کاتێ بێده‌نگی و ده‌نگ وه‌ک دوالیسمێک سه‌یر دەکه‌ین، هیچ ئەنجامی گرنگ بە دەستەوە نادەین، به‌ڵام ناشکرێت جیاوازی له‌نێوانیاندا نه‌بینین، کە بە بڕوای من بینینی ئەو جیاوازییە لە بەرژەوەندیی بێدەنگیدایە، بەوەی هەر قووڵبوونەوەیەک لەو چەمکە پەراوێزخراوەدا ئەوەمان بە سەردا دەسەپێنێت تێڕوانینی باو تێبپەڕێنین و بە شێوەی تر لێی بڕوانین. لە زمانی کوردیدا پێشگری (بێ)، کە بە مانای (نەبوون) دێت، بە هەر وشەیەکەوە بلکێت، پێچەوانەی دەکاتەوە و ئاماژەی ئەوە دەدات، کە شتێکی نێگەتیڤە وەک لە (بێهێز)، (بێتوانا)، (بێبەهرە) و زۆری تردا دەردەکەوێت، بۆیە وشەی (بێدەنگی) مانای نەبوونی دەنگە، لە کاتێکدا لە زمانی عەرەبی (صمت) و لە ئینگلیزی (Silence) دەگوترێت، کە مانای نەبوونی دەنگ ناگەیەنن. بە هەمان شێوە لە زمانی ئەڵمانی و ئەسکەندەناڤیدا وشەکان پێوەندییان بە دەنگەوە نییە. واتە لە ڕووی ئۆراڵەوە هیچ ئاماژەیەکی نێگەتیڤانە بۆ ئەو چەمکە هەست پێ ناکەین، تاکو پێمان بڵێت (بێدەنگی) بۆیە بێدەنگییە، چونکە دەنگی نییە وەک ئەوەی لە زمانی ئێمەدا هەیە. له‌زمانی کوردیدا جیاوازی له‌نێوان‌(لسان Tongue) و (لغة language)یشدا ناکرێت، لە کاتێکدا ئەو دووانە لای زمانەوانەکان لەوانە لای (سۆسێر) جیاوازن و ئەرکی جیاوازیشیان هەیە. (سۆسێر)، کە بە دامەزرێنەری سیمۆلۆجیا دادەنرێت، پێی وایە زمان بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییە و زوبان (Tongue) بەو مەبەستە دایهێناوە تاکەکان بە کاری بهێنن. بەوەدا چەمکی بێدەنگی پێوەندیی بە دەنگ، زمان، زمانی ئاخاوتن و نووسینەوە هەیە، باسێکی قووڵە و لە بواری لینگویستیک و فەلسەفەدا بەردەوام پرسیاری ماندووکەر بووە، بە ڕادەیەک لە (پلاتۆن) و زووترەوە تاکو (دێریدا) و دواتر هەر یەکەی بە شێوەی خۆی ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە سەرکێشە بووەتەوە، تەنانەت لە بواری شێوەکارییشدا بێدەنگی، کە بە ڕەنگی سپی ئاماژەی پێ دەدرێت، بایەخێکی گەورەی فیکری و ئیستاتیکیی هەیە، بەڵام ئێمە لێرەدا ئەو بوارەمان نییە بچینە ناو وردەکارییەکانیەوە. کەلتووری کوردی وێنەی هەر کەلتوورێکی دیکەی ترادیشناڵ نەک هەر لە ڕووی زمانەوانییەوە وەک نەبووێک لە بێدەنگی دەڕوانێت، بەڵکو لە ڕووی کۆمەڵایەتییشەوە مرۆڤی بێدەنگ بە بوونەوەرێکی دەستەپاچە لە قەڵەم دەدات، بەوەی دەنگ ڕێگای سەرەکییە بۆ خۆگونجاندن لەناو کۆمەڵگادا. ده‌نگ لایه‌نه‌فیزیکییه‌که‌ی زمانە، مادام قوڕگ، زوبان، مەڵاشوو، ددان، لێو و شتی تر به‌شداریی تێدا ده‌که‌ن، بێده‌نگییش لایه‌نە مێتافیزیکیه‌که‌یه‌تی. ئەگەر وەک (هایدیگەر) پێی لە سەر دادەگرێت مرۆڤ لەنێوان ئەو هەموو بوونەوەر