١
شەو ؛ دانیشتوویەکی موسافیر!
- ١ –
بەرەو ناکۆتا ، شەو گالیسکەی کەون ڕادەکێشێت ،
وای چەندێ بە سەبریت ئەی شەو !
ئەی ئەو شەوەی
تیایدا هەندێ لە جەستەم
شەڕ لەگەڵ هەندێکی تری خۆی دەکات .
- ٢ -
ڕۆشنایی ، بەلەمەکانی خۆی لەکەناری شەودا کۆکردەوە ،
ئەمێستا ئەو چاوەڕێی ئەو چرکەساتە دەکات
تیایدا چارۆکەکان بکاتەوە .
- ٣ –
" خودی خەونەکانت ، هیی خۆت نین "
کەنارەکان
-١-
فۆرمێکی نوێی ئیمپریالیزم دادەمەزرێت :
ڕۆژئاوای سیاسەتوانی ئەمریکیی – ئەوروپیی ، سوپایەکی تر بۆ سوپاکەی خۆی دەخوڵقێنێ : ئەم سوپا خوڵقێنراوە ؛ دەمێ "سوپایەکە لە پەراوێزدا" و ، دەمێکیش "سوپایەکی پێشڕەوە" . ڕۆژئاوا ، تاکەکانی ئەم سوپایە لەناو گەلانی "دۆست" ەوە هەڵدەبژێرێت . ئەم سوپایە ، سوپایەکی کیشوەربڕە . نەفەرەکانی ، نیشتەجێی هەمان ئەو شوێنانەن کە لە گوند و شارەکانی خۆیاندا ، تیایاندا دەژین . ئەمانە ، هەرکەسە و لە شوێنی خۆی حازروئامادەیە ، گوێ قوڵاغی سەعاتی سفرە ! ئەم سوپایە ، سوپایەکی گوێڕایەڵ ، ڕاهێنراو ، بەوەفایە .