بەرەو دامەزراندنی ژێرخانی داتای سپەیشڵ (Spatial Data Infrastructure)

 
هێمن عومەر تۆفیق
ڕاوێژکار و پرۆگرامەر لە بواری سیستمی زانیارییە جوگرافییەکاندا
hemin.tofiq@gmail.com

 
پێناسەیەکی پێویست
داتای سپەیشڵ (Spatial data) ئەو داتایانەیە کە ڕەهەندێکی 'مەکانیی'یان هەیە، لە کاتێکدا داتای جوگرافیی (Geo. data) ئەو داتایانەیە کە پەیوەندیان بە جوگرافیاوە هەیە، کە بریتییە لە زانستی پێکهاتە و دیاردەکانی زەوی، لێرەوە زاراوەی داتای جیۆسپەیشڵ (Geospatial) ئەو داتایانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە زەوییەوە هەیە و ڕەهەندێکی 'مەکانیی'یان هەیە.

 
کورتەیەک
ئەم وتارە هەوڵ دەدات ئارکیتێکچەرێک (architecture) بۆ سیسیتمی زانیارییە جوگرافییەکان لە 'ویب'دا پێناسە بکات و پێویستیی دامەزراندنی ژێرخانێک بۆ داتای سپەیشڵ لە کوردستاندا بخاتە ڕوو. وەک یەکێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەم پرۆسەیەش، پێشنیارێک دەربارەی دروستکردنی پۆرتاڵێک لەسەر بنەمای پرۆگرامی سەرچاوەکراوە (Open Source) بۆ داتای جیۆسپەیشڵ پێشکەش دەکات.
ئەم وتارە وەک پێشنیارێک دەخرێتە بەردەست فەرمانگەی ئای تی هەرێم، بەڵام وەزارەتەکان و شارەوانییەکان و ئەو دەزگایانەش کە داتای جیۆسپەیشڵیان هەیە دەتوانن بەکاری بهێنن.

 

 
پێشەکی
یەکێک لە مەرجەکانی مۆدێرنەکردنی کەرتی گشتیی و کاراکردنی دەزگاکانی بەڕێوەبردن، دیجیتایزکردنی (digitize) پەیوەندیی نێوان ئەم دەزگایانەیە لە نێوان خۆیاندا و لەگەڵ هاووڵاتیاندا. ئەم پڕۆسەیە لە چەند ئاستێکدا ڕەهەندی تەکنیکیی و کۆمەڵایەتیی و ئابووریی هەیە و پێویستیی بە داڕشتنی ستراتیژێکە بۆ دیجیتایزکردنی ئەو داتایانەی لەم دەزگایانەدا بەکاردەهێنرێن. قسەکردن لەسەر ئەم ستراتیژە دەکەوێتە دەرەوەی بابەتی ئەم دەقە، مەبەستی سەرەکیی من لێرەدا پێناسەکردنی بونیادی سیستمێک و ناساندنی ئەو ستانداردانەیە کە لەم پرۆسەیەدا یارمەتیمان دەدەن.
بەشێکی بابەتەکەش تەرخان کراوە بۆ قسەکردن لە ستراکچەری داتای جوگرافیی و ئەو داتاسێتانەی بە شێوەیەکی گشتیی لە لایەن دەزگاکانی بەڕێوەبردنەوە بەکاردێن١. کاتێک لە پێداویستییەکانی دامەزراندنی ژێرخانی داتای سپەیشڵ دەکۆڵینەوە، قەبارەی ئەو کارە گەورەیە دەبینین کە ئێمە لە کوردستاندا لەبەردەمماندایە، ئەمە بۆ وڵاتانی ئەوروپاش، کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردووەوە ئیش لەسەر ستراکچەری داتای جوگرافیی دەکەن، ئەگەر کارێکی ئاسان بووایە، دوانزە ساڵیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی ئینسپایەر (INSPIRE)، کە ژێرخانی دایات سپەیشڵە لە ئەوروپادا، تەرخان نەدەکرد٢

