- سەرنجی پێش خوێندنەوە :
هاوڕێی هونەرمەندم ، ڕەوانشاد "ئیبراهیم چێوار" ،کاتی خۆی و لە وەڵامی نامەیەکمدا ، لە باسکردنی ئەحواڵی خۆیدا بۆی نوسیبووم :
[ ... بەندەش خەم بە هەموو شتێک دەخوا و هەموو شتێ لەم سەرزەمینە ڕوو ئەدا وا ئەزانم من تاوانبارم و من لێی بەرپرسیارم و هیچیشم پێ ناکرێ جگە لەوەی هەندێ جار لەسەر تەختەی شانۆ ئەو زامانە دەکولێنمەوە ...]

بۆیە ئەم دەقە شیعرییەش ، لێبوردننامەی منە ، بۆ نەزیفی هیجرەتی ئەوانەی لە نیشتمان هەڵدێن . منی دوا بزماری چەقیو لە تابووتی قەسیدەیەک ، بەر لە تەواوکردنی ، سەفەری مردنی کرد ! .

 
 
پێش ئەوەی ڕەنگەکان بسوتێن ، تۆ بسوتێ .
بەرلەوەی چاوەکان بشکێن ، تۆ بشکێ ،
خۆت وردوخاش کە بەدەم ڕەشەبای نەدامەت و
کورسیە نەفرەتیەکەت بهێنە و
بە پەتێک کە برسییەکان بۆیان هەڵدایت ، خۆت هەڵواسە!
یان فێرە فڕین بە و ، لێگەڕێ دونیا گۆرانیی بڵێ و
ئێمەش بچینە ئەوسەری مەملەکەتێک
نە کورسی لێ بێت ، نە باوک .
نە پاسەوانی لێ بێت ، نە سەوڵەجان .
بۆ شەوێک ، لێگەڕێ یوسف بەبێ لورەی گورگان بنوێ !
*********
تەماشا ، هەتا دەریا وشک دەکات تەماشاکەن ،
تەماشا کەن چۆن نیشتمان کۆچ دەکات و
چۆن نیشتمان سەری بڕاوی خۆی دەداتە دەم شەپۆلەکان !
ئێوە لە کوێوە دێنەوە ،
بۆ خەراباتی کام دڵ ، دێنەوە بەر قاپیی خوا !
چەند دڵخۆشبوون ئەو بەیانییەی
قاچاخچییە دڵڕەقەکان پێیان وتن :
سەرکەون ، ئێرە سەرەتای قیامەتە !
سەرکەون ،
ئەم سەفەرە لە دڵدانەوەی چۆلەکەیەک دەچێت
ئەو دەمەی دەنووک لە کاشییەکی بەتاڵ دەدات !
چەند خۆشە جێهێشتنی برسێتیی
چەند خۆشە ڕووکردنە سارای مەحاڵ !
سەرکەون ..
ئەم بەلەمی نغرۆبوونە
پێش ئەوەی دڵی ئێوە هەڵگرێت ، نیشتمانی بارکردووە !
سەرکەون .. لە تەمی چاوەڕوانییدا ، بچنەوە ساراکەی عەدەم
سەرکەون .. لە شەوانی ئاودا ، گۆڕەکانی بێهوودەیی پڕکەنەوە.
سەرکەونە سەر ئەم تەختەی گومانە ،
بەسەر درۆی منارەکانەوە
بە تەنها کۆترەکانی 'سەبر" مابوون ، ئەوانیشیان هەڵفڕاند !
منیش باڵندەیەکم ، لە خۆم بەجێماوم ،
دەنووکم بدەنەوە ، دەنکێ گەنمی ئومێدی پێ هەڵگرمەوە !
من خۆرئاوابوونی برینێکم ، نازانم خۆری ئازارم لە کوێوە هەڵدێت .
سەری ترساوی خۆم دەخەمە بن باڵی کەشتیەوانێکی نابەڵەد !
