لە ٩ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٢، (مەلالە یوسف زەئی) بەر دەسترێژی فیشەک دەدرێت و فیشەک بەر سەری و ملی دەکەوێت. تەقەکەرەکە چەکدارێکی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبانە و هۆی ئەم کۆششی تێرۆرکردنەی مەلالە دەگەڕێنێتەوە بۆ بڕیاری قەدەغەکردنی تاڵیبانەکانی پاکستان کە کچان نابێ بچنە قوتابخانە و مەلالەش بە بەردەوامبوونی بۆ چوون بۆ قوتابخانە، ئەم فتوای قەدەغەکردنە، پشتگوێ دەخات.
بۆیەش هاتوچۆی مەلالەی بچکۆلە بۆ قوتابخانە بەخۆیی و کۆلەپشتەکەیەوە، لە وڵاتێکی تردا کە تاڵیبانەکان هەژموونییەکی گەورەیان هەیە، کاتێک مەلالە دەڵێ: من هەر دەچمە قوتابخانە، لە سەرتاسەری دنیادا دەبیسترێت.
"کاتێک هەموو دنیا بێدەنگە، تاکە دەنگێک بەهێز وکاریگەر دەبێت". ئەم دەربڕینەیە کە بە یەکێک لە وتە جوانەکانی مەلالە دادەنرێت، لە دایکبووی ئەم دۆخەیە کە من زۆر بە کوورتی لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا.

بە کورتییەکەی: لە بێدەنگی دنیایەکدا ، نووزەیەکی بچکۆلە وەک بۆمبا دەنگی دێ.
هەلومەرجی ژنان لە کوردوستاندا، ئەگەر لە زۆر ڕووەوە لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستاندا جیاوازی هەبێت، بەڵام لە زۆر ڕووی ترەوە، لەگەڵ سیستەمی جەندەری تاڵیباندا، جیاوازییەکی ئەوتۆییان نییە. هاتوهاوار و زریکەی ژنکوژی کورد لەمڕۆدا هەر بە تەنها زریکەیەکی لۆکالێ نییە کە لە کوردستاندا دەبیسترێت، بەڵکو ژنکوژی پیاوی کورد لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستاندا، سەردێڕی ڕۆژنامەکانی ئەوروپایە.
لە ناو دنیایەکی قاندراو بە سیاسەت و کولتور و ترادیسۆینی دژەژنی کۆمەلگای کوردیدا، لە جیهانێکدا کە:

لێرە تۆلەکە هەرزانترە، یان قژی پێرەژنێ؟
لفکە شامی گرانترە یان مەمکی بێوەژنێ؟
یەک تاڵە مووی سمێڵی خێڵێک
بەرابەر چەند زریکەی ژنە؟

شاعیرێک دێت و لە ناو ئەم دارستانی قریشکە و هاوارەدا، کە بە بێدەنگییەکی گەورە دەوور دراوە، دەیەوێ ئەو دەنگە بێت کە تەلیسمی بێدەنگی بشکێنێت و مەلالە ئاسا، دڕ بە جیهانی بێدەنگی بدات.بەڵام سەیر ئەوەیە لەگەڵ بەهێزی دەنگی ئەویشدا، کۆمەلگا و ئیلیتە خوێندەوارەکەی ، دەنگی ئەویش لە بێدەنگییەکی گەورەترەوە دەپێچێت و لە بەرانبەر ئەم دەنگەدا کە دەبوایە سەرنجی بۆ جیهانی کەڕولاڵی کۆمەڵگا ڕابکێشایە، ئەویش بە بێدەنگی دەسپێردرێ.