و شتانەی لە ناویاندا دەژیێ، تاکە بوونەوەرە لە توانایدا هەیە لەبارەی (بوون)ەوە پرسیار بکات و لێی تێبگات، ئەوا دەکرێت بڵێین مرۆڤ تاکە بوونەوەریشە دەتوانێت بێدەنگ ببێت و لە بێدەنگیی خۆی تێبگات، مادام بێدەنگی لە سەرچاوەیەکی ڕەسەنە. ده‌نگ زۆربەی کات ئاڕاستەیە بۆ ئەوانی تر و له‌ژێر جه‌بری کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری وه‌ک کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و جیۆگرافیدایه‌، بۆیه‌ دەشێ ده‌نگ شتێکی ساخته‌ و شێواو بێت، بەوەی ڕێگای سەرەکییە بۆ خۆگونجاندنی مرۆڤ لەناو گرووپەکاندا، لە کاتێکدا بێدەنگی دایەڵۆگی خودە لەگەڵ خۆیدا. دەکرێت بگوترێت بێده‌نگی ته‌عبیر له‌بوونی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ ده‌کات، به‌وه‌ی زیاتر له‌ده‌نگ خاوه‌نی ئازادییه‌. بەم شێوەیە بێدەنگی، بە تایبەتی لای داهێنەر، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە (بوون)ێکی ڕەسەن و سەربەخۆی هەیە و نایەوێت وەک (بوون)ی ڕووکەش و ساختە لە خودی خۆی داببڕێت، نەبادا لە پرۆسێسی (بەشتبوون)دا ببێتە بابەت و لە کۆمەڵدا بتوێتەوە. کەواتە بێدەنگی نەگوتنی شت نییە، بەڵکو گوتنی شتە بۆ ئەو خودەی بیر دەکاتەوە و پرسیاری ئۆنتۆلۆجیی هەیە. دەنگ گرنگترین کەناڵی مرۆڤە بۆ پێوەندیکردن و گەیاندنی مەبەستەکانی، بۆیە دەنگ ڕێگای سەرەکیی بەکۆمەڵایەتیکردنیەتی. هەر لەبەر ئەوەیە بایەخی دەنگ لە کەلتووری کوردیدا لەوەدا دەردەکەوێت، کە دەتوانێت جەستەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە. گردبوونەوەیش خەسڵەتی ئەو کەلتوورانەیە تاکەکانی لە شێوەی گرووپی گەورەدا دەژین و دەستبەرداری بەشێکی زۆری ئازادیی خۆیان دەبن. قسەکەر لە ڕێی دەنگەوە دەیەوێت لە ئاستی ئەوانی تردا خۆی بنوێنێت، بەو مەبەستەی ددان بە بوونیدا بنێن و شوێنی خۆی لە کۆمەڵگا بکاتەوە، لە کاتێکدا بێدەنگی دابڕانە لە زمانی گرووپ، بۆ ئەوەی دنیایەکی دیکە لە ناوەوە پێک بهێنێت. سەیر نییە ئەگەر دەبینین لەو کەلتوورانەی دەنگ دەستەڵاتی گەورەی هەیە، نووسین بایەخی نییە. من سەرنجم داوە ئەو کەلتوورانەی دەنگیان پێ لە بێدەنگی گرنگترە، کەمترین ئازادی بە جەستە ڕەوا دەبینن. لەو کەلتوورانەدا جەستە بە جلی ئەستوور دادەپۆشرێت و (ڕووتی) وەک (بێدەنگی) بەر نەفرەت دەکەوێت. مرۆڤی دەنگدار تەنیا جەستە دەبینێت و هەموو پرسیارەکانی بە جەستەوە بەندن، بەڵام ڕۆح و فیکر، کە پێوەندییان بە بێدەنگییەوە هەیە، دەکەونە دەرەوەی پرسیارەوە. پرسیارەکانی مرۆڤی دەنگدار لەبارەی جەستەوە پرسیاری ئۆنتۆلۆجی نین، بەڵکو پرسیاری کۆمەڵایەتین، کە کەلتوور لە شێوەی بەها و نۆرمی چەسپاودا بەسەر