{ بۆیە دەچینەوە سەر "هەمەنگوای" و دەڵێین، ئەم پیاوە قووڵ و راستەقینەیە لەنووسیندا، گەر وەک زۆر کەس دەخوازێت؛ خۆمان لەژیان و گوزەرانی وەک تاکێک بدەین، دەگەینە زۆر شوێن لە کار و کردەوە  نەشیاوەکانی.. هەر وەک چۆن تاوانبارکرا بە بەزاندن و جێ بەجێنەکردنی بەندەکانی پەیماننامەی ژنێف، ئەو دەمەی بووە کۆماندانی میلیشیا فەڕەنسییەکان دژ بەنازییەکان و ڕۆژێک پێش گەیشتنی هێزی هاوپەیمانان خۆی و تاقمە شەڕکەرەکەی گەیشتنە پاریس!؟ 
ئەوەی "هەمەنگوای"و سەرجەم ئەوەی لەبارەی ژیانی شەخسییەوە باسکراوە، ئاساییە لەچاو ئەو نووسەرانەی تاوانبارن؛ بەبەکارهێنانی کەسانی تر لەنووسینی نووسینەکانیاندا..وەک تاوانبارکردنی شەکسپیر لەلایەن گەلێک لێکۆڵەر و نووسەرانەوە، لەوانە "هنری واترسۆن"و "کالڤین هوفمان"ە، جێگەی ئاماژەپێدانە "هۆفمان" لەهەموو ئەوانەی پێشووتر قووڵتر چووە نێو ئەو تێورییەی کەپێی وایە "کریستۆڤەر مارلۆ" نووسەری ڕاستەقینەی سەرجەم نووسینەکانی شەکسپیرەو دیاریکردن و ڕاگەیاندنی مەرگیشی؛ تەنها بۆ وونکردنی ناوی "مارلۆ" و ئیبرازپێکردنی "شەکسپیر"ەو بێگومان ئەمەش پەیوەستە بەهەندێک هۆکار و وردەکاری ترەوە کەدەشێت ببێتە باسێکی سەربەخۆ.


هەروەها دەوترێت "مۆلێر" "نووسەرێکی سێبەری" بەناوی "کۆرنێ" بەکارهێناوە لەنووسینی دەقەکانیداو ئەمەش لەساڵی هەزار و نۆسەد و نۆزدەدا، لەلایەن "پییر لویس"ەوە،  لە وتارێکیدا خراوەتەڕوو..بەهەمان شێوە دەوترێت "ئەلێکسەندەر دۆما" بە"پێدانی کرێ" نووسینەکانی لەلایەن "ئۆگست مارکی" ناوێکەوە نووسراون؟!
 لەهەمووشی سەیر وسەرنجڕاکێشتر، ئەو هەوڵە بوو کەیەکێک لەمێینە نمایشکارەکانی جلوبەرگی بەڕەگەز ئینگلیز.. بەمەبەستی بوونە ڕۆماننووس، بەپارە "نووسەرێکی سێبەری" ڕاسپارد، تا لەبری ئەو بنووسێت و پاش ئەوەی کتێبەکەی سەرکەوتنێکی زۆر و شوهرەتێکی زۆری بەدەست هێنا.. نووسەرە ئەسڵییەکە کەقەولە بەنهێنی و لەسێبەردا و بەشاراوەیی بنووسێت؛ ئەمەی پێ قووت نەچوو.. هەربۆیە خۆی کەشفکرد و بەڕۆمانێک ویستی ڕاست و دروستی قسەکانی بسەلمێنێیت و بزانرێت ئەوە؛ ئەوە نووسەرە ئەسڵییەکە؟! بەڵام کتێبەکەی لەئاست پەرۆشی خوێنەران و چەشن و چۆنییەتی تەکنیکی سەرکەتووانەی کتێبدا، فەشەلی هێنا.
 هەرچییەکیشی وت نەیتوانی ڕاوبۆچوونی خوێنەران؛ سەبارەت بەڕۆمانی سەرکەوتووی نمایشکاری جل و بەرگە ئینگلیزەکە.. بگۆڕێت؟!
بۆیە دەبێت بپرسین نووسین چییە؟ چۆن دەبێت ئەو کەسەی نووسەری ڕاستەقینەی ڕۆمانەکەیە، وەک لەنموونەکەی سەرەوەدا ئاماژەمان پێداوە، ڕۆمانەکەی نەخوێندرێتەوەو کەچی هەر ئەوەی خودی ئەو نووسەرە نووسیوویەتی؛ بەناوی کەسێکی ترەوە شایانی خوێندنەوە بێت و بخوێنرێتەوە؟! –یوسف عزەدین-}.


"لەوەڵامی پرسیار، یان چەند پرسیارێکی فرە ڕەهەندو پڕ ئیشکالی تایبەت بەدنیاو ماهییەت و بگرەو بەردەکانی نووسین...؟!"
سازدانی: شاخەوان سدیق