کەشتیەوانێک ، لە ژماردنی شەپۆلەکان ، هەڵە دەکات ،
کەشتیەوانێک ،
فەنەری چاوەکانی ، پێش گەیشتن ، دەکوژێتەوە !
ئێمە لە بەلەمێکی غەمگیندا غەرق دەبین و
کەچی دونیاش ناڕوخێت !
ئێمە ئاوێنەکانی عیشقی خۆمان ورد و خاش دەکەین و
کەچی نیشتمان هەتا دێ زیاتر لاوکی بێدەنگیی دەچڕێ !
ئێمە ،
یان بابڵێین من ، ئا ، منی نابەڵەد !
قاچێکی شکاوی کورسییەک بووم
لە کورسیی شاعیران نەدەچوو !
درەختێ گوێی لە من نەگرت
هەتا باسی ئەو دڵە ژەنگرتووانەی بۆ بکەم
کە دزی لە یەکتر دەکەن !
تا پێی بڵێم ؛
لە ناوەوەمدا ، شتێک هەیە بۆگەنی کردووە !
لە ناوەوەمدا تابووتێک نوستووە
وێنەی براکانمم بیر دەخاتەوە
کە لە جەنگی دژ بەیەکتر دەگەڕانەوە بۆ ماڵێ ..
هەر لە ناوەوەمدا ، قیامەتێک ڕاکشاوە وەک خۆی !
قیامەت ئەو ڕۆژە داگیرسا
کە ڕۆحکوژێک بە خوێنی من عەرشی خۆی سورکرد و
ملی قەسیدەمی خستە ژێر میقسەڵەی
هەڕەشە و ،
بە زمانی چەقۆ ، بە دەستی سەر شمشێری ڕق
وەک داهۆڵی ناو کێڵگەیەکی تەریک
چۆلەکەی دڵی سەربڕیم !
لەو قیامەتە ، لەو مەراسیمی سەربڕینەدا
قەڵەمێک لەوێ بوو ، کراسی یەسوعی لەبەرکردبوو
نازانم شاهید بوو بۆ کوشتنم ، یان ئەویش
بەدەم نۆشکردنی ژەهرەوە ،
سەمای بە دەوری ئاگری
مەهزەلەی کورسییەکدا دەکرد کە من نەمدەویست کورسی بێت !
ئەوەی من بینیم نە شیعر بوو ، نە ئاگری بەدبەختیی خۆم!
ئەوەی ڕۆحی منی بەرکەوت
منارەی خەونێک بوو بەسەر هەموو دونیادا ڕوخا !
ئەوەی من بیستم
نە گریانی دڵ بوو ، نە هەنسکی سێوی مەرگ ،
ئەوەی من هەڵمگرتەوە
بەشێک بوو لە مانگێکی بریندار
لەگەڵ پارچەکانی خۆمدا کەوتە خوارێ!
هەست دەکەم
ئەم ڕۆژانە ، دڵخۆشییەکانی دنیا هەرەس دێنن
دارئەرخەوانەکانی دڵتەنگیی گوڵ دەکەن !
خودایا تا ئەبەد بمنێ بە سنگتەوە
غەرقم کە لە خۆت .
وەک بخوردێکی بریندار دامگیرسێنە .
خودایا !
ئەی ئەو خودایەی
من لە دەرەوی مەعبەدەکانی دڵنیایی دەتبینم ،
منیش وەک تۆ
دارکونکەرەی گومان درەختی ڕۆژەکانم کون کون دەکات !
خودایا !
هەتا دێ ئێرە پڕم دەکات لە تاریکی ، لە ڕوخان .
هەوڵ ئەدەم کەمێک گریان هەڵگرم بۆ ڕۆژی تەنگانە ،
یان کەمێ دەست بە خەمەوە بگرم ، هێندەی تاڵانفرۆش نەکەم !
خودایا !
لەناو فەوزای ئەم جەورەدا
فوویەک لە ئاگری کزی ڕۆحم بکە
چیتر هەڵم مەکە ، با هەر تاریک بم .. تاریک !
