان هاوڵاتییەکی ئەمریکی و کەناڵە مێدیاییەکانی لەسەر پەیوەندی نێوان کڕیار و فرۆشیار ڕاگیراوە. هاوڵاتی ئەمریکی موستەهلکێکە(کڕیار)ێکە و فرۆشیاریش کەناڵەکانی مێدیان. ئەم فرۆشیارانە بەبێ کڕیارەکانیان ناتوانن بژین. ئەم پرۆسەی کۆمیرشیالیزەکردنە جەبرێکی دێکە دەخوڵقێنێ کە لە کوردستاندا هێشتاکە ئامادەیی نییە. ئەوەشمان بیرنەچیت هەر کەناڵێکی مێدیایی کۆمێرشیالی ئەمریکیش وەربگریت، ئازادی دەربڕینی وەک مافێکی سروشتی پێقبووڵە ئەگەر چی ئەم ئازادییە لە پەیوەندییەکی نێوان کڕین و فرۆشتنیشدا قەراری گرتبێ.  لە کوردستاندا هاوڵاتی کورد فلسێک بە کەناڵەکانی مێدیا نادەن بۆ ئەوەی سەیری کوردسات و کوردستان تێڤێ بکەن یان گوێ لە ڕادیۆکانییان بگرن. بەڵام بەوەی ئەم پرۆسەی خاوەندارێتییە بۆ ئازادی و ئازادی دەربڕین خاوەنێکی هەیە کە دەسەڵاتی حزبییە،  هەموو "گۆڕانخواز"ێکی دەرەجە چواریش دەزانێت کە ناتوانێت ئاسان لە کوردساتەوە دەنگهەڵبڕێت و هیچ یەکێتییەک یان پارتییەکی دەرەجە پینجیش ناتوانێت لە سبەی و کەی ئێن ئێنەوە قسە بکات، ئەگەر مشتەرییەکی باشی کەناڵەکەیشییان بێت.  
بۆیەش لە دوای ڕاپەڕینەوە کاتێک ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنی و ڕادیۆییانە دەبنە بەشێک لە دیاردەی ناو مەملەکەتی مێدیایی کۆمەلگای کوردستان، هاوڵاتی کورد دەخرێتە دۆخێکی سایکۆلۆژی ناسروشتییەوە تا ڕەئی خۆ دەرببرێت. 
یەکەم: هاوڵاتی کورد دەزانێت کە ئەگەر سوپاسگوزاری خۆ دەرنەبڕێت بۆ ئەم کەناڵە تەلەفیزیۆنییە رەنگاوڕەنگانە و ئەم ڕادیۆ خجنجیلانانە، دەکرێ ڕەئییەکەی بە شوێنی خۆی نەگات و بڵاونەبێتەوە. جا ئەگەر هاوڵاتییەک کە لە بەرانبەر ئەم کەناڵە مێدیاییانەدا ڕادەوەستیت و هەستدەکات قسەکانی دەکرێ بە دڵی ئایدیۆژیی خاوەنکەناڵ نەبێت و ئەم خۆی سەر بە گرووپی ئەوبەر بێت، ئەوا پرۆسەی مەدح و سەنای بێمانا هێندەی دی لە ئاخاوتنەکانیدا تۆختردەبێتەوە. وەک عوزرهێنانەوەیەک کەمن مەمنوونی ئێوەم  ڕیتان داوە قسە بکەم. 
دووەم: ئەم تێگەیشتنە بۆ مێدیای حزبی لە لایەن هاوڵاتییانەوە، بە تەنها تێگەیشتنی بێ بناغەی  هاوڵاتی کوردستان نییە لە بەرانبەر ئەم کەناڵە مێدیایانەدا. بەڵکو خودی مێدیای حزبیش هەر ئەم وێنەیەی لە خۆی نیشانداوە کە ئەو بەشوێن هەمە ڕەنگی بیروبۆچوونەوە نییە لە کەناڵەکەیدا و بە تەنها ئەو کەسانەی هێناوەتە قسەکردن کە سەر بە ڕەوتی خۆن. ئەم دۆخە هەتا ئێستاش درێژە بە ژیانی خۆی دەدات و لە زەمەنی ڕاوەستانەکەی بەردەرکی سەرادا، بە جیا لە دیدی خاوەنکەناڵەکان، نە دەتوانرا ئاخاوتنێکی دیکە ببیسترێت.  