یوسف عزەدین ڕەئوف: با لە وتەیەکی کاریگەری زاتێکی وەک"مەولانا جەلالەددینی رومی"یەوە، بچینە نێو ئەو جیهانەی کەمەبەستتانە، بەپرسیارگەلێک بۆ نێوی کەمەندکێشمان بکەن؛ کەدەفەرمووێت:
{هەر وەڵامێک لەڕێی گوێوە بچێتە دڵەوە، چاوت پێت دەڵێت؛ دەستبەرداری ببەو گوێڕادێری من بە .. بزانە گوێ بازاڕییە.. بەڵام چاو ئەهلی ویساڵە.. چاو ساحیبی حاڵە.. بەڵام گوێ ئەهلی مەقامەو لەگوێگرتندا سیفاتەکان دەگۆڕێن؛ بەڵام لەبینیندا زات دەگۆڕێت}.
بەخوێندنەوەو لێخوردبوونەوەی ئەم وتەیەی سەرەوەو پەیوەستکردنی بەکۆمەڵە پرسیارەکەتانەوە، سەبارەت بەدنیای نووسین و نووسەر بوون و ماهییەتی تێکستەکان و گەلێک وردەکاری دیکە.. بێگومان لەنێوان ئەو دوو جیهانەدا دادەمێنین، دنیای ژنەفتن و دنیای بینین.. واتە نووسین کامیانە؛ کردەیەکە دەبیسترێت یان کردەیەکە دەبینرێت و یان هەردووکیانە؛ لێرەشدا مەبەستمان نییە، بەلەز و حازربەدەستانە وەڵامگەلێکی بۆ دابتاشین، بەڵکو ئەوەی لێرەدا مەبەستمانەو پێمان گرنگە؛ چۆنییەتی و ماهییەتی چەشنی خوڵقاندنی ئەو گفتوگۆو پەیڤینانەیە کەلەم میانەوە دەشێت، وەك ڕێگە سەفەرێکی کەمێک توولانی؛ هەوڵی دۆزینەوەی شتگەلێکی نوێ و بینینی نەوتراو و کەشفی شاراوەو پەنهانەکانی بدەین؟!
هەموو ئەوەی گەرەکیشمانە بیدرکێنین، گەر بۆ خۆمان پابەند نەبین و ئەوانەی دەشمانخوێننەوە پەیوەست نەبن، بەچەشنە تەرزێکی جددییانەی خوێنەر بوون و خوێندنەوەوە.. ئەوە هەرچییەک بڵێین بێ سوودە؟!
هەروەک "ڕالف والدو ئیمیرسۆن" دەڵێت: " مرۆڤ دەبێت داهێنەر بێت، ئەگەر بیەوێت بەباشی بخوێنێتەوە؟!"
هەن چاوەڕێن، گشت کات.. لەپشت دەرکەکانی خوێندنەوەوە؛ دنیایەکی ڕەنگاوڕەنگ و جوان و ڕۆمانسییانە ؛یان تەنانەت جیهانێکی سیمپاتیک و ئیجابی و تەریب و هارمۆنی و خۆشمەشرەب و ساف بدۆزنەوە؟! بەڵام ئەمە وانییە، ئەگەر لەڕووکەشیشدا زۆربەی ئەوەی کەدەنووسرێت، وا خۆیان نمایش بکەن، کەلەجوانییەوە هەڵقووڵاون.. یان لەقووڵاییەکانی مەعریفە ڕۆشنەکانەوە، بەمەبەستنی خستنەڕووی شتگەلێکی نوێ، هەوڵ و کۆششیان بەردەوامە؟! بەڵام هەموو ئەو دۆگما بەناو بەڵگەنەویست و سەلمێنراوانەی، ئەو نەسلانەی نووسین ڕایدەگەیەنن..ڕەگەز و بنەماکانی لەبەردەم خوێندنەوە تەفکیکییە جوداو جیاوازەکانی کەسانێکی جدی و ناوازە لەدنیای خوێندنەوەدا؛ هەڵدەوەشێن و لێکدەترازێن و لێکدووردەکەونەوەو بەیەکتر نامۆ دەبن؟!
دەشێت بڵێین؛ ئاخۆ نووسین بەدەر لەکردەی خوێندنەوەی.. لەلایەن خوێنەر و خوێنەرانییەوە، دەکرێت هەبێت؟! ئەگەر هەبن بڵێن نییەو نابێت، بەڵام بوونی چەندین نووسینی نەخوێنراوەی هاوچەشنی تێکستی گلگامش و ئەوانەی بەهیرۆگلیفی و زمان و ڕێنووسە لەناوچووەکان نووسراونەتەوە، تا ساتەوەختی کەشفکردن و چۆنییەتی خوێندنەوەیان، شتگەلێکی شاراوەو نەزانراو بوون.. واتە دەکرا هەر بەشاراوەیی مابانەوە.. یان دۆزرابانەوە و  خوێندنەوەیان مەحاڵبایە؟! 
جێگەی باسە چەندین جۆر هەوڵ و کۆشش هەن، دەربارەی تیۆریزەکردنی دوالیزمی نووسین و خوێندنەوە، یان هەر نەبوونی تێکستی نووسراو و نەدۆزینەوەو نەبوونی نووسین و خوێندنەوە!؟
 "لیڤی شتراوس" ئەو جۆرە کۆمەڵانەی کەلەمێژووی بوونیاندا نەیانتوانیوە بگەنە ئاست داهێنانی نووسین؛ بە"کۆمەڵگە ساردەکان" ناودێر دەکات.. بەواتایەکی تریش دەکارێت بێژین ئەو جۆرە کۆمەڵانە نەیانتوانیووە بچنە نێو مێژووەوە؟!

