23 ی حوزەیرانی ئەمسال، گەشتی ژمارە 4978ی "ڕایان ئەیر"، لە نێوان ئەسینا و ڤیلنیوسدا ناچار بە نیشتنەوە دەکرێت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مینسک.
بە پێی هەواڵەکانی دەوڵەتی ڕوسیای سپی، هەڕەشەیەک لە ناو فڕۆکەکەدا هەبووە و ویستراوە کۆنترۆلی دۆخەکە بکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئۆپەراسیۆنەکە مەغزایەکی دیکەی لە پشتەوە بوو کە ئەویش  گرتنی "ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ" بوو، گەنجێکی ڕۆژنامەنووسی چالاک و دەرکەووتوو لە پەیوەند بە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوخۆی بیلاروس دا.
لە ڕاستیدا کردەوەی ناچارکردنی نیشتنەوەی فرۆکەیەکی مەدەنی بەمشێوەیە و دیلکردنی کەسێکی ئۆپۆزسیۆنی بیلاروس لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە کردەوەی چەتەکانی دەریا دەچێت، بەلام ئەمجارەیان وەک کردەیەکی چەتەیی لە ئاسماندا.
بۆ ڕۆژی دوایی، لە کەناڵێکی دڵسۆزی دەسەلاتەوە ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ دەردەکەوێت و باس لە مامەلەی باشی پیاوانی ئاسایش دەکات و داوای لێبووردن دەکات. 
من کە دیمەنەکە دەبینم، بێتاقەتی دامدەگرێت. لەناو جەرگەی ئەوروپادا و نمایشکردنی شانۆگەرییەکی هێندە قێزەون و سووکایەتیئامێز بە ئینسان، جێگای نەفرەتە. 
بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە، ئەم هەستی ڕق لە سیستەم و دەسەلاتدارێتی دەوڵەتی بیلاروس و هاوخەمی و هاودەردی لەگەڵ ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ دا، گێڕەرەوەی حەکایەتێکی هەتا بڵێی دڵتەزێنی عێراقم بیردەخاتەوە لە پەیوەند بە مامەلەکردن لەگەڵ گیراوەکانی ناو زیندانەکانی عێراقدا. یانی هەمان مامەڵەیەک بە زیندانییەکان و ناچارکردنییان بەوەی ئەوە وتانە دووپاتبکەنەوە کە دەسەلات خوازیاری بیستنییەتی. بەتایبەت لە دۆخی شیعرە بەناوبانگەکەی "موزەفەر نەواب"دا کە ناوی "پاکانە"یە. بەڵام سەیر ئەوەیە من تا پێش نووسینی ئەم وتارە، پێموانەبووە لە بەرانبەر ڕووخسارێکی پاکانەکردووی ناو شیعرەکەی نەواببدا ، هاوسۆزییەکم نیشاندابێ و وشەکانی دایکی کەسی پاکانەکردوو کە دەڵێ:
شیرم بە تووتک حەڵال بێ
نەک بەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ
وەک هەڵوێستی دایکێکی شۆڕشگێڕلە یادەوەریمدا هەڵگیراون. 

