نیشتیمانی سارا و پرسیاری: كێ خەلکی شاری سلێمانییە؟
بەکر ئەحمەد
20230810

لەسەر دیواری یەکێک لە فارگۆنەکانی شەمەندەفەری بار‌هەڵگری" دان پاگیس" کە جووەکانی تێدا دەگوێزرایە بۆ ئاوشویتز، بە تەباشیر نووسراوە:" لێرە، لەم فارگۆنەدا، من کە ناوم ئێڤایە ، لەگەڵ هابیلی کوڕم دانیشتووین. ئەگەر کەسێک قابیلی کوڕی ئادەم، کوڕە گەورەکەم دەبینێ، تکایە پێی بڵێن کە من...........". (1). نووسینێکی بەجێماو و چارەنووسی لەیەکهەڵوەشاوەی خێزانێک.

لەسەر ڕاستە شەقامێکی شاری سلێمانی کەبەناو گۆڕستانی ٤٠ ساڵێک لەمەوبەری جووەکانی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێ، پیرەمێردێکی جوو، لەسەر شۆستەی قەراغی شەقامەکە دادەنیشێت و دەست دەکات بەناو توورەکەکەی شانیدا. بەردێک دەردێنێ و لەسەر چیمەنتۆی لێوارەکە دایدەنێ. ئەو چاوەکانی دادەخات و لەبەر خۆیەوە دەڵێ:" لە ڕەقی و تەمەنی ئەبەدییەتی خۆتدا، یادی ئێمە هەڵبگرە و بە نەوەی داهاتووی ئەم شارە بڵێ کە ئێمەش لێرە بووین".(2)
لە دیمەنی یەکەمدا، ئێڤای دایک ئوومێد دەخوازێ کە کەسێکی دی ئەم پەیامە بە قابیلی کورە گەورە بگەێنێت کە دایک و برای بچووک ، لێرە بوون. لە فارگۆنێکی قەلەباڵغدا بەرەو ئاوشویتز.
لە دیمەنی دووەمدا، ئێمە ڕووبەڕووی ڕووخساری باپیرە "خایم"ین کە لە دوا ڕۆژەکانی تەمەنیدا، دێتەوە بۆ ئەو شارەی ڕۆژگارێک لە یەکێک لە گەرەکە لەپەراویزخراوەکانی خۆیدا ، لەودیووی سنوورەکانی شیوەکەی جوولەکانەوە، خۆی و هەزارەها ئینسانی دیکەی وەک ئەو لەوێدا دەژیان. هاتۆتەوە و دەیەوێ بە ڕێبوارانی سەرشەقام بڵێ: ئێمەیش لێرە بووین.
"نیشتیمانی سارا" ئەو ڕۆمانەیە کە لەناو ئەدەبیاتدا بە ژانری" سەردی سەجەلەی خێزانی" ناوزەددەکرێت. "مو یان" لە ڕۆمانی " خیمین ناو و حەوت ژیانەکەی" دا سەجەلەی چوار نەوەی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی چین دەگێڕێتەوە و لە ڕێگەی 7 جار زیندووبونەوەوە لە گیانی ئاژەڵێکی تردا، دەبێتە شاهیدی مێژوویەکی 50 ساڵەی وڵاتێک. ڕەنگە نزیکترین کارێکیش لە ئەدەبیاتی کوردیەوە رۆمانی " بەیانییەکەی جەنین"ی سۆزان ئەبولحەوا" بێت کە لە رێگەی چارەنووسی خێزانی جوتیارێک بە ناوی "یەحیا عەبدول حەییە" کە کەسێکی سادەی گوندی "عەین حود"دە وسەرقاڵی ناشتنی داری زەیتوونە لە دێکەی خۆیدا، هەموو تراژیدیای ئەوەی ئەمڕۆ بە کێشەی فەلەستین ناودەبرێت دەخاتە ڕوو. لە کەیسی هەردوو ئەم ڕۆمانانەدا، نووسەر لە هەڵبژاردنی ژیانی کەسیك یان خێزانێکدا، ڕووداوە سیاسی و مێژوویەکانی ئەو سەردەمەی کە دەکرێ مەبەستی نووسەرە، لە کەسایەتیەکانی خێزاندا بەرجەستەدەکات. ئەوەی میرانیش لەم ڕۆمانەدا دەیکات، هەڵبژاردنی بنەماڵەیەکی جووی شاری سلێمانییەو لە ڕیگەی وەچەکانی ئەم بنەماڵەیەوە، میژووی جووەکانی شارەکە و ڕووداوە مێژوویەکانی دەوروبەری کەسایەتییەکان دێتە بەر گێرانەوە. بەڵام نەک گێرانەوەیەکی ئاسایی. بەڵکو هەژاندنی ئەو پرسیارە هەرگیزنەکراوەی کە کۆمەڵگای کوردی قەت لە خۆی نەکردووە: کێ بوون ئەوانەی لە گەرەکی جوولەکاندا بوون و چییان لێهات؟
