قومێک له پەرداخەکە ئەدەم و بیر لە فەلسەفەی نیوەپڕ ئەکەمەوە. ئەڵێم ئەگەر خەمی نیوە خاڵییەکەیم نەبێت، ئەوەی هەیە به خۆشنوودیی ئەم ژووانەوە ئەخۆمەوە. دەروونئارام لەوەی نیوەی پەرداخەکەم پڕە، سەرنج له نیگاکانت ئەدەم و بۆ ئەوەی وانەزانیت عاشقم، زوو دەبێژم؛ من لەخۆڕاهێنانی ئەوەدام که سڵ له هیچ چاوێک نەکەمەوە!
 
ئەڵێن هەموو شت لەوێیە، بزانم لە میحرابی تۆدا کەش چۆنە، ڕۆژژمێری مەراق هەناوی چەند خانەی رەشکردۆتەوە، کاتژمێری پێکەنین لایداوە یاخود چەند زەردەخەنەی ئەوێ بۆ قاقا.
 
حەز ئەکەم تۆ لە بیناییمدا ببینیت که دەنگم خۆشە و چەندین ئاوازی غەمگین و شادم ئەزبەرە. گەر بەمەتزانیی، پەیمانی گۆرانییەکت پێئەدەم. رۆژێک ئەچینه جێگایەک، ڕێگاکەی هەتا بڵێی بەردەڵان و سەختە بەڵام من هەر لەوێ گۆرانیی ئەڵێم. شوێنێکه ڕێبوار پەی پێ نابات و کەم کەس لە قەرەی چوونی دێت. بەرزاییەکی دوورەدەستە و هەموو دیمەنێک لێیەوە ئەفسووناویی و ڕامانئامێز ئەبینرێت.
 
لە چاوەکانت ڕائەمێنم، بە هێڵکاریی گلێنەتدا دێمەوە و پەنجەرەیەک لەسەر ڕووی ناوەوەت ئەکەمەوە، ئەمەوێت ببینم لە مەنگییتدا چ تۆفانێک و لە توندیتدا چ شیوەنێک شاراوەیه. گۆشەگیرییت چ جەنجاڵییەک و کراوەییت چ تەنهاییەکی پەنهانداوە. ئایا تۆ بۆ چی ئەجەنگی و لە چی بێباکی. ئاخۆ هێندەی قەبارەتی یان چەنێک لە قەبارەت خۆتی. چما لەگەڵمدا ناتەبایت، بۆچی قەشمەرییت بە خەونەکانم دێت، بۆ ڕەقیت، بۆ رۆحت ناسرەوێت، تا کەی نازانیت چیت ئەوێت.
 
وەک دیارە من پرسیارم زۆرە و وەک هەستئەکەم تۆ عەوداڵی یەک وەڵامیت. من وێڵی سەرەداوێکی ڕاستییم و تۆ دانەری چەندین خورافەی بێتامیت. بە ساکاریی نەسیمێکەوە لێت ئەڕوانم، چاوێکت لێ داناگرم و هەموو دەرگاکانت ئەکەمەوە. ڕێ نادەم پەنجەت بەر پەنجەم بکەوێ و یەک یەک کلیلەکانت ئەخەمە مستمەوە. تۆ لێڵ و ئاڵۆز هەمیشە یاری شەتڕەنجم بیردێنیتەوە، لەپشت هەر جووڵەیەکەوە کە ئەیکەیت مەرامێکی ترت هەیه، بەڵێ چاکی لێئەزانیت بەڵام قەت نایبەیتەوە.
 
ئەبینم ڕێچکەی هیچ دەروازەیەکی سەر ناخم، لە دییەمدا نادۆزیتەوە. نازانم مەبەستت نییە یان خۆت ئەوەندەت توانایە. بێبایەخ بە دنیای دەروونم، سەرنجت هەر لەسەر ڕوواڵەت و جەستەمە. لەم دۆخەدا بێزم لە نزیکییت ئەبێتەوە. دڵم لە سینەمدا توندە، وەختە وەک بۆمبێک بتەقێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا کە تەماشا ئەکەم، دڵت لە بستێک خوار ناوکتەوە، گەوجانه کەیفی هەیە و خەریکە بەسەر نابووتیی خۆیدا بڕشێتەوە.
 