سەرگوزشتەی شیعری "پاکانە" دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگارێک کە حوکومەتی عێراق لەبەرانبەر وازهێنانی ئەندامانی حزبی شیوعی عێراقدا، پاکانەیان لێوەردەگرتن و لە رۆژنامەکانی دەوڵەتەوە بلاودەکرایەوە کە فلانە کەس وازهێنانی خۆی لە رێزەکانی حزبی شیوعی ڕاگەیاندووە. بێگوومان ئەم پاکانانە هەروا بەسەر زیندانیەکاندا فەرزنەکراوەو هەموو کولتووری ئەشکەنجەدانی خۆرهەلات لە پشتییەوە ئامادەیی هەبووە. شیعری پاکانەی "موزەفەر نەواب" هیچ شتێک نییە جگە لە هەڵڕشتنی ڕق و کینەیەکی گەورەی کۆمەلایەتی کە لە زمانی دایک و خوشکی گیراوەوە دێتە سەر زارلە بەرانبەر کوڕ و کچەکانی خۆیاندا ئەگەر پاکانەیان پڕبکردایەتەوە. 
بە کورتییەکەی، ئەگەر من و هەزاران خەلکانی دیکە هاوپشتی و هاوسۆزی بۆ کەسێکی گیراوی زیندانەکانی بیلاروس نیشاندەدەین و پێمان وایە کە کردەوەیەکی هەتا بڵێێ سووکایەتیئامێزە کاتێک کەسێک لەژێر فشاردا ناچاربکرێت دان بەشتێکدا بنێت کە خۆی خوازیاری نییە و لە ژێر هەڕەشە و گوڕەشەدا ئەنجامدراوە.  بەلام لە دۆخی گیراوی ناو زیندانەکانی دەسەلاتدارێتی عێراقدا ، ئەوانەی پاکانەیان کردووە وەک چۆن ڕۆمان پرۆتاسیڤیچی بیلاروسی کردوویەتی؛ ئەوا ڕووبەڕی ناشیرینترین سووکایەتی و پرۆسەی دەرکردنی کۆمەلایەتی دەکرێنەوە و شیعری پاکانەی موزەفەر نەوواب دەبێتە مانیفێستی ئەم جنێو و سووکایەتیپێکردنەی پاکانەچییان لە ڕێگەی خۆشەویستترین کەسانیانەوە کە دایک و خوشکی گیراوەکانن.

سەیر ئەوەیە ئەم شیعرەی موزەفەر نەواب لە ڕێگای وەرگێرانە سەرکەوتووەکەی "دڵشاد مەریوانی"یەوە و خوێندنی ئەم شیعرە بە گۆرانی لەلایەن ژمارەیەکی زۆری گۆرانیبێژانی کوردەوە، دەربڕێنی : شیرم بە تووتک حەڵال بێ، نەک ئەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ، کردۆتە دەستەواژەیەکی هێندە کۆمەلایەتی گەورە کە ناتوانرێ و ئیمکانی نییە هاوسۆزییەکی ئینسانی لەبەرانبەر کوڕەی پاکانەکردوودا پەیدابکرێت. تەنانەت لە ناو بازنە نزیکەکانی خێزانیشدا کە دایک و خوشکی گیراون. ئەو تێروانینەی کە موزەفەر نەواب لەم شیعرەدا بە گوێی خوێنەریدا دەدات، بەر لەوەی دید و تێڕوانینێکی تایبەتی ئەو بێت بۆ سەرنجدان لە قوربانییەکی دەستی ڕژێمدا، تێڕوانینی باو و ترادیسیۆنی زاڵی کۆمەلگایەکە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی شۆڕش و شۆڕشگێر و قارەماندا. من تا ڕووخساری ڕۆمانم لە تەلەفیزیۆنەوە نەبینی، ئەم شیعرەی موزەفەر نەوابم لە سووچێکی گەورەی یادەوەرییەکانی خۆمدا پاراستبوو و بە چاوێکی پر لە سەرسامییەوە سەرنجم لێ دەدا. بێ ئەوەی یەک لەحزەیش چاوم بچیتە سەر ڕووخساری کوڕێکی پاکانەکردوو و کە چ هەستێکی تیا دەبزووێ وەختێ دەسەلات و دایک و خوشک و هەموو کۆمەلگا لە بەرانبەریدا سەنگەریان گرتووە و جگە لە مردن هیچ ڕیگاچارەیەکی دیکەی پێ ڕەوا نابیینن. 
 بەلام لە دوای ڕووخسارە خەمناکەکەی پرۆتاسیڤیچەوە، شیعرەکە لە بەرگێکی دیکەدا دێتە بەرچاوم. کۆششی من لەم وتارەدا، نیشاندانی ئەو ڕووخسارە ڕاستەقینەیەی دەموچاوی کەسی پاکانەکەرە وەک قوربانیەک ئەگەرچی ئەو وەک تاکێکی شۆڕشگێر گیراوە و ناچاردەکرێت دەست لە ئینتیما شۆڕشگێڕییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە ژێر فشاردا. دیدێک کە لەسەرتاپای قەسیدەکەدا ئامادەیی نییە و هەموو دێرەکانی قەسیدەکە دەبێتە دەنگی جەللادێک کە دەکرێ لە سەر کورسی دەسەلات دانیشبێت، یاخود دایکێک یان خوشکێک و کۆمەلگایەک بێت کەلە لەدەرەوەی زیندانە. تاکێکیش کە  تەنیا و تەنیا لە بەرانبەر هەموویاندا، سەرشۆڕ راگیراوە . 