ئینسان کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە تەواو دەبێت، دەپرسێ: بۆچی ئەم کۆمەلگایە و سیاسییەکانی، شاعیرەکانی و نووسەرەکانی ئەم بابەتەیان لە بێدەنگییەکی ئاوا کوشندەدا هێشتووەتەوە.؟ کامەیە ئەو "گا پیرۆزانە"ی کە دەکرا بەسەربڕین بدرێن ئەگەر ئەم زانیارییانە پێشوو تر بدرکێنرانایە"
میران لە نیشتیمانی سارادا، لەسەر هێلێکی ئاسۆیی زەمەنەوە، لە ڕیگای خایمی گەنجەوە، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە و لە ڕیگای ژمارەیەکی زۆر لە خزم و دۆست و دوژمن و کەسایەتییە سیاسی و ئەدەبییەکانی شارەوە، بە ئاماژە بە بەشێکی گرنگی رووداوە سیاسیەکانی ژیر دەسەڵاتدارێتی ئینگلیز، تابلۆیەکی خوێناوی و تراژیدیای "جووبوون" لە مەمەلەکەتێکدا دەخاتە بەر تیشک کە قوربانیبوونی کورد و تراژیدیا کانی ئەو، ئەو غاێەلەیە بە خەێالی کەسدا ناهێنێت کە ئەم کوردە قوربانییە لەخوێندا گەوزێنراوە، هێندە دڕندەیەکی خۆماڵی بوو بێت لە بەرانبەر هاونیشتیمانیانی خۆیدا کە سەر بە ئاینێکی دیکەن.
نیشتیمانی سارا، ئەگەر چی وەک تابلۆی جووی قوربانی و حەکایەتە تراژیدی و غوربەتە ئەبەدییەکەی ئەو دەکرێ سەرنجی لێبدرێ، هاوکاتیش دەبێتە حەکایەتی قوربانییەکی دی کە خۆی دەبێت بەجەڵلاد . سەیرەکە لەوەدایە کە تا ئێستاش ئەم قوربانییە رەنگە ئەم شووناسە بۆ خۆی قبوڵنەکات و لە بەرگی قوربانییەکی هەمیشەیدا هۆکار بۆ ئەم ڕەفتارەی خۆی بهێنێتەوە. بە واتایەکی دی، سەرنجدانە لە کورد وەک جەللادێک نەک قوربانی.
من لە گەرەکی "گاوران"دا لە دایک بووم و گەورە بووم. لە نزیکەوە ئاگاداری ژیان و پەیوەندی خەلکی گەرەک و مەسیحیەکانی ئەم گەرەکە بچکۆلانەیە هەم. ئەو ڕۆژگارەی کە نەوەی من چاو دەکاتەوە و گەرەکەکانی شار دەناسێ، گەرەکی جوولەکان دەمێکە چۆلکراوە. بەلام ئەگەر ئەم گەرەکە چۆلیش نەکرایە و لە شوێنی خۆیشیدا بوایە دەکرا ببینرێت؟
بە بڕوای من، کاتێک ئینسان گەلێک دیمەنی ناو ڕۆمان دەخوێنێتەوە، وە دوای دەرچوونی ڕۆمانیش گوێبیستی سەرگووزشتەی بەشێک لە پیرەمێردەکانی شار دەبێت، هەستدەکرێت کە گەرەکی جوولەکان و هاوڵاتیانی ئەوێ هیچ کاتێک نەبینراون و لێدان و بەردبارانکرنی ئەوان و ماڵەکانییان هیچ شتێک نەبووە جگە لە پرۆسەیەکی درێژی هەڵاواردنێکی سیستیماتیکانە لەبەرانبەریاندا بە مەبەستی نەبینینیان. هەڵبژاردنی شوێنی گەڕەک لە نزیکی گواوی شارەوە و لە پەراوێزی شاردا، لەبەرچاودوورخستنەوەی جووەکانە لەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییەی کە پێی دەوترێت شار. بەردبارانکرنییان کاتێک دینەدەر، کۆششێکی بەئاگاهێنانەوەی ئەوانە کە: سنوورەکانی خۆتان بزانن و بگەڕێنەوە بۆ ناو کونجی زێرابەکانی خۆتان!