سێیەم: ئەم پرۆسەی خاواندارێتی دەسەڵاتی حزبی بەسەر مێدیاکانەوە و سووربوون لەسەر ئەوەی کە ئەوە ئێمەین ئەو مافە بە تۆی هاولاتی دەدەین قسەبکەیت و دەبێ قسەکانت بەوجۆرە بێت تا لای ئێمەوە بلاوبێتەوە، لەسەر تاپای بوارەکانی دیکەی کۆمەلگادا هەستی پێدەکرێت و دەکرێ لە بواری جۆراوجۆردا کاریگەرییە سایکۆلۆژییەکانی بخوێنرێتەوە. بۆ نموونە، بەوەی دەسەڵات پێیوایە موڵکی کۆمەلگا هینی دەسەڵاتی حزبە و تا ئێستاش لە پراکتیکی سیاسییاندا بە زەقی ڕەنگی داوەتەوە، سەرتاپای مێدیای حزبی دەخاتە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی کە خۆی سەرقاڵی ڕیپۆرتاژەکانی ئاوەدانکردنەوە بکات.  فڵانە مەسئول ئەمڕۆ قوتابخانەییەکی کردەوە و فیسارە بەرپرسی دەرەجە سێ چەن مێزێکی بۆ فلانە خەستەخانە بە دیاری پێشکەشکرد. ئەگەر خزمەتگوزاری بەشێکی سروشتی کردەوەی سیاسەتە لە بەرانبەر هاوڵاتیاندا، چ پێویستدەکات وەک مەکرەمەیەک بە هاوڵاتییان بفرۆشرێتەوە. بۆیە ئەم دۆخە، خاوەندارێتی بۆ سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لە لایەن دەسەڵاتی حزبییەوە، هاوڵاتییەک دروستدەکات کە کاتێک لە بەرانبەر چاوەکانی کامێرادا ڕادەوەستێنرێت، بە جیا لە گلەیی و گازندە و پاڕانەوە بۆ کردنەوەی قوتابخانەیەک یان ڕاکێشانی پردێک ، ناتوانێت هیچ شتێکی دیکە بدرکێنێ. ئەم دۆخەی کە من خاوەنی سەروەتی کۆمەلگام لە لایەن دەسەڵاتی حزبییەوە، هاوڵاتییەک دەخوڵقێنێ کە ئەگەر نەپاڕێتەوە، پێێوایە هیچ شتێکی بۆ ناکرێت. 
بۆیە لە کۆتاییدا دەمەوێ بڵێم: سوپاس و شیعرو شانامە هۆنینەوە بۆ کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان و ڕادیۆ ‌قەشەنگەکان، زادەی نیشاندانی رێزلێنانی هاوڵاتی کورد نییە وەک بەشێک لە کولتوری زمانەوانییانەی ئاخاوتنی بە ئەدەبانە لە بەرانبەر کەناڵەکانی مێدیادا بەوەی کە ڕەئی خۆی دەردەبڕێت، بەڵکو لە بناغەدا، نیشانەی نەبوونی مافێکی سروشتی هاوڵاتی کوردە بۆ ئەوەی ئازادانە رەئییەکانی خۆی دەرببڕێت. بەهرەمەندبوون لە مافێکی سروشتی هاوڵاتییانە بۆ ئەوەی هاوڵاتی ئازادانە قسەکانی خۆی بکات، ئاخاوتنێکی سروشتییانە بەرهەمدەهێنێت کە دوورە لە ڕازاندنەوە و مەدح و سەنای بێناوەڕۆک بۆ ئەوەی دەربڕینەکان سروشتی بن بەپێێ لۆژیکی خاوەن میکرۆفۆن و کامێراکان. بە زمانێکی سادەتر، ڕازاندنەوە و مەدح و سەنای بێناوەڕۆک وەک دەستپێشخەرییەک بۆ ئاخاوتن لە بەرانبەر کەناڵە مێدیاییەکاندا،کۆششێکە بۆ سروشتیکردنەوەی ئاخاوتنێک لە دۆخێکدا کە کەشو هەوای ئاخاوتنکردن لەم کەناڵە حزبییانەوە نا سروشتی دێتە بەرچاو و گوێ کاتێک قسەیەکی دیکە بکرێت کە بە دڵی خاوەن کەناڵ و خاوەن ڕادیۆ نەبێت. 
