"پەزڵی ژیان" وشەیەکی سەرنجڕاکێشە لە زمانی سویدیدا. بەرلەوەی نموونەیەک لەسەر بەکارهێنانی دەربڕینەکە بێنمەوە، ناچارم ڕوونکردنەوەیەکی کورت بدەم. پەزڵ بەو جۆرە مەتەلەیاریە دەوترێت کە منداڵان دەیکڕن و خۆازیاری هەڵهێنانی ئەون.  دەکرێ پەزلەکە دیمەنی ئاژەڵێک بێت کە پارچە پارچە کراوە و بەیەکەوە لکێنراوە. منداڵ یان گەورە یارییەکە دەردەهێنێت و بەشەکان لەیەک جیادەکاتەوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ، وێنەکە دووبارە دروستکاتەوە. تۆ ناکرێ شوێنی دەستی ئاژەڵەکە بنێی بە سەریەوە. ئەگینا پەزلەکە تەواو ناکرێت. 
لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٦ی سویددا، پارتی پارێزگارانی سوید، دەیباتەوە و ریفۆرمێکی تایبەت ئەنجامدەدات  کە سەروکاری لەگەل ئەو وشەیەی سەرەوەدایە. واتا پەزڵی ژیان.
 
ریفۆرمەکە بە ناوی: خزمەتگووزاری نزیک لە کارەکانی ماڵەوە"یە. کورتیەکەی ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک دەیەوێ کاری پاککردنەوەی ماڵ، جلشۆرین، یان هەندێک کاروباری باخچە بە کۆمپانیایەک بسپێرێ ،  ئەوا دەوڵەت ئاسانکاری بۆ دەکات و لە رێگای باجێکی تایبەتییەوە، هەموو تێچووی کارەکە ناکەوێتە سەر گیرفانی خۆی و بەشێکی دەولەت دەیگرێتە ئەستۆ. 
لەلایەن چەپەوە ، ئەم جۆرە لە زەریبە بۆ ئەو کەسانەی کەلک لەم خزمەتگووزارییە وەردەگرن،  بە باجی کارەکەرڕاگرتن ناونرا. 
بەڵام ئەوانەی کە کەڵک لە ریفۆرمەکە وەردەگرن، کەسانێکی دەولەمەندن و توانای ئەوەیان هەیە پارەی ئەوە بدەن کە کەسانێکی دیکە بیتە ماڵییان و ئەو کارانەیان بۆ ئەنجامبدات. چونکە ئەگەر دەوڵەت ئاسانکارییەکیش دەکات و هەندێک لە پارەکە دەگرێتە ئەستۆی خۆ، هاوڵاتی بڕێکی باشی پارەی ئەنجامدانی کارەکەی دەکەوێتە سەرشان. کەسێک ئیمکاناتی ئابووری نەبێ، توانای کڕێنی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانەی نییە.
ئەم ریفۆرمە گەورەیە کە جێگای جەدەلێکی گەورەی پرسیارەکانی دەولەتی ڕیفاهی سویدە، لە دەربڕینەکەی پەزڵی ژیانەوە سەرچاوەی گرتووە.
پەزڵی ژیان، وشەیەکی تایبەتی هێزە بۆرژوازیەکانی سویدە .  بە کورتییەکەی ، ژیان بە هۆی کارەوە وەک پەزڵێکی تایبەتی لێهاتووە کە بەیەکەوە لکاندنی بەشەکانی کارێکی ئاسان نییە. 
دایك یان باوک دەبێ بەیانییان منداڵ بگەێننە باخچەی ساوایان یان مەکتەب. کە هاتنەوە، بەهەزار شەرەشەق فریای دروستکردنی خۆراک دەکەون. لە پشودا، کاتێکی زۆر بۆ پاککردنەوەی ماڵ و جلشۆرین دەڕوات. دەبێ کەسێک منداڵان ببات بۆ وەرزش. بۆ کەسانێک کە کار کاتێکی باشی ژیانی رۆژانەیان داگیردەکات، وەرگرتنی کۆمەک لە کەسێکی دیکەوە بۆ بەیەکەوەلکاندنی ئەم جومگانەی ژیان، ئاسانکارییەکی زۆر گەورەیە. 