" لە دوای قوتابخانە بە غاردان بەلای گەرەکی سەرشەقام و چوارباخدا تێدەپەڕین. بەردەوام منداڵانی ئەو دوو گەرەکە بەردیان تێدەگرتین تاکو سنووری گەرەکی جوولەکان دوامان دەکەوتن". ڕەنگە ئەم دیمەنە بێتاوانەی "خایم"ی منداڵ هیچ نەبێت لەچاو ئەو دیمەنانەی تردا کە لە رۆمانەکەدا دێنە بەر باس.
تراژیدیای ئینسانی جوو، لە بوارەکانی ئەدەبدا بە فراوانی تۆمارکراوە. هۆلۆکۆستی جووەکان ئەگەر چی وەک کۆششی نازیزم و ئەنتیسیمیتیزمی جیهانی دەکرێ سەیری بکرێت بۆ قڕکردنیان، کەچی لە جیهانی مەمەلەکەتی سارا و ئەو جوگرافیایەی پییدەوترێت جیهانی عەرەبی، لانی کەم بۆ نەوەی من کە لە سەرەتاکانی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا لە سلێمانیدا ژیاوە، بابەتی خوێندن نەبووە.
تەنانەت سیاسەتی ئەنتیسیمێتیزمی دەوڵەتی ڕەسمی لەم ناوچەیەدا کارێکی کردووە کە جووبوونی یەکسانکرۆتەوە بە لایەنگری بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و لە فراوانکردنەوەی ئەنتیسێمێتیزمی کولتوریدا کە ئایین لە پەرەپێدانیدا بەشی شێری پێبڕاوە، دۆزەخێکی سیاسی و کولتوری دەخوڵقێنێ کە تەنها لە ڕۆژگارە ڕەشەکانی ناوەراستی سییەکانی ئەلمانیای نازیدا دەکرێ نموونەی لێبدۆزیتەوە.
"نیشتیمانی سارا" وەک کارێکی ئەدەبی و سەرکەوتوو، بە هەر تێبینییەکی ئەدەبییە وە لەسەر دڕێژبوونی ڕۆمان و مامەلەکردنێکی ڕاپۆریانە بە بەشێک لە رووداوە سیاسییەکانەوە نەک ئەدەبیانە، هێشتاش ئەو وزە گەورەیەی تێدایە کە ئەو پرسیارە لە کۆمەلگای کوردی و بە تایبەت سەرجەم خەلکی شاری سلێمانی بکات : ڕۆڵی ئەوان چی بووە لەم پرۆسەی هەڵاواردن و رەفتارنوواندنیێکی ڕاسیستییانەدا بەرانبەر جووەکانی شارەکەیان کە دەرئەنجامەکەی ناچارکردنی جووەکانی ئەم شارەیە بۆ جێهێشتنی ولات و یان تێكشکاندنی رۆحییەتی دەروونی سەدەها ئینسانی ئەم کۆمەلگا بچووکەی کە رۆژانە دووچاری سووکایەتیکردن دەکرایەوە.
دەربڕینە پڕ لەفرمێسک و خوێناویەکەی باپیرە خایم:" ئێمەش لێرە بووین"، خاڵی کۆتای سەفەرێکە بۆ ئینسانی جوو لە ولاتێکدا کە ئامادەیی ئەوان چەندین هەزار ساڵ بە مێژووی ناوچەکەدا تێدەپەرێت. جووەکانی عێراق و کوردستان، پاشماوەکانی ئەو مێژووە تەوراتییەی جووە کە دەوڵەتی یەهودا تێکدەشکێنرێت و سەرۆک و هاولاتییەکانی ئەم نیمچە ئیماراتە دەگوێزرێنەوە بۆ ژیردسەلاتی بابلییەکان لە 500 ساڵ لە پێش زاینەوە. ئەوەی کە لە مێژوودا بە " دیلەکانی بابلییەکان" دەناسرێتەوە و وەک یەکەمین دیاسپۆرای جوو ئاماژەی پێدەدرێت.