"کتێبی ملوانکە"ی شیرکۆ بێکەس (١) لەگەڵ دەنگی یەک بەیەکی موور و سوورا و ملوانکە جۆراوجۆرەکانی ناویدا کە مێژووی ئەم دارستانی هاوار و مامەڵە تاڵیبانئاسایەی کۆمەلگای کوردیە بەرانبەر بە کچ و ژنەکانی و دەیەوێ بۆ ساتێک لە بەرانبەریدا ڕاوەستین،کەچی زۆر بێدەنگ تێدەپەڕێت و نیگایەکی ناچیتە سەر. بەوەی شێرکۆ یەکێک لە ناوە هەرە گەورەکانی شیعری کوردییە و بەرهەمەکانی خوێنەرێکی زۆری هەیە و نووسین لەسەر بەرهەمە تازەکانی کاریكی ئاسایی بووە، بەڵام لە بەدبەختی ئەم پیاوەدا، چۆن دۆزەخی قاندراوی ژنانی کورد کاتێک وەک تایتڵی ڕۆژنامەیەک باسی لێوە دەکرێت و هیچ دەنگێک دروست ناکات، بە هەمان شێوەش ئەم بەرهەمەی شێرکۆ، وەک دەنگی پاڵەوانەکانی ناو کتێبەکە، بە فەرامۆشی دەسپێردرێت و جەدەلێک لەسەری دروست نابێت.
کۆششی من لەم نووسینەدا، سەرنجدانە لە یەکێک لە بەهێزترین کۆمەلەشیعری شیرکۆ بێکەس کە ناکرێت هەروا بە بێدەنگی بەسەرماندا تێپەڕێت.

 

دەنگی ناو شیعر

سەرەتا قەسیدەکە بە کۆمەڵێک دەنگ دەست پێ دەکات وەک : دەنگی ملوانکەیەکی زەیتوونی عاشق، دەنگی سووراوی لێوێکی جوان و ئازا. بەڵام شێرکۆ سەرتاپای قەسیدەکە دەداتە دەست دەنگی ملوانکەیەکی لەش شینی چاوسەوز کە هێشتا :" زیندووە و نەوەی تازەی گووناهەکانە و دەیەوێ هەموو خواوەندە نێرەکان و هەموو پەیامە نێرەکان لەبەردەم پرسیاردا ڕابگرێ و سەرلەنوێ ژیان بنووسێتەوە. "
شێرکۆ لێرەدا دەنگی خۆی دەداتە دەست ئەم ملوانکەیە و بە وتەی خۆی:" ئەگەر پێویست بێ پاڵەوان هەبێ، ئەم ملوانکەیە پاڵەوانی ئەم دەقەی ئەوە."
ئەم ملوانکەیە کاتێک ساڵ و مێژووی لە دایکبوونی خۆی دەگێڕێتەوە دەلێ:

لە توخمی مێم
خەڵکی زەریام
لە دایکەوە بە بنەچە
دەچینەوە سەر خەونەکانی مەرجان و
لە باوکەوە
ئەچینەوە سەر خێڵەکانی مرواری

لەیەکەم ڕۆژی دەرهێنانی ئەم مراوریەوە، یەکسەر ئەو جوداسازییەی کە سیستەمی جەندەری کۆمەڵگا لە پەیوەند بە دروستکردنی نێرێتی و مێیتی لە کۆمەلگادا دەبێ پەیڕەوی لێ بکرێت، دەکەوێتە کار.

ئەو دەمەی هاتمە سەر زەوی و
بۆ یەکەم جار هەتاو لێی دام
بریقەیشم نزیک نزیک
دای لە چاوی چوار پێنج پیاوێ و
کە زانییان بەردێکی مێم
ئەوسا ئیتر سمێڵیان کەوتە پێکەنین
هەر بەباوەش هەڵیانگرتم و ماچیانکردم و
لە بەردی نێریان دابڕیم.

کاتێک ئەم مراورییە جوانە دەکرێتە ملوانکە و دەفرۆشرێت و لە سەر ڕەفەی کۆگایەکی شووشەبەندی سەر شەقامێکی گشتیدا، لەگەڵ چەند ملوانکەی تردا داەدەنرێت بۆ کڕیاران، ئەوسا یەکسەر هەست بەو جوداسازییە گەورەیە دەکات کە چۆن ڕۆلەکان بەسەر نێرێتی و مییەتی لە کۆمەلگادا دابەش دەکرێن و چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگا لە بەرامبەریاندا چۆنە و چۆنیش نێرەکان و مێیەکان دەکەونە ناو تۆڕێکی گەورە لە مامەڵەی جووداوە لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا. ژیانێکی نوێ کە جیاوازییەکی گەورەی هەیە لەگەڵ ژیانی ژێر ئاودا کە هەستی دەکرد، قسەکانی ژێر ئاو نەرمن و پەیوەندییەکانی نێوان نێر و مێ وەکو یەک وان.

