بەبەر چاوی زەمەنەوە
یادەوەریی خۆمت بە دیاری ئەدەمێ .
من یادەوەریی خۆمت بۆ دەکەمە دیاری ،
دەبێ ئاگر لە نیشتمانەکەمدا بڵێ چی ؟
ئاگر چی دەڵێ ؟
تۆ عەشیقەی من بوویت
یان زریانێک بوویت بەسەر ژێیەکانەوە ؟
منیش ماڵ غەریب بووم لە نیشتمانەکەی خۆمدا
ماڵ غەریب ....
***
بەبەر چاوی زەمەنەوە
یادەوەریی خۆمت بەدیاری پێدەبەخشم .
من یادەوەریی خۆمت بۆ دەکەمە دیاری ،
دەبێ بروسکە چی بە چەقۆ بڵێ ؟
بروسکە چی دەڵێت
تۆ لە "حوتەین" هێمایەک بوویت بۆ مردنی ڕۆژهەڵات ؟
منیش "سەڵاحەددین" بووم یان بەندەی خاچپەرستان ؟
***
بەبەر چاوی زەمەنەوە
یادەوەریی خۆمت بەدیاری پێدەبەخشم .
من یادەوەریی خۆمت بۆ دەکەمە دیاری ،
دەبێ خۆر لە نیشتمانەکەمدا بڵێ چی ؟
خۆر چی دەڵێ ؟
تۆ بەبێ کفن مردیت ؟
منیش دوور لە ''قودس"؟
***
لە دۆڵەکە هاتە دەرێ
دەڵێن دوای ئەو ،
دۆڵەکە هێند بچووک بووەوە ، تا دیار نەما .
جوانییە شاراوەکەی ئەو ،
گوڵەگەنمە خنجیلەکانی پێچایەوە ،
وەڵامی پرسیارەکانی گڵی دایەوە .
ئەی ڕۆڵەکانی نەوەی من !
ئەی هەموو گوڵەکانی "جەلیل" و
ئەی هەموو هەتیوەکانی "جەلیل"
دێتەوە بیرتان چۆن هاوین
بە پەنجەکانی ئەودا هەڵدەزنا و
دەرگا بە دەرگای دەکردەوە .
وەنەوشەیەک بە دراوسێکەی خۆی وت ؛
تینوو بووم و
بەندەی خودا ئاوی دەدام .
ئەی ئەوە کێ بوو
گەنجانی لە گەنجان فڕاند ؟
ئەو لە دۆڵەکە هاتە دەرێ و
کەچی هەر لە دۆڵەکەشدا دەمرێ ...
ئێمەش لە ناو کۆت و زنجیرەکاندا گەورە دەبین
کتوپڕ لە دۆڵەکە هاتە دەرێ
هەر لە دۆڵەکەدا قۆناغ بە قۆناغ دەمرێت .
ئەمێستاکە ئێمەش نەوە دوای نەوە
بە ئەودا گوزەر دەکەین و
زەیتوونەکانی 'جەلیل' بە خۆڕایی دەبەخشینەوە
بەردەکانی 'جەلیل' دەفرۆشین
مێژووی 'جەلیل' دەفرۆشین و
ئەو خۆیشی دەفرۆشین .
بۆ ئەوەی لە سنگی ئەودا
نیگاری کوژراوێک بکڕین کە دەجەنگێت !
***
لە نزیکەوە ئیعتیرافم بە خۆشەویستیی نەکرد
دەسا با مەرگم ئیعتیراف بکات !
منداڵییشم – تەروادە – ی ئارەبە
ڕێ دەکات و ...کەچی نایەت .
هەموو خەنجەرەکان لە تۆدان ،
دەسا ئەی سەوزایی لیمۆ ؛ هەستە سەرپێ و
بگەشێرەوە لە شەودا و
خۆت واڵاتر بکە بۆ گریانی ئەوانەی کە دێن .
***
' با ' لە سەر خەنجەرێک وەستاوە و
خوێنی ئێمەش بۆتە شەفەق
تۆش دەستەسڕە سەوزەکەت مەسووتێنە ،
شەو دەسووتێ !
***
هەربژی ئەو کەسەی
پڕ بە مردن ، لەسەر تەختەیەک ، بە زیندوویی نوست .
هەربژی ئەو شمشێرەی
گەردن دەکاتە چەندین ڕووباری ئازادی !
***
لە نزیکەوە ئیعتیرافمان بە خۆشەویستیی نەکرد
دەسا با تووڕەبوون ، تووڕە ببێت !
بەرەو تەروادەی ئارەب دەچین و
دووریی ، نزیک دەبێتەوە !