" ئێمەش لێرە بووین"، تەنها دەنگی پێرەمێردێکی جووی کوردستان نییە ، بەڵکو هاواری سەدەها هەزار لە ئینسانە کە مێژوویەکی درێژ لەناوماندا ژیاون و بەشێک لە مێژووی ئەم ولاتە بەرهەمی کار و دەستکردی ئەوانە.


شەوی بلووری و ڕۆژی فەرهود
"عباس شبلاق" لە کتێبی "هجرة أو تهجير: ظروف وملابسات هجرة يهود العراق" (3) دا پێیوایە کە جووەکانی خۆرهەلات لەناویشیاندا عێراق، لە بناغەدا بەشیک لە پرۆژەی کۆلۆنیالیستی زایۆنیستی نەبوون لە فەلستیندا". بە تێڕوانینی ئەو، جووەکانی ئەم ولاتانە بە تایبەت لە عێراقدا، ڕەگێکی داکوتراویان لەناو کۆمەلگاکانی خۆیاندا هەبووە و لە جووبوونیاندا خۆیان وەک گرووپی سەر بە ئاینێک ناساندووە نەک وەک نەتەوەیەکی جیاواز.

بەلام ڕووداوەکانی دوای شکشتپێهێنانی حکومەتەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە ئازاری 1941 دا لەلایەن بەریتانیەکانەوە و ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە دروست دەبێت لەو چەند رۆژەی دوایدا، جووەکانی بەغداد دووچاری گەورەترین زەربەی سیاسی دەکاتەوە لە مێژوودا کە بە پرۆسەی "فەرهود" ناسراوە. تالان و پەلاماردانی ماڵ و دووکانی جووەکانی بەغداد لەم ڕۆژەدا بە کوشتنی 250 تا 300 جوو تەواو دەبێت . ئەم ڕووداوە برینێکی قوڵ لە دڵی جووەکانی بەغداد و عێراقدا هەڵدەکوڵی و لە لاوازکردنی هەستکردنی ئەوان بە ئارامی و ئاسایشدا لە کۆمەلگادا، کاریگەری دادەنێ. بەلام هێشتاش نایانگەێنێتە سەر بڕیاری کۆچکردن بۆ ئیسرائیل. بەڵام لە 4ی مارسی ساڵی 1950 دا، حکومەتەکەی تۆفیق ئەلسوەیدی یاسای ژمارە 1ی سالێ 1950 پەسەند دەکات. ئەم یاسا تازەیە وەک پاشکۆی مەرسومی "اسقاط الجنسیە العراقیە" ژمارە 62 ی ساڵی 1933 دەست بەکار دەکات و بەپیی ئەم یاسا کۆن و تازانە، هەر هاوڵاتییەکی عێراقی مافی هاولاتیبوونی عێراقی لێدەسەندرێتەوە ئەگەر بە ئارەزووی خۆی ولات جێبهێڵێت. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە حکوومەتی عێراقی لەدەرکردنی بڕیاری لێسەندنەوەی ئینتیمای هاولاتیبووندا هیچ ڕێگرییەکی لەسەر ماڵ و موڵکی ئەوانەدا دانەنابوو کە ولات جێدێلن، بەلام لە 8ی مارسی ساڵی 1951بریار لەسەر "تجمید"کردنی سەروەت و سامانی ئەو جووانە دەردەکات کە یاسای "اسقاط الجنسیە العراقیە" دەیگرتنەوە.