شێرکۆ وەستایانە لە ڕێگەی دانانی مووکێشێکی پیاوانەی سەر زل و قاچ خوارەوە، زنجیرێکی سەعاتی پیاوانەی دەروون پڕ گڕێوە، گوێزانی ڕیشتاشین، قەڵەمبڕ، قایشی کەمەر و مقەستی بەر سمـێڵ، بۆینباخێکی سوورفڵی دڕێژەوە، لە ڕەفەکانی دیکەی دوکانی " مێلاقە"دا، ئەو جیهانە دەسازێنێ کە تەنها ژن دەتوانێت هەست بە بوونییان بکات و ڕەفتارییان بخوێنێتەوە.
ئەوەتانێ بۆینباخە سوورفڵەکە: بەدەنگی بەرز، پیادەڕۆی سەرشەقامیش گوێیان لێێە، ئەکەوێتە تالیق لێ دان: مێ بۆ بێدەنگی و مووبەق و ناو پێخەف و هیچی تر نا"
بەڵام سەرڕەفەکانی ئەم کۆگایە، هەر شوێنی ئەم جۆرە لە فیگۆری پیاوانە نین تا دۆزەخێک بۆ ماسکارا و سووراو ملوانکەکانی دیکە بخوڵقێنن.
بەڵکو شووشەبەندی لێیە، بە پاندانەکەی تەنیشتی هەر خەریکی شتنووسینە، عەینەکێکی چاوباشقاڵی قۆزی لێیە، هەر گۆرانییان بۆ دەڵێ. بۆیە لە هیچ شوێنێکی تێکستەکەدا خوێنەر ناتوانێ "کتێبی ملوانکە" بکاتە مانیفێستێکی دژی پیاوان و پێیوابێ ئەم تێکستە لە دیدگایەکی ئەنتی پیاوبوونەوە نووسراوە.
شێرکۆ لەم تێکستەدا، لە ڕێگای ئەو وێنە شیعریانەوە کە بە مقەست یان مووکیشێکی دەدات تەواوی ئەو نۆرم و بەها کۆمەلایەتی و چاوەڕوانیاننەی کە کۆمەڵگا لە ناو سیسیتەمە جەندەرییەکەی خۆیدا دەستنیشانی کردوووە بۆ ئەوەی کە نێربوون و مێبوون دەبێت چۆن بێت، وەستایانە دروست دەکاتەوە.

"لین ئولمان" لە ڕۆمانی " (بێقەراران)دا کە بیوگرافیەکی شەخسییە سەبارەت بە باوکی خۆی کە "ئینگمار بێریمان"، لە پاساژێکی تایبەتیدا ئاماژەیەکی سەیر بە عادەتێکی ئەم گەورە دەرهێنەرە جیهانییە دەدات کە ناوهێنانی جێگای سەرنجە لە پەیوەند بە خوێندنەوەی شێرکۆ بۆ چەمکەکانی نیرێتی و مێیتی لە قەسیدەی "کتێبی ملوانکە"دا. ئولمان دەنووسێ: باوکم لە هەفتەیەکدا چەند خولەکێکی دادەنا بۆ ئەوەی ببێتە کەسێکی دی. ئەمە نەک بە مانای ڕۆچوونە ناو ناخی خۆوە بۆ ئەوەی بزانێ فڵانە ڕۆڵی سینەمای چۆن دەکرێ نمایش بکرێت و چ شتێک لە کاراکتەرێکی وەک کابرایەکی قەسابدا هەیە کە دەکرێ سەرنجی بدرێتێ، بەڵکو لەو گۆشەنیگایەوەی کە ئەگەر ئەو بۆ ماوەیەکی کورتیش کەسێکی دیکە بێت، چۆن هەست بە ژیان دەکرێت.
بە کورتییەکەی: ئەگەر بۆ ساتێکیش ئینسان چاوەکانی دابخات و پێی وا بێت بۆ ماوەی چارەکێک تۆ منداڵێکی دەستگێڕی سەر شەقامی شارێکیت، تۆ هەست بەچی دەکەیت. بە بڕوای من ئەم عادەتە هەفتانەییەی (بێریمان) لووتکەی ئینسانیبوونی کەسێک نیشان دەدات بۆ ئەوەی لە چاوی کەسێکی دیکەوە سەرنج لە ژیان بدات.
نیگایەک کە هەموومان پێویستمانە تا لە بەر نیگاکانی "ئەوی دی"دا کە ڕووبەڕوو لەبەر چاودا نییە، بتوانیت سەرنج لە خۆت بدەیت، هەست بەوە بکەیت کە ئەویدی هەستی پێ دەکات .
بۆیە کاتێک شیرکۆ بێکەس لە " کتێبی ملوانکە" دا دەنووسێت

