هەفتەی پێشوو هەر لە خۆمەوە هەستێك گرتمی كە زۆرم نەماوەو دەمرم، قەت ئەوەندە وەك ئەوسا سوور نەبووم لەسەر مردنی خۆم، ئەمە یەكەمجار نییەو خەیاڵی وا زوو زوو هێرشم بۆ دێنێ، هی تەنیاییەكی قووڵە یان نەگبەتییەكی ڕووت یان هی هەردووكیان، نازانم، هەر وەك چۆن پڵەنگێكی برسی دوای ئاسكێك دەكەوێت، منیش ئاوا جار جار خەیاڵی مردن دوام دەكەوێت، لێم نزیك دەبێتەوە، نزیكیتر، هەر ئەوەت زانی سەرێك بەرز دەكەمەوە وەك چەتر بەسەر سەرمەوەیه،‌ هەر خۆشم نازانم چۆن خۆمی لێ قوتار دەكەم. بەڵام هیچ كاتێك وەك ئەم جارە لێم نزیك نەبووبووەوە‌، تەواو خۆی تێكەڵاوی سێبەرەكەم كردبوو. بۆیە وام هەست كرد ئەم جارە میوانەكەی مردن لەبەر دەرگایە، دەرگاشی لێ نەكەمەوە ، خۆی كلیلی پێیە. ئیتر زانیم تەنها هەفتەیەكم ماوە و تەواو ژیانم وەك قومارێك دۆڕاندووه. بۆیە ویستم ئەو هەفتەیە، دواهەفتەی ژیانم بە باشی بژیم. كەمێك پارەم لە بانقدا هەبوو دەرمهێناو وەك چۆن توریستێكی دەوڵەمەند بە ناو خۆشییەكانی ژیاندا دەڕوات و پارە دەبەخشێتەوە، منیش ئاوا سەرەتای هەفتەكەم دەست پێكرد، دوو رۆژی نەبرد هیچم پێ نەما. پارچە زەوییەكم هەبوو، كە دامنابوو بۆ دواڕۆژ خانوویەكی چكۆلانەی لێ دروست بكەم و ڕۆژەكانی پیریمی تیا بەسەربەرم، بە نیوەقیمەت فرۆشتم و وەك چۆن بوتڵێكی گاز پڕدەكەیتەوە، منیش ئاوا لە چەند سەعاتێكدا گیرفانم لێ پڕكردەوە. دیاری گرانبەها و بێهاوتام بۆ هاوڕێی و خزمەكانم كڕی تا وەك یادگارێك لایان بمێنێتەوە. سەیری بكەن و بڵێن ئای چەند زوو جێی هێشتین. دواجار پێم بە دڵی خۆمداناو چوومە لای مامم.هەرچەند بڕیارم دابوو خواحافیزی لێ نەكەم، چونكە دەمزانی ئەو وەڵامی خواحافیزی ناداتەوە. مامێكی تەنیا و نەگبەتم هەبوو بەزەییم پێدا دەهاتەوه ‌ومانگی جارێك، دوو مانگ جارێك سەرێكم لێ دەدا، پێش ماوەیەك كە چووم بۆ لای بیرمە باران دەباری، منیش كۆمەڵێك ڕۆمانم لە كتێبفرۆشییەكان كڕی بوو، كە هاتمە دەرەوە لای مامم بەجێم هێشتن، لەبەر بارانەكە بوو، یان هەر وا بیرم چوو بوون نازانم، ئەوسا بیرمە داوام لێ كرد ڕۆژێ سەرێكم لێ بدات، پێم خۆش دەبێ، بەڵام نا، ئەو چەند ساڵێك بوو‌ سەری لێ نەدابووم. نا مامم پێویستی بە من نەبوو، لای ئەو من برازایەكی هێندە خوێن شیرین نەبووم، تەنانەت ئەو كاتەش كە باوكم بەدایكم دەڵێ: با بڕۆین، ئەم وڵاتە جێبێڵین، كوڕەكەمان گەورە بووە، نە وڵات پێویستی پێمان ماوە، نە كوڕەكەمان، با بڕۆین كەمێك بۆ خۆمان دونیا ببینین، خواحافیزی لە هەموو خزمان كرد، مامم نەبێ، چونكە دەیزانی خواحافیزیش بكات وەڵامی ناداتەوە. ئەو هەر لە منداڵییەوە پەیوەندی لەگەڵ باوكمدا خۆش نەبوو، بۆیە منیش بەر ئەو نەفرەتە كەوتبووم، هەر بە منداڵی كە ڕۆژێكیان باوكم هەندێ وێنەی فیلمە كاوبۆێكانی دڕاند كە مامم لە خۆی زیاتر خۆشیدەویستن، هەر ئەو شەوە