تاکەکانیدا سەپاندوون. لێرەیشدا جیاوازییەکی گەورە لەنێوان جەستەی نێریینە و جەستەی مێیینەدا دەکرێت، بەوەی یەکەمیان تاکو لە توانادا بێت دەردەخرێت و دووەمیان بە هەموو شێوەیەک دەشاردرێتەوە. بوونی چەک بە شانی پیاوی دەنگدارەوە تەنیا بۆ بەرگری و پارێزگاری لە مافی ڕەوا نییە، بەڵکو بە پلەی یەکەم بۆ دەرخستنی جەستەیەتی. بە مانایەکی تر جەستەی پیاو کاتێ مانا پەیدا دەکات، کە بە نیشانەکانی نێریینە دادەپۆشرێت، کە ئەمە بە دیوەکەی تریدا سڕینەوەی جەستەیە. چەک وەکو گرنگترین نیشانەکانی ئازایەتی و پیاوەتی نەک هەر مافی دەنگهەڵبڕین بۆ نێریینە مسۆگەر دەکات، بەڵکو ڕێی ئەوەیشی پێ دەدات هێرش بکاتە سەر مرۆڤی بێدەنگ، وەک هەندێ لەو نووسەرانەی لە گردبوونەوەکاندا نمایشی جەستەیان دەکەن و بە دەنگی بەرز نووسەری بێدەنگ دەشکێنن. ئەوە پیاوی دەنگدارە ڕێی ژنی داوە جەستەی بە زێڕ، زیو و شتی ناسکی تر بڕازێنێتەوە، بەو مەبەستەی لەو بەراوردکارییەدا جەستەی زبری خۆی لە چاو جەستەی ناسکی ئەودا زەقتر دەربکەوێت. کاتێکیش دەنگ و جەستە پێوەندیی بەتینیان پێکەوە هەیە، ئەوا جەستەی ناسک بێدەنگ دەبێت و جەستەی زبر دەنگ هەڵدەبڕێت. هەتا ئەو جەستەیە زیاتر خاوەنی نیشانەکانی زبری و پیاوەتی بێت، توانای دەنگهەڵبڕینیشی پتر دەبێت. دەگەینە ئەوەی بڵێین ڕاستە دەم و قوڕگ سەرچاوەی دەنگن، بەڵام ئەوەی ماهییەتی ئەو دەنگە دیاری دەکات کۆمەڵێک نیشانەن، کە کەلتوورری باو وەک سیمبۆلی پیاوەتی و ئازایەتی لێیان دەڕوانێت. کەواتە ئەوەی جێگای پرسیارە بێدەنگی نییە، بەڵکو دەنگە، ڕاستتر دەنگی نێریینە و هێزی دەنگی ئەو نێریینەیەیە. لە کەتووری زارەکیدا، واتە لەو کەلتوورانەی وەک هیی کورد نامێژوویین و خاوەنی دامودەستگای مەدەنی نین، ئەو دەنگانەی لە ڕێی هوتاف و درووشمەوە بۆ سەرکردەکان ئاڕاستە دەکرێن زۆر لەو دەنگانە گرنگترن، کە بە بێدەنگی لە هەڵبژاردنەکاندا بۆیان دەخرێنە سەندووقەوە، بۆیە ئەو دەنگە بێدەنگانە ددانیان پێدا نانرێت و لە ڕێگای دەنگی فیزیکییەوە، واتە لە ڕێی قسەوە کێشەکە یەکلا دەکرێتەوە. بەم شێوەیە بێدەنگی زۆر کەم قسەی لێوە کراوە، یان هەر لێی نەکراوە، چونکە چەمکێکی نەگەتیڤە و چەمکە نەگەتیڤەکانیش، مادام تەنیا لە ڕێی چەمکە پۆزەتیڤەکانەوە دەردەکەون و پاشکۆی ئەوانن، ئەوا بە لاوە دەنرێن، بەوەی کەلتووری باو دوا بڕیاری لە سەر داون و چوارچێوەی بۆ داڕشتوون. بێدەنگی لە کەلتووری زارەکیدا دوو ڕووی جیاواز پێشان دەدات. کاتێ پێوەندیی بە ژنەوە هەیە بە پۆزەتیڤ دادەنرێت، بەڵام ئەو خەسڵەتە بۆ پیاو نەگەتیڤە، بەوەی هاوواتای شەرم و ترسنۆکییە. سەیر نییە ئەگەر زۆر جار لە بواری نووسیندا نووسەر و ڕۆشنبیری پیاو