 
دەربارەی ژێرخانی داتای سپەیشڵ
دامەزراندنی ژێرخانی داتای سپەیشڵ پرۆسەیەکی چەندلایەنەیە، جگە لە داتای جوگرافیی، کە بنەڕەتترین پێکهاتەیەتی، ستانداردی تەکنیکیی و سیستمی زانیاریی و پەیڕەوێک بۆ پەیوەندی نێوان دەزگاکان و بەکارهێنەرەکانی داتا دەگرێتەوە. لە ڕێی ژێرخانی داتای سپەیشڵەوە دەتوانین خاوەندارێتیی و بەرپرسیارێتیی داتاسێتە جیاوازەکان، ستراکچەری داتا و ئەو ڕێوشوێن (policy) و سێرڤیسانەی بۆ ئاڵوگۆڕکردن و پرۆسێسکردنی داتا بەکاردێن دەستنیشان بکەین
نموونەیەکی کلاسیکیی هەیە کە ژێرخانی داتای سپەیشڵ بە کارەبا دەچوێنی، کە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی وزە وتۆڕێک بۆ گواستنەوە و چەندەها ئامێر، کە هەریەکەیان بۆ مەبەستێک ئەم وزەیە بەکاردەهێنن، پێک دێت. بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان بتوانێت داتای جوگرافیی بەکاربهێنێت، پێویستە داتامان هەبێت، داتای ستاندەرایزکراو کە لە ڕێی ستاندەردەکانی کۆنسۆرتیۆمی جیۆسپەیشڵی کراوەوە (Open Geospatial Consortium | OGC)٣ پەخشبکرێن و لە لایەن ویب و مۆبایل ئەپلیکەیشنەکانەوە (Applications) بەکار بێن.

 
دەربارەی داتای جوگرافیی
قسەکردن لەسەر حکومەتی ئیلکترۆنی و دیجیتایزکردنی داتا و پەیوەندییەکانی دەزگا ئیدارییەکان پێکەوە و لەگەڵ هاوولاتییاندا، بە بێ بیرکردنەوە لە دیجیتازکردن و دانانی داتای جوگرافیی لە 'ویب'دا، باسێکی ناتەواوە.
ئەوەی وا دەکات پڕۆسێسی دیجیتازکردن تەنها گۆڕینی داتاسێتەکانمان نەبێت لە ئەنەلۆگەوە بۆ دیجیتاڵ، بەڵکو لەهەمان کاتدا پێویست بێت بیر لە ستراکچەر و فۆرمات و ئۆرگەنایزکردنی بکەینەوە، ئەو توانایانەیە کە لەڕێی دیجیتازکردنی داتای جوگرافییەوە دەستمان دەکەوێت، هەر لە توانای نیشاندانی دیاردە و ئۆبجێکەکانەوە بە وردەکاریی جیاواز لە پێوەری جیاوازدا هەتا توانای بەئەنجامگەیاندنی شیکاریی ئالۆز لەڕێی دروستکردنی پەیوەندیی لە نێوان جیۆمێتریی و تایبەتمەندێتییەکانی (Attributes) داتای جوگرافییدا یان پەیوەندیی نێوان شوێن و پێکهاتەکانی دەوروبەرماندا کە لەڕێی مۆبایل ئەپلیکەیشنەکانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنانیان زیاد دەکات.
ستراکچەرە جیاوازەکان٤ بە شێوەی جیاواز دیاردە و پێکهاتەکانی سروشت و دەورەبەرەکەمان بەرجەستە دەکەن، بێگومان ئەو دیاردانەی سیفەتێکی بەردەوامیان هەیە، وەک بەرزی و نزمی و پلەی گەرما، باشتر بە وێنە بەرجەستە دەبن، لە کاتێکدا پارچەیەک زەوی، بۆرییەکی ئاو، مەنهۆڵێکی زێراب گونجاوترن بە چەندلا، هێڵ و خاڵ نیشان بدرێن.
بە جیا لەوەی کام ستراکچەرە بۆ داتا هەڵدەبژێرین، ئەو تەکنیکەی بەکاریدەهێنین بۆ هەڵگرتنی (Save) داتای دیجیتاڵ، فۆرماتی داتاسێتەکەمان پێناسە دەکات.٥
پەیوەندیی داتای جوگرافیی بە شوێنەوە پێویستیی بیرکردنەوە لە چۆنێتیی ئۆرگەنایزکردنی دێنێتە پێشەوە، داتای جوگرافیی دەربارەی ئەو دیاردە و پێکهاتە سرووشتییانەی کە نەبەستراونەتەوە بە سنوورە ئیدارییە لۆکاڵەکانەوە، پرسیار دەربارەی چۆنێتی بەرهەمهێنان، هەڵگرتن و تازەکردنەوەیان دروست دەکات. گرنگیی ئەم لایەنە وای کردووە کە دانانی ڕێوشوێن یەکێک بێت لەو وشانەی لە زۆربەی پێناسەکانی ژێرخانی داتای سپەیشڵدا بەکارهاتووە، لە هەمان کاتدا ئێمە ناتوانین قسە لەسەر داتای جوگرافیی بکەین لە ویبدا بە بێ ئەوەی قسە لەو سێرڤیسانە بکەین کە پشتگیریی لە سیستمەکەمان دەکەن وەک سیستمێکی دابەشبوو (distributed system)

