‹‹دەتوانین بە یەک ملیۆن ڕێگاى جیاواز، تاکە ڕووداوێک بگێڕینەوە.›› ‹جەیمس جۆیس›
 
بۆ ئەم بابەتە ناچارم بیر لە پێوەندیى نێوان واقیع و خەیاڵ بکەمەوە، بەوەى ئەم دوو چەمکە کاتێک کارلێک لەگەڵ یەک دەکەن، کاریگەریى کامیان لەوەى تریان زۆرترە؟ پاشان مێژووى کامەیان کۆنترە؟ ئەگەر زانیمان پێش واقیع خەیاڵ هەیە، ئەوە زۆر ئاسانە تێبگەین، کە تاوانى ئەنفال پێش ئەوەى واقیع بێت و بە کردار بنوێنرێت، لە خەیاڵدانى ڕژێمێکدا دروست بووە. بە مانایەکى تر خەیاڵ پێشمەرجە بۆ لەدایکبوونى واقیع. بوون بۆ خۆى منداڵى شەرعیى خەیاڵە. بە وردبوونەوە لە چیرۆکە ئایینییەکانیش ئەوە دەسەلمێت، کە خەیاڵ پێش واقیع کەوتووە.
نامەوێ لە کۆنتێکستى تاوانى ئەنفال و هۆکارەکانى دروستبوونى بکۆڵمەوە، بەڵکو دەمەوێ لەبارەى ئەو کاریگەرییەى، کە لەسەر بەرهەمى نووسەران و ئەدیبانى ئێمە جێى هێشتووە، بنووسم.
كورد لەپاڵ جوولەکەدا يەکێک لەو میللەتانەیە، کە مێژوویەکى ماندوو و پڕ لە تراژیدییان هەیە. ئەگەر پێویستیى داهێنان دروست بکات، ئەوا تراژیدیا دایکى ئەو پێویستییەیە بۆ داهێنان. ڕاستتر بڵێم تراژیدیا، چ خودى، چ کۆیى، هەمیشە بنەڕەتێکە بۆ داهێنان، بە تایبەتى داهێنانى هونەرى و ئەدەبى. لێرەدا ڕۆڵى خەیاڵ وەک چەمکێکى کاریگەر دەردەکەوێ و لەگەڵ داهێناندا پێوەندییەکى توند دروست دەکات، بەوەى خەیاڵ دوو ئەرکى گەورەى هەیە، هەم واقیع دەخوڵقێنێت و هەم واتایش بەو واقیعە دەبەخشێ، کە خوڵقاندوویەتى، داهێنانیش هەر ئەم دوو ڕۆڵە دەبینێت. مێژوو وەک واقیعێک بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە کەرەستەیەکى گرنگە لە دەستى ئەدەب و هونەردا و ئاڕاستەى نوێ لە بەردەم نووسەر و هونەرمەند دەکاتەوە. هۆلۆکۆستى جوولەکە و ئەنفالى کورد دوو نموونەى مێژووى واقیعین، یەکەمیان نزیکەى سێچارەکەسەدەیە ڕووى داوە و دووەمیان چارەکەسەدەیەک. لێکچوونى زۆر لەنێوانیاندا دەبینرێ، چونکە هەردوو میللەت وەک یەک تاوانیان بەرانبەر کراوە و جینۆساید کراون، بێ ئەوەى ئەم لەو گەورەتر، یان بچووکتر بێت، چونکە لە بنەڕەتدا گەورەیى و بچووکیى تاوان بە قەبارە و ژمارەى قوربانییەکان ناپێورێ، بەڵکو پێوانەکردنى تاوان کەوتووەتە سەر ئەو کاریگەرییەى جێى دەهێڵێت. کاتێک دەبینین جوولەکە نزیکەى شەش ملیۆن و کورد سەدوهەشتاودوو هەزار کەسى لێ ئەنفال کراوە، ماناى ئەوە نییە، کە تاوانى هۆلۆکۆست لە هیى ئەنفال گەورەتر بێت بۆیە جیهان دەیناسێ، بەڵکو هێشتنەوەى ئەو تاوانە لە یادەوەریی تاکى جوولەکە، پاراستنى مێژووەکەى و بە هونەریی و ئەدەبییکردنى جینۆسایدەکە، هۆلۆکۆستى بە گەورەیى هێشتووەتەوە. دوایین جار ئەڵمانیا لە ڕێگەى ‹ئەنجیلا مێرکل›ى ڕاوێژکاری وڵاتەکەیەوە بە فەرمى داواى لێبوردنى لە گەلى جوولەکە کرد، کاتێک لە ساڵى ‹٢٠٠٨›ـدا لە پەرلەمانى ئیسرائیل گوتى: ‹‹ئه‌ڵمانیا لێپرسراوێتیی مێژوویی به‌رانبه‌ر ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ و ته‌نیا به‌ ددانپێنانی ئێمه‌ به‌و کاره‌ساته‌ مێژووییه ‌و دڵنیاکردنتان به‌ سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی نازی، جارێکی تر ده‌توانین خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بکه‌ین.