سەرنجێک لەم پرۆسە خێرایەی سیاسەت، لە ئازاری 1941 وە بۆ ئازاری 1951، بەرژەوەندی ئینگلیز و ئەلمانیا لە ناوچەکە و ریزبەستنە جیهانییەکانی نیوان کۆمۆنیزم و ناسیونالیزم و هەلکشانی ناسیونالیزمێکی فاشیستی کە لە ئەلمانیای نازیدا ئومێدێک دەبینێتەوە بۆ وەستانەوە لەبەرانبەر داگیرکردنی ئینگلیزدا بۆعێراق، بۆ هەردوو ناسوینالیزمی کوردی و عەرەبییش، ئەو کەش و هەوا ناسازگارەیە کە بە گوێرەی داتاکانی دەولەتی ئیسرائیل خۆی، 124646 هەزار جووی عێراق لە نێوان سالەکانی 1948 تا 1953 دا عیراقیان جێهێشتووە. بێگوومان ئەوەشمان بیر نەچێت کە زایۆنیزم وەک تەرەفێکی دیکەی ئەم ململانێ ناسیونالیستییە هەوساربەرەلایەیە، بەشی خۆی بەردەکەوێت.
رووداوەکانی دوای "فەرهود" و ئەو ئاڵوگۆڕە یاساییانەی کە لە عێراقدا پێکدێن، هاوتەریبی هەرهەمان مێژووی مامەلەیە بە پرسی جوو لە ئەلمانیای نازیدا و "شەوی بلوری" نازییەکان ڕێنیشاندەری فاشیستەکانی عێراقە بۆ دووپاتکردنەوەی ئەم شەوە لە رۆژی رووناکدا لە بەغدادا بە هەمان بێڕەحمی و درندانەبوونی خۆیەوە. ئەوەی لە عێراقدا دەگوزەرێ سەبارەت بە مامەلکردن بە یەکێک لە کۆنترین ئاینزاکانی وڵاتێکی وەک عێراقەوە، ناکرێ وەک کۆچی ئارەزوومەندانەی جووەکانی عێراق سەیری بکرێت. بەلکو پرۆسەی "ترحیل و تهجیر"ێکی قەسری بووە کە هیچ ئازادییەک بۆ ئینسان ناهێڵێتەوە.
بۆ ئەوەی ئینسان کەمێک لە تێڕوانینە ئەنتیسێمیتیزمەکانی خۆی بێتە دەرەوە و بە چاوێکی بێلایەنانەوە سەیری ئەم پرۆسەیە بکات، ئەوا "ترحیل و تهجیر"ی کوردە فەیلییەکان لە سەرەتایی ساڵەکانی 1980ی عێراقدا نموونەیەکی زیندووە و بە سەدەها داوی بینراو ونەبینراوەوە هەمان نەخشە ڕووندەکاتەوە کە پێشتر لەسەر سەری جووەکاندا تاقیکرابووەوە.
ئەگەر ئەم شیکردنەوە سادەییەی سەرەوە بەشێک لە نەخشەی سیاسی و پاڵنەری پلەیەکی پرسیاری: بۆ لێرە نەمانی باپیرە خایم بێت، ئەوا رەفتاری ڕۆژانەی خەلکی شاری سلێمانی، ئەو دۆزەخە قاندراوەیە کە جووەکانی ئەم شارە بخاتە سەر کەڵکەڵەی پرسیاری: بۆ لێرە بین؟
كێ خەڵکی سلێمانییە؟
"جوولەکە هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە، هەر جوولەکەیە….هتد”، (4) لێکۆڵینەوەیەکی گەورەی  622 لاپەڕەیی (لارش . ئێم ئەندەرسۆنە) لەسەر ئەو گۆڤارە ساتیریانەی کە لە سەرەتای سەدەی بیستدا(1900-1930) ی سویددا دەردەچوون. تەواوی مەتریاڵی ساتیرئاسای ئەو سەردەمەی سوید، بە کاریکاتێر و نوکتە و چیرۆکەکانیانەوە، قارەمانێکی هەیە کە جووە. پرسیاری ئەندەرسۆن ئەوەیە، بۆچی جوو دەبێتە پاڵەوانی ئەم نوکتە و کاریکاتێرانەی سەرەتای سەدەی بیستی سوید؟ ئەو هۆکارانە چین لە پشت بەرهەمهێنانەوەی ئەم وێنەیەی جووەوەیە؟ ئەگەرچیش جوولەکە لەو زەمەنە مێژووییەی سویددا، بەبەراورد بە ولاتەکانی دیکەی ئەوروپادا، ژمارەیەکی ئێجگار کەمن.