کاتێک نووسین دەبێتە بەشێک لەمێژووییەکی دیاریکراو، ئەو دەم سڕینەوەی لەلایەن دروستکەران و بنیادنەرانی مێژووییەکی پێچەوانەو دژەوە دەبێتە حەتمییەت؟! هەر ئەمەشە زۆرجاران کارەساتی لێ هاتۆتە بوون.. جا بەشێوە مەجازی و سیمبۆلییەکەی، یان عەمەلییەکەی بێت؟!
 سوتاندنی هەزاران کتێب، لەلایەن نازییەکانەوە.. لەساڵی هەزار و نۆسەد و سی و سێ-دا، بەئامادەبوونی سەد هەزار بینەر لەبەرلین، وەک گوزارشتێک بۆ سڕینەوەی هەموو فیکر و بۆچوونێک کەنەتوانێت وەک ئەوان، پڕاو پڕ بێت لەڕک و ئێرەیی و ناحەزیی و سڕینەوەو ڕەفزکردنەوەی موتڵەقانەی هەموو ئەوەی جودایە لێیان.. ئەو کەشە عەمەلییە تەریب و ڕێک و هارمۆنییە لەگەڵ توانستی لەناوبردن و کوشتنی نووسەران و بیرمەندان و هونەرمەندانی نەیار.. کەبەدرێژایی مێژوو ئەمە لێرەو لەوێی جیهان و بەجیاوازی جۆری سیستم و دەسەڵاتەکان.. لێکچوو و نزیک لەیەک، یان خراپتر و ترسناکتر دووبارە بۆتەوە؟! 
کاتێک نازییەکان لەو بۆنە زۆر گرنگەی سووتاندنی بەکۆمەڵی کتێبەکاندا، کتێبەکانی: {مارکس و فرۆید و زۆلا و شتاینبێگ و هەمەنگوای و ئانیشتاین و برۆست و ئێچ جی وێڵز و جاک لندن و هاینریش هاینە و بەرتۆڵد برێخت} دەسووتێنن.. شایانی باسە، لەقەڵەمڕەوی حوکمی دەسەڵاتی شوورەویی کەدژە تەڕح و فیکر و جیهانبینی نازییەکان بوو.. شتێکی لەوەی ئەوان باشتر؛ لەمامەڵەو هەڵسوکەوتیاندا، دەرحەق بەنووسەر و کتێبەنەیارەکان نەبینرایەوە!؟ هەمیشە دەسەڵات و ئەقڵییەتی دۆگمایانەی حوکمکردن لەڕێی تیۆریزە پۆلەتیکییەکانیانەوە، کۆشش بۆ سڕینەوەو لەناوبردنی نەیارەکانیان دەکەن و بەدرێژایی مێژووش، نەک هەر بوونی فیزیکی نووسەران و بیرمەندان کەوتۆتە بەر مەترسی، بەڵکو بوونی دەقەکانیش ئەگەر دانەرانیان هەزاران ساڵ لەمەوپێشیش ژیابێتن، ئەوە لەمڕۆی حوکمی دەسەڵاتێکی دژدا، جێگەی ڕەزامەندی و گرتنەخۆ نییە. ئەگینا ئەگەر وانەبێت بۆ دەبێت بەدرێژایی مێژوو جگە لەکوشتن و سووتاندن و لەناوبردنی بیرمەندان و نووسەران، سووتاندنی کتێب یان فڕێدانی بۆ نێو ڕووباران، بەشێک بێت لەو کەشەی کەسوپای داگیرکاران پاش ئیغتیساب و ئەتککردن و سەربڕین و لەناوبردن و کوشت و کوشتار، کردبێتیان؟! 

کاتێک "شیهوانگ"ی تزاری چین، لەسەردەمی حوکمکردنیدا، پرۆسەی نەخوێندنەوەو نەخوێندەواری ڕادەگەیەنێت؛ بەفەرمانی ئەو سەرجەم کتێبە هەبووەکانی ژێر سایەی  ئیمپراتۆرییەتەکەی دەسووتێنرێت!؟
 کالیگۆلا لەسەردەمی حوکومڕانییەکەیدا؛ فەرمان بەلەناوبردنی سەرجەم کتێبەکانی "هۆمیرۆس و ڤێرجێل و لیڤیۆس" دەدات.
 لە چوار سەد و چل و یەکی پێش زایین-دا لەئەسینا، سەرجەم کتێبەکانی پرۆتاگۆراس-یان سووتاند و ئەم دووبارە بوونەوەی سووتاندنی کتێبەش؛ بەدرێژایی دیرۆکی دەسەڵاتداران و ئۆتۆریتەی حاکمەکان، جێگەی لێکۆڵینەوە و لێخوردبوونەوەیەکی جوداو تایبەتن.. نمونەیەکی تری ئەم سووتاندنە.. لەکتێبی لاپەڕە ٣٢٠ی"وەهم و شوناس"دا وتومە:
( بۆ نموونە لەگێڕانەوە مێژووییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کەکاتێک "سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس" وڵاتی فارس داگیردەکات و دەگاتە کتێبخانەی –جندیشاپوور-و پرس بەخەلیفە "عومەری کوڕی خەتاب" دەکات؟! لەوەڵامدا فەرمانی "عومەر"ی پێدەگات دەرحەق بەسووتاندنیان و هەمان حیکایەتیش سەبارەت بەکتێبخانەی "ئەسکەندەرییە" دووبارە دەبێتەوەو بەهەمان شێوە کاتێک "عومەری کوڕی عاس" پاش پرسکردنی؛ فەرمانی خەلیفە"عومەری کوڕی خەتاب"ی پێدەگات کەدەڵێت:
ئەگەر باشن ئەوە خودا لەوە باشتری پێ بەخشیووین کەقورئانە..ئەگەر خراپیشن ئەوە بۆ نێو ئاگر باشن)...
هەندێک گێڕانەوەی تریش هەن کەگوایە کتێبە بێ شوومارەکانی فارس، لەجێی سووتاندن.. فڕێ دروانەتە نێو ڕووبارەوەو ئەمەش دەبێتە مەسەلەیەکی تر و شایانی سەرنجدان و لێکۆڵینەوەیە، وەک جیاوازی سووتان و فڕێدانە نێو ئاو و هۆکارەکانی، لەکاتێکدا هەردوو کردەکە دەرئەنجامەکەیان نەهێشتن و لەناوبردنی کتێبەکانە.. بەڵام ئەوەی وەک مێژووییەکی سەلمێنراو تا ئێستا کتێبەکانی مێژوو جەختی لێدەکەنەوە، کردەی فڕێدانی پەڕتووکانی شاری بەغدایە لەلایەن مەغۆلەکانەوە بۆ نێو ئاوی دیجلە و ڕەشبوونی ڕووبارەکەیە بەمەرەکەبی کتێبە نووسراوەکان.
کەواتە ئەو خوێندنەوەیەی پەیوەستە بەنووسینی نێو دوو توێی کتێبەکانەوە؛ خودان مێژوویەکی جیاوازترە لەوەی سەرپێی تەسەوور دەکرێت، تەنانەت دەتوانین بڵێین خاوەن مێژووییەکی کوشندەی زۆر ترسناکیشە.. وەک ترسناکیی "بایبڵ"ە وەرگێڕدراوەکەی "مارتن لۆسەر"، یان نووسینەکانی تری.. ئەو دەمەی کەلەدەرەوەی سنووری ڕێگەپێدراویدا، دەست پیاوانی سەر بەدەسەڵاتی پاپا دەکەوتن، نووسینەکەو هەڵگرەکەی دەسووتێنران.. ئیتر هەرچۆنێک بووبێت، هەندێک تێکست و نووسین لەجێی سووتاندن؛ لەباوەڵ و کون و کەلێنی سەردابە تاریک و پاسارە  نهێنییەکانی هەندێک شوێندا هەڵدەگیران و لەهەمووشی سەیرتر حەشاردانی هەندێکیان بوولەنێو تاک و تەرای چەند " دێر و کڵێسایەک"دا!؟

