قسەکردن لە گۆشەخەیاڵ لە ڕووى تێگەیشتنى زمانەوانییەوە لە گۆشەنیگا نابێتەوە، بەڵام ئەوەى گۆشەخەیاڵ و گۆشەنیگا لێک جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە گۆشەنیگا گۆشەیەکى خاوەن پلەیە و بە ئاڕاستەى ئاسۆییدا دەجولێ، بەڵام گۆشەخەیاڵ پلەدار نییە و لە بەرهەمەکانى عەتا محەمەددا (بۆ نموونە) ڕەنگاوڕەنگ دەکەوێتەوە! من لەم نووسینەدا دوو ئاڕاستە دیارى دەکەم، ئاڕاستەى یەکەم ڕووەو (داهاتوو)ە و ئاڕاستەى دووەم ڕووە و (ڕابردوو)ە.

دەشێ ئاڕاستەى یەکەم جوانتر لە (شوێن)دا دەربکەوێت، بەڵام ئاڕاستەى دووەم لە (زەمەن)دا دەیدۆزینەوە، بەو مانایەش گۆشەخەیاڵ لە بەرهەمەکانیدا دوو وەزیفە لە ئەستۆ دەگرێت، لە یەکەمیاندا بونیادى (جولەى گێڕانەوە)ى لە سەر دادەمەزرێ، بەڵام لە دووەمدا (کردە-Acte)ى لە سەر بونیاد دەنرێت! دوو دەرئەنجامیشى لێ دەکەوێتەوە، دەرئەنجامى یەکەم (چێژ) دەوڕوژێنێ و دەرئەنجامى دووەم لە (عەدەم)ەوە دێتەوە بوون، چێژ بەرەو (ژیان) دەبێتەوە و عەدەم (مردن) دەبزوێنێ. 
دواجار ئەو هەموو بەنێویەکداچوونانە بە جۆرێک لە جۆرەکان تەکنیکى (خۆرخێ لویس بۆرخیس Jorge Luis Borges 1899- 1986))مان لە گێڕانەوەدا بیر دەخاتەوە.
بە کورتى ئەوەى لە کارەکانى عەتا محەمەددا بەرەو پێشەوەمان دەبات، جولەى گێڕانەوەیە، بەڵام ئەوەى بەرەو نەبوونى و بەرەو دواوەمان دەبات، جولەى کردەیە! لەبەر ئەوەى جولەى گێڕانەوە شوێن دەبڕێ و جولەى کردە زەمەن نیشان دەدات... بۆیە ئاڕاستەى جولەى شوێن بەرەو پێشەوەیە و ئاڕاستەى جولەى زەمەن بەرەو دواوە دەجولێ! بەو مانایەش هەمیشە چێژ روو لە داهاتووە و هەمیشە عەدەم رابردوو و نەبوونمان بیر دەخاتەوە. 
دواجار پانتایى کارکردنى گۆشەخەیاڵى عەتا محەمەد لە وەزیفەى گێڕانەوە و وەزیفەى کردەدا بە نێویەکدادەچن و لەوێشەوە دەتوانین وەزیفەى گێڕانەوە تەرجەمەى (بیرکردنەوە) وەزیفەى (کردە) تەرجەمەى (ئارەزوو) بکەین... بە شێوەیەکى گشتى ئەو بە نێویەکداچوونە بەرەو داهاتووییەک دەمانبزێوێ، کە پشتمان لێیەتى.

 (1) 
بیرکردنەوە لە زەمەندا دەکەوێتە سەر رابردوو، بەو مانایەش پرسیارکردن لە بیرکردنەوە، پرسیارکردن نییە لە عەقڵێکى رووت، بە قەد ئەوەى بیرهێنانەوەى رابردووە، بەڵام بێ پرسیارکردن لە خەیاڵ پرسیارکردن لە بیرکردنەوە کورتى دێنێت! خەیاڵ هێزى روانینمان لەو شتەى کە بیرى لێ دەکەینەوە واڵا دەکات، ئەو کاتەش هێزى بیرکردنەوە دەردەکەوێت، کە بە (دۆزینەوەکان) دەگەین!
بەڵام ئارەزوو لە جوڵەى کردەدا (لە چالاکى کاراکتەرەکان) دێتە بەرهەم، هێزى چێژ لەو شتەى کە بەدوایدا دەگەڕێین دەوڕوژێنێ، ئەو کاتەش هێزى چێژ دەبزوێ، کە بە (دۆزینەوەکان) دەگەین. 
ئەگەر دۆزینەوەى یەکەم هێزى خۆى لە (خەیاڵ)دا بە دەست بهێنێ، ئەوە دۆزینەوەى دووەم هێزى خۆى لە (زمان)دا دەستەبەر دەکات! نووسین ئەو شتەیە کە ئارەزووەکانمان بەتاڵ دەکاتەوە! 
بە کورتى لە هەردوو باردا ئەوە گەڕان و دواتر دۆزینەوەکانن چێژمان پێ دەبەخشن... بەو مانایەش دەتوانین ئاوێتەبوونى (بیرکردنەوە و ئارەزوو) وەک یەکێک لە میکانیزمەکانى کار کردنى عەتا محەمەد بخەینە روو.