سەرەتا با سەرنجێک لە هەندێک بەشی شیعرەکە بدەین.

قسەی دایک
کوڕم نائومێدم نەکەی
ڕەنجی ژینی کوللەمەرگیم بەبا نەدەی
ڕۆڵە نەکەی ورە بەردەی
ڕۆڵە نەکەی بە مەرهەمی خۆفرۆشی
زامەکانت ساڕێژ بکەی
زامدارێک خاوەن ورە بێ.. زامەکانی دژی مەرگ
وەک ڕەشەبا، وەک برووسکە.
وەک گەردەلوول دەگرمێنن
مەرهەمەکان ڕەفز دەکەن
سارغییەکان ڕەت دەکەنەوە و نەفرەت دەکەن
مەرهەم و سارغییان تەنیا ئاگر و ئاڵای شۆڕشە
هەڵمەتی سەخت و هێرشە
باوانەکەم، برینەکانت ئەوانە مەرهەمیانە
نەک «پاکانە»
چونکە دەڵێن:
بە بیانووی نان پەیداکردن
بۆ برسێتی ژیانی من
پاکانە پڕ دەکەیتەوە
وا هاتمە لات لە خۆمی ببیستە ڕۆڵە
شیرم بە تووتک حەڵاڵ بێ
نەک ئەو کوڕەی پاکانەی لە خەیاڵ بێ
کوڕم من حەز دەکەم گەڕ بم لە چڵکانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم بمرم لە برسانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم چاوەکانم کرمەڕێز بن لە زیندانا
بەڵام کوڕەکەم بەر نەبێ بە پاکانە
ڕۆڵە ئەوەی پاکانە پڕ دەکاتەوە
دووبارە کۆست دەخاتەوە
شەهیدەکان لە نوێ شەهید دەکاتەوە
ناوی پاکانە نەهێنی
سەرباری ئەم زەبوونییەم نەکەی شەرەفم بشکێنی
ڕۆڵە نەکەی ڕێگەی خۆت و هاوڕێکانت بیر چێتەوە
بمگووشە توند بە خۆتەوە
تەماشای پرچەکانم کە هەموو سپین
هۆن هۆن هەمووم هۆنیوە بۆ ڕەوابوونی تۆ بۆ ژین
بڵێ دایە.. سوێند بێ بەو پرچە سپییانەت
دڵۆپ دڵۆپ سوێند بێ بە شیری حەڵاڵی ئەو مەمکانەت
تۆ دایکمی سەری دایکێک نانەوێنم
بە شیری گۆشی کردبم
بینای حزبێک ناڕووخێنم
بە خوێنم گۆشم کردبێ
***