 یەکێک لەو شتە سەیرانەش، وەک دەگێڕنەوە؛ ئەو کتێبانە بوو کە"جۆردانۆ برۆنۆ" بەشاراوەیی لە کڵێسایەکدا دۆزینیەوە.. ئەمە گێڕانەوەیەکی ئەفسووون ئامێزی کاریگەرە؛ سەبارەت دۆزینەوەی دەستنووسەکانی "کۆپەرنیکۆس" و زۆرێک لەو ڕاو و بۆچوونە قەدەغەو شاراوانەی سەردەمە تاریکەکانی ئۆروپا.. ئیدی وەک دەگێڕنەوە هەموو ئەوەی کەوتە بەردیدەی ئەو زاتە فەیلەسووف و زانا بەئەسڵ قەشەیە، بووە مایەی گۆڕان و وەرچەرخانێکی بێ وێنەو نەشیاوو نەگونجاو، بەراورد بەسەردەمەکەی، کەبێ چەندوچوون.. ڕێگەدان بەتەرزە تەرح و ڕاوبۆچوونی جوداو جیاواز؛ لەو سەردەمانەدا ئاستەم بوون؟! ئەو دەم وێناکردنی گەردوون لەمەرکەزیەتی زەمین-ەوە سەرچاوەی دەگرت و ئەمەش ئەوەبوو کە"بەتڵیمۆس" دایڕشتبوو.. نەدەکرا، هیچ کەسێک بیرکردنەوەیەکی جیاواز و دژ  بەمەی هەبێت.. هەرچەند جێی سەرنج و پرسیارە گەر بڵێین میسرییەکانی سەردەمی حوکمی فیرعەونەکان.. حەقیقەتی مەرکەزی نەبوونی زەمین و مەرکەزییەتی خۆر-یان زانیوەو لەوانیشەوە ئەو زانیارییانە گەیشتۆتە لای گریک-ەکان و لەوێشەوە دەرئەنجامی وەرگێڕان و دەستا و دەست پێکردنی ئەو سەرچاوە پەنهان و نهێنییانەی کەزۆربەیان لەڕێی وەرگێڕانیانەوە؛ هاتنەوە بۆ نێو فیکری ئۆروپایی و دواجار ئەمەو چەندین هۆکاری تر، بوونە مایەی ڕێنیسانس و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کەلەبنڕا ئۆروپایان هەژاند.. ماوەتە بڵێین خوێندنەوەو دۆزینەوەی سەرچاوە نهێنییەکانی زانست و لێخوردبوونەوەو گەیشتنە ئەنجامی "جۆردانۆ برۆنۆ" دەرحەق بەکۆمەڵێک بیروباوەڕ و تێزی فەلەکی-یانەی نوێ.. سەرباری لاوازبوون ونەمانی باوەڕی بەگەلێک پرەنسیپی نێو مانیفێستۆ، پێشتر سەقامگیر و جێگرەکانی دنیای ئایینی کاسۆلیکەکان..هەموو ئەمانەو کۆمەڵە مەسەلەیەکی تریش بوونە مایەی ئەوەی کەلەساڵی هەزار و شەس سەد-داو لەگۆڕەپانی "کامپۆ دی فیۆری" لەڕۆما؛ لەسەر بیروباوەڕە جیاوازەکانی بسووتێنرێت؟!
کەواتە هەرچەند وەک "گۆستاف فلۆبێر" لەنامەیەکیدا بۆ خاتوو "شانتیپی" دەنووسێت:
" بخوێنەوە بۆ ئەوەی بژییت؟"..

