چەند دێرێکی تر لە 'دەربەندی پەپوولە' ەوە

«سالم»ەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
ئەی کەشتیەکانی نێو تۆفان!
هاوڕێیان!
تا ئەم تۆفانی نەهەنگە
کڕنووشی نیشتنەوە ئەبا بۆ زەمین و
هەتا تاریکی ئەوەرێ.
هەتا کەشتیەکانتان ئەیکەن بە جەژنی ئاو
هەتا بەندەرمان ئەیکەن بە جەژنی کەشتی
ئەبێ بانگی سەری ئێمە «نەء» و
سەوڵەکانی دەستی ئێوەیش «نەء» و «نەء»بێ
سالمەکانی وڵاتی خەندەی گریاو!
هاوڕێیان!
ئالەم تاقە وشەیەدا
دواڕۆژ هەناسە ئەدات و
هەر لەم تاقە وشەیەشدا
خەون هەڵدێ!

بۆننامە

"مەحوی" ناهێڵێ داسەکێنم وەکو "وەڵام"
"مەحوی" ناهێڵێ من هەرگیز سەقامگیر بم وەکو "یەقین"
بۆیە ئەو منی کردووە
بە هەڵچوون و بە داچوون و
بە زمانێکی دڕدۆنگ و بە شیعرێکی پڕ لە "بەڵام"!

چەند دێڕێک لە ' ئایدۆلۆژیست'

لە مێژووی ئایدۆلۆژییدا خۆرهەڵات پڕە لە هێزی گۆڕانکار، لە گۆڕانکاریی بونیادیی، لە بەریان و هێزی سیاسی جیاواز کە هەر یەکەیان بۆ قازانجی نەتەوە ئیش دەکەن، پڕە لە سەرۆکی فریادڕەس کە ملیۆنان خەڵک سوژدەیان بۆ دەبەن، پڕە لە هەڵبژاردن کە هەستی دیموکراسییەت و ئازادیی دەجێنن، پڕە لە بانگەشەی یەکێتی و برایەتی و دۆستایەتی و لێبوردن. بەڵام مێژووی ڕاستەقینە پڕە لە کینە، پڕە لە جەنگ، پڕە لە جەنگی سایکۆلۆژیی وێرانکار، پڕە لە تاڵانکردنی سیستماتیک و ناسیستماتیکی سامانی ئابووریی، پڕە لە ڕاسیسزمی نێو نەتەوەکان و نێو مەزهەبەکان، پڕە لە خواستی جینۆسایدی سیاسی و حیزبی، پڕە لە سەرۆکی فێڵباز کە ڕۆلی ڕزگارکەر نمایش دەکەن.