بەڵام گوتاری ئەنتیسیمیتیزم (دژایەتی جوو) لە سویدیشدا وەک سەرتاسەری ناوچەکانی ئەوروپا گەورەیە. ئاخر ئەم گوتارە گەورەترین پانتایی لە ڕۆشنبیری ئەوروپادا داگیر کردووە و لە تەواوی پرۆژە فیکری و ئەدەبی و سیاسییەکانی ئەوروپادا، ئەنتیسیمیتیزم، جێگای هەیە.
ئینسانی جوو لە تەواوی ڕۆژنامە ساتیرییەکانی ئەم سەردەمەدا، لە بچووکترین جوڵەیەوە بۆ گەورەترینی، جێگای تەنزە. پیاوی جوو لە پیاوی ئاسایی ناچێت. ژنانی ترن و هەتا بڵێی ناشیریینن. ژنەکانیان وەک پیاوانی جوو چاوچنۆک و پارەپەرستن. نە ڕیتواڵە ئایینییەکانیان لە ڕیتواڵێکی ئایینی دەچێت، نە سێکسکردنیان. زەواجیان پرۆسەیەکی تەواو بازرگانییە. ئیسانی جوو پیسوپۆخڵە، نە لەبەر ئەوەی خۆی ناشوات، بەڵکو بەهۆی ئەوەوەی کە کارەکەی پۆخڵە. 
بەڵام ئەندەرسۆن وەلامی ئەو پرسیارانە لەوەدا دەبینێتەوە کە ئەم زەمەنە مێژووییە سوید، هاوکاتە بە شەپۆلە گەورەکانی مۆدێرنیتە و پرۆسەی دروستکردنی نەتەوەی سویدەوە. 
ئەندەرسۆن دەنووسێت:” لەناو گۆڤارە ساتیرییە ناودارەکانی  ئەو سەردەمەدا بوو کە دید و بۆچوونی ڕۆژانە سەبارەت بە شوناسی نەتەوەیی خوڵقێنرا. سویدیبوون وەک دژێکی ئەوی دیکەی  جوو پێناسەدەکرا، ئەنتیسیمیتیزمیش بووە ئەو گوتارەی گرنگەی کە بە هۆیە وەسفی ئەوە بکەیت کە سویدییە”.(
ڕەنگە بیرکردنەوەیەکی قوڵی تێۆریت پێویست نەبێت بۆ ئەوەی بەو دەرئەنجامە بگەیت کە پرۆسەی دروستکردنی شوناس و دووبارە تۆخکردنەوەی سنوورەکانی شوناسی گروپی خۆ، پێویستی "بەوی دی"یەکی سەر بە گرووپێکی دیکە هەیە تا پرۆسەکە مەیسەر بێت. بوونی گروپێکی ئاینی دیکەی وەک جوو و ئامادەیی گوتاری ئەنتیسیمیتیزم بەو شێوە فراوانییە گەردوونییە و مێژووییەی کە لای ئێمە هەیە، زۆر ئاسان دەکرێ بەکار بهێنرێت بۆ پێناسەکردنی شووناسی خۆ لە شارێکی وەک سلێمانیدا. لە کاتێکدا کە شوناسی کوردبوون لەو زەمەنەدا لە سەرەتاکانی شکڵگرتنی خۆیدایە و شار وردە وردە چەکەرەکانی شاربوون لە ناویدا چرۆدەکات. بۆیە دوورخستنەوەی "ئەوانی دی" غەیری کوردی موسولمان لە جەرگەی شارەوە و نیشتەجێکردنییان لای گواوی شارەوە، بەرلەوەی دەرئەنجامی ماستەرپلانێکی ئیداری شار بێت، دەرئەنجامی سنوورجیاکردنەوەیەکی کۆمەلایەتیە کەلەسەر بنەماکانی ئینتیمای ئاینئ "ئەوانی دی" غەیری کود و غەیری موسوڵمانەوە ئیلهام وەردەگرێت.