درەنگە و درەنگە و ئەمەوێ
"با"ی قسەی گیرخواردووی مێینەم
ڕاچڵەکێ و هەڵکات و
دابچێ و بمرێت و.....

وەک دەنگی سپی ملوانکەیەکی زەیتوونی عاشق تۆمار دەکات بەرلەوەی بە پەتەکەی خۆی بیخنکێنن، زیاتر وەک دەنگی مێینەی ناو کەسی خودی شێرکۆ دێتە دەر و شێرکۆ لەم شاکارە جوانەیدا ڕێک ئەو کارە دەکات دەکات کە "ئینگمار بێریمان" هەفتانە خەریکی بوو.
بەڵام وەک چۆن موکیش و سەعات و بۆینباخی ناو ئەم کۆگایە دەفرۆشرێن و دەکەونە لای کەسانی دی، ئەم ملوانکە چاوشینەی ناو کۆگای مێلاقەیش لە لایەن مامۆستایەکی کچەوە دەکڕدرێت و لە یەکەم چرکەساتی چوونە ناو جانتاکەی شانییەوە، لەگەڵ دەستەخوشکەکانی دیکەی ناو جانتاکەدا، دەکەوێتە ناو ئەو جیهانەوەی کە ئینسانی کچ لە کۆمەلگای کوردیدا ، چ لە ماڵ و چ لە دەرەوەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
کتێبی ملوانکە، بە جیا لە دەیەها چەخماخەی شیعری نازدار کە بەندت دەکەن و ڕاتدەگرن تا لە بەرانبەریاندا ڕاوەستیت، سەفەری ئەم ملوانکەیەیە کە لە ڕێگای هەڵگرەکەیەوە تا جیهانی ژنبوون لە کۆمەلگای کوردیا نیشان بدرێت.
بەڵام بۆ ئەوەی ئەم چیرۆکە بە تەنها گێرانەوەی ملوانکەیەکی تەنیا نەبێت و لە سنوورەکانی تاکەکەسی ژیانی هەڵگرەکەیدا قەتیس نەبێت، بولبولی مەدالیای سەربەرۆکی خانم و قەلەمی برۆ و متومووروە جۆراوجۆرەکانی دیکەی خانم کە لە شەواندا دەچنە دەرێ و سەر بەو کونج و کەلەبەرانەی دیکەی شاردا دەکەن تا بزانن ژنانی دی چۆن دەژین. بەمەش شیرکۆ فەزایەکی فراوانتر لە بەرانبەر خوێنەردا دەکاتەوە تا تراژیدیای ژنبوون لە کۆمەلگای ئێمەدا، لە ڕووبەریکی فراوانتردا نیشان بدات.

لە "کتێبی ملوانکە"دا شیرکۆ دەست لە هیچ ناپارێزێ. یەک بە یەکی ئەو جومگانەی کە ژێردەستەیی ژن بەرهەم دەهێننەوە دەخاتە بەر نیگای شیعر.