ڕاستییەک کە ناکرێ فەرامۆش بکرێ ئەوەیە کە ئەمە حەکایەتی ژیانی بەشێک لە چینی ناوەنجی سویدە و خەلکانی سەر بە چینی خوارەوە، گرفتێکیان لەگەڵ ئەم پرسیارەدا نییە.  ئەگەر هەشیانبێت  توانای کڕینی خزمەتگووزاری وایان نییە تەنانەت ئەگەر دەوڵەتیش کۆمەککەر بێت و بەشێکی پارەکەیان بۆ بدات.  
بە کوردییەکەی، دۆم بێ و کڵاش بۆ خۆی بدورێ.
چینە داراکانی سوید لە ڕێگای ئەم ڕیفۆرمەوە، جلشۆرین و کاری باخچەی خۆی بە کرێیەکی کەم بۆ ئەنجامدەدرێ. 
 
کاتێک رۆژنامەنووسێک لە یوناس خوێستێد، سەرۆکی حزبی چەپی سوید دەپرسێت: دەربڕینی پەزلەکانی ژیان, ، چ مانایەک لای تۆ دەدات، خوێستێد لەوەلامدا دەلێ: ئەم دەربڕینە لە ئەبجەدییەتی مندا نییەو من کەلك لەم دەربڕینە زمانەوانییە وەرناگرم. چونکە حەکایەتی چین و بزووتنەوەیەکی دیکە دەگێڕێتەوە.
وشەیەک یان دەربڕینێک دەبێتە وەسفکردنی خواستەکانی گروپێک و لە ڕێی بزووتنەوەی سیاسی خۆیەوە ریفۆرمێک دەسازێنرێ.
بە سویدی دەڵێن: لەگەڵ جوتیاردا، جوتیارانە بدوێ و لەگەڵ خوێندەوارانیشدا بە زمانی لاتینی.
بە کوردییەکەی: چوویتە شاری کوێران دەست بەچاوتەوە بگرە!
لەم نموونەیەدا، چینەداراکان لە رێگای زمانی خۆیانەوە لەگەڵ سیاسییە ڕاستەکانی کۆمەلگادا دەکەونە ئاخاوتن و بەرئەنجامی ئاخاوتنەکەش، سەمەرەیەکی باشی هەیە. نیوەی پارەی ئەوەی جلت بۆ دەشوات، دەوڵەت دەیدات، بۆیە بە ڕیفۆرمی کارەکەرڕاگرتن ناونرا لەلایەن چەپەوە. دەربڕینێک کە زۆر دروست نییە و سووکایەتییەکی لەناوخۆیدا هەڵگرتووە.
بەڵام هەستدەکەم ئەو پەندەی سەرەوە لە کۆمەلگای کوردستاندا، دەرئەنجامی سەیری لێدەکەوێتەوە.
مەبەستم: لەگەڵ جوتیاردا، جوتیارانە بدوێ و لەگەڵ خوێندەوارانیشدا بە زمانی لاتینی.
 
با سەیرێکی ئەم نموونەیە بکەین لە پەیوەند بە ئاخاوتنی هاولاتییان لەگەل دەسەلاتی سیاسیدا لە کوردستان.
هەر کەسێک لە کەناڵە مێدیایەکانی  کوردستاندا دەمدەکاتەوە و خوازیاری ئەوەیە حوکمەت لایەکی لێبکاتەوە و بە زەییەکی پێدا بێتەوە، ئەوا خێرا دربڕینی: کەسوکاری شەهیدە، دوو برای پێشمەرگەن و باوکی لەبەرەکانی جەنگدایە، دەبێتە سەروێردی زار و سەردێڕی یەکەمی گەیاندنی پەیامەکە. 
