ئەی پشکۆی من

هەمیشە دەسووتێیت و دەسووتێیت... ئەی پشکۆی من.
لە مێژە ئاگردان کوژاوەتەوە، لە مێژە ڕاوکەرەکان لە ڕەشماڵەکانیاندا خەوتوون. لە مێژە باران دەبارێت... بەڵام تۆ هەمیشە دەسووتێیت. باڵندەکان دێن و دەفڕن و لە تاریکیدا پیر دەبن. شەونم کە دوێنێ لە دایک بووە، ئەمڕۆ دەمرێت. گیا کە چەند هەفتەیەکە هاتووە ئەمشەو دەڕوات و ناگەڕێتەوە...
هەموو مەخلوقێک کاتژمێری خۆی پێیە... تۆ نەبێت... تۆ نەبێت... ئەی پشکۆی من.

 

ئەو ڕێبوارەی هەمیشە دەڕوات و ناخەوێت... هات و لێرەوە تێپەڕی.
ئەو هەورەی هەموو رۆژێک دێت و سەیرمان دەکات و نابارێت... هات و ڕاگوزەر

 

تەنهایی

تەنهایی ئەی ئەو ئەستێرەیەی کە باوەڕم پێتە، ئەی دوا مەرهەمی زێڕین کە دەتدەم لە مردنم. تۆ دوا خوێنیت کە من سوێندت پێدەخۆم، ئەی دوا نەتەوەی من... ئەی برای ئەبەدییم.
بەرلەوەی شەو دابێت، من تەنهام. بەرلەوەی خۆر هەڵبێت... من تەنهام. بەرلەوەی بەر تەوری زێڕینی هەر بایەک بکەوم کە لە کوشتنی سنەوبەرەکان دێتەوە، لێرەدا لە چاوەڕوانی هەموو شێوەکانی مردندا دەوەستم و تەنهام.

دەمەوێت بە بێدەنگی بژیم

من لە قەراغی دەریایەکدا دەوەستم و هێمنم، دەزانم هێمنیم لەو شەپۆلە دوورانە دەمپارێزێت کە بۆنی کەشتی خنکاویان لێدێت، هێمنیم وادەکات ئەو بەلەمانە نەمبینن کە لە دوورەوە بۆ دوژمن دەگەڕێن، هێمنیم لە بای ساردی شەو دەمپارێزێت کە بۆ مەستەکان دەگەڕێت، لەسەر لمی کەنارەکان دادەنیشم و هێمنیم وا دەکات ئەستێرەکان نەمبینن، بە خۆم دەڵێم <<کەس پیاوێک نابینێت کە لە قەراغی دەریادا بە هێمنی دانیشتبێت>>. گەردەلوولەکان دێن و سەیری هەموو شتێک دەکەن، سەدەفی شکاو، مرواری شکاو، دڵی نەورەسی شکاو.

کۆڕێک بۆ 'به‌ختیار عه‌لی' له‌ یۆتۆبۆری

ناوەندی کولتوور و خوێندنی کوردی لە شاری یۆتۆبۆری بە هاوکاری ABF، لە شاری یۆتۆبۆری. بەمەبەستی سازدانی ئێوارە کۆڕێک میوانداری 'بەختیار عەلی' دەکات.
ناونیشانی کۆڕ:
«سنوورەکانی ئەقڵ... بەرەو پێناسەیەکی دیکە بۆ ئەقڵ لە ڕۆشنبیری ئێمەدا».

کات: سەعات 4 ی پاشنیوەڕۆ لە ڕۆژی 29 ی مایسی 2010
شوێن:
Folkets Hus Järntorget
Olof Palmes plats