***
یادمان مەکە
ئەو دەمەی لە دەستت هەڵدێین و
ڕوو دەکەینە مەنفا بەرهەڵڵاکان
ئێمە فێری زمانە باوەکان بووین .
فێری شەکەتبوونی سەفەری دوورودرێژ
بۆ هێڵەکانی ئیستیوا و
نووستنی ناو شەمەندوفێرە خاو و ، خێراکانیش بووین !
فێرە خۆشەویستیی سەر بەندەرەکان و
غەزەلی حازربەدەست بۆ هەموو جۆرە ژنێک بووین !
ئێمە فێری هاوڕێیەتیی هەموو زامێک و
مەرگی عاشقان و
شەوقی لە قووتوو نراو و
شۆربای بێ خوێ بووین !
***
- ئەی وڵاتی دوور ؛
بڵێیت خۆشەویستییم لە پۆستی نامەدا بزر بووبێت ؟
ئاخر نە ماچێکی پلاستیکییمان دەگاتێ
نە ژەنگی ئاســن ..
هەموو وڵاتێ ، وڵاتی ئێمەیە و
کەچی بەشی ئێمە لەو وڵاتە
تەنها پۆستی نامەیە و ... هیچی تر !
***
یادمان مەکە
ئەو دەمەی لە دەستت هەڵدێین و
دەچینە زیندانەکان .
ئێمە فێرە گریانی بێ فرمێسک و
خوێندنەوەی تەیمان و تەلبەندەکان و مانگی غەمگین و
ئازادییەک و ..
کۆترێک و ..
ڕازیبوونێکی یەسوع بووین !
فێرە نووسینی ناوەکان بووین :
'ئایشێ' خواحافیزیی لە مێردەکەی دەکات و
'ئایشێ' دەژی و ...
لە ناو بۆنی خوێن و شەونم و یاسەمیندا دەژی !
***
- ئەی ڕوخسارە دوورەکە
لە دۆڵەکەدا تۆیان کوشت و ،
لەناو دڵی مندا نەیانکوشتیت !
دەمەوێت تۆ جارێکی تر
هەڵڕژانی لە خۆوەم دروست کەیتەوە
هــۆ ڕوخسارە دوورەکە !
***
دەسا بەیادمان کە ..
ئەو دەمەی لە بن قەسابخانەکەدا بۆت دەگەڕێین .
دەسا با ئەو بازووەت
کە دەڕوانێتە سەر هاژە هاژی دەریا و
سەر خوێنی ناو باخچەکان و
سەر لەدایکبوونەوەی تازەمان ،
وەکو پردێک بمێنێت !
بـا هەموو گوڵەمینا تەڕەکانی ناو لەپ
لە باخچەکانی خۆیاندا بمێننەوە ،
ئەوەتانێ وا ئێمە دێین .
ئاخر ئێمە نەبێت ،
کێ ئەمڕۆکە بلیتێک بۆ مردن دەکڕێ.... کێ ؟!
ئێمە هەموو هەوری خەریتەکانی دونیا و
هەموو شیعرەکانی سۆزگرتنمان بۆ نیشتمان ، گوشی .
کەچی نە ئاویان تینوێتیی دەشکێنێ و
نە شەوقیان هیچ دەسووتێنێ و
نە نیشتمانێکیش بنیات دەنێن !
***
دەسا بەیادمان کە ..
ئێمە یادت دەکەین
ئەو دەمەی دەبیتە سەوزایی و
لە هەر خوێنێکەوە دێیتە دەرێ .
قوڕ و .. خوێن
هەتاو و .. خوێن
گوڵ و .. خوێن
شەو و .. خوێن .
ئارەزووت دەکەین ئەو دەمەی لە دۆڵەکە دێیتە دەرێ
ئەو دەمەی شۆڕ دەبیەوە ناو دۆڵەکە
چەشنی مامزێک کە لە کێڵگەی خوێندا مەلە بکات ،
خوێن
خوێن
خوێن ..!
***
ئەی ئەو ماچەی کە لەسەر پشتی چەقۆیەک خەوی لێکەوت .
ئەی سێوەکەی ماچان
کێ ئەو چێژەی بیر دێتەوە کە دەمێنێ و
- تۆ نامێنیت –
وەک باخچەکەی هیوا تۆ نامێنیت !
- "ئێمە پیر بووین ئەی بەدبەخت" .
دونیا وای پێ وتم .
- ئەی خۆشەویستەکەم ؟
* مردووەکان پیر نابن .
- ئەی مانگەکانم ؟
* لەگەڵ ماڵەکەدا کەوتنە خوارێ !