بە بڕوای من سلێمانی ئەگەر چی تێکەڵەیەکی هەمە ڕەنگە لە ئینسانی دێهات، ئێرانی، مەسیحی و ڕۆژگارێکیش جوولەکە و چەندەها گروپی دیکە کە ناکرێت بژمێردرێن، پێکهاتووە. ئەم شارە دەکاتە شارێکی هێترۆجێن، واتا تێکەلەیەک لە کەسانی لەیەکنەچوو. بەلام ئەو شوناسەی کە وەک دروستکراوێکی کۆمەلایەتی شوناسی ئەم شارە پێناسەدەکاتەوە، دەیکاتە شووناسێک بۆ گرووپێکی هۆمۆجێن. واتا لەیەک چوو. بۆیەش جیاوازی لە ناویدا دەبێ بتووێنرێتەوە یان بەو جۆرە قبوڵبکرێت کە مەسافەڕاگرتنی سنوورەکانی گرووپی خۆ لەگەل ئەوانی دیدا مسۆگەر دەکات.
جوولەکەبوون و مەسیحیبوون لە شارێکی وەک سلێمانیدا، تەنها لە ماڵدا وەک شوناسی خۆ دەمێنێتەوە. ئەندامانی ئەم گرووپانە لەدەرەوە کوردن و لە ماڵیشەوە بۆیان هەیە لە دۆخی مەسیحیەکاندا، مەسیحی بن و لە دۆخی جووەکاندا، لە ماڵیشدا بۆ ئەوەی جوو بن، دەبێ تەحەمولی بەردبارانکردن و سووکایەتیپێکردنیش ببنەوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە جەدەلەکانی کۆمەلگای فرەکولتۆریدا وەک سیاسەت باسیلێدەکرێت ئەوەیە کە ئایا دەولەت پەیرەوی لە سیاسەتی ئەنتیگراسیۆنی کۆچبەران دەکات یان بەشوێن ئەسیمیلازسیۆنیانەوەیە. یەکەمیان بەواتای ئاوێزانکردنیان و تێکەلاوکردنییان لەناو کۆمەلگای تازەدا و دووەمیشیان بەمانای تواندنەوەیانە لە ناو کولتوری ولاتی نوێدا بێ گوێدانە پێشینە ئاینی و کولتووریەکانیان. لە دۆخی جوو و مەسیحیەکانی شارێکی وەک سلیمانیدا، تواندنەوەی ئەوان لە ڕووبەری گشتیدا بە زەقی هەستی پێدەکرێت. واتا ئەسیمیلازیشەپێکردنیان. بەلام بەوەی ئینتیماکانی گرووپی جوو، هێندە وەک هەرەشەیەکی بەهێز بۆسەر سنورەکانی گروپی خۆ سەرنجدەدرێت، لە "گێتۆ"کردنیان دەبێتە واقعیەتێکی تاڵ. بە بڕوای من، بەرلەوەی نازیستەکان یەکەمین گێتۆ بۆ جووەکانی پۆلۆنیا دروست بکەن کە بە گێتۆی وارشۆ ناودەبرێت لە مێژوودا. گەرەکی جوولەکان دەبێتە یەکەمین گێتۆیەک کە ئەنتیسیمیتیزمی کوردی سنوورەکانی بەدەوردا دەکێشێت. ئینسان زۆر سادە لە تۆپبارانی نوکتەکانی سڵێمانییەوە بۆ گرووپە جۆراوجۆرەکانی ئەم شارە، هەست دەکات کە کی دەخرێتە دەرەوەی ئەم پیکەوەژیانییەی سلێمانییەکان.
دوا وتە.
 له‌ هه‌فته‌ی دژی ڕاسیزمدا له‌ سوید، له‌ پیره‌مێردێكی شاری یۆتۆبۆری ده‌پرسن: ” به‌ بڕوای تۆ، كێ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌؟” ئه‌و له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ:” ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌”. پاش كه‌مێك وه‌ستان، درێژه‌ به‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و به‌رده‌وامده‌بێت: ”یان له‌ هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.” به‌ لێدانی دووبه‌شی وه‌ڵامه‌كه‌: ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌ یان له‌ هه‌ر سووچێكی دیكه‌ی دنیادا.
