تەنهایی ئەی ئەو ئەستێرەیەی کە باوەڕم پێتە، ئەی دوا مەرهەمی زێڕین کە دەتدەم لە مردنم. تۆ دوا خوێنیت کە من سوێندت پێدەخۆم، ئەی دوا نەتەوەی من... ئەی برای ئەبەدییم.
بەرلەوەی شەو دابێت، من تەنهام. بەرلەوەی خۆر هەڵبێت... من تەنهام. بەرلەوەی بەر تەوری زێڕینی هەر بایەک بکەوم کە لە کوشتنی سنەوبەرەکان دێتەوە، لێرەدا لە چاوەڕوانی هەموو شێوەکانی مردندا دەوەستم و تەنهام.
تەنهایی... ئەی باغی دوا ئیمان، ئەی دواڕێگا کە دەشێت پێغەمبەرانی لێوەبێت، ئەی دوا شار کە دەشێت خودا ڕووی تێبکات، ئەی دوا زەردەخەنە کە دەشێت لەم ئێوارەیەدا مابێت... ئەی دواهەمین سفرە، ئەی دواهەمین تێشوو، ئەی دواهەمین نان.
تەنهایی... من دوا مرۆڤم کە دەمەوێت وەک دواگوڵ بژیم، پێویستیم بە ئایەتی تۆیە. گەر سورەتێکی نوێ لە ئاسمان بێتەخوارێ، تەنیا تۆ بۆم دەهێنیت. گەر بارانێک مابێت، بتوانێت وجودم تەڕبکات...تەنیا بارانی تۆیە.
تەنیا تۆ ئەبەدیت... مردن دڵۆپێکی تۆ و ئەبەدییەت خۆی سێبەری تۆیە.
ئەی تەنهایی... من دوامرۆڤم، دەمەوێت وەک دوا خۆر بمرم، پێویستیم بە تیشکی تۆیە.
تۆ لە ڕۆحی یەکتردا، لە دەستی یەکتردا، لە چاوی یەکتردا دەبینین...
بۆیە دەتوانین لەگەڵ یەکدا بژین
لەسەر ڕۆحی ئەوانە نەبێت کە تۆ دەیانکوژیت، تائێستا لەسەر ڕۆحی کەس ئەستێرەم نەبینیوە
ئەی تەنهایی کلیلەکانیشت ببەخشم، کەس ناتوانێت دەرگاکانت بکاتەوە... تۆ تەنیا نهێنی منیت کە دوژمنەکانم ناتگەنێ... تەنیا بورجی منیت تا ئەبەد سوپایەک ناگاتە بەردەرگات... تەنیا کتێبی منیت کەس ناتوانێت بتکڕێت و کەس ناتوانێت بتخوێنێتەوە. من دەزانم هەموو عەتریشت ببەخشم، کەس ناتوانێت گوڵی تۆ بناسێ و باغی تۆ بدۆزێتەوە.

نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان' لە 'ئەی بەندەری دۆست، ئەی کەشتی دوژمن'ەوە