بەڵام لەحیکایەتەکەی "جۆردانۆ برۆنۆ"دا وەک تەنها نموونەیەک، بینیمان چۆن خوێندنەوەیەکی زانستییانەو کرداریانەی گۆڕانکارانەو دەرئەنجامی تەڕحکردنی بۆ جیهانبینی و تێزێکی نوێی ڕوانینە گەردوون و هەڵگێڕانەوەی فامکردنە هەڵەکانی پێشووتر، ئەو پیاوەی بەرەو مەرگێکی تراژیدی و ترسناک برد؛ واتە لەجێی ئەوەی بژی.. کوژرا؟!
جار هەیە ئەوەی لەلایەن نووسەرانێکەوە وتراوەو نووسراوە زۆر سادەتر و بچوکترە لەوەی بەنووسینە فەلەکی و فەلسەفی و زانستئامێزەکانی "جۆردانۆ بڕۆنۆ"و هاوشێوەکانی بەراورد بکرێت، بەڵام خاوەنەکانیان لەلایەن کەسانێکی دژ بەبۆچوون و دنیابینییەکانی ئەوان، کوژراون؟!
ئیدی ئەم سڕینەوە فیزیکییە لێرەو لەوێ وسەرەڕای جیاوازی جوگرافیا و دەسەڵاتەکان، بەدرێژایی مێژوو و لەکات و ساتی جیاوازدا.. لێکچوو یان جیاواز دووبارە بوونەتەوە.. بۆ نموونە، بەسەرهاتی کوژرانی نووسەری سیاسی "موسا عەنتەر" و هەڵهاتنی بکوژەکەی بۆ سوید و پاشان ئیعتیرافکردنی بەتاوانەکەی و گێڕانەوەی ئەوەی کەکردوویەتی لای "ڕەهشان عەنتەر"ی کچی نووسەرە کوژراوەکە؛ پاش یەکتر بینینان لەسوید و زۆر وردەکاری تری دۆزەکە، شایان بەنووسین و لێکۆڵینەوەن.. ئاخرچەند سەیرە نەپرسین بۆ "موسا عەنتەر" لەو ساتەوەختە مێژووییەدا کوژرا؟ دەبێت بپرسین؛ ئەگەر لەو سات و وەختەدا نەکوژرایە چی ڕوویدەدا؟ لەهەمووشی سەیرتر.. چۆن بکوژەکەی گەیشتە سوید و بۆ ددانی بەتاوانەکەیدا نا؟! 
داخوا "عەنتەر" بەهۆی نووسینەکانییەوە کوژرا، یان بەهۆی ئەو کارێزماو کاریگەرییەوە کوژرا، کەهەیبوو؟! ئیدی ئەگەر نووسین لەهەموو ئەم شتانە نەکۆڵێتەوەو نەیکاتە بابەتی نووسین و لێكۆڵینەوە، ئەدی؛ بوون یان نەبوونی وەک کردەیەک.. بۆ چی باشە؟!

کەواتە ئەگەر بەشێکی پرسیارەکەتان؛ پرسیار بێت سەبارەت بەوەی مرۆڤ بۆ دەنووسێت و بنیادەمانی نووسەر چییان لەکردەی نووسین گەرەکە؟ ئەوە دەشێت لەسەرەوەڕا دوور و نزیک شتێکمان دەربارەی بەرجەستە کردبێت و جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەکردنیشە کاتێک دەبینین، پێش ئەوەی، هەندێک لەتەرزەکانی نووسین بەشێک بێت لەجەنجاڵ کردنی دنیاو خوڵقاندن و وروژاندنی کۆمەڵێ کێشەو دۆزی دژ بەیەک و ئاڵۆز..کەهەندێک کات لەنێو دنیای نووسیندا ڕووبەڕووی ئەم جۆرە بگرەو بەردەو پێکدادانە دەروونییانە دەبینەوە لای ئەم نووسەر و ئەو نووسەر، بەبەرجەستەکراوی لەنمونە و ئەلگۆکاندا دێتە پێشچاومان..ئەوە دەبێت بڵێین خودی ژمارەیەکی زۆری نووسەرانیش، کەسانی فریشتە ئاساو مەعسوم نین و دەبێت لەپێناو مامەڵە لەگەڵ دەقە زیندووەکانیاندا، خودی خۆیان وەک کاراکتەر، بەشاردنەوەو سڕینەوە بسپێرین..هەر ئەمەشە کەزۆرجاران ئاماژەم پێداوە؛ لەئەهمییەتی جیاکردنەوەی زاتییەت و حیکایەت و گوزەران و بەسەرهاتی شەخسییانەی دانەری تێکست؛ بەتایبەتیش تێکستە ئەدەبییەکان، لەخودی دانراو و نووسراو و بەرجەستکراوی نێو تێکستەکەیاندا.
لەیەکێک لەڕۆمانە کاریگەرەکانی " هەمەنگوای"دا بەناوی " بەفر لەسەر چیاکانی کلیمنجارۆ"دا دەبینین کاراکتەری ڕۆمانەکە لەسەرەمەرگدا هەموو ئەو حیکایەتانەی وەبیردێتەوە کەنەیتوانیوە بینووسێت و ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر کاریگەر و زیرەکانەی ڕۆماننووسێکی جدی و بەنامێ-یە، هەر ئەمەشە پەیوەستە بەو پرسیارەی کەدەپرسێت نووسین بەرەو کوێمان دەبات و لەکوێدا تەواو دەبێت و کەی دەبێت بوەستین..لای "فۆکنەر"یش دنیا بینییەکەی لەو جۆرە هەیەو پێی وایە تەنها مەرگ دەتوانێت نووسەری باش بوەستێنێت لەنووسین و هەر ئەمەشە وای لێدەکات لەچاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بەوە بکات؛ کەئەگەر هۆمیرۆس و شەکسپیر تا ئەمڕۆ لەژیاندا مابان و لەنووسیندا بەردەوام بوونایە؛ ئەوە پێویست نەبوو نووسەرانی تر هەبن و بنووسن؟! 
ئەم وەڵامە زادەی تێروانین و جیهانبینی یەکێکە لەو ڕۆماننووسە بەتوانایانەی کەژیانی خۆی تەنها بۆ نووسین تەرخانکردو تەنها داواکارییەکیشیان بۆ بەردەوامی لەنووسین، هەندێک پێداویستی  سەرەتایی و تایبەت بەبژێوی بنیادەمانێکی ئاسایی بوو؟! ئاماژەدانیشی بە هۆمیرۆس و شەکسپیر لەخۆڕا نەبووەو ئەو وەڵامەی تێڕامان و بیرکردنەوەی زۆری گەرەکەو لێرەدا ناکرێت بەحوکمی سنوورداری خستنەڕووی ئەوەی مەبەستە، زیاتر ڕۆبچین.