بەوە تۆمەتبار بکرێن، کە ترسنۆک و شەرمنن، وەک ئەوەی لە حەڤدەی فێبریوەریدا بینیمان چۆن نووسەر هەبوو نووسەرانی تری بەوە تۆمەتبار دەکرد دەنگیان نەبووە. واتە لەگەڵ ئەوەیشدا ئەوانە بە نووسین بۆچوون و هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاندبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بە شێوەی جەستە دەرنەکەوتبوون و دەنگی فیزیکیی خۆیان دەرنەبڕیبوو، بە ترسنۆک و شەرمن دادەنران. ئەو تۆمەتانە تەنیا دەدرانە پاڵ نووسەری پیاو و نووسەری ژنیان نەدەگرتەوە. دەکرێت دیسان ئەو نموونەیە بیری خۆمان بهێنینەوە، کە ئەو دەنگانەی دەخرێنە سەندووقی هەڵبژاردنەوە چونکە لە دەم دەرناچن و دەنووسرێن، گرنگییان نییە. هەر لێرە لەوەیش تێدەگەین چۆن هەندێک لە نووسەرانی ئێمە بە هەمان ئەقڵی سیاسییەکان دەنگ دەخەنە سەرووی بێدەنگی و نووسینەوە، بگرە لە ڕێگای هاوارەوە هێرش بۆ سەر هەموو نووسەرێکی بێدەنگ دێنن، بێ ئەوەی لە ئاستەکانی بێدەنگی تێبگەن. ئایا بێدەنگیی ڕۆشنبیری داهێنەر هەمان بێدەنگیی ڕۆشنبیری ئاساییە؟ وەک دەبینین لە کەلتووری زارەکیدا نووسین پلەیەکی زۆر کەمتری لە قسە، یان ڕاستتر لە دەنگ هەیە. ئەمە ئەو بوارەیە، کە (دێریدا) بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی بۆ تەرخان دەکات و بەپێی میتۆدی هەڵوەشاندنەوە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. لە کاتێکدا فۆنۆسێنتریزم (Phonocentrism)، واتە سێنترالیزمی دەنگ، پێی وایە دەنگ و ئاخاوتن دەکەونە سەرووی زمانی نووسینەوە، یان بە مانایەکی تر ئەوانە لە نووسین گرنگترن، کە ئەمە میراتێکە لە (پلاتۆن)ەوە جێ ماوە و بە (سۆسێر)دا تێپەڕیوە، ئەو فەیلەسووفە شەڕانگێزە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت نووسین دەکەوێتە پێش ئاخاوتن و هاوشانیشیەتی، بگرە لە خۆیشی دەگرێت. بەڵێ، بەپێی ئەو میراتە (دەنگ) وەک (ئامادە) و (نووسین) وەک (نائامادە) سەیر کراوە، بۆیە (دێریدا) جەخت لەسەر نووسین دەکات و دەیەوێت لەو ڕێگایەوە دەستەڵاتی (دەنگ) تێک بشکێنێت. ئەمە باسێکی قووڵە و لێرە بواری ئەوەمان نییە بچینە ناو وردەکارییەکانیەوە، بەڵام دەبێت ئەوەیش بڵێین (دێریدا) پێی وایە سێنترالیزمی دەنگ هەمیشە لە ئاستی تێکستەکاندا ڕووبەڕووی دوالیزمە دژەکانمان دەکاتەوە وەک ڕۆح/ جەستە، ئەقڵ/ نائەقڵ، قسە/ نووسین، گەرم/ سارد، ڕەش/ سپی، ژیان/ مردن، چاک/ خراپ، جوان/ ناشیرین و زۆری تر، کە مێتافیزیکا لەو ڕێگایەوە مانای پێشوەختی خۆی دەسەپێنێت، مانایەک، وا خۆی دەردەخات قەوارەیەکی یەکگرتوو و هاوڕێکی هەیە و بووەتە سێنتراڵی ئەقڵ، دواجار لە شێوەی حەقیقەتێکی نەگۆڕدا دەردەکەوێت. بە بڕوای