لە داخی ئەو وێنانە دوو چرچی لە ناوچەوانیدا بۆ دروست بوو، ئەو وێنانەی كە بە ڕۆژ لە گیرفانیدا و بە شەو لە ژێر سەرینەكەی بوون، ئیدی تەمێكی دوژمنانە بەر چاوی گرت كە وای كرد لە گەورەیشدا قەت باوكم وەك برای خۆی نەبینێت و لەسەر ئەو وێنانە لێی خۆش نەبێت. ئەو وێنانەی كە ئەكتەرە بەناوبانگەكانی پێشان دەدا بە دەم و چاوێكی درێژ و قوپاوەوە، بە دەم و لێوێكی تینووی قڵیش بردوو لەسەر ئەسپە بریندارەكانیانەوە كە خەونی مامم بوو ڕۆژێك لەسەر ئەو ئەسپانە خۆی ببینێتەوە و بە تفەنگە شڕەكانیان نیشانەیەك بگرێتەوە و لە مەتارەكانیانەوە قوومە ئاوێك بخواتەوە و سیگارێكیش بە دووكەڵێكی ئەبەدییەوە بە لالێوێوە بێ، لەو ڕۆژەوە كە وێنەكانی بە لەت و پەتی بینی ئیدی وەك ئاوێنەیەك هەموو لەتوپەت بوونی دووارۆژی خۆی تیا بینی و هەموو ئەو وێنانەش كە ئەو بەخەیاڵ لەو چەند ساڵەدا بۆ خۆی و لەسەر خۆی دروستی كردبوون، وەك دواڕۆژ گوڵدانێك بێت و بەبەر چاوێوە كەوتبێتە خوارەوەو جگە لە پارچەی وردو خاش هیچی تری نەمابێ ئاوا بوو، نەك ئەوە بەڵكو هەستی دەكرد پارچە تیژەكانیشی زۆر بێ ڕەحمانە لە گۆشتەكەی گیر دەبن و ئەمیش ڕۆژانە خوێنی لێ دەڕوات بە جۆرێك بە هیچ شتێك ناوەستێتەوە. بۆیە لە داخدا وازی لە قسەكردن هێناو بە مانگ وشەیەك لە دەمی نەدەهاتە دەرەوە، تا دوایی كە ویستی جارێكی تر دەست بە قسەكردن بكاتەوە، هێندە تووشی هەڵە دەبوو، بەرامبەرەكەی تەواو دەهێنایە پێكەنین، بە تایبەتی كە (و) اوی دەخستە بەینی هەموو وشەیەكەوە، ماوەیەك هەر بەكەسی سێیەمی كۆ باسی خۆی دەكرد، حەزی دونیای لە ئاوەڵناو بوو، لە ڕۆژانی هەینیدا تەواو كرداری لە ڕستەكانیدا دەكردە دەرەوه. چاوگ جێی ئامرازی پەیوەندی گرتەوە. تا وای لێهات بەرە بەرە قسەكردنی ئاسایی بیرچووەوە. تائێستاش بەو شێوەیەیە و تا ئەم چركەیەش بە دەگمەن نەبێ قسەیەك ناكات. بەڵام هەرچییەكی بوێت لەبەر دەمی ئاوێنەكانی ماڵەوەیدا لەبەر خۆیەوە جوان دەدوێت، هەر چەند لەوێشدا هەندێ جار تێكەڵی دەكات بەڵام سەیری خۆی دەكات ناترسێت چی بوێت دەیڵێت، یان بە‌ نووسین دەینووسێت و سەیر لەوەدایە بە بێ هەڵەش.بەڵام كە قسە دەكات وا تەنگەنەفەس دەبێ كە بەرامبەرەكەی داوای لێ دەكات و لێی دەپاڕێتەوە بێدەنگ بێ نەوەك وشەكان وەك پاروویەك لە قووڕگی بگیرێن و بیخنكێنن و دوایش بەسەر بەرامبەرەكەیدا ساغ بێتەوە. هەر ئەو خەون و خەیاڵانەشی بوو لەناو ئەو وێنە دڕاوانەوە كە هەمیشە پارچەكانی لە گیرفانیدا بوون چەند ساڵێك كردیان بە پێشمەرگە، بەو بێدەنگییە قورس و نیگا ساردەیەوە سیمای جەنگاوەرێكی هەبوو كە كاریزمایەكی تایبەتی پێ دەبەخشی و لە خۆتەوە سڵت لێ دەكردەوە و ڕێزت دەگرت. هەمیشە كە سەیرت دەكرد وەك ئەوە وابوو ئەم پیاوە لە نەخۆشییەكی كوشندە چاك بووبێتەوەو بەو سیما زەردەیەوە جارێ خوێن نەگەیشتۆتە