›› ئەمە دەرخەرى هێزى نەتەوەى جوولەکەیە، کە واى کردووە ئەڵمانیا داواى لێبوردن بکات. هەر لەم ڕووەوە چەندین کتێب لەسەر کۆمەڵکوژییەکە بڵاو بووەوە، ڕەنگە گرنگترینیان، کە تا ئێستا من ئاگادارى بم، کتێبەکەى ‹ستیڤان بروشفێڵد و پاوڵ ئا. لیڤین› بێت بە ناوى ‹هۆلۆکۆست›، کە ‹شێرزاد هەینى› کردوویەتى بە کوردى. لەو کتێبەدا لێکۆڵینەوەی زۆر ورد لەبارەى جینۆسایدى جوولەکە و ژمارەى قوربانییەکانى کراوە، لەگەڵ پێشاندانى وێنەکان وەک داتایەکى گرنگ. ئەم نموونەیە بەم وردییە لەسەر تاوانى ئەنفال لەناو نەتەوەى کورددا دووبارە نەبووەتەوە. ڕەنگە جیاوازى نەتەوەى کورد و جوولەکەدا لە ڕووبەڕووبوونەوەى ستەمدا لەم پاراگرافە بچووکەى سەرەتاى ڕۆمانى ‹ئانا کارنینا›ى ‹لیۆ تۆڵستۆى›ـدا دەربکەوێت: ‹‹هەموو خێزانە دەوڵەمەندەکان لە یەک دەچن، بەڵام خێزانە هەژارەکان هەر یەکە و بە جۆرى جیاواز و تایبەت بە خۆیان هەژارن.›› مەبەستم لەوەیە، کە ڕژێمە ستەمکارەکان وەک یەک بیر دەکەنەوە و هەموو دەیانەوێ بۆ گەیشتن بە ئامانج میللەتانى تر ئازار بدەن و لەسەر دنیا بیانسڕنەوە، بەڵام میللەتە ستەملێکراوەکان وەک خێزانە هەژارەکان هەر یەکەیان بە جۆرى جیاواز ڕووبەڕووى ئەو ستەمە دەبنەوە. گەلى جوولەکە چەندین فیلمى دەرهێنا، ژمارەیەکى ئێجگار زۆریش شیعر و چیرۆک و ڕۆمان لەسەر تاوانى هۆلۆکۆست نووسران و بەو هۆیەوە جیهانیان لە خۆیان ئاگادار کردەوە، بەڵام ئێمە چەند فیلم، چەند بەرهەمى ئەدەبیمان لەسەر تاوانى ئەنفال هەیە، تا لە ڕێگەیەوە خۆمان بە دنیا بناسێنین؟ ئەو بەرهەمانەیش چۆنن؟! خۆ لە مێژووى دنیادا کۆمەڵکوژیى و جینۆسایدى دژ بە میللەتان زۆر کراون، بەڵام بە بڕواى من هیچیان وەک هۆلۆکۆست نەیانتوانیوە زیندوو بمێننەوە، کە ڕەهەندێکى گرنگیى ئەم مانەوەیە پێوەندیى بە کارکردنى ورد و قووڵى هونەرمەندان و ئەدیبانى جوولەکەوە هەیە.
ئێستا دەتوانم زیاتر ڕووبەڕووى ئەو پرسیارە ببمەوە، کە ئەنفال لە کوێى ئەدەبى ئێمەدایە؟ لەناو ئەدەبى کوردیدا ئەوەندەى سەرنجم دابێت تاوانى ئەنفال وەک واقیعێک مامەڵەى لەگەڵدا کراوە، کە ئەمە بۆ خۆى کێشەیەکى گەورەیە و هێشتا نەنفال لاى نووسەرى ئێمە نەبووەتە کێشەیەکى فیکرى، یان سەرچاوەیەک بێت بۆ داهێنان. بە مانایەکى تر هێشتا ئەنفال لەناو تێکستدا کەرەستەیەکە بۆ بەرهەمهێنانەوەى واقیعێکى هاوشێوەى واقیعى بەردەست، ئەنفالى ناو تێکست، هەمان ئەنفالە، کە لە واقیعدا ڕووى داوە. بە تێگەیشتنى من چەمکى ئەنفال لەناو ئەدەبدا تا لە بەرگە مێژووییەکى دانەماڵرێت و نەکرێتە خەیاڵێک، دواتر ئەو خەیاڵە پارچە پارچە نەکرێت بۆ چەندین وێنەى جیاواز و پاشان ئەم وێنە پارچە پارچانە واقیعێکى نوێى پێ دروست نەکرێ، ئەوە زۆر ئەستمە لەناو ئەدەبى کوردیدا لەسەر تاوانى ئەنفال چاوەڕێی بەرهەمهێنانى دەقێکى جوان بین، چونکە ئەگەر ئەمە نەکرێ ناتوانرێ ماناى نوێ هەم لە تاوانەکە، هەم لە وشەکە و هەمیش لە مێژووەکەیدا بدۆزرێتەوە. 