"باوکم هەر خۆی نییە، یەک لەشکری تەیاری لە ژمارەنەهاتووی هەموو سەدەکانی لەگەڵە. لەشکری خودا بە هەڕەشەی دۆزەخێکی هەمیشە نێڵەنێڵ سووتاوەوە. باوکم هەر خۆی نییە، هەرچی دێوجامەی هەزارساڵەی کولتووری ڕاوە لای ئەوە. باوکم وەک خودا بێباکە و چوون دەمی شمشێری هەڵکێشراو لەبەر سوورە هەتاودا بریقە بریقێتی. ئەو مووی ڕیشی لە ئاوی شەرەف هەڵکێشاوە، بۆیە پیاوە. باوکم کتێبی نامووس و حەیای لەناوگەڵدا داناوە و لە چاوی ئەو کونانەوە تەماشی دنیای فانی دەکات. قانوون لەو بووە، جەڵدە وەچەی ئەوە. باوکم تۆڵەیەکی ئەبەدییە و جەنگێکی بێ کۆتایی. باوکم پیاوە پیاو، سمێڵە سمێڵ، باوکم خەنجەرە خەنجەر. باوکم هەر خۆی نییە، نیشتیمان لە پشتییەوە ئەڕوا و مێژوو نووکتەی بۆ دەگیڕێتەوە و حەیاوحورمەت کڕنووشی بۆ ئەبا"

لەم کتێبیەدا، جومگەگەلێکی زۆری ژیانی ژنان تیشکییان دەخرێتە سەر، بەڵام شەرەف و خەنجەربوونی باوکێک کە ئەگەر ژیانی شارنشینیشی بۆ خۆی هەڵبژاردبێت، هێشتاش نەیتوانییەوە دێوجامەکانی کولتوری ڕاوی لێ بسەنێتەوە، لە سووچ و بەسەرهاتی جۆراوجۆری پاڵەوانەکاندا دێتەوە بەر باس.
ئاخر لە ڕاستیشدا بناغەیتریتن پرسیارێک لە کۆمەلگای کوردیدا لە بەرامبەر پرسیارەکانی یەکسانییدا، لە دەوری مافەکانی ژنان چەقی نەبەستووە. بەڵکو لەسەر خودی مافی مانەوەی ژنە کاتێک شەرەف بە جۆرێکی دیکە هێنرایە پێناسەکردن کە لەگەڵ پێناسەکەی باوکدا یەک ناگرێتەوە. دەکرێ ژن بەڕێوەبەری گەورەترین کۆمپانیا بێت ، ئەندامی پەرلەمان بێت یان کچێکی شوونەکردووی ماڵ بێت، کاتێک قاچ لەو دیو سنوورە پێناسەنەکراوەکانی کولتوری شەرەفەوە دادەنرێت، ئەوسا سەرتاپای مافەکان هەرەس دەهێنێت و ژیان خۆی لە مەترسیدایە. بۆیە پرسی یەکسانی لە کوردستاندا، لە دەوری فراوانکردنەوەی پانتاییەکانی ماف نییە لە ژیاندا، بەڵکو لە پلەی یەکدا بەرگریکردنە لە خودی مانەوە، لە خودی بوون و نەبوونی ژن.

 

جەندەر و ڕژێمی جەندەر لە کتێبی ملوانکەدا

شێرکۆ لە زۆر قەسیدە و بۆنەی جۆراوجۆردا شیعری بۆ ژنان نووسیوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا ئاوا خوێندنەوەیەکی سیستیماتیکییانەی بۆ پرسی یەکسانی و خستنە ژێر پرسیاری ئەو سیستەمە جەندەرییەی لە کوردستاندا کاردەکات، نەکردووە.
کتێبی ملوانکە، پڕۆژەیەکی کامڵی شاعیرێکە کە دەیەوێ پرسی یەکسانی لە پڕۆژەیەکی سەرتاپاگیردا و لە نیشتیمانێکی دروستکراوی دیکەدا بسازێنێتەوە کە سنووری نێوان ڕەگەزەکان جێگایەکی ئەوتۆ لە ژیانی ڕۆژانەیادا داگیر نەکات و ئینسانبوون پێوەری بەهرەمەندبوونی ئینسانەکان بێت نەک نێر یاخود مێبوون. ئەگەر شێرکۆ لە قەسیدەی "ئێستا کچێک نیشتیمانمە" بە شوێن نیشتیمانێکی ترەوەیە بۆ ژیانی ئینسانەکان کە دوورە لە پێناسە ناسیونالیستییەکان، ئەوا لە "کتێبی ملوانکە"دا، کچەکانی نیشتیمان دەخاتەوە ئەو شوێنەی کە نیشتیمانی تازە دەخوازێ چۆن بن. شێرکۆ بەم هەنگاوەی گورزێکی کوشندە لەو درۆ گەورەیە دەدات کە لەناو بزووتنەوە ناسیونالیستییەکانی دنیادا ڕەواجی پێ دەدرێ کە گوایە: تا نیشتیمان ڕزگار نەبێت، ڕزگارکردنی ژنان مەحاڵە. کتێبی ملوانکە چەند ساڵێک بەر لە نووسینی "ئێستا کچێک نیشتیمانمە" نووسراوە و پەیامی دێر بە دێری حەکایەتی ملوانکەکان هیچ شتێک نییە جگە لە دەستکاریکردنێکی ڕادیکاڵانەی شیعری بۆ پەیوەندی نێوان یەکسانی و ڕزگاری ژنان لەگەڵ ڕزگارکردنی نیشتیماندا.