 
قسەکردن لەسەر ژێرخانی داتای سپەیشڵ پێش هەموو شتێک قسەکردنە لەسەر داتای جوگرافیی. ئێمە پێویستمان بەوە هەیە بزانین چیمان داتا هەیە وە چی زانیارییمان/مێتاداتا(Metadata) دەربارەی ئەم داتایە دەست دەکەوێت، لە ڕاستییدا گرنگیی داتای جوگرافیی بەستراوەتەوە بە زانیارییمانەوە دەربارەی خاوەندارێتیی، پێودانگ (Scale)، سیستمی تانوپۆ (Coordinate system)، کواڵیتی، کەی و چۆنێتی بەرهەمهێنان و تازەکردنەوەیەوە.
لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێت ئەم داتایانە کۆبکرێنەوە، بە مەبەستی پاراستنیان، بەڵام مەبەستی سەرەکیی لە کۆکردنەوەیان دەبێت ستاندەرایزکردن و سێنترەڵایزکردنی داتاکان بێت لە سیستمی دابەشبوودا بۆ ئەوەی لە چەندبارە بەرهەمهێنانەوە و لە چەندجێ تازەکردنەوەی داتاسێتەکان ڕزگارمان ببێت.
خاوەندارێتیی و متمانە بەو داتایانەی دەزگایەک بەرهەمیهێناوە لەپاڵ ڕێگرە ئیداریی و کلتووریی و تەکنیکیی و ئەمنییەکاندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرفتی دەستنەگەیشتن بە داتایە.
پێویستە لێرەدا دوو خاڵ ڕوون بن:
١. سێنترەڵایزکردنی داتا لە سیستمی دابەشبوودا پێویست ناکات هاوتا بێت بە سەندنەوەی خاوەندارێتیی و بەرپرسیارێتیی لە بەرهەمهێنەرانی داتاسێتانە جیاوازەکان
٢. ئێمە پێویستمان بە پێناسەکردنی ڕێوشوێنە بۆ چۆنێتی دەستگەیشتن بە داتا، چۆن و کێ مافی هەیە دەستی بگات بە کام لە داتاسێتەکاندا

 
گۆڕینەوە و بەکارهێنانی داتای جوگرافیی لە نێوان ئەپلیکەیشنە جیاوازەکاندا، ستاندەرایزکردنی داتای پێویستە، بۆ ئەوەی بتوانین کورتترین یان خێراترین ڕێگە لە نێوان ئادرێسێک لە هەڵەبجە و یەکێک لە زاخۆدا بدۆزینەوە، پێویستە ئەو شێوازەی ئادرێس و جادەکانی پێ پێناسەدەکرێت پێکەوە بگونجێن. هەمەجۆریی سەرچاوە و سیستمەکانی داتا، جیاوازیی تۆپۆلۆجیی وکواڵیتی ئەم کارە ئەستەم دەکەن.
نەبوونی زانیاریی دەربارەی بوون، کواڵیتی یان چۆنێتی دەستگەیشتن بە داتا، لە هۆکارەکانی بەکارنەهێنانی داتان. بەڵام پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە کە چەندی ئەو داتایەی هەیە و دەستمان پێی دەگات بەکەڵکی بەکارهاتن دێن؟
ئەرکێک کە لێرەدا لەسەر ڕێگەمانە، کۆکردنەوەی زانییارییە دەربارەی ئەو داتاسێتانەی دەزگاکانی حکومەت پێوستیان پێیەتی وە هەنگاونان بەرەو کۆکردنەوە و ستاندەرایزکردن، بەرهەمهێنان و پەخشکردنیان لە ڕێی ستاندەرەکانەوە.