بە کورتییەکەی: پیشمەرگەو پیشمەرگایەتی و شەهیدبوون، ئەو گووتارەیە کە بردنەپێشەوەی  خواستەکانی هاولاتیانی تیا فەراهامدەبێت.  ئەمە ئەو زمانە سیاسییەیە کە هاولاتی ئیمە دەقی پێوەگرتووە و لە بزووتنەوە نارەزایەتییەکانی خۆیدا بەرزیدەکاتەوە. 
واتا هاوڵاتی ئێمە، لە رێگای زمانی پێشمەرگە و شەهادەتەوە کە زمانی سەرەکی بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستانە، خواستەکانی خۆی دەباتە پیشەوە و تا ئێستاش سەیر ئەوەیە لە هەلبژاردنی ئەم زمانەدا بۆ دەربڕینی خواستەکانی، هیچی بە هیچ نەکردووە.
بە کورتییەکەی: ئەم داخوازییە سیاسییانەی هاوڵاتییان لە سیستەم، لە ناو کۆدەکانی زمانێکدایە کە باوک یان دایکی سیستەم خوڵقاندوویەتی و نەوەکان بێ هیچ گرێکوێرەیەک بەکاریدەێنن.
هەر بۆیەش داخوازییەکان لە بۆڵەو خوتەی منداڵ  دەچێت لە بەرانبەر دایک یان باوکدا کە ئاسان دەکرێ وەڵامێک بۆ بەدینەهێنانی بهێنرێتەوە و بە منداڵانی قبووڵکەن. 
چونکە هێشتا چوارچیوەکانی خێزان، سنورەکانی ئەم دەنگبەرزکردنەوەیە و لەوێشدا نارەزایەتییەکان چەند تووند بن، سنوورەکان ڕێگا نادات هەموو کارشکێنییەک ئەنجامبدرێت.   
 
بەکارهینانی ئەم زمانە، بە زمانی دەسەلات لەگەل ئەودا کەوتنە ئاخاوتن ، لە دۆخی داخوازیبەرزکردنەوەی هاولاتیاندا بۆ بەدەستهێنانی مەعاشی نەدراو، سنوورەکانی نێوان مافخوراو و ئەوەی مافیخواردووە وندەبێت و ئەوەی بە دژایەتی نێوان گروپەکان ناودەبرێت، دەبێتە ورتە و بۆلەی ناو هەمان گرووپی خێزان.  
ئەوەی کە واشدەکات دەسەلات حسابی پووشێک بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە نەکات ئەوەیە کە کڕووزانەوە و پاڕانەوە لە دەسەلات لە ڕێگای من کوڕی شەهیدم و باپیرەم پێشمەرگەی ئەیلول بووە و نەنکم کیمیاوی لێداوە و کوڕی مامم لەسەر کورد لەسێدارە دراوە، بۆ دەسەلاتی سیاسی دەبێت بە گلەیی و گازندی کوڕ و کچی ماڵ لە بەرانبەر باوک یان دایکێکی خراپدا. لە باشترین حاڵەتیشدا، باوک یان دایک بە دانی نیومەعاش یان چارەکە مەعاشێک چارەسەری گرفتەکە بەسەر ئەواندا فەرزدەکات و رەوانەی ماڵیان دەکاتەوە. 