ڕوومەتەكانی. پێت سەیرە دوكتۆر وا زوو ئیزنی داوە. هەمیشە كە لێی ورد دەبوویتەوە وەك تابلۆیەكی هەڵواسراوی موزێ یەك وا بوو كە دڵت خەبەری دابێ دوای چەند سەعاتێكی تر دەدزرێت، بۆیە حەزت دەكرد زیاتر سەیری بكەیت، چونكە ئیتر نایبینیتەوە. تا لە ڕاپەڕینەكەدا گەڕایەوەو وەك پاداشتێكی ڕۆژانی سەختیی سەر شاخەكان داوایان لێ كرد كە چ ئیشێكی دەوێ تا بیدەنێ، ئەویش ئیشێكی ‌هەڵبژارد كە پێویستی بە قسەكردن نەبوو.ئیشی ئەشكەنجەدانی زیندانییەكان. كە بۆ مامم تەنها چاوی بەسبوو بۆ ئەوەی لە ڕۆژێكدا دوو سێ سەعاتێك ئیش بكات و بێ غەم بڕواتەوە بۆ ماڵەوە. مامم هەر بە چاو ئەشكەنجەی زیندانییەكانی دەدا، كەس نەبوو لەبەر دەم نیگا سەهۆڵییەكانی مامدا خۆی بگرێت، گەر ماوەیەك ئاوا سەیری بكردیتایە لە شوێنی خۆت دەتەزیت، بۆیە دەبوایە هەمیشە لە جێگای خۆتەوە بجوڵێیت تا نەتبەستێ. ئەوانەی كە مامم خۆشیدەویستن، قەت سەیری نەدەكردن. بەڵكو كە بەدەگمەن قسەیەكی لەگەڵ دەكردن سەری دادەخست.یان ڕووی دەكرد بەودیودا. ئەو چەندەها جار كە وشەیەكی لەگەڵم دەوت، نەمدەزانی لەگەڵ منێتی یان لەگەڵ ئاوێنەكان. ئەو كەسانەی كە لە بەندیخانەكانی هەرێمدا كەوتبوونە بەر ئەو نیگا ساردانە، كەسیان نەیانتوانی بوو دوایی باسێكی ئەو سەرما كوشندەیە بكەن كە لە چاوەكانی ئەوەوە وەك كۆمەڵێك بزمار لە ناوچەوان و ڕۆحیان دەچەقی. بە جۆرێك لە پەل و پۆی دەخستن كە ئاواتیان بە مردنی خۆیان دەخواست. بۆیە بە پەلە هەرچی شتێكیان بزانیبایە بە زیادەوە دەیانوت هەر بۆ ئەوەی لەو چلوورە نیگایانە ڕزگاریان بێت كە وەك تیر لە چاڵی چاویان دەچەقی. هەموو ئەوانەش كە لە زیندان هاتبوونە دەرەوەو بەڕێكەوت ویستبوویان یاداشت و بیرەوەری خۆیان بنووسنەوە، هەموو ئەو بەشەیان پەڕاندبوو كە چۆن ئەشكەنجە درابوون، هەستیان دەكرد ئەو بەشە وەك خەونێكی ناخۆشیی سەردەمی منداڵی وایە لە بیرت چووبێتەوە، وەك خەونێكی بەستوو لە یادەوەرییەوە كەوتبێتە خوارەوەو پارچەكانیشی وردوخاش نەمابێ. بۆیە نووسینەوەی مەحاڵە، نەیاندەزانی بۆ هەموو شتێكیان لەبیرەو ئەوە نەبێ. یان بیركردنەوە لێی وا بە ئازار بوو وەك وردە درك لە خەیاڵ بچەقێ، بۆیە كەس نەیدەویست لە خۆڕا ئەو ئازارە بە خۆی بگەێنێت.باشترین شت ئەوەیە فەرامۆشی بكەیت. بۆیە بەهۆی كارگەی سەهۆڵی چاوانییەوە مامم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئیشەكەیدا سەركەوتووتر دەبوو و زیاتر ڕێزیان دەگرت و باشتر جێگای خۆی دەكردەوە و كەمتریش ئیشی دەكرد، چونكە قەت پێویستی بەوە نەبوو دوو جار ئەشكەنجەی یەكێك بدا. تەنانەت ئەمریكییەكانیش پێیان زانیبوو، پارەیەكی زۆریان دابوو بە حكومەتی هەرێم، مامم لەگەڵ خۆیاندا بەرن و چەند ئیشێكی پێ بكەن، بەڵام نەچوو بوو لەگەڵیاندا، وتبووی كە ئینگلیزی نازانێت و چاوەكانی ئەم بەس بە كوردی ئیش دەكەن.