ئەی ئەو ماچەی کە لەسەر پشتی چەقۆیەک خەوی لێکەوت
دەمی منت دێتەوە بیر ؟
من خۆشمدەوێیت ئەو دەمەی دەسووتێیت ،
ئەرێ خوێنم دەسووتێنیت ، وەک گوڵەمینای سووتێنەر ؟
من مردنەکەشتم خۆشدەوێت ئەو دەمەی
وەک باڵندەیەکی برسی دەمباتەوە بۆ نیشتمانەکەم !
ئەی ئەو ماچەی کە لەسەر پشتی چەقۆیەک خەوی لێکەوت ..
ئەوەتا پرتەقاڵ غوربەتی ئێمە ڕۆشن دەکاتەوە .
پرتەقاڵ ڕۆشن دەبێتەوە و
یاسەمینیش گۆشەگیریی ئێمە دەخرۆشێنێت !
کەچی یاسەمین خۆیشی بەریئە ..
ئەی ئەو ماچەی کە لەسەر پشتی چەقۆیەک خەوی لێکەوت
تۆ لەسەر سنوورەکانی سبەی بەخەبەر دێیت
تۆ ئەمێستا بەخەبەر دێیت و
وەک ڕەشەبا و
وەک لەبیرچوونەوە
کەنارە ڕەشەکە پەرش دەکەیت
ئەی ئەو ماچەی کە لەسەر پشتی چەقۆیەک خەوی لێکەوت !
***
کۆچ گەورە بوو
خەزانی گوڵ گەورە بوو ئەی عیشقی کوژراوم !
لەنێو ڕۆشنایی جیهانێکی سەرقاڵ بە من
دێوەرەبوون گەورە بوو .
ئێوارە لە سەر شەقامەکانی هەر مەنفایەکدا گەورە بوو .
ئێوارە لە سەر پەنجەرەکانی هەر زیندانێکدا گەورە بوو .
تۆش لە هەموو لایەکەوە گەورە بوویت
لە هەموو وەرزەکاندا گەورە بوویت ..
منیش دەتبینم
دوور دەکەویتەوە .. لە ناو دۆڵە دوورەکەوە دوور دەکەویتەوە و
لێوەکانمان جێدەهێڵیت
پێستمان جێدەهێڵیت .
تۆ دەبیتە جەژن و .. ئێرە جێدەهێڵیت .
منیش چاوت دەکەم .
دارخورماکان کەوتن .
ئەی بەندەی خودا چی گوت ؟
- لەم زەمەنە پیسکەیەدا
ژمارەی منداڵان و یادگار و ناوەکانی خودا زیاد دەکەن .!
منیش تۆ دەبینم .
لەوێ ، هەموو دەستێک هاوار دەکات ؛ ئاهـ !
ئێمە منداڵ بووین
هەموو شتەکان بەردەست بوون .
منیش چاوت دەکەم
ڕوخسارم لەناو تۆدا ، من دەناسێتەوە
هەموو عیشقەکەی خۆی دەناسێتەوە !
لە کەنارە پان و پۆڕەکەی لــمدا
تۆ لێم دوور دەکەوییەوە .
مردنیش گەمەیەکە ...
منیش تۆ دەبینم ..
دارستانی زەیتوونەکە نێوچەوانی خۆی
بۆ ڕەشەبایەکی ڕاگوزەر دانەواند ..
هەموو ڕەگەکان لێرە ،
لێرە
هەموو
ڕەگەکان
ئارام دەگرن !
دەسا ئەی عیشقە ئازاکەم
با هەرچی باڕەشەکانە
لە دوو چاوی موعجیزەییدا بسووتێن . !
شتێ نەماوە بۆ گریان ،
خوداحافیز
خوداحافییز .
ئیدی وەرزەکانی ماڵئاوایی پیر بوون .
مردنیش قۆناغێکە ، دەستمان پێکردووە !
لە هەراوزەنای لەدایکبووندا
مردن ون بووە ، ون !
تۆش لە دۆڵەکەوە هەتاکو هۆی کۆچکردن ، بکشێ !
جەستەیەک بە چەشنی ئاسکی مەحاڵ
بەسەر ژێیەکانەوە ڕا دەکات ... !
 
 
سەرچاوە : کۆدیوانی "مەحمود دەروێش" – بەرگی یەکەم – لە چاپکراوەکانی "دار العودة – چاپی یەکەم - ساڵی ٢٠١٠ - ل.ل ٤١٤-٤٢٦ – دیوانی (أحبک أو لا أحبک) ساڵی ١٩٧٢ .