 

 

 
داتاسێتە بنەڕەتییەکان
کۆکردنەوە ونوێکردنەوەی داتای جوگرافیی کارێکی نە ئاسانە، نە هەرزان. کارێکە پێویستیی بە ئامێری بەتوانا و شارەزایی تەکنیکیی هەیە. ڕێگەکرتن لە چەندبارە بەرهەمهێنانەوەی داتاسێتەکان لەلایەن دەزگا جیاوازەکانەوە پێویستی بە دانانی ڕێوشوێن و پێناسەکردنی داتاسێتە بنەڕەتییەکان هەیە.
پێناسەکردنی داتاسێتە بنەڕەتییەکان پێویستی بە لێکۆڵینەوە لە پێداویستییەکانی دەزگا حکومییەکان هەیە بۆ داتای جوگرافیی، هەڵبەتە ئەم پێداویستییەش پەیوەستە بە ئاستی دیجیتازکردنەوە لەم دەزگایانەدا، بەشێوەیەکی گشتیی لە بەڕێوەبردندا ئەم داتاسێتانە بەکاردێن:
١. سنوورە ئیدارییەکان
٢. وێنەی ئۆرثۆفۆتۆ- وێنە کە لە فرۆکەوە گیراوە و ڕاستکردنەوەی جیۆمێتریی بۆ ئەنجامدراوە
٣. ڕووپۆشی زەوی، پێکهاتە سرووشتییەکان و سەرچاوە ئاوییەکان
٤. بەکارهێنانی زەوی و خاوەندارێتیی
٥. داتا دەربارەی دابەشبوونی دانیشتوان
٦. داتا دەربارەی تۆڕەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، کارەبا، تەلەفۆن
٧. ئەو داتایانەی پەیوەندییان بە هاتوچۆوە هەیە
٨. تۆماری ئادرێس و ناوی شوێن
٩. داتا دەربارەی بەرزی و نزمی لە ڕووی دەریاوە، Digital surface Model  و Digital Surface Model

 
بەپێی ئەو زانیارییە کەمەی من هەمە لەسەر چەندێتیی و چونێتیی داتای جوگرافیی لە کوردستاندا، بەشێکی زۆری ئەم داتایانە یان دیجیتاڵ نین، یان دیجیتاڵن بەڵام ستراکچەر و فۆرمات وکواڵیتی و پێودانگ و سیستمی تانوپۆی جیاوازیان هەیە، لێرەوە دەتوانین وێنایەکمان هەبێت لەسەر گەورەیی و هەمەلایەنی ئەو ئەرکەی لەم بوارەدا لە ڕێماندایە.

 
چۆنێتیی پەخشکردنی داتا
سێنتڕەلایزکردنی داتای جوگرافیی لەگەڵ خۆیدا پێویستیی بەکارهێنانی شێوازی ستاندارد بۆ پەخشکردنی داتا دەهێنێتە پێشەوە. ئۆ جی سی ژمارەیەکی زۆر ستانداردی بۆ داتای جوگرافیی پێناسەکردووە، ئەو ستانداردانەی هەر ژێرخانێکی داتای جوگرافیی پێویستە پشتگیریی لێ بکات بریتین لە:
- Web Map Service/WMS:  دەربڕینی داتای جوگرافیی بە شێوەی وێنە
- Web Feature Service/WFS: دەربڕینی داتای جوگرافیی بە جی ئێم ئێڵ
- Filter Encoding: ستانداردێک بۆ دەربڕینی فیلتەرێک بە ئێکس ئێم ئێڵ بۆ داتای جوگرافیی
- Web Coverage Service/WCS: شێوەیەک بۆ دەربڕینێکی دیجیتاڵیی ئەو دیاردانەی لەگەڵ کات-شوێندا دەگۆڕێن
- Geography Markup Language/GML: دیالێکتێک بۆ دەربڕینی داتای جوگرافیی
- Catalogue Service: بۆ پێناسەکردنی ڕووکارێک بۆ دۆزینەو ە و گەڕان و داواکردنی مێتاداتا
بۆ زانیاریی دەربارەی ئەم ستانداردانە بڕوانە بسایتی OGC، پەڕاوێزی ژمارە ٣