ماڵی مامم لە پێنج ژوور پێك هاتووە، ئەم تەنها یەك ژووریان بەكاردێنێت، چوارەكەی تر تەواو خاڵیین و چەند ساڵێكە پێی تێ نەخستوون، دەڵێی هەر هی ئەویش نین..لەو ماڵەشدا نین. هۆڵەكەی كردووە بە هەموو شتێك، لێی دەدانیشێت و سەیری تەلەفیزیۆن دەكات، نانی لێ دەخوات، لێی دەنوێت و گەر بە دەگمەنیش میوانێكی بێت دەیكاتە‌ ژووری میوان.چەند ئاوێنەیەكی گەورەی لێ هەڵواسیووەو ئەوەی من بزانم رۆژانە بە سەعات قسە لەگەڵ خۆی دەكات. لەم ماوەیەی دوایدا كە دەچووم بۆ لای، هەستم دەكرد زۆر شێوەی باوكمی تیایەو حەزم دەكرد بیبینم. هەمیشە لەبەر دەم ئاوێنەكاندا بوو، كە قسەی لەگەڵ دەكردم، قەت سەیری نەدەكردم، نەمدەزانی لەگەڵ خۆیدا دەدوێت یان لەگەڵ منێتی.

چوومە لای، وتم مامە گیان! بیرت دەكەم، ئەم دیارییەم بۆ هێناوی، تۆ لە جێگای باوكمی. وەڵامی نەدامەوە. وتم، تۆ و باوكم بە منداڵی چ شەڕێكتان بووه، گەردنتان ئازاد بێ، بەڵام منی تێوە مەگلێنن، شەڕی منداڵی ئەوەی خۆشە نابێ هەڵیبگرین بۆ گەورەیی، منداڵیی هەموو شتێكی خۆشە، بە شەڕەكانیشییەوە، بەڵام هەر كە هەڵگیرا بۆ گەورەیی، ئیتر ناشرین دەبێ و ماناكانی خۆی لەدەست دەدا. سەیرێكی خێرای كردم و ویستی شتێ بڵێ، بەڵام پەشیمان بووەوە. وتم وا هاتووم و حەزم كرد دیارییەكت بۆ بێنم، هەست دەكەم سەفەرێكی دوورو درێژم لەبەرەرەو ئیتر ناگەڕێمەوە، سەیرێكی كردم، ئەوەی سەیر بوو، هیچ هەستم بە سەرما نەكرد، زانیم كە تێم ناگات، وتم، نا ، ناچم بۆ دەرەوەی وڵات، سەفەرەكەی من بۆشوێنێكی ترە، دەتوانی ناوی بنێیت دوا سەفەر، هەست دەكەم بەم نزیكانە دەمرم، بۆیە هاتووم خواحافیزیت لێ بكەم.
هیچی نەوت، دیارییەكەم لەسەر زەوییەكە دانا، وتم مامە! تۆ كاتی خۆی پەیمانێكت بە من دا كە دەفتەری یاداشتەكانتم بەیتێ، كە لەوێدا باسی ئیشەكەت دەكەی لە زیندان، باسی ئەو میتۆدە ناشرین و پڕ ئەفسوونەت كە وات لە زیندانییەكان كردووە چیت بوێ بیڵێن. بە چەقۆ تیژەكانی نیگات بە چەند چركەیەك دانپیانانت لە زەحمەتترینیان وەرگرتووە.من ناوی تۆ بڵاوناكەمەوە، بەڵام هاوڕێیەكی ڕۆژنامەنووسم هەیە كە بە ناوێكی خوازراوەوە بۆم بڵاودەكاتەوە، ڕەنگە وەك چیرۆكێك بڵاوی بكەینەوە، چیرۆكێك كە كەس هەست نەكات ڕاستەو تەنها وەك درۆیەكی شیرینی ئەدەبی لێمان وەربگرن.وەك پاقلاوەیەك، زلووبیایەك بیخۆیت و هەستیتە سەر پێ.‌ دەتوت هەر گوێشی لێ نەگرتووم، دەستیێكی بۆ ئەو ڕۆمانانە درێژ كرد كە ماوەیەك پێش ئێستا لای ئەو بەجێم هێشتبوون و ئێستا لە سەر مێزەكەی بوون، بە زۆر لە خۆكردنێكەوە، دەتوت تاشە بەردێك لەسەر سینگێتی وتی (ڕۆمان و تۆ و بەجێهێشتن و باران و من و خوێندنەوە)، یەكسەر تێگەیشتم و وتم پێم خۆشە ڕۆمانەكانت خوێندۆتەوە، من ئەوانەشت لا جێ دێڵم، وەك وتم هەست دەكەم مردن پیس لێم نزیك بۆتەوە، ( تۆ و نەخۆش)؟ نا نەخۆش نیم، تەنها هەستێكە و ئەم هەفتەیە یەخەی گرتووم، ڕەنگە سێ ڕۆژم مابێ، ڕەنگە واش نەبێ نازانم، بەڵام خواحافیز، وەڵامی نەدامەوە، نا باوكم ڕاست دەكات، مامم وەڵامی خواحافیزی ناداتەوە.

