دڵم تەنگە ، شەوانە وەرە دیدەنیم ! "
مەهدی ئیخوان سالیس

1

دوای گەڕانەوە لە سەفەر
هەموو نیشتمانم هێنایەوە بۆ پایزە غەمگینەکەی ئەدیلاید
شتێک نەبێ لەوێم جێهێشت ؛
ئەویش دڵم بوو .. دڵی پڕ بارانی خۆم !

2

بمبەخشە ئەی دڵی بێشەوق !
من جێم هێشتی تا بەر تۆفانی غەریبییم نەکەویت و
نەچیتەوە شەوەکانی نائومێدی ،
نەبیتەوە بە گومان و ئاوێنەکانم لێ پڕکەیت لە تەنیایی .

3

لە ئێوارەمدا کە ئەستێرەیەک هەڵدێ
ئەڵێم ئەوە تۆی ،
بۆیە قەت حەز بە ئاوابوون ناکەم !

4

لە بەر تەنیایی
ڕۆژێک دێت ئەم ' مەتاعی غرور' ە جێبهێڵم (*)
ئەزانم لەوێش ، لەو دنیا ، تەنیا ئەبم !

5

بێکۆتاییە حیکایەتی هەڵوەرینی من
لە کوێوە دەست بە نوسینەوەم ئەکەیت ، لە کوێوە ؟
- لەو سەفەرانەی کە جانتاکانی ژیانم تێدا بەجێهێشتن ؟
- لەو مێرگانەی کە قەرار بوو شتێکیان تێدا شین بێ لە پیریی بچێ؟
- یان لەو تێرمیناڵ و فڕۆکەخانە گەورانەی
ناوی خۆم و
عەینەکی تەمەن و
دوا شیعری جاویدانییم تێدا بزرکردن ؟

6

کە ئەتبینم ، شیعریشم وەک دڵم ئەلەرزێ !

7

تۆ کە جانتاکەت پڕە لە میهرەبانیی ،
عیشقێک دێت پڕم کەیت لە غەزەلی خۆت
ئەوینێک دێت بە دەم ئاوابوونەوە
لە پایزەکەی خۆتم هەڵکێشیت !

8

ئەی میهرەبان !
کەمێک لەتریفەی خۆتم بدەرێ
شەوی سەفەری من وەک خەمی تۆ نابڕێتەوە .

9

هەتاوێک فێربووە
بەیانیان لە پەنجەرەی ئیحساسم ئەدات !
هەتاوێک فێربووە
نیگەرانییم ئەخاتە بەر باران و
لە خۆیدا ئەمنووسێتەوە .

10

جاران کە مانگ شیعری ئەنووسی ؛
- ئەستێرە ، قاوەی بۆ حازر ئەکرد
- شەوگار قەڵەمی ئەدایە
- ئاسمان سنگی بۆ ئەکردە دەفتەر !
ببینن ، قەسیدەکانی مانگ ، چۆن ڕەنگی خودایان لێ ئەتکێ .

11

کە بانگت ئەکەم ؛ باران
- باخچەیەک ئاوڕ ئەداتەوە
- کانییەک بە خەبەر دێ .
کە بانگت ئەکەم ؛ باران
- 'سلێمانی' ئەڵێت : بەڵێ !

12

کە ماچت ئەکەم
دەمی هەنار ئاو ئەکات
دڵی ڕوبارێک ئەلەرزێ !
13
حەز ئەکەم قەت پێک نەگەین .
گەر پێک بگەین ؛
ئیتر شیعر چۆن داگیرسێ !

14

لە ژوری سەفەرمدا ، تۆ ئاوێنەیت .
لە ساڵی قەسیدەمدا تۆ پایزێکی غەمگینیت .
لە باخچەکەی تەنیاییشما تۆ هەمیشە بارانیت ، باران !

15

- بۆ قاوەکەت ناخۆیتەوە ، بۆ قاوەکەت تەواو ناکەیت ؟
ئەترسیت قەرەجێک بێت و
' بەخت ' ێکت بۆ بگرێتەوە و
بە ترسێکەوە پێت بڵێ ؛ بۆ یەک نابن !

16

هەموو شەوێک ئەتخوێنمەوە و تەواو نابیت !
هەموو شەوێک چراکەی خۆتم ئەدەیتێ و
کەچی هێشتا من تاریکم ، هێشتا تەنیام !

17

وەرە ئەمبەری تەنیاییم ،
بەسەر پردی تەمەنمدا بپەڕێوە
پایز و هەتاو و شیعرم لەگەڵ بەش کە .

18

ڕۆژێک دێ ئەم حیکایەتە ببێتە بیرەوەری
هەینییەک دێت بەلای گۆڕێکدا تێپەڕیت
دڵێکی بێدەنگی تێدا ڕاکشاوە
بە خۆت بڵێیت ؛
- لەم دڵەوە چەند نزیک بووم .
چەند جار ئەم دڵەم بردۆتە ناو ژوورەکانی خەیاڵم .
بە خۆت بڵێیت ؛
- لە هەیوانە تاریکەکەی مەراقمدا
چەند جار ئەم دڵەم وەک چرا هەڵکردووە .

19

لە نێوانی من و تۆدا ، "سلێمانی" خۆی شاهیدە ؛
دڵم چەند تێکشکانی بینیوە
ڕۆحم چەند جار خراوەتە قەفەسەکانی عیشقەوە !
کەچی من ئاقڵ نابم و
هێشتا دەست بۆ پشکۆکان ئەبەم .