 به‌ڵام سه‌رنجدانێكی به‌شی یه‌كه‌می وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌، واتا :” ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ڵكی یۆتۆبۆرییه‌ كه‌ له‌ شاری یۆتۆبۆریدا له‌ دایكبووه‌”، به‌ بێ بیستنی درێژه‌ی وه‌ڵام، به‌ مانای كردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سه‌ده‌ها هه‌زار ئینسانی دیكه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ر زه‌مینه‌ كه‌ له‌ سویددا گیرساونه‌ته‌وه‌ و بێبه‌شكردنی ئه‌وانه‌ له‌و پێكه‌وه‌ژیانییه‌ی ئه‌مڕۆیان له‌م وڵاته‌دا. یۆتۆبۆری به‌ ته‌نها شاری ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ تیایدا له‌دایكبوون ، به‌ مانایه‌كی دی، ده‌بێته‌ په‌یامی ئەو هێزە ڕاسترەوانەی کە خوازیاری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانن بۆ ولاتەکەی خۆیان. به‌ڵام به‌شی دووه‌می وه‌ڵامه‌كه‌، هێنده‌ باوه‌شێكی فراوان ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئیدی هیچ نامۆیه‌ك خۆی به‌ غه‌ریب نازانێ له‌م تێڕوانینه‌دا.
جووەکانی کوردستان و سلێمانی، ئەو نامۆیانە بوون کە قەت وەک هاولاتی ئەم ولاتە مامەلەیان پێنەکرا ئەگەر چیش لەسەر زەمینی ئەم ولاتەدا لە دایک بوون. ناونەهێنانی ئەم مێژووە خوێناوییەی کەمایەتێیەکی هێندە گەورەی ئەم شارە لەلایەن سیاسی و مێژوونووس و شاعیرە ناودارەکانیانەوە بە دێڕێک، گێرەرەوەی ئەوەیە کە ژیان و حورمەتی ئینسانی ئەم هاوڵاتییانەی شارەکە، هیچ شایەنی ئاوڕلێدانەوە نەبووە. ئەوەی کە لەمڕۆدا دەکرێ لێرە و لەوێ باس لە جووەکانی شار بکرێت، قسەوباسکردنە لە جووەکانی دوینێ لەمڕۆدا لە گۆشەنیگای نوستالیژیایەوە. واتا سەرنجدان لە دوێنێیەک کە لەمڕۆدا ئامادەیی نییە بۆ دڵنیاییدانەوە و کەمکردنەوەی هەستی "ویژدانناڕەحەتی"ی کۆلێکتیڤی خەلکی ئەم شارە.
بە بڕوای من، لە پاڵ ئەو کەش و هەوا سیاسییەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، بەشێکی گەورەی دوورخستنەوەی جووەکان و ناچارکردنیان بۆ جیهێشتنی ئەم شارە، لە برەوی گوتاری ئەنتیسیمیتیزمی کوردی و سەرنجدانە لە گروپی خۆ وەک گروپێکی هۆمۆجێن کە جیگا بۆ هیچ جیاوازییەکی کولتوری و ئاینی و لقەکولتوری ناهیڵیتەوە. ئەم تێروانینە لەمرۆدا و لە پاش چەندین ساڵ نەمانی جوو لەسەر زەمینی شار، بە هەمان بەهێزی خۆیەوە درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. بوونی تێروانینێکی ئاینی لەمڕۆدا کە داعش بەرهەمدەهێنی لە تێروانین بۆ ئەوی دی غەیری موسولماندا پێویستی بە وەبیرهێنانەوە نییە. لە لایەکی دیکەوە، دەربڕینەکانی خەلکی "شارە حەیاتەکە" کە وەک دەربڕینێکی جێگرتوو بەربڵاو لە هەموو شوێنێکدا دەبیسترێت، کەناڵەکانی ئاوێزانبوون و ئینتیمابوون بۆ شوناسەکانی کوردبوون و سلێمانیبوون لەبەردەمی هەموو ئەو گروپە جیاوازانەدا دادەخات کە لەمڕۆدا لە کوردستاندا ئامادەییان هەیە. ئاخر چیرۆکی :" ئەوان ئەمڕۆ لێرە نین"، هیچ شتێک نییە جگە لە گێرانەوەی چیرۆکی کردنەدەرەوەی "ئەوانی دی" کە لە دوێنێدا، خەلکی شارە حەیاتەکە نەبوون.



1- Steohané Bruchfelt och Paul A. Levine , Om detta må ni berätta - Forum för levande historia

2 میران ئەبراهام نیشتیمانی سارا ناوەندی کەپر و پرۆژەی کولتور 2020
3 عباس شبلاق موسسە الدراسات الفلسطینییە

 4- Lars M Andersson, En jude är en jude är en jude, Academic press 2000