منی دەوەنێکی تەنیای کەناری ئازارێکی بێدەنگ
چیم داوە لەوەی
کام ئەستێرە ی ڕژاو دەبێتە سەرۆکی ئاسمان .
یان منی درەختێکی غەمگین
چیم داوە لەهەڵرشتنی ئەم هەموو گەڵای دڵخۆشیی و ،
لە هەڵدانی دەواری ئەم هەموو سێبەرە
بۆ حەرفێکی بچووک ؛ بە زۆر ، هەر بەزۆر
لەسەر کورسی قەسیدەیەک دادەنیشێ و
کەچی کۆڵانێ لە شەوی دیوانی من رۆشن ناکاتەوە !
یاخود منی کانییەکی تینوو
چیم داوە لەوەی ڕوبارێک لە نیوەی ڕێ
شەپۆلەکانی خۆی بە خاچی چاوەڕوانییا هەڵدەواسێ و
بەردی توڕەبوون دەگرێتە بارانێک
لە چاوی هەوری خۆیەوە باری !
ئاخر ، باڵندەکانی زەمەنی من
لە باڵکۆنی قسە و مەراقەکانی ئەواندا نانیشنەوە .
من زەمەنێکی ترم هەیە بۆ نووسین و گریان ،
زەمەنێک ،هەتا ئەوسەری دونیا بەشی خۆم و مردنیشم دەکات .
زەمەنێک ،
دەهشەتی هیچ پەپولەیەک لە تەماشای مۆمێکدا ناشێوێنێت .
چڵی هیچ هەورێک لەبەربەیانی کۆچی گوڵێکدا ناسوتێنێت .
زەمەنێک ، دەست بۆ هەموو کتێبەکانی عیشق دەبات .
زەمەنێک تیایدا منی نابەڵەد
نازانم هەردوو گوندی 'تریفە' و 'گریانە'
دەکەونە کوێی برینەکانی هەڵەبجەوە
دەنا دەچووم لە یەکێکیان
ژوورێکم لە مۆسیقا دروست دەکرد و
بێدەنگ بێدەنگ خۆمی بودەڵەم تێدا دەکوشت !
چونکە مێژووی ڕاستەقینەی ئەو دۆزەخەی
ڕۆحی پڕ لە شیعری "پشکۆ نەجمەدین"یان تێدا سووتاند
لە چرای کزی ماڵانی ئەو دوو گوندەوە دەست پێدەکات !
خۆکوشتن لەوێندەرێ ، تەعمید و پاکبوونەوەیە لە گوناه !
لەوێندەرێ ، پێش خۆکوشتنی خۆمی بودەڵە
پڕ بە دڵ هاوارم دەکرد؛
تف لەو پەنجەرەیەش کە ڕوناکیی هێنایە ماڵی ڕۆحم
تف لەو قەڵەمەی دەرگای ماڵی حەرفەکانی لێکردمەوە
ئەو ماڵەی تیایدا کتێبەکان گیای قەسیدەیان نەگرتبوو
ئەو ماڵەی تیایدا شەهامەت ژەنگی گرتبوو !
ئەو ماڵەی تیایدا
ئینجانەیەک دەبوو بە گۆڕ بۆ گوڵی ماچێکی بەجێماو !
لەوێ هەموو شتەکان قسەیان دەکرد ؛
بۆ نمونە : فنجانی قاوە بە دەنگی بەرز هاواری دەکرد ؛
تفبارانی کەن ، ئەم بێمروەتە تفباران کەن !
شێرەبەفرینەیەک دروستکەن و ،
ئەم بودەڵەیە بکەنە پێڵاوەکانی !
وێنەی مانگێکی شکست بکێشن
لێی بپرسن ؛ ئەو کە بتوانێت تریفە لە ئاسمان قەرز بکات
ئیتر بۆچی بێدەنگە لەوەی سەدان گوڵی برسیی
کراسی کۆچ لەبەردەکەن !