کێشەى ئەدەبى ئێمە لەوەدایە، کە پێوەندیى خۆى لەگەڵ مێژوو لەسەر بنەماى گێڕانەوەى ڕووداو لە کات و شوێنى تایبەت بە ڕووداوە مێژووییەکە دادەمەزرێنێت، لە کاتێکدا کات و شوێنى ڕووداوەکە وەک ئەوەى لە واقیعدا ڕووى داوە، سنووردارە، تۆ وەک نووسەرێکى ئەدەبى بۆیە ئەم مێژووە دەگێڕیتەوە، بۆ ئەوەى سنوورى کات و شوێن ببەزێنیت و بە یارمەتى خەیاڵى بێسنوورت دەستکاریى کات و شوێنەکەى بکەیت و بیانگۆڕیت. 
ناکرێ لە هیچ بەرهەمێکى ئەدەبى و هونەریدا جوانى و ئێستاتیکا لەپێناو گەیاندنى بیرێکدا پشتگوێ بخرێ، کە ئەمە لەناو ئەدەبى کوردیدا نموونەى زۆرە و ئەنفال دیارترینیانە. ‹میخایل شۆڵۆخۆف› لە ڕۆمانى ‹دۆنى ئارام›ـدا کاتێک باسى کوشتن و لەناوبردنى گەلى قەوقاز دەکات بە دەستى بەلشەفیکەکان، من چێژ لە خوێندنەوەى ئەو کوشتن و لەناوبردنە دەبینم، یانى گێڕانەوەى ئازار و نەهامەتى لەنێو ئەدەبدا چێژبەخشە، چونکە ئەو ئازار و تراژیدیایە هەمان ماناى واقیعی نییە و بەرگێکى ئەدەبیی لەبەر دەکرێت. ئەزموونى خۆمت بۆ دەگێڕمەوە، کاتێک تێکستێکم لەسەر ئەنفال خوێندبێتەوە، هەر کە یەکەم پاراگرافم تەواو کردووە، زانیومە دواى ئەوە چى ڕوو دەدا، وەک فیلمێک، کە پێشتر بینیبێتم، ئاوا ڕووداو و دیمەنەکانم هێناونەتە بەرچاوى خۆم، ئەمە نەک هەر چێژى پێ نەبەخشیوم، بەڵکو بێزارییەکى سەیر دایگرتووم و واى لێ کردووم ئەو دەقە ئەدەبیانە نەخوێنمەوە، کە لەسەر تاوانى ئەنفال نووسراون و دەنووسرێن. 
جیاوازیى لە هەڵبژاردنى بابەتدا دروست نابێ، بەڵکو لە شێوازى ڕوانین بۆ بابەتەکە دەردەکەوێت. هەمووان لەسەر ‹‹عەشق و خۆشەویستى، دابڕان، سەفەر، مردن و چەندین بابەتى تر›› دەنووسین، بەڵام هەر یەک بە تەکنیکى تایبەت بە خۆى، وەک ‹جەیمس جۆیس› دەڵێت:‹‹دەتوانین بە یەک ملیۆن ڕێگاى جیاواز، تاکە ڕووداوێک بگێڕینەوە.›› ئەگەر تاوەکو ئێستا لەناو ئەدەبى نووسراوماندا ئەنفال جیاوازیى دروست نەکردووە و زمانێکى نوێى دەبڕینى بەرهەم نەهێناوە، لەبەر ئەوە نییە، کە خودى بابەتەکە لە توانایدا نییە جیاوازى دروست بکات و زمانى کوردى ناتوانێ ئەمە بکات، نەخێر، بەڵکو لەبەر ئەوەیە بابەتەکە، یان بڵێم تاوانەکە وەک حیکایەتێکى دەیانجار بیستراو دەگێڕدرێتەوە. بۆ نووسەر هەموو بابەتێک وەک یەکە، ئەوە بیر و خەیاڵى ئەوە کام بابەت گەورە و زەق و کام بابەتیش بچووک و بێبایەخ دەکات. بە واتایەکى تر لاى نووسەرى کورد تاوەکو ئێستا چەمکى ئەنفال بیرکردنەوە نەبووە، بەڵکو گێڕانەوەى حیکایەتێک بووە، سرووشتى حیکایەتیش وایە بابەتێک وەک ڕووداوى مێژوویى لە سەرەتاوە