 
ئارکیتێکچەری سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان لە ویبدا
ئارکیتێکچەری ویب جی ئای ئێس (WebGIS) بە شێوەیەکی گشتیی لە سێ بەش یان توێژ پێک دێت، ڕووکار (Interface)، سێرڤەری جێبەجێکردن لەگەڵ داتا. بەکارهێنەر لەڕێی بەشی ڕووکارەوە ئەو ئامرازانە بەکاردەهێنێت کە بەشی جێبەجێکار پشتگیریی لێ دەکات، ڕووکار ئەو وەڵامانەش نیشان دەدات کە لە بەشی جێبەجێکارەوە پێی دەگات، هەم نەخشە هەم زانیاریی لە شێوەی تێکستدا.
سێرڤەری جێبەجێکردن پەیوەندیی دەکات بە سەرچاوەکانی داتاوە و ئەو پرۆگرامانە لە خۆ دەگرێ کە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان، بۆ نموونە وەرگێڕانیی تانوپۆ، شیکاریی داتا و بەرهەمهێنانی نەخشە، پێویستن.
بەشی داتا پێک دێت لەو داتایانەی سیستمەکەمان دەستی پێی دەگات، چ لە شێوەی فایلدا، یان داتابەیس یان لە ڕێی ویب سێرڤیسەکانەوە.

 
توانای ویبگەڕەکان بۆ گلدانەوەی داتا وهاتنە کایەی ئەو پاکەیجانەی کە دەتوانن هەندێک داتا پرۆسێسکردنی سنووردار لە ویبگەڕەکاندا جێبەجێکەن و پەیوەندیی بکەن بە ویب سێرڤیسەکانەوە بۆ داواکردنی نەخشە و زانیاریی جوگرافیی، بڕێک ئەم دابەشکردنە ترادیشناڵانەیەی گۆڕیوە، بەڵام شیکاریی داتا و دروستکردنی ڕاپۆرت و بەرهەمهێنانی نەخشە لە بەشی داتاوە هەر لە لایەن سێرڤەرەوە ئەنجام دەدرێت.
گرنگە لە دیزانکردنی ویب جی ئای ئێسدا لەبەرچاومان بێت کە مەرج نییە هەموو داتا سێتەکان لە یەک دەزگادا بەرهەمبهێنرێن و تازەبکرێنەوە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە پێوستە سیستمەکەمان بتوانێت:
١. داتای پۆرتاڵی تر لە ڕێی ویب سێرڤیسەوە بەکاربهێنێت
٢. داتاکانی خۆی لە ڕێی ویب سێرڤیسەوە پەخش بکات

 
ئەم هێڵکارییەی خوارەوە بەشەکانی سیستمێکی بونیاتنراو لەسەر پرۆگرامی سەرچاوەکراوە نیشان دەدات

 

 

 

 
ئاکامەکان
ئاشکرایە کە دامەزراندنی پۆرتاڵێک بۆ نیشاندانی ئەو بەشە لە داتای جوگرافیی لە کوردستاندا، کە دیجیتاڵە و زانیارییمان دەربارەی کواڵیتییەکەی هەیە، تەنها یەکێکە لە هەنگاوە سەرەتاییەکان لەم ڕێگەیەدا.
لێرەدا هەوڵ دەدەم پێشنیارەکانی خۆم دەربارەی دامەزراندنی پۆرتاڵێک بۆ داتای جوگرافیی لە کوردستاندا بخەمە ڕوو.
ئەوەی لە دیزایکردنی سیستمەکەدا گرنگە، لەبەرچاوگرتنی توانای سیستمەکەیە بۆ فراوانکردن و قەبارەگۆڕین (extensibility and rescaling) کە بە شێوەیەکی گشتیی لە ڕێی پرۆگرامی سەرچاوەکراوە و بەکارهێنانی ستاندەردەکانەوە فەراهەم دەبێت.