چەنێ سەختە ڕێکردن بەم دەریا ستەمکارەدا .
سەرکەون ، بچنە سەردانی شارەکانی غەدر ،
بە ئاو بڵێن ؛
ئازار چۆن بەرگەی ڕۆحی ئێمە دەگرێت .
پێی بڵێن ؛ کە دڵ خەریکی دزیکردن بێت لە عاشقان و
کە چیا نەتوانێت سینەی پاکی کانییەکانی خۆی ڕاڤە کات ،
ئیتر گوڵی قسە بۆ کێ بگرین ،
کام باخچە لە خۆماندا بکەینەوە!
گوڵی غەدر و ، بەردی غەدر و ،
سەفەری نەبڕاوەی غەدر !
منیش دەبوو ئەم قەسیدەیە ناو بنێم ، قەسیدەی غەدر !
*********
وردە بەردی حەسرەتی خۆم
بنێم بە کێلی گۆڕی ونی کامتانەوە ؟
پشکۆی گلەیی لە دەست ئاگری دڵی خۆم ، بخەمە کوانوی ڕۆحی شیرینی کامتان ؟
گوڵی ونبووی ئەم عیشقە بەسەرچووەم لە بەرۆکی کامتان بدەم !
دەترسم ماڵی دڵ ، چۆڵ و هۆڵ لە سەحرا بچێ ئەو دەمەی جەنگاوەرانی بریندار دێنەوە .
دەترسم ، زۆر دەترسم ، بەیانییەک بەخەبەر بێین و
فریا نەکەوین چەتەکان لە دزینی دەریایەکی پڕ لە گوڵی نیشتمان ، لە دزینی کەشتییەکی پڕ لە شەهید مەنع بکەین !
ئاخر شەهیدەکان ، تەنیا لە ئێوارانی ئەویندا سەردانی ماڵی عاشقان دەکەن . هەر لە ئێوارانیشدا شمشاڵی خەندە دەخەنە سەر لێوی منداڵانی گەڕەک !
ئاخر شەهیدان کە بەسەر ئاودا ڕێ دەکەن ، دەریا دەلەرزێ ، زەمین نوێژ دەکات .
شەهیدان بە دەنگێ کە لە دەنگی خوا دەچێت
بە چرپە دەڵێن :
سڵاو مردن !
لە "ئەستەنبوڵ" تەعاروف دەکەین و
لە دڵی "ئیجە" دا بە یەکتر دەگەینەوە !
سڵاو ئەی مردنی ئازیز !
وەرە لە باخچەکانی " ئالی عوسمان "
لە بەر تریفەی سەفەردا ، ئینجانەیەک بکەین بە ماڵ !
وەرە ئەم سەدە سوتاوە ناوبنێین سەدەی کۆچ و ،
سەدەی کردنەوەی زیندانی گیان
بۆ بنەوشەکانی سەرهەڵگرتن !
تۆ گوێ بنێ بە دیواری خەونی ماڵەکانمەوە ،
نوزەی تۆی لێ دێ ئەم کۆچەم !
تۆ پیاسەیەک بە گەڕەکی سەفەرئاوای
مندا بکە ؛ دەبینیت چۆن :
ڕەنگی تۆی لێ دێت ئاسمانی ڕوخاو و تاریکی هیجرەتم ،
بۆنی تۆی گرتووە ڕۆحی تەنیا و بێ شەریکی حیرەتم !
تۆ وەک دڵم ، دووریت لە من ،
تۆ وەک چاوم ، من نابینیت ،
تۆ وەک دەستم ، بە دوای خۆتدا ڕام ناکێشیت
وەکو قاچم ، نامخەیتەوە سارای نائومێدیی !
وەرە ئەی مردنی ئازیز !
پێکەوە شەرحی ئەم کۆچە و
پێکەوە باسی ئەسپە گلاوەکانی سەفەر بکەین .
