بایێ لە طەرەف قیبلەمەوە دێت و وەزانە،
یا بۆیی هەناسەی دەمی غونچەی لەرەزانە؟!
ئەشکم، کە لەگەڵ عەشقمە، طیفلێکی فەهیمە
هۆشم، کە لەگەڵ خۆشمە، پیرێکی نەزانە
تیژاوی سوروشکم وەکو ئیکسیری سوهەیلە
ڕووخسارەیی زەردم وەکو ئەوراقی خەزانە
شێخم! وەرە دەر، فەصڵی بەهار و گوڵ و گەشتە
ئەییامی لە گەرمابە خــزان فەصڵی خەزانە!
ئەو شێخە بە کوم مەگرە کە پەشمینە مەریدە
ئەو ڕیشە بە سەر دارەوە ڕیسێکی بوزانە
بەحری غەزەلم پڕ لە دوڕ و گەوهەرە، ئەمما 
غەوواصی دەوێ یەعنی بە تەعمیقی بزانە
پڕ دانەیە، ئەمما نەوەکو دانەیی چەڵتووک
بەحرم وتووە، نەک وەکو گۆلی مەرەزانە
حوسنی نەظەرە ئەصڵی نەظەر حوسنی بە عیصمەت
سۆفی کە دەکا تەرکی، بە ئینسانی مەزانە
ئەو گەوهەرە نوکتە کە لە 'نالی' دەدزن خەڵک
ئاویی نییە، وەک ئاگری بێ شەوقی دزانە