1
لەبەر پەنجەرەیەکدا
دەنگێ فڕێ دراوە .
هەندێ جار ورتە ورتێک دەکات ؛
- ڕۆژێک گۆرانیی دەمکوژێت !
Image removed.
2
مانگ پێی وتم ؛
گەر هەستت کرد دنیا بچووک بۆتەوە
وەرە گۆڕێک بۆ زەمین لێبدەین
بە دەسماڵی قسەی خۆش باران داپۆشین !
Image removed.
3
هەندێکی دڵم لە دەستی تۆدا ڕاکشاوە
هەندێکی تریشیم
لەسەر ڕەفەی ژوورەکانی سیاسەت لێ بەجێما .
کەس لە بێدڵیی تێناگات !
Image removed.
4
دەرگا و پەنجەرەی دیوانی قەسیدەم
شتاقیان دادەخەم
وێنەکەتم بە دیواری شیعرێکمەوە هەڵواسیوە
دەترسم کە چووە پیاسە ، نەگەڕێتەوە !
Image removed.
5
لەو هەموو شیعرەدا، وشەم بۆ کردیت بە گیتار
کەچی جارێ دڵمت نەژەنی !
6
چەندین سپێدەیە ، دەفژەنی ئیمانی تۆم
کەچی لە نوێژێکی سەحەرییدا
لە ڕووباری 'نوور' ی خۆتت هەڵنەکێشام !
من نازانم چۆن بینم نا بە کانییەکەی بنارتەوە
کە بە تەنێ لێوەکانت مورادم بوون !
Image removed.
7
ئەم ڕۆژانە ، تۆ سەردانی دڵم ناکەیت
ناچارم لەگەڵ بێدەنگییت بدوێم !
لە گەڕەکی کام گۆرانیی ، کام گریاندا
چرای بەختت هەڵکردووە ، بۆ ڕووناکم ناکەیتەوە !
8
وتم ؛ لە کوێوە دەست بە خوێندنەوەت بکەم ؟
وتی : من کتێبێکی بێ پێشەکییم ،
کە یەکەمین لاپەڕەمت هەڵدایەوە
هەناسە مەدە هەتا
هەموو هەمووم تەواو دەکەیت !
Image removed.
9
بە خاکی شیعرمەوە ،
قسەی تۆ
بۆنی پاش یەکەم بارانی پایزانی لێدێ !
Image removed.
10
بۆ ئەوەی
عیشقی من بۆ تۆ پیر نەبێت ،
هەموو ڕۆژێ تەمەن دەوەستێنم !
Image removed.
11
" - تەنیایی لە کاممان دەچێت ؟ "
ئەو پرسیارەی ، لە هەر ماچێکدا
لێوت لە لێوەکانمی دەکات !
Image removed.
12
ڕۆژێک سێبەرەکەم لێم تووڕە بوو ؛
+ لەگەڵ خۆت ، بۆ هەموو شوێنێکم دەبەیت
یەک شوێن نەبێت ؛
ئەویش کە سەفەر بۆ لای دڵ دەکەیت !
Image removed.
13
سێبەرەکەم ؛
لە سەفەردا جانتای نییە .
کراسێکی دڕاوە لە بەری تاریکییدا .
سێبەرەکەم هەمیشە بە تەنیا دەمنووسێتەوە !
Image removed.
14
هەستدەکەم
هێلانەی جەستەم بە ڕۆحم تەنگە .
لەم جەنگە بمهێننە دەرێ !
Image removed.
15
من دراوسێی ڕۆژهەڵاتەکەی ئێوەم
نەسیم لە منەوە هەڵدەکات !
باران بیەوێ ببارێ
لە دەرگای من ئەدات !
بەم نیوەشەوی عەزابە
حەیرانی کێیت ، وا بە کوڵ خەریکی خۆکوشتنیت !
Image removed.

16
تۆ هەر لە ناو پەڵە ڕەیحانەی شیعردا جوانیت
جارێکی تر
سەری خۆت مەدە لە بەردی سیاسەت !
کوکوختییەکی دۆست وای پێ وتم .
Image removed.
17
جەژنی من ، ئەمشەوە ،
ئەوەتا ئاگر و شەراب لە دەورم گۆرانیی دەڵێن !
Image removed.
18
چۆنیت ئەی ئێوارە نارنجییەکەم !
زەمەن قوفڵیکی ژەنگاوییە بە دەرگاکانی دونیاوە ،
دەتوانیت پێم بڵییت ؛
ئێستا سەعات چەندی حوزنە .
پێش تاریکبوون
دەبێ پەنجەرەی ژیان پێوەدەم !
Image removed.
19
لە ناو شیعریشدا ناناسرێتەوە ،
وەها تێکچووە ڕەنگ و ڕووی نیشتمان !
Image removed.
20
ئەوین دەباری
کە نامەکەتم دەخوێندەوە
لە سەدا پەنجای دڵم نوقمی عەتری قسەکانت ببوون !
Image removed.
21
بەم ناوەختە داوای بارانم لێ مەکە
لەم قەسیدەیە بە دواوە دەبم بە تۆ ،
ئیتر ڕێم ناکەوێتەوە لای خۆم !
    ------------------------------------- کۆتایی زستانی 2018 ی ئەدیلاید ---