ڕۆژانی هەینی «08.02.2019» و شەممە «09.02.2019»، سەعات 2 ی پاش نیوەڕۆ، هەر دوو کتێبی «دەریاس و لاشەکان» و «ناشوێن» لە «ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند» بە ئامادەبوونی نووسەر خۆی بڵاودەکرێنەوە.

«دەریاس و لاشەکان» دوا ڕۆمانی نووسەرە و کتێبی «ناشوێن» کتێبێکی لێکۆڵینەوەیە کە هەندێ وتاری نووسەر دەربارەی «کۆچ» و «پەنابەریی» و «غوربەت» لە خۆدەگرێت.

 

 

 

لە ڕۆمانی 'دەریاس و لاشەکان'ەوە: 

ژەنەراڵ ڕای وابوو خەڵک دەبێت دووبارە وێنەی سیاسی و قەلەندەر، سیاسی و ئەولیا، سیاسی و دەروێش لەیەکبدەنەوە. خۆرهەڵات چییە گەر ڕابەڕە ڕۆحییەکانی خۆی بدۆڕێنێت... چییە؟ وێرانەیەکە کە بیروڕای سەیر و سەمەرە تێیدا تەراتێندەکات. بەڵێ، خەڵکی کەسێکیان دەوێت لە بەر پاکییەکەی بیپەرستن. ئەخلاق ئەوەیە خەڵک چیتر هەست بە پوچی و بێمانایی ژیان نەکەن، پرەنسیپی موقەدەس بۆ ژیانی خۆیان دابنێن و دوای بکەون. بۆ کەسانی غەربزەدەی وەک تۆ تێگەیشتن لەمە کارێکی ئاسان نییە، خۆرهەڵات لە موسا و مەسیح و موحەمەدەوە گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا نەهاتوە، خەڵکی بۆ ڕابەڕێکی ڕۆحی دەگەڕێن پرەنسیپ و سنووریان بۆ دابنێت، هێڵێکیان بۆ بکێشێت ڕاست و هەڵەیان بۆ جیابکاتەوە، هەم ئامادەبێت بکوژێت و هەم ئامادەبێت بمرێت، هەم بچێتە سەر خاچ و خۆی فیدابکات هەم سەریش بپەڕێنێت. دەبێت ئەوەیان پێشکەشبکەین، پێغەمبەرێکی تر، خەلیفەیەکی مەزنی تر، ڕابەرێکی مێژوویی، کاکێکی بەرز، مامێکی گەورە کە نەوەکانی داهاتووش باوەڕیان پێیبێت. ڕابەرێک وابکات ئینسانەکان نەبن بە کۆیلەی عاتیفە نزم و بچوکەکانیان. ئینسانەکان بە عەشقەوە بکوژن و بە عەشقەوە بمرن... ئەو بوو، ئا ئەو بوو بە منی گووت واز لە مێژوونوسین بهێنە، مێژوونوسین ئیشێکی پوچە، مێژوو دروست بکە.

بەشێک لە گفتوگۆی نێوان دەریاس و ئەرشەد ساحیب.

 

لە كتێبی 'ناشوێن'ەوە:

