لە سایتی سپی نیوزدا ئەم ناونیشانە دەبینرێ:" تالەبانی بەناو شاری بەرلێندا گەڕاوە". لە ماڵپەڕی کوردستانی نوێدا، ڕۆژانە ئەم ناونیشانە دەخوێنرێتەوە:" مام سڵاوی هەیە". لە هەر کوێیەکی سایتە کوردیەکاندا هەواڵێک سەبارەت بە تاڵەبانی هەبێت، شێوازێکی تایبەتی پەیامگەیاندن ئامادەیی هەیە: دەربڕین بە زمانی کەسی سێیەمی تاک. المبنی للمجهول بە زمانی عەرەبی. بە کورتییەکەی بکەر دیار نییە. ئەم رستە خەبەرییە کە کێ تاڵەبانی بینیوە، بە نادیاری دەهێڵرێتەوە. بە کورتییەکەی، کەسێك تاڵەبانی بینیوە کە بە ناو شاری بەرلیندا گەراوە. مام لە رێگای کەسێکی تروە سڵاو دەنێرێ. بە کوردی دەڵێن لە فڵان شوێن بووین و فیسارەکەس سڵاوی دەنارد. کەسێکی دیکە سڵاوی یەکێکی دیکە دەگەێنێت.
ڕەنگە هیچ شێوازێکی گێراندنەوە بۆ رووداوێک بە قەد گێراندنەوە بە زمانی کەسی سێیەمی تاکەوە کۆمەکی بە هاوڵاتیانی ژێر دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان نەکردبێت. بۆ کەسانێک کە زەمەنی ژێر دەسەڵاتدارێتی بەعسییان لە بیرماوە، بیستنی ئەم هەواڵانە وەک کارێکی سەیر نەدەهاتە بەرگوێ. "دەڵێن لە شەقامی کاوە تەقینەوەیەک بووە و کۆمەڵێک خەڵک بەرکەوتووە" کێ وای وت، دەکرێ پرسیاری پاش ئەم گێراندنەوەیە بێت. وەڵام خێرا ئامادە بوو: وایان دەوت. ئەوەی کە کەسێک خۆی خەبەر نابینێت، نابیستێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تۆ هیچ بەرپرسیارییەتییەک لە ئەستۆ ناگریت. ئاخر لە بناغەدا تۆ نەتبیستووە و نەتبینیوە. ئەوەی تۆ دەیگێریتەوە حەکایەتی کەسانێکی دیکەن کە تۆش نازانێت کێن. بکەر دەموچاوی نییە. بکەر هیچ کاتێک ناکرێت بە شایەت بگیرێت بۆ ئەوەی کە ئایا هەواڵەکە ڕاستە یان درۆ.رەنگە ئەم مۆدێلی گێراندنەوەیەی هەواڵ ستراتیجێکی بە ئاگاهانەی هاوڵاتیانی کوردستان بێت تا لە بەرانبەر سین وجیمەکانی ئەمن و ئیستیخباراتدا وەک کەڕەی شەربەت دەرکەون و خاڵێک بە دەستەوە نەدەن.
ناوەڕاستی حەفتاکان و هەشتاکان لە ماڵی حاجی سەعیدی خەراجیانیدا کرێچی بووین لای ئاشەکەی گاورانەوە. ئەو شەوانەی کە بە ڕادیۆی تاران و کوردییەکەی بەغدایش نەیاندەتوانی تا کاتژمێری دەی شەو بەرنامەکانییان ڕاکێشن، گێراندنەوەی حەقایەتە کوردییەکان و سەرگوزشتە سەیر و سەمەرەکان، پشتی نووسەرانی هوڵیودییان دەشکاند و دەیەها حەقایەتی گرتنی جنۆکە و جانەوەریان دەئاخنییە میشکی ئێمەی منداڵانی حەوشەوە. یەکێک لەو حەقایەتە سەیرانە، چیرۆکی باپیرەی حاجی بوو بۆ گرتنی جنۆکە بە سوژن و کردنی جنۆکەکە بە کارەکەری ماڵ. کاتێکیش دەهاتە سەر ئازادکردنی جنۆکەکە، ئەوا دەرزییان لە جنۆکەکە دەردەهێنا و ئەویش دۆعای خۆی دەکرد :' ڕەبی هەمیشە ماڵتان پیس بێت". رەنگە هیچ میللەتێک بە قەدەر کورد بۆ پیسبوونی ماڵی خۆی هێندە کەڵکی لە جنۆکە وەرنەگرتبێت. ئاخر ئەم چیرۆکە بە سەدان شێوازی تر لە کونج و کەلەبەرەکانی کوردستاندا گێردراوەتەوە. بەڵام پرسیارێک لە حاجی بکرایە:" تۆ خۆت جنۆکەکەت بینیوە"، هەمیشە وەڵام بە نا دەبوو. تەنها ئەو کەسانە بینیبوویان کە لە ژیاندا نەمابوون. هەر بۆیەش چیرۆکی گرتنی جنۆکەکەی حاجی بە هەمان شێواز دەچێتەوە سەرگرتنی جنۆکەیەکی دیکە لە کۆیە و لە چەمچەماڵ و سابڵاخیش. دەڵێن فڵانە کەس جنۆکەیەکی گرتووە و فیسارەکەس وای دەگێرایەوە.
 
بۆیە هەڵبژارنی گێراندنەوەی چارەنووسی تالەبانی بەو شێوازەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کاری لەسەر دەکات و ئاخاوتنەکانی دوکتۆرە درۆزنەکەی تاڵەبانی کە بە مێدیاکانی دەڵێت، گێرەرەوەی ئەوەیە کە تاڵەبانی بەڕاستی نەخۆشە. ئەگینا گەرانی تالەبانی بە ناو شاری بەرلیندا ئاخاوتنی ڕۆژنامەگەری پێویست نییە و دەکرا لە رێی چاوەکانی کامێراوە تالەبانی پیشانبدرێت چۆن سلف لە ماشینەکەی دەدات و گێردەگۆڕێ و پێچدەکاتەوە و دەکرێ هۆڕنێکیش لێبدات.
ئاخر لە زەمەنێکدا کە جوڵەی بێرۆح و رۆحدار دەکرێ لە چرکەیەکدا لەسەر فەیسبووک یوتووب بێت و مەلایەکی ئاینی شیرمیز بخواتەوە لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا، بۆ ناکرێ جنۆکەیەک ببینین و لێخوڕینەکەی تاڵەبانی و مارکەی سەیارەکەی نیشان نەدرێ. ئەم جۆرە لە راپۆرتەهەواڵی مێدیایی، ڕاپۆرتدانێکی نەخۆشە لە کەیسێکی نەخۆش. هێزێک بە هێندە تێڕوانینێکی نەخۆشەوە لە کەیسی نەخۆشکەوتنی ئازیزترین سەرکردەکانی خۆی کۆمەلگا بخاتە ناو حەقایەتێکەوە کە لە چیرۆکی جنۆکەکانی سەدەکانی ڕابردووی کۆمەڵگای کوردی دەچێت، ناتوانێت سادەترین نەخۆشییە کۆمەلایەتییەکانی کۆمەلگا چارەسەر بکات.

20140131