 بۆیە دەچینەوە سەر "هەمەنگوای" و دەڵێین، ئەم پیاوە قووڵ و راستەقینەیە لەنووسیندا، گەر وەک زۆر کەس دەخوازێت؛ خۆمان لەژیان و گوزەرانی وەک تاکێک بدەین، دەگەینە زۆر شوێن لە کار و کردەوە  نەشیاوەکانی.. هەر وەک چۆن تاوانبارکرا بەبەزاندن و جێ بەجێنەکردنی بەندەکانی پەیماننامەی ژنێف، ئەو دەمەی بووە کۆماندانی میلیشیا فەڕەنسییەکان دژ بەنازییەکان و ڕۆژێک پێشگەیشتنی هێزی هاوپەیمانان خۆی و تاقمە شەڕکەرەکەی گەیشتنە پاریس.  
ئەوەی "هەمەنگوای"و سەرجەم ئەوەی لەبارەی ژیانی شەخسییەوە باسکراوە، ئاساییە لەچاو ئەو نووسەرانەی تاوانبارن؛ بەبەکارهێنانی کەسانی تر لەنووسینی نووسینەکانیاندا..وەک تاوانبارکردنی شەکسپیر لەلایەن گەلێک لێکۆڵەر و نووسەرانەوە، لەوانە "هنری واترسۆن"و "کالڤین هوفمان"ە.. جێگەی ئاماژەپێدانە "هۆفمان" لەهەموو ئەوانەی پێشووتر قووڵتر چووە نێو ئەو تێورییەی کەپێی وایە "کریستۆڤەر مارلۆ" نووسەری ڕاستەقینەی سەرجەم نووسینەکانی شەکسپیرەو دیاریکردن و ڕاگەیاندنی مەرگیشی؛ تەنها بۆ وونکردنی ناوی "مارلۆ" و ئیبرازپێکردنی "شەکسپیر"ەو بێگومان ئەمەش پەیوەستە بەهەندێک هۆکار و وردەکاری ترەوە کەدەشێت ببێتە باسێکی سەربەخۆ.

هەروەها دەوترێت "مۆلێر" "نووسەرێکی سێبەری" بەناوی "کۆرنێ" بەکارهێناوە لەنووسینی دەقەکانیداو ئەمەش لەساڵی هەزار و نۆسەد و نۆزدەدا، لەلایەن "پییر لویس"ەوە،  لە وتارێکیدا خراوەتەڕوو..بەهەمان شێوە دەوترێت "ئەلێکسەندەر دۆما" بە"پێدانی کرێ" نووسینەکانی لەلایەن "ئۆگست مارکی" ناوێکەوە نووسراون؟!
 لەهەمووشی سەیر وسەرنجڕاکێشتر، ئەو هەوڵە بوو کەیەکێک لەمێینە نمایشکارەکانی جلوبەرگی بەڕەگەز ئینگلیز.. بەمەبەستی بوونە ڕۆماننووس، بەپارە "نووسەرێکی سێبەری" ڕاسپارد، تا لەبری ئەو بنووسێت و پاش ئەوەی کتێبەکەی سەرکەوتنێکی زۆر و شوهرەتێکی زۆری بەدەست هێنا.. نووسەرە ئەسڵییەکە کەقەولە بەنهێنی و لەسێبەردا و بەشاراوەیی بنووسێت؛ ئەمەی پێ قووت نەچوو.. هەربۆیە خۆی کەشفکرد و بەڕۆمانێک ویستی ڕاست و دروستی قسەکانی بسەلمێنێیت و بزانرێت ئەوە؛ ئەوە نووسەرە ئەسڵییەکە؟! بەڵام کتێبەکەی لەئاست پەرۆشی خوێنەران و چەشن و چۆنییەتی تەکنیکی سەرکەتووانەی کتێبدا، فەشەلی هێنا.
هەرچییەکیشی وت نەیتوانی ڕاوبۆچوونی خوێنەران؛ سەبارەت بەڕۆمانی سەرکەوتووی نمایشکاری جل و بەرگە ئینگلیزەکە.. بگۆڕێت؟!
بۆیە دەبێت بپرسین نووسین چییە؟ چۆن دەبێت ئەو کەسەی نووسەری ڕاستەقینەی ڕۆمانەکەیە، وەک لەنموونەکەی سەرەوەدا ئاماژەمان پێداوە، ڕۆمانەکەی نەخوێندرێتەوەو کەچی هەر ئەوەی خودی ئەو نووسەرە نووسیوویەتی؛ بەناوی کەسێکی ترەوە شایانی خوێندنەوە بێت و بخوێنرێتەوە؟!
 کەواتە زۆر هۆکار و شتگەلی دیکە هەن، لەدەرەوەی چۆنییەتی و چەشنی بابەت و فانتازیا و  مامەڵەی ئەدەبییانە و تەکنیک و تان و پۆ و شێوازی جەزب و ئەو بگرەو بەردانەی تر کەدەبنە مایەی ڕاکێشانی خوێنەران و ئەمەش گرفت و کێشەیەکی هەستیارە!