‎كۆچ لە سیاسەتەوە هەڵنەقوڵییوە، بەڵكو تەواو بە پێچەوانەوە لە نائومێدییەوە لە سیاسەت سەرچاوەی گرتووە، لەو نائومێدییەی كە سیاسەت ناتوانێت ژیانی ئێمە بگۆڕێت. لەساتی كۆچدا سیاسەت مردووە، كە كۆچبەر دەستدەداتە جانتاكەی بۆ هیوایەك دەگەڕێت كە دەزانێت لە جانتای سیاسەتدا نییە، ئەو ساتەی كە كۆچبەر پێڵاوەكانی لە پێدەكات، ناسیاسیترین ساتی ژیانی كۆچبەرە، چونكە ئەوە ئەو ساتەیە كە كۆچبەر تێگەیشتووە هیچ كەرەستەیەكی بۆ گۆڕینی واقیع بەدەستەوە نەماوە. كۆچ هەوڵێكی گەورەیە بۆ دۆزینەوەی ئازادی و ئاسوودەیی بەڵام بەكۆمەڵێك كەرەستە كە كەرەستەی سیاسی نین، گەڕانە بۆ ئازادی بەبێ تێپەڕین بە كەناڵی حیزب و سیاسەتمەداران و جەنگ و خەباتدا، ڕاستەوخۆ بۆ جیهانێک ئەو ئازادییەی تێدا ئامادەکراوە، ڕێگای کۆچبەر بۆ ئازادی بە کۆمەکی خەبات و جەنگ نییە، بەڵکو بە كۆمەكی شۆڤێری ترێلە و بە لای قاچاغچییەكانی ڕێگا و بە كەیسی بەردەم پۆلیسیخانەكانی خۆرئاوادا تێدەپەڕێت.

...

‎كۆچ یاخیبوونێكی ڕەمزیی بێئامانجە، جۆرە شۆڕشێكی ناوەكییە كە تاكی ئێمە بەرپایدەكات، نەوەك بەرامبەر چینێك یان توێژێك یان دەسەڵاتێك بەڵكو بەرابەر هەموو كۆمەڵگا. نائومێدیی نییە لە سیاسەت بە تەنیا بەڵكو نائومێدییە لە كۆی ژیانی كۆمەڵایەتی، نائومێدیی نییە لە ئێستای ژیانی كۆمەڵایەتی ئێمە، بەڵكو لە داهاتووشی. بەڵام نائومێدییەكی بێزمانە، نائومێدییەكە کە لە شێوەی ڕقێكی نەپاڵێوراو و نەسازێنراودا دێتەدەرێ. كۆچ بە شێوەیەك لە شێوەكان تەعبیرە لەو بێزمانییەی مرۆڤی ئێمە، لەو ئاستە نزمەی تەعبیركردن. مرۆڤی ئێمە بەردەوام لە شتێك توڕەیە، دەیەوێت خۆی لە شتێك ڕاپسكێنێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەو ڕقە بخاتە سەر زمانێكی ڕوونی قسەكردن، ناتوانێت بە ڕوونی پاڵنەر و مۆتیڤەكانی دیاریبکات... كۆچ تێكستێكە مرۆڤی ئێمە لەبری دەست بە قاچ دەینوسێت.

...

لەناو هەر یەكێك لە ئێمەدا دوو ڕەهەند پێكەوە دەژین و پێكەوە گفتوگۆدەكەن و دەجەنگن و ئاشتدەبنەوە، دیوێكیان ئیلتیزامی ئێمەیە بە كۆمەڵگای خۆمان و كێشەكانییەوە، دیوێكیشیان ئەو ڕەهەندە سەراسەری و گەردوونیەیە كە ئێمە گرێدەداتەوە بە كۆی دونیا و مرۆڤایەتییەوە، كوشتنی ئەو ڕەهەندە گەردونییە لە مرۆڤدا، گۆڕینێتی بۆ كەسێك كە سنووری تێگەیشتنی لەدونیا لەو دیو دەرگای ماڵەكەی خۆیەوە تێناپەڕێت، گۆڕینێتی بۆ ناسیونالیستێكی گەمژە... کۆیلەکانی «ئێرە» تەنیان ئەوانە نین کە هەموو جۆرێك لە كۆچ وەك خیانەتێك لە نیشتیمان وێنادەكەن، بەڵكو ئەوانەشن کە کۆچییان کردوە و بەڵام لە کولتووری خۆیان زیاتر ناتوانن بەرهەم و بەهای هیچ کولتوورێکی تر مەسرەفبکەن. کۆچبەر گەر نەتوانێت فرەکولتووریی بهێنێتە ناو ژیانییەوە، وەک ئەوەیە هەرگیز کۆچی نەکردبێت.

...

-----

تێکستەکان لە سەرچاوەی جیاوازەوە وەرگیراون.