(2)
ئەوەى لە کۆى کارەکانى عەتا محەمەد بە مانا تایبەتییەکەى گرنگە ڕۆڵى خەیاڵە، کە بەرەو ڕابردوومان دەبات، هەڵبەتە ڕابردوو لە ڕووى ناسنامە و ڕەمزەوە، نەک لە ڕووى مێژوو و زەمەنەوە (بۆ نموونە –سەبتاتیڵ- لە زۆربەى ڕۆمانەکانیدا کەسایەتییەکى ڕابردوو، یان شاعیرێکى ڕابردوومان بیر دەخاتەوە)... 
کەچى زمان وەک ئەوەى لە کارەکانى عەتا محەمەددا لە حاڵەتى نووسیندا دێت، وەک ئەوەى شتێکە هەمیشە لە پێش ئێمەوەیە، وەک ئەوەى شتێکە هەمیشە بوون بە نووسین دەبەخشێ... بە هەمان ئەندازەش بایەخى خۆى لە نەخشەسازى بۆ داهاتوودا دەبینێتەوە. 
لە لایەکى دیکەوە دەتوانم بڵێم زمان لە کۆى بەرهەمەکانیدا وەک چۆن هەڵگرى جوانییە، هەڵگرى ئیشکالیەتێکیشە، ئەو ئیشکالیەتە لە ئێستادا (یان لە حاڵەتى نووسیندا) وا دەردەکەوێت، کە هەڵوەشێنەرەوەى ڕابردوو بێت، بەڵام بچووکى پانتایى (زەمەنى ئێستا) کە شوێنکەوتووى کردە و بڕى کاریگەرى چرکەساتى نووسینە، دواجار دەبێتە بەرئەنجامى خەسڵەتى گێڕانەوە و پەیوەندى خوێنەر بە زەمەنەوە... لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا جیاوازییەکى ئاشکرا لە نێوان زمان و خەیاڵدا هەیە، بنەماى سەرەکى ئەو جیاوازییەش لە جەختکردنەوەى ڕابردووەوە هاتووە، بەڵام هەمیشە نووسەر هەمەڕەنگى و ڕاڤەکردنە شیاوەکانى زمان ئاوێتەى یەکتر دەکات، بە مانایەکى دیکە ڕابردوو بە زمان دەنەخشێنێ.
بێگومان ڕابردوو وێڕاى هەموو بۆچوونە جیاوازەکان و چارەسەرەکراو و نەکراوەکانى مەسەلەیەکە ڕوویداوە و لە پشتمانەوەیە، بەڵام بوونى داهاتوو لە پێشمانەوەیە و لاى نووسەر ئەوە زمانى نووسینە ئەو کارە دەبات بەڕێوە! زمان لاى عەتا محەمەد ئەو شتەیە کە تەواوى دنیاى ڕابردوو دابەش و پارچە پارچە دەکات، بەو مانایەش هەوڵ دەدەم بڵێم چرکەساتى نووسین لاى عەتا محەمەد ئەوەیە کە بە زمانى دادێ، ئەو قسەیەش تێزى (مرۆڤ بەرهەمى زمانە)ى (ژاک لاکان)مان بیر دەخاتەوە، کەواتە بۆ ئەوەى لە مرۆڤ بگەین، پێویستە لە پەیوەندى بنەڕەتى نێوان (زمان) و (ئارەزوو) بگەین. 