 
دامەزراندنی پۆرتاڵێک بۆ داتای جوگرافیی لەسەر بنەمای پرۆگرامی سەرچاوەکراوەی خۆرایی پێویستی هەیە بە
١. ئامادەکردنی ژینگە (Environment) بۆ پرۆگررامەکان لە سێرڤەرێکدا، ویب سێرڤەرێکی وەک 'ئەپاچە' (Apacheیان 'ئینتەرنێت ئینفۆرمەیشن سێرڤیسس' (Internet Information Services)ی مایکرۆسۆفت دەبێت
٢. دابەزاندن و دامەزراندنی ئەو پرۆگرام و پاکەیجانەی کە پێویستە لە بونیادی پۆرتاڵەکەدا هەبن، بە لایەنی کەمەوە پۆستگرێس/پۆست جی ئای ئێس (PostgreSQL/PostGIS)، جیۆسێرڤەر (GeoServer)، ئۆپن لەیەرس (OpenLayers). دیزانکردنی داتابەیس و دیارییکردنی ڕۆڵەکانیش (roles) دەکرێت بەشێک بن لەم هەنگاوە (بێگومان پێویستە لەم کاتەدا زانیارییمان لەسەر ئەو داتایانە هەبێت کە لە پۆرتاڵەکەدا بەکار دێن).

٣. ئامادەکردنی سکریپت بۆ پرۆسێسکردنی داتا و گواستنەوەی بۆ داتابەیس، ڕەنگە ئەم هەنگاوە زۆرترین کات و توانای پێویست بێت،لێرەدا دەتوانین کەڵک لە پاکەیجێکی وەک جی دال (GDAL) وەربگرین.

٤. دامەزراندنی پرۆگرامە جێبەجێکارەکان، بۆ بەکارهێنانی داتاسێتەکانمان و پەخشکردنیان. ئەم هەنگاوە پێناسەکردنی ستایڵ وکارتۆگرافیی نەخشەکانیش دەگرێتەوە
٥. پێناسەکردن و دامەزراندنی ئامرازەکانی ڕووکار، دیارییکردن دیزاین و ئامڕازەکەنی پۆرتاڵەکەمان

ئەڵتەرناتیڤێک بۆ ئاسانکردنی بەشێک لەم کارانە، کڕینی ئەو سویتی پرۆگرامانەیە کە هەندێک لەو کۆمپانیایانەی لە بواری سیستمی زانیارییە جوگرافییەکاندا کار دەکەن، بۆ ئەم پۆرتاڵانە دروستیان کردووە.

 

 

 
پاشکۆ
لێرەدا هەوڵ دەدەم بە کورتیی باسی دووان لەو سویتانە بکەم کە دەکرێت لە دامەزراندنی پۆرتاڵی داتای جوگرافییدا بەکار بێت.

 
١. ئۆپن‌جیۆسویت (OpenGeo suite)
سێ پرۆگرامی بەتوانا لەم سویتەدا هەیە کە هەریەکەیان لە یەکێک لە بەشەکانی پۆرتاڵەکەدا کار دەکەن، بەشی داتا، بەشی سێەڤەری جێبەجێکەر لەگەل بەشی ڕووکار:
PostgreSQL(PostGIS), GeoServer (GeoWebcache), OpenLayers
خاڵی پۆزەتیفی ئەم سویتە سادەیی پێکهاتە و دامەزراندنێتی. لە هەمان کاتدا کەمیی ژمارەی ئامرەزاکانی گەڕان و توێژینەوەی داتاش یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانی. ئەوەی دەستمان دەکەوێت لە کڕینی ئەم سویتە ئەو هەمئاهەنگییەیە کە لە نێوان ئەو پرۆگرامانەدا دروستیان کردووە و ئەو ڕووکارەش کە یارمەتی بەکارهێنەر دەدات لە هەنگاوەکانی بەرهەمهێنانی نەخشەدا. لە ڕاستییدا ئەگەر ستافی تەکنیکیی پرۆفێشۆناڵمان هەبێت کە ئەم پرۆگرامانە بناسێت و بتوانێت دایان بمەزرێنێت وبەکاریان بهێنێت، پێویست ناکات ئەم سویتە بکڕین چونکە سویتەکە هیچ زیاد ناکات بۆ توانای کارکردنی پرۆگرامە خۆڕاییە سەرچاوەکراوەکان.
ئەم سویتە بە چەند پاکەیجێکی جیاواز دەفرۆشرێت، لایسینسەکەی لە ٥٠٠٠ – ٩٨٠٠٠ دۆلاری ئەمریکییە. بۆ زانیاریی زیاتر، دەتوانن سەیری سایتەکەیان بکەن،