من نووسین بەرهەمی بێدەنگییە، بەڵام نووسین هەمیشە لەگەڵ خۆیدا نیگەرانی بۆ نووسەر دەهێنێت، بەوەی ناتوانێت بە دروستی ئەو وێنانەی ناوەوەی بگوازێتەوە. سەیر نییە ئەگەر کەسی بێدەنگ هەمیشە هەست بکات دنیای بێدەنگی نەک هەر لە دنیای دەنگ گەورەترە، بەڵکو بگاتە ئەوەی بە دنیای ڕاستەقینەیشی بزانێت، کە هێزێکی گەورەی زمان و دەربڕینی گەرەکە، تاکو وێنەکانی بۆ دەرەوە بگوازێتەوە. بەم شێوەیە بێده‌نگی خاو (Raw)‌ە و ده‌کرێت به‌رده‌وام کاری پێ بکرێت، بێ ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه‌ی خۆی ده‌ربچێت، بەڵام ده‌نگ کوڵاوه‌ و له‌ده‌ست ده‌رچووه‌، هەر بۆیە وەک گوتمان بێدەنگی ئاڕاستەیەکە بۆ نووسین، بەوەی نووسین جیاوازی دەهێنێتە کایەوە و بێسنوور ئاڕاستەی دیکەی لێ دەبێتەوە. دەکرێت بڵێین کەسی بێدەنگ لە بەرانبەر دنیای ئەوانی تردا داخراو و لە بەرانبەر دنیای خۆیدا کراوەیە، کە (کارل گۆستاڤ یۆنگ) چەمکی (Introvert)ی بۆ بە کار دەهێنێت، بەو مانایەی ئەو بێدەنگانە لەناوەوە دنیایەکی گەورە دادەمەزرێنن. ده‌نگ، کە خۆی خەسڵەتێکی فیزیکیی هەیە، بەوەی قوڕگ، زوبان، مەڵاشوو، ددان، لێو و شتی تر بەشداریی تێدا دەکەن، ئەوا به‌ر ته‌نه‌فیزیکییه‌کانیش ده‌که‌وێت و ده‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت، به‌ڵام بێده‌نگی به‌ر هیچ ته‌نێکی فیزیکی ناکه‌وێت. دەنگ زۆربەی کات بۆ گیانلەبەر ئاڕاستە دەکرێت و ئەو گیانلەبەرانە وەڵامدانەوەیان بۆ ئەو دەنگە دەبێت، بەڵام بێدەنگی مادام ئاڕاستەی تەنیا بۆ خۆیەتی، ئەوا وەڵام بایەخێکی گەورەی بۆی نابێت. لەمەوە دەزانین داهێنەر خاوەنی هێزێکی گەورەی ناوەوەیە، کە بێ ئەوەی گوێی لە دەنگدانەوەی بۆچوونەکانی ببێت، بەردەوام دەبێت. هەر بەو هێزە گەورەیەیش بەرگەی تێکڕای ئەو هێرشانە دەگرێت، کە دەیانەوێت لەناو بێدەنگییەکەی دەریبهێنن، بەو مەبەستەی وەک هەموو ئەوانی تر لەناو قەرەباڵغییەکاندا دەنگ هەڵبڕێت. کەلتووری ئێمە وزەیەکی گەورە دەخاتە کار لەپێناوی ئەوەی بێدەنگی بۆ دەنگ بگۆڕێت، بەوەی بێدەنگی لادانە لەو بەها و نۆرمانەی کۆمەڵگا لەوەتەی هەیە پارێزگارییان لێ دەکات. بە درێژاییی مێژووی نووسینی ئێمە تێگەیشتنێکی زاڵ هەبووە، کە پێی وا بووە بۆیە دەنووسین، تاکو لە ڕێی زمانەوە دەنگ هەڵببڕین، بەڵام ڕاستییەکەی نووسین بە پلەی یەکەم لەوەدا فریامان دەکەوێت پارێزگاری لە بێدەنگیی خۆمان بکەین، چونکە بێدەنگی بێجگە لە زمانی خۆی، کە زمانی ئۆنتۆلۆجییە، بە هیچ زمانێکی تر دەرنابڕێت. سەیر نییە ئەگەر مێژووی فەلسەفە مێژووی بێدەنگی بووبێت. لەناو بێدەنگیی داهێنەراندا بێدەنگیی (دێکارت) لە فەلسەفە و هیی (کافکا) لە ئەدەبدا دەگمەنە.