 بۆ نموونە ئەگەر باوەڕ بەو تیۆرییەی، نووسەری ئەسڵیی دەقەکانی "شەکسپیر" بهێنین، کەگوایە"کریستۆفەر مارلۆ"یە.. کەواتە دەبێت بڵێین دیارە "مارلۆ" ناتوانێت وەک شەخس ببێتە مایەی ڕاکێشانی بینەران و خوێنەران لەکاتی خۆنمایشکردن و دەرکەوتنی فیزیکی و جەستەیی خۆیدا، بەڵام بەهێنانە ناوەوەی ئەکتەرێکی بەتوانای وەک شەکسپیر و ناساندنی وەک نووسەری حەقیقی دەقەکانی، ئەو دەم ئەوە  ڕوودەدا کەڕوویدا.. ئەگەر وابێت؛ ئەمە چ ناکۆکی و سەیر و سەمەرەییەکە لەدنیای نووسیندا؟!
سەبارەت بەناسینەوەی دەقی نەمر و دەقی مردووش، وەک پرسیووتانەو لەجێی خۆیدایەتی بڵێین؛ تێڕوانین و گردبوونەوەو بەباش زانین و نەزانینی خوێنەران، سەبارەت بەدەقێکی دیاریکراو و لەسەردەمێکی دیاریکراودا "نیسبی"ن و پێ ناچێت خوێنەرانی زۆر باش و باڵا لەئاستە ئەبستمۆلۆژییەکاندا، هەمان ئەدەبیات و ڕۆمان-گەل و وتار و خوێندنەوەو نووسینی باوی قبووڵکراو لای خوێنەرە ئاساییەکان.. لای ئەوانیش هەمان کاریگەرییان هەبێت.. واتە دەکرێت بەجۆرێکی تر بڵێین کەمتر گومان لەئاستی ئەو نووسەرانە دەکرێت کەکۆمەڵێک خوێنەری دیاریکراویان هەیە.. بەبەراورد لەگەڵ ئەو نووسەرانەی کەبەلێشاو و وەک دیاردە خوێنەرانێکی زۆر ڕوودەکەنە خوێندنەوەیان؟! داخوا دەکرێت بڵێین "جێمس جۆیس" نووسەرێکی باش نییە؟! ئەوەی لای زۆرێک لەخوێنەرە جدییەکانی دنیا بووەتە یەقین؛ توانای داهێنەرانەی ئەو پیاوەیە لەنووسیندا.. بەڵام ئەمە لای بۆرخیس-ی خوێنەر و نووسەر وانییەو لەوتارێکیدا کەلەچلەکانی سەدەی ڕابردوودا نووسیویەتی، پێی وایە خوێندنەوەی کتێبی " الاقتداء بالمسیح"ی "تۆما هیمیرکین" وەک ئەوەیە دەقێکی "جیمس جویس" بخوێنیتەوە؟!

هەرچەند بەپێی ئەو یاساو دەستوورە ئەبستمۆلۆژیانەی کەدەگەڕێتەوە بۆ "دوو سەدە" پاش لەدایک بوونی مەسیح، ئاماژە بەوە کراوە، تێکستی نوێ، جێی تێکستی کۆن دەگرێتەوە.. لەبەر ئەوەی گوایە تێکستی نوێ، سەرجەم ئەوەی پێشتر لەخۆ دەگرێت.. کەچی ئەمە لای بۆرخیس وانییەو هەر وەک ئاماژەشمان پێدا تێکستەکانی "جۆیس" لای ئەو هیچ بارستەو سەنگێکیان نییە؟! هەر بۆیە دەیشوبهێنێت بەتێکستێکی پێشینە وکۆنی قەشەیەکی ئیمانداری سادەو ساکار؟ 
دەبێت ئەوەش بڵێین "بۆرخیس" یەکێکە لەو خوێنەرە دەگمەنانەی زۆر بەتایبەت و دانسقە دەستنیشانی ئەو دەقانەی کردووە کەدەشێت بخوێنرێنەوەو تەنانەت زۆر مەبەستدارانە.. بەردەوام، هەندێک لەو کتێبە ناوازانەی کەبەلایەوە کاریگەر بوون؛ لەخوێندنەوەیەکی بەردەوامی دووبارەبووەدا، بەمەبەستی نەترازان و پەیوەست مانەوەی بەو جۆرە نووسینانەوە، ئیدامەکاریی کردووە؟!
شایانی باسە "گۆتەنبێرگ"بەدۆزینەوەکەی؛ بووە داهێنەری دنیایەکی مەجازی نوێی نووسین و  لەدۆخی پێشووتری کەدەبوو "نەسساخ-ەکان" لەسەرەخۆ و بەهەوڵ و کۆششێکی زۆر تێکستەکان بنووسنەوە؛ هێنایە دەرو هێدی هێدیش گەیشتە ئەو خێراییەی دواتری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و بڵاوکراوەکان.. "سێرڤانتیس" لەڕۆمانی "دۆن کیخۆتە"کەیدا بەدوور و درێژی باسی چاپ و چاپخانەی سەردەمەکەی دەترنجێنێتە نێو ماجەرای هەڵسووڕانی پاڵەوانەکەیەوە.. هەرچەند ئەمە ئەگەر وەک حەشووی ڕۆمانەکەشی بێتە پێشچاو، بەڵام زۆر بەئاگایانە "سێرڤانتیس" دەیەوێت پێمان بڵێت، بۆیە کتێبەکەی ئەو جیاوازە لەکتێبی شۆڕەسواری و ماجەرای سەردەمی بەدەستنووسینەوەی نەسساخ-ەکان؛چونکە ئیدی ئەو دنیایەی ئەو تێیدا دەنووسێت، دنیایەکی نوێیەو بێگومان پێویستی بەتەرزە نووسینێکی نوێ-شە.
سەبارەت بەوەی کەکامە نووسینە دەڕۆستی تێپەڕکردنی سەردەمەکەی خۆی هەیەو دەتوانێت لەسەردەمەکانی تریشدا بخوێنرێتەوە؟ داخوا لەمەدا نووسەر باڵادەستە یان خوێنەر؟
"فرانز کافکا" ساڵی هەزار و نۆسەد و چوار، لەنامەیەکیدا بۆ "ئۆسکار بولاک"ی هاوڕێی؛ دەڵێت: 
{ ...ئەگەر ئەو کتێبەی دەیخوێنینەوە وەک زەبرێک نەبێت بۆ سەر کاسەسەرمان و بەئاگامان نەهێنێتەوە.. ئەدی بۆ دەیخوێنینەوە؟!.. بۆ ئەوەی بەختەوەر بین وەک بۆتان نووسیووم؟ خوا هاوار.. ئەگەر کتێبیش نەبایە، هەر دەکرا بەختەوەر ببین و ئەو کتێبانەی کەبەختەوەریشمان دەکەن، دەکرێت کەپێویستمان پێی بوو، بینووسین؟! ئێمە پێویستمان بەو جۆرە کتێبانەیە کەوەک ئەو بەڵایانەی کەئازارمان دەدەن بەسەرماندا ببارێن.. وەک مەرگی ئەو کەسانەی لەخۆمان زێدەتر خۆشمان دەوێن.. وەک ئەو هەستەی لامان دروست دەبێت، کاتێک وادەزانین دوور لەخەڵکی، بەرەو دارستانەکان دوورخراوینەتەوە.. کتێب دەبێت وەک ئەو تەشوێ-یە بێت کەدەتوانێت بەستەڵەکی نێومان وردو خاش بکات و ئەمەش تەسەووری منە}.

