من چاوپێکەوتنەکەی قاسم ئاغام نەدیوە.
نازانم چی درکاندووە.
دەزانم تاوانبارێکی قێزەوونە.
دەزانم قسەکانی زۆرکەس توڕە  دەکات بە تایبەت کەس و کاری قوربانییەکانی دەستی ئەو.
دەزانم زۆر کەس وەک ڕێبوار سیوەیلی پێیوایە :" ئەمە لوتكەی داڕمانیی ئەخلاقیی كۆمەڵگا، سیاسەت و میدیایە كە لە جیاتی هێنانەوەی باوك بۆ ئەم نەوە هەتیوە، جەلادەكانیان بۆ دەهێننەوە تا بەجنێو پێیان بڵێن: (هەتیو، بێدەنگ بن ئێمە حزبمان لە پشت بوو. " (١)
بەڵام دەشزانم کە ڕەهەندێکی ئەخلاقی گەورە لە پشت ئەو تێڕوانینەوە یە کە لە ڕێی کەیسی جەلادەکانی کۆمەلگاوە، ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەگەری ناکاتە  قوربانی سۆزێکی هەڵچووی ناخی ئینسان کاتێک چاوێکی لە قوربانییە و پێیوایە دەبێ جەللاد وەک قوربانییەکانی دەستی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. جەللاد ناکرێ بۆ هەمیشە ڕێگانیشاندەری ئێمە بێت کە هەر دەبێت بە ڕێگاکەی ئەودا بڕۆین. ئەم حەقایەتە درێژەی خوێنڕێژی دەکرێ لە شوێنێکدا کۆتایی پێ بێت. 
ئەم کورتیلە نووسینەی من لەم تەوەرەوە دەستپێدەکات. بۆیە دەڵێم با قاسم ئاغا قسەکانی خۆی بکات. 
"بۆچی نابێت تۆمه‌تباران له‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنەوە قسه‌ بكه‌ن" (2) ناونیشانی وتاری عەلی مەحمودە لە بەرانبەر چاوپێکەوتنی قاسم ئاغای کۆیەدا لە کەناڵی NRTوە. ئەوەی لە داوایەکی وادا کەسێک لە مافی ئاخاوتن بێبەشدەکرێت لە کەناڵێکی میدیاییەوە و کەس ناکەوێتە  سەر کەڵکەلەی ئەوەی ئازادی دەربڕین پێشێلکراوە،   دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە قسەکەر دەکرێ قاسم ئاغا یان هەر جەللادێکی دیکە بێت. یانی ئێمە لە دۆخێکداین کە ئازادی دەربڕین دەکرێ بە هەندێک کەس بدەین، بەڵام بە ئارەزووی خۆیشمان لە کەسانیكی دیکەی وەربگرینەوە. ئەمە ئیتر وا دەکات کە ئازادی دەربڕین مافێکی سروشتی نەبێت و بەڵکو تۆپزێکە و هێند پیویستمان پییەتی کە قازانجی خۆمانی تێدایە. لە ڕاستیدا هەموو گرفتە گەورەکانی خۆرهەلات  و ئەو ناوچانەی دی کە ئازادی دەربڕینی تیایدا مافێکی سادەی هاوڵاتییان نییە، ئەم تەفسیرەی سەرەوەیە. ئەم ئازادییە کەڵکی بۆ من هەیە بەڵام بۆ کەسێکی دیکە نا. 
بە کورتییەکەی، ئەم تێڕوانینە بۆ ئازادی دەربڕین بەو شێوازەی سەرەوە، یانی  ئازادی دەربڕین بە شەرت.  لای عەلی مەحمود شەرتەکە دیاریکراوە:"  ئەگەر لە ڕیگای کەناڵەکانەوە دان بە ڕاستییەکاندا دەنێن و ئامادەن بەرە و ڕووی دادپەروەری ببنەوە، جیگای پێشوازییە و ئەهلا بالحریە الصحافە." 
ئیتر نەک هەر ئازادی دەربڕین لەم شەرتەدا پەل وپۆ دەکرێت، بەڵکو ئازادی ڕۆژنامەگەریش هێندە پێشوازی لێدەکرێت کاتێک لە مێدیاکانەوە تاوانباران دان بە تاوانەکانیاندا دەنێن. ئەگەرمێدیاکان وانەکەن:" گوو بە ئازادی رۆژنامەگەریش! 
من سەیرم لێ دێت ، بۆ دەبێت جاشێک، بە داوای لێبووردنەوە لە خوێنەران کەمن چەکدارانی رژێمم پێ جوانترە لە بەکارهێنانی ئەم دەربڕینەدا،  یان موستەشارێک مافی ئەوەی نەبێت لە پەیوەند بە گێرانەوەی ڕۆڵی ئەو لە ئەنجامدانی تاواندا قسە نەکات. 
ئایا ئەگەر ئەم مافە لە دزێکی سادەش بسەنینەوە بۆی نەبێت دەربارەی دزییەکەی شتێک بڵێ، کۆمەڵگا چی بەسەر دێت. ئاخرئەنجامدانی قێزەونترین تاوانەکانیش هێشتا هۆکارێک نییە کە ئینسان لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی بێەش بکرێت. ئینسان دەکرێت جەللاد بێت، بەلام هێشتاش هاوڵاتییەکە لە کۆمەلگادا.  
لابردنی سزای ئیعدام لە سیستەمی قەزایی وڵاتێکدا یانی نەهێشتنی ئەم سزایە. ئەگەر لە عێراقدا و لە دوای کەوتنی پەیکەرەکانی سەددامەوە سزای ئیعدام قەدەغە بکرایە، ئەوا یەکەم کەسێک کەڵکی لەم سزایە وەربگرتایە دەبوایە سەدام بوایە. هەست دەکرێت زۆر ناخۆشە گوێت لەم قسەیە بێت. بەڵام  تێروانینێکی عەقلانیشە چونکە ئینسان ناکرێت کۆمەلگا و کایەی سیاسەت بکاتە  مەیدانی تێرکردنی هەستە بریندارکراوەکانی خۆی و کۆمەلگا و قەزا لەسەر غەریزەی تۆڵەسەندنەوە بنیات بنێت.  
 