سەیرێکی ئەم نەخشە ڕەنگڕێژکراوەی شیرکۆ بکەن بۆ خوێندنەوەی ئەو سیستەمی جەندەرەی لە کوردستاندا کاردەکات.

"لێرە. لێرە. لێرە، شتومەک بێ و کەلوپەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ: دیوار نێرە، شەقام نێرە، درەخت مێیە و کۆلانی تەنگ و باریکیش زۆربەیان مێ. بەهار و هاوین نێرینەن. پاییز و زستان مێینەن. ڕۆژ نێرە و شەو مێ. ئاگر نێرە و خۆلەمێش مێ. نهۆمەکانی سەرەوە نێر و ژێرزەمینیش زۆربەیان مێ. شاخ نێرە و دۆلەکان مێ. لێرە. لێرە. لێرە: ئاو مێیە و بەربەست نێرە. هەڵم مێیە. ماسی مێیە و چەشەیش نێرە. باران مێیە. باخچەکان مێن. سپی مێیە و سووریش نێرە. سروودەکان هەموو نێر و بەستەکانیش زۆربەیان مێ. دوولەسەرسێی ئازارەکان مێینەن و حەرام مێیە و حەڵالیش نێر. بەشی زۆری سێبەرەکان مێینەن و بەشی زۆری فەرمانەکان نێر. خودا نێرە و عەرشەکەی مێ. هەموو مافوورەکان مێن و هەموو کورسییەکان نێر. هەموو تەنافەکان مێن و هەموو گیرەکان نێر. بەفر مێیە و ڕەشەبا نێر. دووکەڵکێشەکان زۆربەیان مێن و نێڵەنێڵی ئاگری توونییش زۆربەیان نێر. جگەرە نێرە و تەپلەکی جگەرە مێ. لێرە. لێرە. لێرە، بەرگی پێشەوەی هەموو کتێبەکان نێرن و بەرگی دواوەیش مێ. گڵۆپی ترافیکەکان هەموویان نێرن و خەتی پەڕینەوەی سەر شەقامەکانیش هەموویان مێن.
وشە مێیە و تەباشیر مێیە و لاستیکی خەتکوژانەوە و تەختەسڕ نێر. لێرە هەموو مەتنەکان نێرن و هەموو پەڕاوێزەکان مێ. تەلەفیزیۆن نێرە و مێزەکەی ژێریشی مێ. لێفە نێرە و دۆشەک مێ. پەنجەرەکان مێن و پەردەکانیان نێر. هەموو ماشێنەکان نێرن و هەموو پارکەکان مێ. چادرەکان نێرن و پەردەو کوللەکان مێ. تابلۆکان مێن و چوارچێوەکان نێر. دەسکەوان دەسکەکەی نێرە و خۆیشی مێ. دەرزی نێرە و دەزوو مێ. شیعر مێیە و سانسۆر نێرە. گێژاو نێرە و بواری هێوریش مێ. لافاو نێرە و داروپەردووی سەرئاوکەوتوویش مێ. بوومەلەرزە نێرە و وێرانەیش مێ. بزە مێیە و مۆڕەیش نێرە. لێرە. لێرە. لێرە: ژیان نێرە و مردن مێ. "