دەتوانین بڵێین خوێندنەوە، یەکێکە لەو کردە ئەفسووناوییانەی؛ دەشێت سەیرترین نمونەی لای "ئەلبێرتۆ مانگوێل" ببینینەوە، لەوەڵامدانەوەی پرسیارێکدا دەڵێت:
{ من زۆر لەژێر کاریگەری ئەو ساتانەدام کەئەدەب دەتوانێت پێناسەی دنیای تێدا بکات و هەر وەک ئەو ساتەی "جۆزێف برۆدسکی" شاعیری براوەی خەڵاتی نۆبڵ. لەکاتێکدا لەڕوسیا زیندانی بووەو لەپڕ کۆمەڵە چامەیەکی "ئۆدن"؛ شاعیری بەڕەگەز ئینگلیزی بەدەست دەگات ولەمیانی قەسیدەکانی "ئۆدن"ەوە هەستی ئازادبوون و ئیمکانی ئازادی لا گەش دەبێتەوەو بڕیار دەدات ببێتە شاعیر؟ چۆن ئەمە ڕوودەدات؟ چۆن شاعیرێکی ئینگلیزی ڕۆچوو لەنێو کلتووری خۆیدا، ئەم هەموو کاریگەرییەی بۆ سەر گەنجێکی زیندانی لەسیبریا دەبێت و ئەمە زیاتر لەموعجیزە دەچێت و ڕۆژانەش موعجیزەی لەو چەشنە ڕوودەدەن}.
لەکۆتایشدا؛ سەبارەت بەوەی کەدەپرسن، کەی دەبێت نووسەر دەستبەرداری نووسین ببێت.. لە لاپەرەی ٣٥٢-ی -وەهم و شوناس-دا وتومە:
{خوان ڕۆلفۆ... ئەم نووسەرە پاش نووسینی "کۆردیلیرا"، کاتێک زانی ئەو جدییەتەی تێدا نییە کەئەو مەبەستییەتی و بەتێڕوانینی خۆی جوان نییە، تێکستەکەی دڕاندو ئیدی زانی لەبەردەم دەرکەیەکی کڵۆم دراودایەو چیدی هیچی دیکەشی نەنووسی. بەڵام لای ئێمە گرنگ نییە نووسەر چی دەنووسێت؟!.. گرنگ ئەوەیە تا دوا نەفەسی ژیانی بەردەوام بێت و ئیدامە بەناوی خۆی بدات، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو شەڕ لەسەر پێشەنگێتی خۆشی بکات وهیچ کاتێکیش ئامادە نەبێت لەسەر ئەو عەرشە وەهمییەی کەئەو پێی وایە تەنها خۆی بۆی هەیە لەسەری دابنیشێت بێتە خوارەوە. هەوڵدانی میکاڤیلییانە بۆ پاراستنی ناو، نەرجسییەت تێپەڕدەکات.. کەسێک ئەگەر جدیەتییەکی هەبووبێت لەنووسیندا، ئەوە باش دەزانێت دەبێت لەڕۆژگارێکدا بۆ خۆی ڕابوەستێت، نەک پاش خڵەفانیشی هەر بەردەوام بێت؟!.}.

 

 

پەڕتووکە چاپکراوەکانی نووسەر:
• دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان/رۆمان/چاپخانەی شڤان-سلێمانی٢٠٠٦.
• تەنھا ڕۆژێکی سارد/رۆمان/دەزگای موکریان/ھەولێر/٢٠٠٨.
• پێخەفێک لەخوێن/ھونەری گێڕانەوە/دەزگای ئاراس/ھەولێر/٢٠٠٨.
• ماجەراکانی سەلمانی فارسی/رۆمان/یانەی قەڵەم/سلێمانی٢٠٠٩.
• وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان/ رۆمان/بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی/٢٠٠٩.
• وەھم و شوناس/ گفتوگۆو وتار/چاپخانەی یاد/ سلێمانی/٢٠١٢.
• کۆتاییەکان/ئەنفارار/ ھونەری گێڕانەوە-سردیات/بەزمانی ئەمازیغی-دار کەبەدانی-مەغریب٢٠١٥.
izadyusf@gmail.com