عەلی مەحمود لەم وتارەدا هێندە سۆزی قوربانیەکان دەیجوڵێنێ، هێندە عەدالەتی بۆ گرنگ نییە کە چۆن دەکرێ بەرقەرار بێت تەنانەت بۆ جەلادانی ئەو قوربانیانەی ئەو دیفاعییان لێدەکات. ئەگینا ئێمە ڕووبەڕووی بەرقەرارکردنی عەدالەتی قوربانی دەبین بە هەمان چەکەکانی جەلادانی دوێنێوە. ئەو پێیوایە کە تاوانباران لە دەرکەوتنیاندا لە مێدیاکاندا دەبێ دان بە تاوانەکانی خۆیاندابنێن و بچنە دادگا، ئەگینا میکرۆفۆن ڕاگرتن لەبەردەمی ئەم کەسانەدا، هیج نابێت بێجگە لە کەناڵێک بۆ خۆپاککردنەوە لە بەرپرسیارێتی ئەوان لە ئەنجامدانی تاواندا. بەڵام بڕیار نییە هەموو تاوانبارێک دان بە تاوانەکەیدا بنێت. سەرتاپای ئیعتیرافی جەلادانی نازی لە دادگای نۆرێنبێرگدا یەک دێرە: ئێمە تەنها ملکەچی فرمان بووین. کە لەم کەیسە ورددەبیتەوە، هەستدەکرێت ئەو تێڕوانینەی عەلی مەحمود لەم وتارەدا بەشوێنیەوەیەتی بۆ ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریش هەمووی لەسەر ئەوە وەستاوە چی دەوترێت، واتا لەسەر ناوەڕۆکی وتراوەکانە. ئازادی رۆژنامەگەری بەخێربێت کاتێک جەللادان ئیعتیراف دەکەن. بەلام لە ڕاستیدا ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریش لەسەر چلۆنایەتی ناوەڕۆکی ڕەئەکان نییە بەلکو لەسەر ئازادبوونی وتنی رەئەکانە.  
بەڵام ئەو بەلگەیەی کە تاوانباران بەو شێوەیە دەدوێن لە میدیاکاندا کە لە قازانجی خۆیانە و پرۆسەیەکی خۆپاککردنەوەیە، ناکرێت ببێتە هۆکارێک بۆ دەمداخستنی مێدیاکان، یان وەک عەلی مەحمود دەڵێ:" لا اهلا بالحریە الصحافە".  بەڵکو من و عەلی مەحمودیش دەتوانین لە رێگای فەیس بوک و یوتووب و هەموو کەناڵەکانی دیکەوە بە دژی وێنە و ئیدیعاکانی تاوانباران سەنگەر لەوان بگرین و بێ ئەوەی زەرەیەک ئازادی دەربڕین و رۆژنامەگەری لەکەدار بکەین.  بە کورتییەکەی، بڕیار نییە هەڵدانەوەی مەلەفی تاوانباران و جەلادانی دوێنێ ببێتە ئەو کەناڵەی لێیەوە  ئازادیە بە دەستهاتووەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەری لە کۆمەلگادا بکرێنە قوربانی. جەللادانی دوینێ ناکرێ لەمرۆشدا بەسەرمانەوە جەللادی بکەن و لە رێی ئەوانەوە کلک و گویی ئەو کەمە ئازادی دەربڕین و ڕۆژنامەگەرییەش بکەین کە بەدەستهێنراوە.  
لە کۆتایدا، حەزدەکەم ئاماژە بە خاڵێکی گرنگ بکەم لە پەیوەند بە حەکایەتی بەشیک لە جاش و سەرکردەکانیانەوە لە کۆمەلگای ئێمەدا. تا ئەمرۆکەش بەشێک لەم مێژووە و چۆنێتی حەکایەتەکان بە پێودانگەکانی شۆرش و دژە شۆڕشەوە دەپێورێن. لە هەموویشی سەیرتر، ئێمە تەنها ئەم حەکایەتانەمان لە یەک دەمەوە بیستووە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، دەمی هێزەکانی دوێنێی شاخن. لە کاتێکدا لەمڕۆی کۆمەلگای کوردستاندا، مێژووی شۆڕش شەبەقی گەورەی تێکەوتووە و ئەو بێگەردیی و سیحرە گەورەیەی نەماوە کە لەشکری شۆڕشپارێزان پێمانی دەفرۆشنەوە. لە راستیدا بۆ ئەوەی لە شۆڕش و درۆکانی سەردەمی شۆڕش بگەین، پێویستمان بە بیستنی حەقایەتەکانی دژی شۆڕشیش هەیە. حەقایەتی جاش و موستەشارەکان بە هەموو تاوانەکانیانەوە، دەکرێ گێرەرەوەی بەشە تاریکەکانی میژوویەکی خوێناوی کۆمەڵگای ئێمە بێ کە تفەنگبەدەستانی بەرەی شۆڕش نایانەوێ دەرکەوێت. 

2014-03-23

http://www.hawpshti.com/kurdi/?p=637 -1
2- http://www.hawpshti.com/kurdi/?p=622