ئێمە لە زینای نێوان قاچاخچیی و سەفەردا ،
ئەو منداڵە غەمگینانەین
ناوی خۆمان لێ ون دەبێت
قافیەی ژیانمان لێ تێک دەچێت
دەبینەوە بە ئەفسانەی حەقیقەت !
ئاو دەپرسێ ؛ لە کوێوە دێن ؟ بۆ کوێ دەچن ؟
کێ خەنجەری کۆچکردنی لێ هەڵکێشان ؟
ئێمەش ، میوانەکانی خودا ،
بەدەم غەرقبوونی ژیانەوە
باسی ئەوە دەکەین :
ڕۆژانێک شەرابی ئومێد لە ڕەزی دڵی شکاومان دەتکا !
ڕۆژانێک پرتەقاڵی نوکتەمان بۆ یەکتری پاک دەکرد !
ڕۆحی خۆمان لە جیاتی مۆم دەخستە ناو فەنەری دەم کۆلارەی تەنیایی شەو !
ڕۆژانێک ئیدمان بووین بە پێکەنین ، گریان بە ئێمە غەریب بوو .. غەریب !
دواجار ، ئەو ڕۆژانەمان وەک بلیتی دوای چونە ژورەوەی سینەما ، لەت و پەت کرد !
ئێمە ، لە ئینتیزاری هاتنی گۆدۆیەکدا نازانین لە کوێی میحنەتەوە دێین و
نازانین ئەم پاڵتۆی سەفەرە ، ئەم هێلەکی سەرهەڵگرتنە ، هەتا کەی خۆی دەکاتە بەرمان و ،
ئێمە خۆمان دەدەینە دەست ماچە قوڵەکان
بۆ ئەوەی نەخنکێین ، بۆ ئەوەی وەک داری بەهرە ،
ئیتر شیعر نەگۆڕینەوە بە درۆ سپییەکانی دەریا !
ئێمە ئیتر دەریامان خۆش ناوێت
ئیتر هاوڕێیەتی ئاو و مانگ و دەریا ناکەین !
دەریا لە هەرکوێ بێت ، دڵی ئێمە بریندار دەکات !
دەریا لە ناو هەر زەمەنێکدا گۆرانیی بڵێت ؛
دەرگای داخراوی خەمی ئێمە ناکاتەوە ،
نامانخاتەوە سەر باڵی ژیان ،
غوباری نائومێدییمان ناتەکێنێت !
دەریا هەر چۆنێک سەما کات
دەستی قەسیدەمان ناگرێ و
نامانباتەوە بۆ دوکانی حەرفەکان
بۆ کڕینی چەند ڕستەیەک لە بێزاریی !
خوایە چبکەین !
ئیتر ئێمە دەریا ناکەین بە نیشتمان !
شەپۆل نادەین بە خۆمانا !
خوایە چبکەین
ئەم هەموو گۆزە بەتاڵەی مردن
لە زەمزەمی کامە عیشقا
پڕکەینەوە لە ئاوی ژیان !
خوایە چبکەین !
--------------------------2015 – 2016 -------

سەرنج :
بۆ ناسینی مامۆستا پشکۆ نەجمەدین ، ئەو پیاوەی کە سیاسەت غەدرێکی گەورەی لێکرد ، تکایە یاداشتنامەی ئەو زاتە ،
" ئەزموون و یاد" بخوێننەوە . لە وێدا ، لەو یاداشتنەمەیەدا ، گوندەکانی "تریفە" و "گریانە" حوزوری خۆیان هەیە . لەم دەقەدا ، من هەوڵم داوە لەسەر خەریتەی ئازارەکانی ئەو پیاوە میهرەبانە ، مامۆستا پشکۆ، مانایەک بۆ ئازاردانی ڕۆح لە هەندێک چرکەساتی ژیان بدۆزمەوە . مامۆستا پشکۆ و هاوڕێکانی، لە زەمان و زەمینی خۆیدا ، یوسفێکی تری ئەم سەرزمینە پڕ لە ئاشوبە بوون .