 
٢. سویتێکی تر کە لە دانیمارک لە لایەن زیاتر لە سێیەکیی شارەوانییەکانەوە بەکار دێت و وەزارەتی ژینگەش، کە گەورەترین و ئاڵۆزترین ئینستالەیشنی داتای جوگرافیی هەیە لە دانیمارکدا بەکاری دەهێنێت، 'سپەیشڵ سویت (Spatial Suite)'ە.
:سپاشیەڵ سویت ئەم پرۆگرامانە لەخۆ دەگرێت
MapServer, GeoServer, GeoWebCache, OpenLayers, SpatiLEdit, SpatialServerManager, PermissionManager
وەک دەبینن بەشێک لە پرۆگرامەکانی سویتەکە هەر ئەوانەن کە 'ئۆپن جیۆ'ش بەکاریان دەهێنێت، بەڵام بەشێکی تریان لە لایەن کۆمپانیاکەوە بەرهەمهێنراون. ئەم سویتە ژمارەیەکی زۆر ئامرازی لەخۆ گرتووە و دەتوانرێت بە ئاسانیی ئامرازی نوێی بۆ زیاد بکرێت.
گرنگیی ئەم پاکەیجە لەو پرۆگرامانەدایە کە بۆ دیجیتازکردن و کۆنترۆڵکردنی مافی بینین و دەستکارییکردنی دامەزراندن و داتاکانی پۆرتاڵەکە بەکار دێن.
نرخی هەموو پرۆگرام و مۆدیولەکانی سویتەکە١٢٠٠٠٠ هەزار دۆلار و لایسینسی ساڵانەی ٣٠٠٠٠ دۆلارە، بەڵام دەتوانرێت تەنها ئەو بەشانەی سویتەکە بکڕڕێت کە کوردستان پێویستی پێیەتی، بۆ زانیاریی زیاتر دەکرێت پەیوەندییان پێوە بکرێت.
ئەم هێڵکارییەی خوارەوە بونیادی سیستمەکە نیشان دەدات

 

 
سەرچاوەکان

 
http://www.fotdanmark.dk/Materiale/Files/FOTspecifikation/FOT4.1+alt_dk.pdf
http://www.opengeospatial.org/standards/filter
http://opengeo.org/
www.spatialsuite.dk
inspire.jrc.ec.europa.eu
opengeospatial.org
 

 
پەڕاوێزەکان

 
١. ئەو داتاسێتانەی لەم دەقەدا ناوم بردوو ن ئەوانەن کە لە دانیمارک بەکار دێن، بەڵام ئەگەر سەیری داتاسێتەکانی ئینسپایەر بکەین، لەوێش دەیانبینینەوە، بڕوانە
http://inspire.jrc.ec.europa.eu/index.cfm/pageid/2

 
٢. بڕوانە
http://inspire.jrc.ec.europa.eu/index.cfm/pageid/48

 
٣. بۆ بینینی لیستی ستاندەردەکانی ئۆ جی سی، سەردانی ئێرە بکە
http://www.opengeospatial.org/standards

 
٤. بە شێوەیەکی گشتیی دەتوانین قسە لەسەر دوو شێوەی جیاواز لە ستراکچەری داتای جوگرافیی بکەین، ڤێکتەر (vector) و ڕاستەر (raster). ڤێکتەر تەنەئەندازەییەکانی خاڵ و هێڵ و چەندلا بەکاردەهێنێت بۆ بەرجەستەکردنی پێکهاتەکان، لە کاتێکدا ڕاستەر لە خشەیەک خانەی چوارگۆشە، کە هەر خانەیەک بەهایەکی هەیە، پێک دێت، نموونەیەکی باش بۆ ڕاستەر داتا، وێنەی دیجیتاڵییە.
 
٥. دەکرێت ئەم فۆرماتە شەیپی ئێسری (ESRI shape)، تیف (TIF) یان داتابەیسێک بێت