لایەنێکی تری بەکارهێنانی ئەم زمانە ئەوەیە  کە دەسەلات باشدەزانێ لە پشت خۆکردن بە کور و کچی شەهید و پێشمەرگەوە، ترسێکی گەورەی هاوڵاتی لەو هەیە و ئەم نارەزایەتی و دەنگهەڵبڕینە شتێک نییە دەسەلات بخاتە دۆخێکی شڵەقاوەوە. چونکە ئەوەی هاتوەتە سەرجادە، ترساوە و دەنگدلێرانە نە هاتووە. بەرزکردنەوەی ناو و ناونیشانەکانی کوڕی شەهید و باوکی ئەنفالکراوی هاولاتیان لەبەرانبەردەسەلاتدا، دانانی هێڵی گەرانەوە و نەخشەی دوومی هاولاتییە بۆ پاراستنی خۆ لەبەرانبەر ئەگەری پەلامارەکانی دەسەلاتدا. ئاخر ئەگەر دەسەلات بکەوێتە هەرەش و پەلامارەوە، خۆکردن بە کوڕ و کچی ئەو، ئەگەری ئەم پەلامارە کەمتردەکاتەوە. یان لانی کەم دەسەلات دەخرێتە بەرانبەر هەڵوێستێکی نەرم و نیان ترەوە کە چۆن دەکرێ تەقە لە منداڵەکانی خۆی بکات. ئەمەش وەک کۆششێکە بۆ بێچەککردنی دەسەلات لەلایەن هاولاتییەوە، لانی کەم لە باری نەفسییەوە و ئاگاهانە بەکاردەهێنرێت.  بێگوومان بەکارهێنانی ئەم زمانە ئاشتیئامێزە مانای بەهێزبوونی رەگەکانی ئینساندۆستی و ناڕەزایەتی ئاشتییانە نییە کە دەکرێ نیشاندەری جومگەیەکی گەشی کۆمەلگا بیت، بەلکو ستراتیژی جەماوەرێکی ترساوە کە هەمیشە حساب بۆ خوێنڕێژییەکانی دەسەلات دەکات و دەیەوێ سەرسەلامەت دەرچێ. 
 
پەزلەکانی ژیان لە سویددا دەبێتە هەڵبژاردنێکی بە ئاگاهانەی چینی دارای سوید لەبەرانبەر بزووتنەوەکەی خۆیدا تا خواستەکانی خۆی بەرێتە پێش. 
 کوڕی شەهید و باوکی پێشمەرگە، لە کوردستاندا دەبیتە هەڵبژاردنێکی داماوانەی چینەنەدار و کەمدەرامەتەکانی کوردستان لە بەرانبەر دژە بزووتنەوەی خۆیدا تا داوای خواستەکانی خۆی پێبکات. 
بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا لەبیردەکرێ ئەوەیە هەڵبژاردنی ئەم کولتوورە زمانەوانیە بۆ بزووتنەوەیەک کە لە نان و ئاودزانی خۆی یاخی دەبێ بەلام بە بەکارهێنانی  هەمان پیتە بزووێن و دەنگدارەکانی دەسەلات خۆیەوە دەچیتە وێزەی دەسەڵات، هیچ کاتێک خواستەکانیانی لەلایەن دەسەلاتەوە بەجدی لێیوەرنەگیراوە. 
 یان وەک هاوڵاتیان باسیدەکەن، دەسەلات تا ئێستا جڕتی بۆ لێداون.  
بۆیە، لەگەڵ جوتیاردا، جوتیارانە بدوێ و لەگەڵ خوێندەوارانیشدا بە زمانی لاتینی، دەکرێ پەندێکی جوان و نموونەیەکی بەرزی هونەرەکانی پەیوەندی و ئاخاوتن بێت. لە سوید و لەزۆر شوێنی دیکە. 
بەڵام لەوە دەچیت ئەم پەندە لە پەیوەند بە دۆخی کوردستاندا واهی لێبێت: باشترە لە بەرانبەر زمانی جرتلێدانی دەسەلاتدا ، تۆش قایمتر بۆی دادڕیت.  ئەگینا، هیچ بە هیچ ناکەیت. 
نیومەعاش، چارەکە مەعاش، نەدانی مەعاش، دەرئەنجامی خواستبەرزکردنەوەی هاولاتیانێکە بە زمانی کوڕ و کچی شەهیدەوە کە داوا دەکات دەسەلات سیلەی ڕەحمی لە بەرانبەریاندا ببزوێت. 
بەڵام پەزڵی ژیانی هاولاتیان و سیلەی ڕەحمی دەسەلات لە کوردستاندا، نەک هەر ریفۆرمێکی بەرهەمنەهێناوە، بەلکو ژیانی هاولاتی لە مەتاهەکانی مەتەڵێکی هەتا بڵێی سەختدا، ونکردووە.  
 

20160526