20

من هەتا ئەبەد لەلاتم
هەتا ئەبەد مانگت بۆ ئەکەم بە دیاری ،
ڕوبارت بۆ ئەکەم بە قەسیدەی درێژ ،
گۆرانییت بۆ ئەهێنمە ماڵێ !
بەڵام ئەوەی تا ئەبەد ترسم لێی هەیە :
بەیانییەکی سارد
لەسەر تەمی پەنجەرەکەم بنووسیت ؛
- لەبیرم کە ئازیزی من ، لەبیرم کە !
ئەم حیکایەتەی من و تۆ
چنگێ خۆڵەمێشی خەم بوو
لە پشکۆی دڵتەنگیی جێما ..
مۆمێک بوو ، تەنیایی دایگیرساند و
بێهودەیی کوژاندیەوە .
لە بیرم کە ئازیزی من ، لەبیرم کە !

21

لەوە غەمگینترم
بە ماچێک دڵم بدەیتەوە دەست خۆی !
لەوە غەمگینترم
چنگێ ئەستێرەم بدەیتێ و
ببیتە دەلیلی هەورەکانم ، گوڵەکانم
بۆ گەڕانەوە بۆ لای خۆم ، بۆ کەلاوەکانی ڕۆحم ،
بۆ گەڕانەوە بۆ شارە سووتاوەکانی یەقین .

22

کەی ئەمبیستیت خودایا !
کەی ئەمبینیت ..

23

ڕەزی عومرم هێشووی خەمێکی گرتووە
لە تۆ ئەچێ .
لێوی قەسیدەم گوڵێکی وا پێوە
لە دڵی شکاوی تۆ ئەچێ .
لەم چۆڵەوانیی ڕۆحەدا
هەموو گەڵاکانی ئومێد بوونە تەرم
کەچی من نازانم بۆچی هێشتا دەستم لە دەستی عیشقایە و
گۆرانیی بۆ زیندانێک ئەڵێم پێی ئەڵێن ؛ ژیان !

24

ئەو ئاسمانەی مەرگی منی بە بێدەنگیی لێوە هەڵدێ
ئەوە بێ شک ئاسمانەکەی غەریبانە
هەموو دڵێک ناتوانێ لەوێوە هەڵبێت !
ئەو گۆڕستانە غەمگینەی تەنییایم ئەگرێتە باوەش
ئەوە گۆڕستانە ڕوناکەکەی غەریبانە
جێگەی هەموو دڵێک ناکاتەوە !

25

ئەو ڕێگەیەی منی شیعری هێنایەوە بۆ نیشتمان
ڕێگەیەک بوو پڕ بوو لە فڕین و غەزەل
پڕ بوو لە تۆ . لەو ڕێگەیە
ئەستێرەی ئەو هەموو خەونەم بینی ڕژابوون .
لەو ڕێگەیە
عاشقانی ئەو هەموو حیکایەتەم بینی کوژرابوون .
لەو ڕێگەیە
چاوی ئەو هەموو نەورەس و کۆترانەم بینی
لە تەماشای مناڵێکەوە ئاڵابوون ، بۆ کۆچی ئاوێک ئەگریان .
لەو ڕێگەیە ئەو هەموو شاعیرەم بینی ؛ هەندێکیان نوریان ئەچنی
هەندێکیشیان بە دیار شکانی بەلەمەکانی ژیانەوە تەجەللایان ڕاو ئەکرد .
ئاوا بوو ئەو ڕێگەیەی
منی ئێوارەی گەیاندەوە شەوی ئەوێ .
ئاوا بوو ئێوارەی درەنگی ئەو ڕێگەیە ؛ گوڵێک نوێژێکی بۆ باخچە نەکرد .
لەو هەموو ئەستێرەیەی لەو ڕێگەیە هەڵهاتن ئەستێرەیەکم نەدی لە گۆرانییەکەی تۆ بچێ !
ئاوا بوو نووسینەوەی سەفەری من ؛
لەو هەموو قافیەی مردنە ،
مەرگێک نەبوو لەو ڕێگەیە پڕ بەبەری ژیانی من بێت !
لەو ڕێگەیە زۆر ئەترسام دەستی بارانێک بگرم و کەچی تۆ نەبیت .
لەو ڕێگەیە زۆر ئەترسام دنیا بڕوخێ و
سێبەری تۆم لەگەڵ نەبێت .
ئەترسام ، زۆر ئەترسام بۆ دوا جار پێت بڵێم :
وێرانم کە ، تا پێت نەڵێم خۆشم ئەوێیت !
وێرانم کە ؛
تازە قیامەتی دڵی من ئاگرێکی تری تێدا ناڕوێت
عیشق بگرێت !
وێرانم کە ،
نە مەملەکەتی ڕۆحە بزێوەکەی تۆ و
نە سەرابستانی مەنفاکەی من
هیچیان پەنجەرەیەکیان تێدا نەماوە ؛
بۆ هەتاوی ئومێدێک ،
بۆ هەناسەی عاشقێک ،
بۆ نزای نەورەسێکی بێوەژن
یان بۆ سەبای خەمێکی تری نیشتمان بکرێتەوە !
پایزی 2010 ی ئەدیلاید
(*) سەرنج:
مەتاعی غرور : مەبەست لە دنیایەکە کە بە پێی چەمکی ئایینی دواجار فەنا ئەبێت و دنیایەکی تر هەیە بۆ نەمریی . ڕەنێوهێنانی ئەم چەمکە لێرەدا بە تەنها ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە 'تەنیایی' لە هەموو شوێن و زەمەنێکدا لە ڕۆحی ئینسان نابێتەوە