قسەی خوشک:
کاکە گەرمی و ساردی هەموو زیندانەکانم چەشتووە
هاتوومە لات، جنێو و تف و نەفرەتی
یاساوڵم بە داوێنم هەڵگرتووە
نزا و نزام ڕژانۆتە ژێر پۆستاڵی ژەندرمەوە
شیشی ژەنگاوی زیندانم بە زمانم لستۆتەوە
کەچی ئەنجام لە سووچی ڕۆژنامەیەکدا بە
پاکانە پڕکردنەوە
پاداشتەکەم دەدەیتەوە؟
ئەو خەڵکەش بیخوێننەوە!
هەتا ماوین قێز و بێزمان لێ بکەنەوە
بەبنی پێڵاوی نەفرەت شەرەفمان بپلیشێننەوە
ئاوا پاداشتی ئازار و شەونخوونی
من و دایکم دەدەیتەوە؟
چۆن لە ڕووم دێ بچمە لای ئەو
خوشکانەی کە چاوەڕوانن
تۆڵەی جەرگی سووتاویان بۆ بسێنی
وا هاتمە لات، لە خۆمی ببیستە کاکە
من حەز دەکەم ڕووم ڕەش کەیت و پرچەکانم بقرتێنی
بەڵام هەرگیز ناوی پاکانە نەهێنی
کاکە چی بکەین، بیر بکەوە کاکە چی بکەین؟
مەگەر زەوی قووتمان بدا
مەگەر ئاسمان هەڵمانکێشێ
ئەگینا چۆن لە ڕوومان بێ
دوای پاکانە، ڕوو نیشانی خەڵکی بدەین؟
لە ئاستی ژنی گەڕەکدا سەرهەڵبڕین؟
چۆن باست کەین؟
چۆن لایلایە بۆ تاقانەکەی خۆت بکەین؟!
کە تۆ هەموو گیانت پیسی بێ، سەرشۆڕی بێ
کاکە گەر ئەوە نیازتە بۆ لای ئێمە نەیەیتەوە
سیکتر.. سیکتر
پاکانەی ناو ڕۆژنامەکە و خۆشت.. سیکتر
ئێمە پیاوێکمان بۆ چییە.. کە پارچەیە
پیاوەتی پێشێلکراوی جەریدەیە
هەر بە ڕۆژنامەکەی لای خۆت
بێ ئابڕوویی و سەرشۆڕی خۆت بپێچەوە
هەتا تۆ هەی لە زەلکاودا بتلێرەوە
بەڵام هەرگیز بۆ لای ئێمە مەیەرەوە
چۆن پاکانە لە گەل دەکەی
ئێمەش هەروا پاکانە لە ناوت دەکەین
دەڵێین ئەی گەل: ئەم سەرشۆڕە چاوان پڕ لە زەلیلییە
کوڕمان نییە، کاکمان نییە کەسمان نییە

ئینسان پێویستی بە ڕیزکردنی هەموو ئەو دەربڕینانەی سەرەوەی نییە بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەم پرۆسەی سوکایەتی و بێشەرەفنیشاندانەی کوڕ و برای خۆ تێبگات کاتێک دەگەیتە کۆتایی قەسیدەکە.

بەڵام بۆچی قوربانی دەبێتە شوێنی سوکایەتی؟ بۆچی لە نەبوونی ئازادییە سیاسی و ئازادی بەیان و هەموو ئەو ئازادیانەی تردا تاکەکانی کۆمەلگا باجێکی تری نەبوونی ئەم ئازادییانە بدەن کاتێک کەسێکی دیکە  کە دەسەڵاتە وەفادار نییە بە جێبەجیکردنیانەوە؟ سەیر نییە کەسێک هیچ دەرفەتێکی بۆ قوربانیی نەهێشتووەتەوە و بە هەموو هۆکارێک تێکی دەشکێنێ کە چی کۆمەلگایەک دێت و ئەم جەستە و ڕۆحە تێکشکێندراوە لەناو سووکایەتیدا نووقوم دەکات و هێندەی دی لە ژێر فشارە کۆمەلایەتی و ڕۆحیەکاندا دۆزەخێکی دیکەی بۆ قاندەدات ؟
سویدییەکان دەڵێن: ئینسان بە تەنها دایک و باوکی منداڵەکانی نییە کاتیک هەموو شتێک لەسەر سکەی خۆی دەڕوات. بەڵکو ئەم بەرپرسیارێتی دایک و باوکایەتییە بە هەمان شێوە دەبێ ئامادەیی هەبێت کە شتەکان وا ناڕۆن وەک ئەوەی دایک و باوک دەیانویست وا بێ. بە کورتییەکەی، منداڵەکان  ئەو کاتانە خۆشەویستییان پێویستە کە کەوتوون و دەکرێ کارێکی  قێزەونیشیان ئەنجام دابێت. 
چی وادەکات ئینسان سەربەرزە بە ئەندامبوونی کوڕو کچەکەیدا  لە  ڕێکخراوێکدا و  و کاتێک لە ژێر فشاردا دەشکێنرێت ئیدی کوڕو کچی تۆ نییە؟ بۆ دەبێ نووکی ڕەخنە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا کول بێت و ئەم بارانی نەفرەتە بەسەر قوربانییەکاندا ببارێنریت؟
ئەوەی لە شیعری پاکانەدا دەبینرێ، تف و سوکایەتییەکانی دەسەڵات و کۆمەلگایە لەبەرانبەر تاکێکدا کە بڕیار بوو بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا و لەبەرانبەر دەسەڵاتدا بجەنگێ. کاتێکیش لە ژیر فشارەکانی دەسەڵاتدا لە ئینسانییەتی خۆی دەخرێت و تێکدەشکێنرێت، کۆمەلگاش هێندەی دی دڵڕەقانە لە تێکشکاندنی ئەودا درێغی ناکات.