لە لێکۆڵینەوە ئەکادیمیەکاندا، جەندەر بە ڕەگەزی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت. نەک ڕەگەزی بایۆلۆژی (٢) بۆ نموونە بەوەی کە دارا نێرە و زارا مێیە گوایە یەکەمییان مەمکی نییە و دووەمیان هەیەتی.
واتا جەندەر ئەو جۆرە لە ڕەگەزە کە لە باری کۆمەلایەتی و کولتورییەوە ڕۆژانە دروست دەکرێتەوە. بەوەی کە کۆمەلگا چ چاوەڕوانییەکی لە ڕەگەزەکان هەیە، چ نۆرم و عورف وعادەتێک دەبێ پەیڕەوی لێ بکرێت و نێر و مێبوون لە کۆمەلگادا دەبێ چۆن بێت. ئەم جۆرە لە ڕەگەز، پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە ڕەگەزی بایۆلۆژییەوە نییە و کۆمەلگا خوڵقاندوویەتی. سواری پاسکیلبوون تا ڕۆژگارێکی کەمێک دوور نا کردەیەکی کوڕانە بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە ناوگەڵی ئینسانەکانەوە نەبووە و نۆرم و بەها کولتوورییەکانی کۆمەلگای کوردی دروستی کردووە. ئەم جۆرە لە ڕەگەزی کۆمەڵایەتی کە لە ناو کولتور و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا دروست دەکرێت، پێی دەوترێت. ڕەگەزی جەندەر.
ئەم بەها جۆراوجۆر و چاوەڕوانییە جۆراوجۆرانەی کە لە ڕەگەزەکان دەکرێ لە هەوادا ڕوو نادات و پەیڕەوی لە سیستەمێکی جەندەری دەکات کە پێێ دەوترێت ڕژێمی جەندەر. (ئیڤۆن هیردمان)، ژنە مێژوونووسی سویدی ئاوا بەشێک سترۆکتۆرەکانی ڕووندەکاتەوە:" ڕژێمی جەندەر خاوەنی دوو خەسڵەتی تایبەتە کە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە جەندەرییەکانی کۆمەلگا دادەنێ. یەکەمییان هیرارکییەتە و دوومیان توخمێکی لێکجیاسازی.، دیکۆتۆمی" (٣))(دیکۆتۆمی بە مانای دابەشکرنی یەکەیەکە بەسەر دوو بەشی لەیەک جیاوازدا کە هیچ شتێکیان لەیەک ناچێ).

(ساندرا ‌هاردین) سێ ڕەهەندی دیکە بۆ جەندەر دادەنێت کە لە ئاستەکانی فەرد و سترۆکتۆر و ڕەمزیەتدا دەکرێ ئاماژەیان پێ بدرێ و هەریەکە و بە جۆرێک لە برەوپێدان و کەمکردنەوەی ئەم ڕژێمی جەندەرەدا کاریگەری دادەنێ. (هەمان سەرچاوەی پێشوو).
لە ئاستە سترۆکتۆریەکەیدا دەکرێ سەرنجێ لە سیستەمی کاردابەشکرنی ناو کۆمەلگا بدرێت کە چۆن سیستیماتیک کار و سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر بنەماکانی نێر و مێبوون ڕەنگرێژ دەکات. بۆ نموونە سایەق تاکسی و نانەوایی هەر کارێکی پیاوانەیە و لە دایەنگادا کارکردن پیشەی ژنە.
لە بارە ڕەمزییەکەیدا ئەم سیستەمی جەندەرییە لە زماندا خۆی نیشان دەدات. ژن ناسکە و پیاو ڕەقە. پیاو ئازایە و ژن ترسنۆک.
لە ئاستە فەردییەکەیشیدا، ئاستی خوێندنی تاک و پەروەردە و چوارچێوە کۆمەڵایەتییەکەی تاک کاریگەرییەکی تایبەت لەسەر ئینسانەکان دادەنێ کە چ تێروانینێکی لەسەر رژێمی جەندەر هەبێت.
کاتێک بەم کەمە زانیارییەوە لەسەر ڕژێمی جەندەری کۆمەڵگا سەرنجێک لەم وەسفکردنەی شێرکۆ بێکەس دەدەیت بۆ چیرۆکی :" لێرە. لێرە. لێرە، شتومەک بێ و کەلوپەل بێ و هەرچییەک بێ کە بینیمن من دەزانم نێرن یان مێ"، ئەوسا هەست دەکرێت شێرکۆ چەند چاوتیژانە ئەم نەخشە جەندەرییە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی، سەردەستەیی و ژێردەستەیی ژن و پیاو وەک بەشێک لە هیراکییەتی سیستەم و لێکجووداسازی بە رەهەندە فەردی و ڕەمزی و ستراکتۆرییەکەیەوە پیشانی کۆمەڵگایەک دەدات کە نایەویت بیبینێ.

