خودا عەدلی لە لای عارف عەیانە1
بە حەققەت ئێمە گەللەین، ئەو شوانە!
لەبەر چی وا مەڕی خۆی مەردی چووپان،
بە دەستی خۆی ئەخاتە بەر نیشانە؟
***
ئەگەر موئمین بە حەققەت دۆستی حەققن،
چییە حیکمەت دەلیلی ڕووسیانە؟
موقەددەر بوو کە گەندوم بێ بە ڕزقی
لە ئادەم بۆچ ئیتر دەگرێ بەهانە؟
***
کە تیرئەندازی چابوک دڵ بپێکێ!
قەباحەت کەی لە سەر حەڵقەی کەوانە؟
کە ئەو ڕوخساری دڵ بێنێتە پێشۆ
نەسیبی بولبولان داد و فوغانە
***
لە ڕۆژی خۆی عەمەل قسمەت کراوە
لە بەر چی تۆ دەڵێی فیعلی خۆمانە؟
کە وا بوو ئاگری دۆزەخ لە بۆمان
چ لازم دێ بکێشێ وا زەبانە؟
***
ئەگەر خەلقە لە بۆمان ئیختیارێ
لەبەر چی یەک بچووک و یەک کەڵانە
یەکێ بۆ پارە نانێ جان فرۆشە
یەکێ حەققی نییە شاهی جیهانە
***
یەکێ سوڵتانی قەسری زەڕنیگارە
یەکێ بێ جێگە و بێ خان و مانە
یەکێ دایم خەریکی عەیش و نۆشە
یەکێ کوژراوی شمشێری دەبانە
***
یەکێ قاڕوونی دەوڵەت هەم عینانە
یەکێ موحتاجی سککەی یەک قڕانە

 

-----------------------

پرسیاری تاهیربەگ لە ناری