بۆ ناوەڕاست و دواتریش بۆ کۆتایى، بێ گۆڕانکارى، دەگێڕدرێتەوە. ئەگەر زانیمان بیرکردنەوە جیاوازى لە نووسین و دەربڕیندا دروست دەکات، ئاسان دەتوانین لەوە بگەین، کە بۆ ئەنفال هێشتا لە ئەدەبى ئێمەدا نە سەرچاوەى داهێنان بووە، نە زمانى نوێ کردووەتەوە و نە بووەتە کێشەیەکى فیکرییش. نووسەر کە نەیتوانى بیر بکاتەوە، ئەوە دروستکردنى زمانێکى تایبەت بە خۆى، دەبێتە مەحاڵ. لە بنەڕەتدا هەموو خەیاڵێک لەناو زماندا جێگەى دەبێتەوە. ‹هایدیگەر› پێى وایە ‹‹زمان ماڵى بوونە.›› سەرچاوەى بوونیش خەیاڵە. ئەو هەموو دەقە ئەدەبییە لەسەر تاوانى ئەنفال دەخوێنینەوە، کەچى لە چەند تێکستێکى کەمیانیاندا نەبێت، هەست بە جیاوازى ناکەین.
لە ئەدەبى کوردیدا وشە و واتاى ئەنفال زیاتر لە شیعردا ڕەنگى داوەتەوە، کە من لەو باوەڕەدام هۆى کوشتنى واتاى ئەنفال و بەرهەمنەهێنانى مانایەکى تازە بۆ چەمکەکە و نەبوونى بە یادەوەرییەکى جێگیر، هەر پێوەندیى بەوەوە هەیە، کە دەنگى شیعر لەناو ئەدەبى ئێمەدا تا ڕادەیەک لە هەموو ژانرەکانى ترى ئەدەب زاڵترە، کە لە بەشى زۆری شیعرەکانیشدا زیاتر گلەییکردن لە بەختى کورد، نیشاندانى ناشیرینیى رژێمى بەعس، قوربانى و جەلاد، فريشتە و ئەهریمەن هەست پێ دەکرێ، کە ئەم وێنانە هەمان وێنەى دووبارە و بینراوى ناو واقیعن و وێنەیەکى نوێیان لێ بەرهەم نەهێنراوە. لە ئەدەبى گێڕانەوەیشماندا ‹چیرۆک و ڕۆمان› کەمترین بابەتى ئەنفال دەبینینەوە، چونکە ئەم دوو ژانرە لەناو مۆدێرنەدا سەریان هەڵداوە و ئێمە کەمتر سوودمان لێیان وەرگرتووە بۆ گێڕانەوەى ڕووداوەکانى ڕابردوو و مێژووى نەتەوەییمان.
هەموو ئەم بۆچوونانە وام لێ ناکەن بڕیارى ڕەها لەبارەى نەبوونى دەقێکى جوان لەناو ئەدەبى کوردیدا سەبارەت بە تاوانى ئەنفال بدەم، بەڵکو مێژووى ئەدەبى کوردى تێکستى قووڵ، جیاواز و جوانى لەو بارەوە بەرهەم هێناوە، چونکە ئەو بەرهەمانە ڕاستەوخۆ نا، بەڵکو ناڕاستەوخۆ کاریان نوێکردنەوەى ماناى ئەنفال و کاریگەرییەکانى لەسەر تاکى کورد کردووە، بەڵام هێشتا ئەمە لە ئاستى گەورەیى تاوانەکە، یان تراژیدیاکەدا نییە، یانیش زۆر کەمترە. 
 
 
 
+ ئەم گوتارە لە ژمارەى ‹٤١٩›ى  ‹‹ڕەخنەى چاودێر››دا بڵاو بووەتەوە.
 
 
 
تێبینییەکى پێوست: 
ڕاستییەکەى ئەم گوتارە بۆ وەڵامى تەوەرى ‹‹ئەنفال و ئەدەبیاتى کوردى››ى پاشکۆى ‹‹ڕەخنەى چاودێر›› نووسرابوو، بەڵام لە کاتى خۆیدا وەڵامەکە نەگەیشتبووە دەستى کاک ‹‹پێشەوا محەمەد››ى ئامادەکارى تەوەرەکە. بە گفتوگۆى نێوانمان گەیشتینە ئەو بڕیارەى، کە لە شێوەى گوتاردا دایبڕێژمەوە.