(1)
دڵم زۆر شێواوە
نازانم چی بكەم
كەمێ‌ وشە دەخەمە بەر با.
(2)
با شەڕ بە دنیا دەفرۆشێت
من چاوم بۆ نیگای باران هەڵخستووە
حەزم نەكرد ئەو پڕشنگە بكەوێتە نێو دەریاوە
لەبەر دۆزینەوەی ژیان.
(3)
ئەوەی دەكەوێ‌
با نییە
مرۆڤە.
(4)
حەزم دەكرد ئاو بام
لەپشت سكێچەكانی "قەرەنی جەمیل"
پەنجەم بە سێبەری ریشۆڵەكاندا هێنابا
حەزم دەكرد با بام
بۆ كۆكردنەوەی هێلە شكستەكان نا
بۆ دەنگدانەوەی ئازادی.
(5)
بە قسەی پشیلە
باران نابارێ‌.
(6)
ناتوانی لە شەقام بپەڕیتەوە
لەبەر بازاڕی باران.
(7)
بە منداڵی كە ئاسمان هەور با
دڵم بە تووندی
لە پەنجەرەی تەنیاییەوە خواحافیزی
لە من دەكرد.
(8)
چاوی كراوەی دەریا
هاودەردی لە تێگەیشتنی چاوی من
ناكا
مرۆڤ بە دەستكارییەوە
دەگەڕێتەوە نێو سروشت
دەڵێێ‌ ئاگات لێ‌ نییە
خەریكە پیر دەبم.
(9)
كەس ئاگای لە با نییە
گەمە بە دنیا دەكا.
(10)
هاوڕێكانم دەچنە سەیران
من بیر لە تەنیایی دەكەمەوە.
(11)
با دێ‌ و دەچێ‌
شەپۆلەكانی ئاو
ئەزبەر دەكا.
(12)
چیا هەرچەندە باڵا بێ‌
باران تەڕی دەكا
مرۆڤ هەرچەندە مەزن بێ‌
تەنیایە.
(13)
ئێواران لە ئاپۆڕەی ئەم و ئەو ون دەبم
وەك دڵۆپێ‌ باران لە دەریا،
ژیان شیرینە
بەڵام دەریایەك دەیبا
پێی دەڵێن مردن.
(14)
ئەمڕۆ دەشت و دەر رووناكە
خۆزگە دڵم تاریكی جێدەهێشت
لە نەخۆشخانە.
(15)
ئەو رۆژانە زۆر دەبارێ‌
رۆژانێك
ترپەی باران
دەنووكی لە جەستەم دەدا.
(16)
كاتێ‌ منداڵەكەم گڕوگاڵ دەكا
من خەو دەمباتەوە
سەیری ئەو وێنەیە
ئاو خۆی بە گوێسوەبانەوە
هەڵواسیوە.
(17)
پەلە مەكە
ئەوەی با بردی
لەگەڵ باران دەگەڕێتەوە دەریا.
(18)
منداڵەكانم هەریەك قسەیەك دەكا
ژیان بە لقی دارێكەوە
كێ‌ دەیچنێ‌
(19)
هیچ ئامۆژگارییەك سوودی نییە
ئەو قسە جوانانە بخە زبڵدان
هەركەس بۆ خۆی دەژی.
(20)
نامەوێ‌ ژیان هەر ژمارە بێ‌
لە باخی تەنیاییدا
وەرزش دەكەم.
(21)
ئەوەی دڵم تەنگ دەكا
ئاسمان نییە
زەوی نییە
زەمەنی لەدەستچووە.
(22)
چەشنی باران
دایكم بە سروشتەوە لكاوە
من بە نەفرەت.
(23)
ژیان وەكو رێبوارێكی بابردەڵە
هەموو بۆشاییەكانی خۆی
بە ژاوەژاو پڕ دەكاتەوە
من بە حەبی سەرئێشان
(24)
لە دوورەوە دێمە
بەر باران
لە دوورەوە شەپۆل دەكا
با.
(25)
هێندە دوای نیشتمان كەوتم
بیرم چوو
بگەڕێمەوە ژیان
(26)
بەیانیان ئەوەندە دەڵێن
هەڵسە لە خەو
خەونەكانم بوونە هەڵم.
(27)
با یاری بە مرۆڤ دەكا
مرۆڤ یاری بە باران
مەترسی لەوەدا نییە
چونكە ئازادین.
(28)
ئەگەر ئەمڕۆ نەبا
دوێنێ‌ لە گۆڕستان نەدەگەڕایەوە
ئەگەر ئەمڕۆ بەیانی باش لەیەك نەكەین
سبەی نایە.
(29)
ئەمڕۆ دەچمە سەر گۆڕی ئاو
لەبری هەتاو
گوڵێك لە یەخەی با دەدەم.
(30)
دڵم ئەوەندە تووندە
پزیشكەكان وەك بەسەرهات
دەیگێڕنەوە.
(31)
هەتا ئێستا
چۆلەكەكان لەژێر سێبەری سێدارە
دەجریوێنن.
ئاداری 2012