ئەم شیعرە هێندەی نیشاندانی تف و قامچی و سووکایەتییەکانی دوو جەللادە لە بەرانبەر قوربانییەکدا، کەمتر وەک بانگەوازێکی شۆڕشگێرانە دەکرێ سەرنجی لێ بدرێ وەک ئەوەی کە جێگاوطێگای ئەم شیعرە لەناو زمانی کوردی و عەرەبیدا باسی لێ دەکات.بە تایبەتی کاتێک پێتوابێ ئەوەی ناچار بە دەربڕینی پاکانە و تۆبەکردن دەکرێ قوربانییەکە و دەبێ وەک قوربانییەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. ئینسانی قوربانی پێویستی بە کۆمەک و باوەشێکی ئاواڵەیە تا بەسەر تراوماکانی خۆیدا زاڵ بیت و حورمەتی ئینسانی خۆی بۆ بگێڕدرێتەوە. 
بە قسەی سویدییەکان: تۆ لە دوای پاکانەپڕکردنیشتەوە هەر کورو کچە ئازیز و خۆشەویستەکەی ئێمەیت. 
بەڵام دیدێکی واهی بۆ سەرنجدان لە کەسی ناچارکراو بە پاکانەکردن لە دوێنێ و ئەمڕۆی عێراقدا دەکرا ئامادەیی هەبیت؟  بە بڕوای من دەکرا هەبێ. 
وەڵامی من بە ئەرێ بۆ پرسیارەکەی سەرەوە، لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئینسان لە هاوکێشەی نێوان شۆڕش و شؤڕشگێڕدا ، چەندە دەکرێ وەک ئینسان بهێڵرێتەوە و نەکرێ بە کائینێکی سەروئینسانی و بکرێتە سوپەرمان. ئینسان بە ترس و دڵەراوکێکانییەوە. بە ئازایەتی و تۆقینەکانییەوە، نەک تەنها بە کونلەجەرگدانەبوون و خۆڕاگرییەکانییەوە.  تاکی شۆڕشگێر دەکری بە پێوە تەقە بکا لە شەڕێکی دەستەویەخەدا و بەڵام لەبەرانبەر مشکێکدا کوون نەبێ خۆی تیابشارێتەوە. بەڵام تێڕوانینی ئینسانی سۆپەرمان لە کایەی شۆرشدا بە هەموو باڵەکانی چەپ و ڕاستی عێراقەوە، بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنەوە خالێ هاوبەشە و ئەگەر لەململانێکانی نێوانیاندا کوڕ و کچەکانی یەکدی بکێشنە بەر پەتی سێدارە، بەڵام لە تێروانینیاندا بۆ تاکی شۆرشگێڕ، ناکۆکییەک لە نێوانیاندا نییە.

ئەوە چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگاو حزب و دەوڵەت و شاعیرە کە کردەی پاکانەکردن لە ژێرفشارەکانی دەولەتدا دەکاتە پەتی سیدارەیەکی تر و قوربانی لە بێدەنگیدا دەخنکێنێ. لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە پێیوایە تاکی شۆڕشگێڕ لە خەسلەتە ئینسانییەکانی خۆی خراوە و کۆمەلگا چاوەڕوانییەکی دیکەی لێی هەیە. 
بە بڕوای من، لە شیعری پاکانەی موزەفەر نەواببدا، زەڕرەیەک لە شۆڕشگێربوون نابینرێتەوە کاتێک قوربانی لە نێوان بەرداشەکانی دوو جەللادا، هەر یەکە و بە هۆکاری تایبەتی خۆی لە کوشتنی ئەودا، بەیەکەوە لەکاردان.

شیعری پاکانە لەم لینکەی خوارەوە وەرگیراوە

https://books.vejin.net/ck/text/28236

 

210707