بێئومێد لە تێگەیشتنت لێم، گەرەکمە چاوەکانم لێکنێم. لەو ساتەدا وێنەی کوچەیەکی هێمنی هەناوت لە پێڵووەکانم گیر ئەبێ و بۆ وردبوونەوە له دیمەنەکە، لێدەگەڕێم دییەم بە کراوەیی بمێنێتەوە. ئای لێرەدا چەند بێنەوا و بێوەی ئەنوێنیت. لە خۆشباوەڕیی خۆمەوە، لە ناخەوە حەز ئەکەم، وەک مناڵێک بتبەمە فرۆشگایەکی خەیاڵیی، چی دڵت ئەخوازێت بۆت بسەنم و چەندت لە هەست و سۆز پێویستە پێت بدەم.
 
سەرمەست بە پەیبردنی جوانییەکانت، سەرلەنوێ ئەو خولیایەم تێدا سەوز ئەبێتەوە کە ئەشێ تۆش بتوانیت بگەیتە جیهانی ناوەوەم. بە تایبەتمەندییەکانم ئاشنا ببیت و هەست بکەیت چۆن هەستت پێئەکەم. بەو نیازەی لەمە بگەیت، چەند جارێکی خێرا لەسەریەک چاوەکانم ئەتروکێنم و ئێستێکی قووڵ لە ناوەندی گلارای دییەتدا وەرئەگرم. ئەوجا باسی ئەوەت بۆ ئەکەم کە شەوێک گەیشتە کۆتاییەکانی و من خەوم لێنەکەوت. لەسەر جێگاکەم تلم زۆر دا و هەر لەوێ لە سەری خۆمدا نامەیەکی چڕ و پڕم بۆ نووسیت. لە نامەکەدا وەک ئەوەی هەرگیز هیچ بوونەوەرێکت لە تووخمی من نەبینیبێت، خۆمم پێناسانیت. هەموو وردەکارییەکم دەربارەی چۆنێتی هەبوون و نەبوونم پێڕاگەیاندیت. نامەیەکم نووسی خومار بە خۆشی و خەم، نامەکەم خەڵتان بوو لە خۆم بەڵام خۆ ئەگەر تۆ لەم دانیشتنەدا، لە میانەی سۆماکانمەوە بە پەیامەکەم نەگەیشتبیت، ئەوا بەڵێن بە خۆم ئەدەم کە تۆمارکردنی نامەکە لەبیر خۆم بەرمەوە و قەت بۆتی ڕەوانە نەکەم.
 
پەستم لە گەردوون و زەبوون، له خۆم، لە تۆ ئەی ناوبراو بە نیوەکەی ترم، کە ئەوەندە لێک جیاوازین، چۆن ئەبیتە تەواوکەرم. هەر بە تووڕەیی خۆمەوە سێوێک لە ناوەڕاستدا کەرت ئەکەم. نەک بۆ ئەوەی کەرتێکی بدەمە دەست تۆ و کەرتێکی هەڵگرم بۆ خۆم. بەڵکوو تەنیا لەبەرئەوەی کە چوونیەکی نیوە تەواوکەرەکانت پیشان بدەم.
 
من و تۆی نامۆ، بەیەک ئەگەین و لەیەک ناگەین. هەرچی خۆمان نییە ئەیخەینە نێوانمانەوە. من خۆم و تۆ خۆت و هەردووکمان یەکدی ون ئەکەین. ئاکام پەرداخەکانمان، پڕ لە بەتاڵیی ئەبێت و پێکەوەبوونمان، تژی لە ئەوانیدی. مەراقێک گرێمان ئەدات بەیەکەوە. بێئۆقرە لە چاوی یەکتریدا، لە خۆمان ئەگەڕێین. پەرۆش و پەشۆکاو دەروونی یەک توێ توێ ئەکەین، بەو هیوایەی شتێک لە بەهای بوونمان لەلای ئەویتر هەبێت.. لێ ئەفسووس، لە چاوی من و تۆ دا، هەمووان هەن، یەکتری نەبێت.