یەكێك لەو قەیرانە گەورانەی لەم ڕۆژانەدا مرۆڤی كورد پێیدا تێپەڕ دەبێت بریتییە لە غیابی خوێندنەوەی وردو تیۆریزەكردنەوەی سەرجەم ئەو چەمكانەی زەمەنێكە عەقڵ و ژیانی تاكی كوردیان پاوان و كۆت كردووە، یەكێك لەو چەمكە بڵاوانەش بریتی یە لە خاك.
ئەگەر چەمكی نەتەوە ڕاستەو خۆ بەسترابێتەوە بە چەمكی خاكەوە، ئەوە ئێمەی كورد وەك نەتەوەیەكی چەوساوەو بریندار زۆرترین بایەخمان بەم چەمكە داوە، تا ئەو ڕادەیەی كە ئامادە نین زەڕڕەیەكی بگۆڕینەوە بە قەسری قەیسەر! ئێستاش هاوار دەكەین (دەبا هەموو خاكپەرست بین، خاك بە ئاودا نەدەینەوە) ئیدی خاك لە خەیاڵدانی دەستەجەمعی ئێمەدا دەبێتە سەنتەر، بوون و ژیان و ئازادی و شەرەفمان لە ئازادی ئەودا دەبینینەوە! خاك ئەو دیوە سیاسی و مرۆڤ كوژەی زەمینە كەزۆرترین جەنگی لەسەر كراوەو زۆرترین خوێنی لە پێناودا ڕژاوە، خاك و نەتەوە و خێڵ و كەلتورو بەهاباڵاكان كە سەرجەمیان خەمی دەستە جمعن تاڕادەی سڕینەوە و وون بوون خەمی مرۆڤیان وەك تاك وەك یەك كائینی سەربەخۆ پەراوێز خستوە، ئیدی تاك دەبێتە قوربانی و پەراوێزو كۆمەڵگاش دەبێتە سەنتەر. ئالێرەوە دەكرێت لە پێناو خاكدا بكوژین یان بكوژرێین و قوربانی بەڕۆحی خۆمان بدەین، هەربۆیە دەكرێت بوترێت كەلتوری ئێمە كەلتوری خاك پەرستی یە و خاكیش دیوە سامناك و كوژەرەكەی زەمینە ، بەڵام جیاوازییەكی گەورە هەیە لە نێوان خاك و خۆڵدا هێندەی جیاوازی ڕۆح و جەستە ، ئەگەر خاك ئەو دیوە ڕوكەشەی زەمین بێت كە جوگرافیا و سنوری لەسەر دیاری دەكرێت و دیوارەكانی لەسەر هەڵدەچنرێت ئەوە خۆڵ ئەو دیوە ڕۆحی و عاریفانەی زەمینە كە خاوەنی هیچ سنورێك و هیچ جوگرافیایەك نی یە ، ئەگەر خاك ئەو تێرمە بێت هەمیشە كەڵكەڵەی سیاسەت و جەنگ و خوێن و بەهەشتی وەهمی بخاتە مێشكی مرۆڤەوە ئەوە خۆڵ ئەو ووشە سیحراویەیە كە مرۆڤ دەباتەوە بۆ سادەگی و بێڕەنگی و مرونەت و عیرفان، ئەوە عەقڵی خۆڵ گەرایە مرۆڤ دەكاتە كائینێكی بیركەرەوە و ژیان دۆست و گەردونی و خەمەكانی دەبێتە خەمی ئینسان بەڕەنگ و زمانە جیاجیاكانەوە ، نەك ئامادە نییە مرۆڤ بكوژێت بەڵكو مرۆڤ خۆی دەبێتە سەنتەری ژیان و هەموو شتێك لە پێناو خزمەتی ئەو دایە.
هەر بۆیە لە دوونیای عیرفان و مەلەكوتی عاریفاندا (خۆڵ) پێگەو گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، خۆڵ وەك سەرچاوەی دروست بون وگەڕانەوە تەماشا دەكرێت، كاتێك بیر لە خۆڵ دەكەینەوە بیر لە خۆمان دەكەینەوە وەك مرۆڤ وەك تاك ، ئەمە لەكاتێدا خاك مرۆڤ دەكاتە مەخلوقێكی دڕندە و خوێن مژ، سیاسەت دەكاتە چەق و وەك موقەدەسێك دەبێت لە پێناویدا قوربانی بدەین.
من زەمەنێكە بڕوام بە ناسیۆنالیزم نەماوە، كەلتوری ناسیۆنالیزم كەلتوری كۆڵكتیڤ و خاك گەرایی یە،كەلتوری شۆڕش و پیرۆز كردنی شۆڕش گێڕ و دواتر بە دیكتاتۆربوونی یەتی، بەڵام مرۆڤی مۆدێرن پێویستی بە تاك گەرایی و سەربەخۆیی خوود هەیە، كەلتوری خۆڵ وەك دیوە قووڵ و مانادارەكەی زەمین دەكاتە سەنتەرو چەقی ژیان.
دەبێ‌ بیر بكەینەوە و بپرسین ئێمە كە لە پێناو خاكماندا بە هەزاران قوربانیمان داوەو ڕووبەڕووی جینۆسایدو قڕكردن بووینەوە، ئێمەیەك كە لە پێناو خاك دا ساڵەهایە لە دۆزەخدا دەژین دەرئەنجام جگە دروست كردنی بتگەلێكی نوێ‌ و گۆڕینەوەی دیكتاتۆرەكان چ شتێكمان دەست كەوتووە؟ جگە لەو كەمە ڕەفاهییەتەی كە هێندەی بەرهەمی جیهان گیری و گۆڕانی ئەو سیستەمانەیە كە جیهان بەڕێوە دەبەن نیو هێندە بەرهەمی شۆڕش نی یە.
ئایا دوای ساڵەها لە قوربانی دان توانیومانە ڕێزو ئازادی بۆمرۆڤی كورد بگەڕێنینەوە؟ توانیومانە گرێی خۆ بە بچوك زانی و پەراوێز بوون لە ڕۆحی مرۆڤی كوردا دەربهێنین؟ توانیومانە مرۆڤێك دروست بكەین كە حوكومەت و یاسا و ئلسایش و.... ڕێزی لێبگرن؟ بێگومان نەخێر.
ئێستاش جەنگی سیاسەت و حیزب و پۆست و پارە كە هەمووی دیوە ڕووكەش و سادەو خاكی یەكەی ژیانن، دونیای مرۆڤی كوردیان تەنیوە.
ئەم گرفتانەش بەبێ‌ لادانی كەلتوری خاك گەرایی و دەستە جەمع و هێنانە ئارای كەلتوری خۆڵ گەرایی و بەسەنتەر بوونی مرۆڤ وەك تاكێكی سەربەخۆ و ئازاد و ڕێز لێگیراو هیج ئاسۆیەكی ڕوونی لێوە دیارنابێت.