(3)
ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە نائاگاییەوە، بۆیە ئاگامان لەو واقیعە نییە، کە تێیدا دەژین... یان وەک (کارل مارکس) دەڵێ ئاگامان لەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتیانە نییە، کە فۆڕمێک بە ژیانمان دەبەخشێت! دەتوانم بڵێم چرکەساتى نووسین لاى عەتا محەمەد لە نائاگاییەوە دەجولێ، یان بە مانایەکى دیکە بەو جۆرە دەجولێ، وەک ئەوەى ئاگاى لە دەستکەوتەکانى زمان یان ڕووداو نەبێت، کە شێوەیەکى مردنى لە سەر خەلق دەکرێت.
بۆ زێتر ڕوونکردنەوەى ئەو ڕستەیەى سەرەوە "فیلیب شملا"ى لاکانناس بیر دەخەینەوە، کە لە وتارێکى لە نێو کتێبى (اللغە الخیالی الرمزی) قسە لە تێزى مرۆڤ وەک بەرهەمى زمان دەکات و دەڵێت، تاکى مرۆیى دەکەوێتە ژێر کاریگەرى زمان و لەوێوە (خود)ێک پێکدەهێنێ، کاتێک ئەو (خود)ە قسان دەکات، دەبێ هەوڵ بدات ئەویدیکەى بەرامبەر (other) لێى تێ بگات، کاتێک داوایەک یان ناوکۆییەک بەرز دەکاتەوە، لەسەرى پێویستە ئەرزش بۆ داواکارى و ناوکۆییەکانى ئەویدیکەش دابنێ. دەتوانم بڵێم ڕووداو یان زمان لە نووسینى عەتا محەمەددا پەیوەندى بەوەوە هەیە، کە کاریگەرى نائاگایى لە کردەدا دەردەکەوێت، ئەوەش دەمانخاتەوە سەر تێزەکەى لاکان کە پێیوایە نائاگایى بونیادێکى زمانەوانى هەیە، هەر بەو مانایەش نائاگایى گوتارى ئەویدیکەیە، بەڵام ئەى ئەویدیکە لە کوێوە دێت؟ هەڵبەتە بە بڕواى لاکان شوێنى ئەویدیکە نائاگاییە...- (اللغە الخیالی الرمزی، ێ12). لێرەوە دەتوانم بڵێم بۆگێڕەوەى عەتا محەمەد نائاگاییە...

(4)
وەک چۆن ڕابردوو بۆ ئێمە (لانیکەم) شیاوى گۆڕان و دەستکارى نییە، (بۆگێڕەوە)ى عەتا محەمەدیش نزیک لە نائاگاییە و کەمتر شیاوى گۆڕان و دەستکارییە! بەڵام داهاتوو بە تەواوى دیارى نەکراوە. 
بۆیە لەم نووسینەدا داهاتوو تەرجەمەى زمان دەکەین، بەو مانایەش وەک پێویست ڕابردوو دەبێ لە خەیاڵ هەڵگرینەوە و داهاتوو لە ڕێگاى زمانەوە نەخشەسازى لە کردەدا دابڕژێت... دەمەوێ بڵێم لە کۆى کارەکانیدا خۆى دەداتە دەست قەڵەمڕەوى خەیاڵ و لە ڕێگاى زمانەوە پەرت و بڵاویان دەکاتەوە. 
لێرەدا خەیاڵ و زمان، لە ئامادەیى گێڕانەوە و کردەدا خۆیان دەنوێنن، بەڵام وەک چۆن خەیاڵ لە ڕێگاى زمانەوە بەرجەستە دەبێت، زمانیش هێزى داهێنەرانەى خۆى لە خەیاڵەوە بە دەست دەهێنێت، چونکە خەیاڵ لە کردەى بونیادنانى فیکریدا لە تێگەیشتن هەڵدەقووڵێ و لە هوشیارییدا جێگیر دەبێت، بەو مانایەش خەیاڵ ئەو پانتایەیە، کە خودى بیرکەرەوە تێیدا تێگەیشتنەکانى خۆى لە جوانىی نزیک دەکاتەوە! بۆرخیس دەڵێت: تامى سێو لە خودى سێودا نییە، لە دەمى ئەو کەسەشدا نییە کە دەیخوات، بەڵکو لە بەیەکگەیشتنى هەردووکیاندایە.

بە کورتى کردەى زمانى، هێزى خۆى لە خەیاڵدا هەڵدەگرێتەوە، یان بە مانایەکى دیکە کردەى زمانى بە ڕێگاى تایبەتى خەیاڵەوە بوونى خۆى لە ڕێگاى چالاکییەوە کەشف دەکات... کەواتە جوڵەى کاراکتەرەکانى عەتا محەمەد لە ڕێگاى خەیاڵەوە هەموو ئەو شتانەى دەکرێت بکەونە پێشییانەوە و پەرت و بڵاویان دەکاتەوە!
 دواجار لاى عەتا محەمەد ڕەتبوون بە سنورى نێوان گێڕانەوە و کردەدا وەک بەشێک لە (جوانى دەق) کە خوێنەر وەک ڕووداوێکى ڕابردوو دەیانبینێ، لە دەمى زماندا نادۆزینەوە، بەڵکو لە رێگاى بە نێویەکداچوونى (ڕابردوو و داهاتوو)دا  دەیانخوێنینەوە.