...
...
 
سیاسی کوردی یەکێکە لە بەرهەمهێنەکانی تراژیدیای کوردی، وەکو چۆن یەکێکە لە بەرهەمەکانی ئەو تراژیدیایە.
سیاسی کوردی بەشێکە لە هێزێکی کۆمەڵایەتی یان سیاسی، کە ئامانجی سەرەکییان زیاتر پاراستنی جەستەی خۆیانە نەوەکو پاراستنی جەستەی نەتەوە، ئەگەرچی ئەو چوارچێوەیەی کە بەگشتی کاری تیا دەکەن هەمان گوتاری مانەوەیە، لێرەدا سیاسسی ئێمە لە بری یەکبوون لەگەڵ جەستەی نەتەوەدا، لەتەک جەستەی خێڵەکان، حیزبەکاندا یەکدەبن، وە لە بری ئەوەی ببنە هەڵگری خاچی نەتەوە، دەبنە هەڵگری خاچی حیزبەکەیان و دەبن بە مەسیحی حیزبەکانیان. چەندە سیاسی لەگەڵ حیزبی خۆیدا یەکبگرێت و لە نەتەوە دووربکەوێتەوە، بە هەمان ئەندازە دەبێتە مایەی خوڵقاندنی تراژیدیای کوردی. هەموو تراژیدیایەکی سیاسی دواجار بە هەرەس و تێکشکانی سیاسی و ئاکاری ڕۆحی ژمارەیەک لە سیاسییەکان دواییدێت، لەم کاتانەشدا دەستەڵاتی ڕۆحی و دەرونی و ویژدانی شاعیر چەندین جار بەسەر دەسەڵاتی ڕۆحی و دەرونی و ویژدانی سیاسییەکاندا زاڵدەبێت.
 
ڕەنگە لە هەندێک کاتدا سیاسی شاعیر بێ دەنگبکات، یاخود هەوڵی دەمکوتکردنی بدات، بەڵام لە ساتەکانی تراژیدیادا ئەوەی کە بۆ ئەبەد بێدەنگ دەبێت سیاسییە و ئەوەی قسە دەکات و هاوار دەکات شاعیرە. شێرکۆش لەم دوو ساتەوەختەدا 'کۆچ' و 'دەربەندی پەپوولە'ی نووسیوە.
 
سیاسی وەکو بەرهەمهێنێکی تراژیدیا و گوناهبارێک لە گوناهبارەکان ناتوانێت لە ساتی دووەمدا ببێتە قسەکەر بە ناوی ئەو تراژیدیایەوە و ناتوانێت لەتەک ئەو ئازارانەدا تەبابوونی ڕۆحی و دەرونی خۆی بسەلمێنێت. دوای تراژیدیا، سیاسی لە بەرگی خائین و جەستەی نەتەوە لە بەرگی خیانەتلێکراودا دەبینرێت، ئەو پەیوەندییەی کە لە نێوان مانەوەی نەتەوە و سیاسیدا هەیە وەردەگەڕێت و هەڵەکان و هەڵوێستەکانی سیاسی بە بەهانەی سەرەکی دادەنرێن لە شکستدا و سیاسییەکان شانۆ چۆڵ دەکەن و ئەوەی لەسەر شانۆ دەمێنێتەوە شاعیرە. مەرگی قازی، جۆرێک بوو لەو شانۆ چۆڵکردنە، بەڵام شانۆ چۆڵکردنێکی قارەمانانە، پەڕینەوە و کۆچی بەرزانی بۆ سۆڤیەت، کۆچی تاڵەبانی بۆ دەرەوە دوای ١٩٧٠، کۆچی بەرزانی و بەجێهێشتنی بۆ وڵات لە ساڵی ١٩٧٥دا، کۆچی بەکۆمەڵی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ١٩٨٨دا... هەموو ڕستێک ساتی تراژیدین لە نێوان جەستەی نەتەوایەتی ئێمە و سیاسییەکاندا. سیاسییەکان هەمیشە دوای تراژیدیا بێدەنگن و لە پێشچاو دوور دەکەونەوە و هەندێکیان تا دەمی مەرگ بێدەنگی هەڵدەبژێرن و هەندێکیان چاوەڕوانی هەلێکی نوێ دەکەن تیایدا زیندوو ببنەوە و بگەڕێنەوە گۆڕەپانی سیاسی. سیاسی دەمرێت و شاعیر دەژی، لە خۆڵەمێشی دوای سیاسییەکانەوە، دەنگی تراژیدییانەی شاعیر بەرز دەبێتەوە و لە وێرانەی پاش ئەوانەوە دەنگی خەمۆکانەی شیعر بڵێسە دەستێنێت.
...
...
 
 
لاپەڕە ٤٦-٤٧ ی چاپی یەکەمی 'نەرسیسی کوژراو'، تراژیدیای کەرنەڤاڵی و پەیوەندی بە مێژووەوە لە شیعری 'شێرکۆ بێکەس'دا. 
* تێبینی: ئەم نوسینە لە مانگی '٣'ی ساڵی '١٩٩٢'دالە هۆڵی ڕۆشنبیریی لە سلێمانی پێشکەشکرا. ئەم نوسینە سەرەتایەکی تەماوی کۆی ئەو نوسین و تێزانەیە کە دواتر پەرەم پێداون و کارم لەسەر کردوون.