(1)
هەموو تەمەنم با بردی
بۆ تاریكی
من مامەوە.
(2)
بەیانیان منداڵەكەم یاری بە قژم دەكا
من دایكم لە خەو دەبینم
وەك كوێر لە بازاڕ
بەدوامدا دەگەڕێ‌.
(3)
دنیا ئەوەندە گەرمە
لە دڵی خۆت دەڵێی
بروخێ‌ با.
(4)
كاتێ‌ قسان دەكەی
دەماری با دەبینم
شین هەڵدەگەڕێ‌.
(5)
هیچ كاتێ‌ خۆشەویستیم
لە كەس نەشاردۆتەوە
با نەبێ‌.
(6)
حیكایەتی هەڵسە لە خەو
وەك با
لە تەنیایم دەڕژێ‌
دڵم كون كون
دەناڵێنێ‌.
(7)
لەچاو ئازایەتی با
مرۆڤ
لە باران دەكا
هەمیشە دەكەوێ‌.
(8)
دڵم خراپ پیس بووە
با بە هەموو شوێنێكیدا دەبا
ئاو نەبێ‌.
(9)
قسەیەكم لەسەر زمان راگرتبوو
ویستم دەم بكەمەوە
با بردی
پشیلە نەبوو.
(10)
با بە نەرمی
لە رۆژ نزیك دەبێتەوە
بە باران نا
بە حیكایەكانی شەو.
(11)
لەگەڵ ئاو
بەرۆژو دەبین
لەبەر با
دەكەوین.
(12)
هەمیشە ئاو بە هاوەڵی با
سەما دەكا
مرۆڤ لەتەنیایی رادەكا.
(13)
دەمی خۆم دەگرم
كات بە فیڕۆ نەدەم
نەبمە زەحمەتی با.
(14)
بەو هەموو گەرمایە
با دەجولێتەوە
من یەك قسەم بۆ ژیان هەیە
خۆشەویستی واتە
مەرگێكی بێ‌ سنور.
(15)
لەبەر باران
سەرم خستبووە كۆشی با
خەیاڵم گرتبوو.
(16)
لە بازاڕ بەتووندی خۆم لە با دا
یەك دینارم پێ‌ نەبوو
بەڕووتی ئاوڕ نادەمەوە
دەڕۆم.
(17)
با بۆ هەموو شتێ‌ دێ‌
هەموو شتێ‌ لەبەر با.
(18)
هەمیشە خۆم بەند دەكەم
لە ژووری با
بە ئەندازەی وشەی ترس
دەجولێمەوە.
(19)
ئەمڕۆ چوارشەممەیە
با، ئاو، خاك، ئاگر
لە وڵات ئاگر دەبارێ‌.
(20)
لەپڕ هەموو دەنگەكان
لەدەنگی هاوین نوغرۆ دەبن
تازە مێشكم با بردی.
(21)
هەفتەی چەند جارێ‌ دەمەوێ‌ پێبكەنم
لەبەر ژیان نا
لەبەر با گۆڕكێ‌.
(22)
بیست و دوو رۆژە
دڵم لە رستەی با تووندە
باڵی كراوە.
(23)
تەنیا و تەنیا
بە كۆڵانەكانی بادا دەڕۆم
لەبەرخۆم دەپاڕێمەوە
تەڕ نەبم.
(24)
لە باوە فێر بووین
تازە درەنگە بۆ ژیان
دنیا بەو درەنگە خۆشە.
(25)
بەبیرم دێ‌
لەسەر دیواران دەنووسرا
بژی با
بروخێ‌ با.
(26)
ئەمشەو لە خەونم
بەتووندی با بەسەرم كەوت
كێ‌ فریام دەكەوێ‌؟
(27)
مانگ پڕ بووە لە با
لە چاوی من نا
لە چاوی منداڵەكانم.
(28)
هاوڕێیەكم هەیە
ئازادی بە با دەپێوێ‌
بە ئەندازەی چۆلەكەیەك
قسە لە جەستە دەكا.
(29)
نازانم نە من پێشبڕكێ‌ لەگەڵ با دەكەم
نە دنیا دەفڕێ‌
بۆیە هیچ شتم لا گرنگ نییە
ئاو نەبێ‌.
(30)
ئەوەندە با هات
لەبیرمان چوو
بیر لە ژیان بكەینەوە
ئێستاش هەر بایە.
(31)
هەمیشە زمانم دەگرم
لەبەر پشیلان
بە با دەڵێم
سبەی لەگەڵ باران دێمەوە.
هەولێر تەمموزی 2012