لە "کتێبی ملوانکە"دا، شیرکۆ ڕۆڵی ئایین لە تراژیدیای دەنکە مرواریەکانیدا بە زەقی نیشان دەدات، بەڵام لە گەلێک شوێندا بە زمانێک دەدوێ کە هێندەی پرسیارکردنە، کەمتر پەنجەی تاوانبارڕاکێشانە لە بەرانبەریدا. بەمەش بەرلەوەی جەنگێکی ئایدیلۆژی لە بەرانبەر ئایندا بەرپاکات، دیدێکی ئیکۆلۆگیانە دەخاتە بەردەم لەچکداری لە کۆمەلگاکانی ڕۆژهەلاتدا.

بڕیارماندا سەردانی "لەچکەکان" بکەین
پێیان بڵێین:
ئاو و هەتاو و مانگەشەو
کلووی بەفر، دەنکە تەرزە،
سروە و جریوەی ئەستێرە و
شەبەنگەکان
نمەی باران
هەر هەموویان لێیان زیزن
چونکە ئەوانن ناهێڵن
بگەنە لای سەروقژییان.

بەڵام دەنکە مرواری ملوانکەی خانم، لە ناو هاواری جەنگ و دەنگی حەڵال و حەرامەکاندا و ئومێدی گۆرانییەکی نوێدا، دەکرێ مەئیوسانە دانیشێت و پێی وا بێ
کە : یەکسانی چییە؟
جگە لە دووکەڵی جگەرەیەک کە ئەویش هەر پیاو
بە (با)ی ئەدا.

یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کەسایەتی شێرکۆ، جگەرەکێشانی لەڕادەبەری ئەوە. ئەگەر ورەبەردان و بێهیوایی یەکێک لە پاڵەوانەکانی کتێبی ملوانکە دەخاتە سەر ئەو دەربڕینەی سەرەوە، ئەوا دەتوانم بڵێم شێرکۆ وەک پیاوێک لە کتێبی ملوانکەدا، هەر هەموو ئەو جومگە سەرەکی و لاوەکییانەی کە نایەکسانی بەرهەم دەهێنێتەوە، لەگەڵ دووکەڵی جگەرەکەیدا بە بای دەدا و جوانترین سروودی یەکسانیمان بۆدەچڕێ.
"کتێبی ملوانکە"، شایەنی ئەوەیە لە هەموو ماڵێکدا هەبێت، بە تایبەت لە کاتێکدا کە حەکایەتی ڕێزگرتن لە ژنان لە ژێر دەربڕینی :"بەهەشت لەژێر پێی دایکاندایە" لەسەر دەستسالارییەکی گەورەدایە و پرسیاری ئەوەی بۆ پێی "پێ نادرێ تا پێی بڕوا و تا پێی بگات" پرسیاری یەکەمی ملوانکە و دەنکەکانیەتی.

١ شێرکۆ بێکەس، کتێبی ملوانکە، چاپخانەی ڕەنج چاپی یەکەم ساڵی ٢٠٠٧

2- http://www.normbryt.se/vad-ar-egentligen-genus/
3- http://www.genus.se/wp-content/uploads/pub_-Genusperspektiv-pa-vardvete… sid 16-17

٢٤ی ئەوگوستی ٢٠٢٠