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان ڕادیۆ خشەخشکەرەکانی زەمەنی شاخ و کەناڵە ئاسمانییەکانی ئەم هێزانەدا بکرێت و بزانرێت ئەم کەناڵانە چ ئالوگۆڕیک بەسەر شوێن و جێگای ئازادی دەربڕیندا دەهێنن لە پەیوەند مافی هاوڵاتی کورددا لە بەرانبەر ئەم مافەیدا، ئەوە هەستدەکرێت کە ئەو ڕادیۆیانەی کە لە زەمەنی شاخدا بوون، بە تەنها بڵندگۆی قەبیلەی سیاسی خۆ بوون و هاوڵاتی هیچ جێگایەکی لە بەرنامەکانی ئەم ڕادیۆیانەدا نەبووە. کاتێکیش سەتەلایت و ڕادیۆی دیجیتاڵ شوێنی ئەم ڕادیۆ خشەخشکەرانە دەگرێتەوە، هاوڵاتی کورد فێردەکرێت کە بۆ ئەوەی دەنگهەڵببڕیت لەم کەناڵانەوە، دەبێ، بە شیعرو شانامە هۆنینەوە قسەکانی دەستپێبکات، وەک سووپاسگوزارییەک بۆ ئەوەی کە هاولاتی کورد رێیپێدراوە قسە بکات، بەڵام قسەیەکی مەرجدار کە دەبێ بە دڵی قەبیلەی سیاسی خاوەن کەناڵ و تێڤێ بێت. 
بە بڕوای من، لە زەمەنی ڕادیۆ خشەخشکەرەکانی شاخدا کە هاوڵاتی کورد دەنگی لەو کەناڵانەدا بوونی نییە، بۆ زەمەنی دەمکردنەوەی هاوڵاتی کورد لە رادیۆی دیجیتال و تەلەفیزیۆنەکانی سەتەلایتدا بەو هەموو سوپاس و مەدح و سەنا بێناوەرۆکانەوە کە هاولاتی کورد ناچارە دەریبڕێت، هێشتا ئەوەئ دەبیسترێت خشەخشێکی بێتاقەتکەرە و ئێمە هێشتا لە زەمەنی تەشویشی سەر کەناڵەکانی مێدیادا دەژین.  تەشوویشێک کە بەعس دەیخاتە سەر کەناڵەکان تا ئازادیدەربڕین فەراهام نەبێت، تەشویشێکی دیکە لە زەمەنی سەتەلایت و دیجیتاڵدا کە ئاخاوتنی سروشتی هاوڵاتی ناتوانرێت ڕێچکەی سروشتی خۆی بگرێت بۆ دەربڕین ئەگەر مەدح و سەنای کەناڵ و ڕادیۆ نەکات. بەڵام لە هەردوو دۆخەکەدا، ئەوەی کە هاوڵاتی کورد هەنگاوێک لێێ نزیک نەبووەتەوە، بەکارهێنانی ئازادی دەربڕینە وەک مافێکی سروشتی خۆی. مافێک کە گرنگ نییە تۆ لە کوێوە دەنگهەڵدەبڕیت، گرنگ ئەوەیە تۆ چۆن دەتوانی قسەکانت بکەیت، بێ ئەوەی لە ژێر هیچ فشارێکدا بیت، یان مەجبوور نەکرێیت بۆ ئەوەی قسەی خۆت بکەیت،  لە بەرانبەر ئاخاوتنتدا، بە سوپاس و مەدح و سەنای بێماناوە دەست پێبکەیت.