ئەی ئاوێنە خۆشەویستەكەم! ئاوێنە نازدارەكەم! وا هاتمەوە بەر دەمت، من تەنها لەبەر دەمی تۆدا ئینسانم، تەنها لەناو تۆدا دەتوانم قسە بكەم، لە ناو تۆدا ماڵێكی ڕاستەقینەم هەیە، لە ناو تۆدا باڵم هەیەو بۆ كوێم بوێ دەفڕم. تۆم لێ دیار نەبێ، وا سەرگەردانم، دەڵێی دەم وفڵقم لەبەر ڕەشەبایەكی بەهێزدایەو وشەكان بە دەممەوە ناوەستن و چاوەڕێم ناكەن تا بە شێوەیەكی ڕاست گۆیان بكەم. تۆ گوێ بگرە! تاقە برازاكەم دوو سێ ڕۆژ پێش ئێستا هات بۆ لام، دیارییەكی جوانی بۆ هێنا بووم، پەیكەری كۆمەڵێك ئەسپ وەك ڕا بكەن قاچیان هەر لە جوڵانەوەیەكی بەردەوامدا بوو، لە ناوەڕاستەوە فوارەیەكی بچووك ئاوی بەسەردا دەبەخشینەوە، لە ژێر قاچیانەوە حەوزێك كە ئاوەكەی تیا كۆ دەبۆوەو بە كۆمەڵێ گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ ڕەنگی ئاوەكەی دەگۆڕی، لەناو حەوزەكەدا كە بە موورو زەنگیانە داپۆشرابوو، هەستێكی تیا دروست دەكردی كە بە ڕاست حەوزەكە پڕ بێ لە ئەڵماس و مرواری. هەموو دە چركەیەك ڕەنگی ئاوەكە دەگۆڕدرێ، هەموو دە چركەیەك ئەسپەكان شێوەیەكی جیایان هەیە.بە دەوری حەوزەكەدا چیمەنێك، كە تەواو لە چیمەنی ڕاستیی دەچێت، بە جۆرێك كە سەیری دەكەیت وەك ئاوێنە هەر دوو بیلبیلەی چاوت دەردەكەون ، هەستێكت تیا دەچێنێ وەك ئەوە وایە لەوێدا چاوی خۆت جێ هێشتبێ و پێت نەزانیبێ، بەدەست خۆت نییە لەو چركەیەدا تەواو لە بێ ئاگاییەوە دەستێك لە چاوانت دەدەی بۆئەوەی بزانیت لەوێدا ماون یان هاتوونەتە دەرەوە. ئای خوایە! من بە سەعات دەتوانم باسی ئەم دیارییە بكەم كە لەو برازا شیرینەم وەرگرتووە. من نازانم ئەو سیحرە چییە لەو دیمەنەدا، منی تەواو شێواندووە، سێ ڕۆژە هەر سەیری دەكەم و لێی تێر نابم،، وەك ئەوە وایە چاوم چوو بێ بۆ سەیران و گەشت و ئیسراحەت، هەست‌ بەوە دەكەم كە گەنج دەبمەوە. چاوەكانی من هێندە لەو سیما ماندوو و ترساوانەی زیندانییەكان ڕاماون كە بە كڵۆڵی دەیانهێنانە بەر دەمم هیچی ترم نەبینیووە ئیستا هەست دەكەم كە چاو بۆ شتی تریش بەكار دێت. هەموو رۆژێ كە بەیانیان لە خەو هەڵدەستم، پێش ئەوەی دان و دەم و چاوم بشۆم، پێش ئەوەی نانی بەیانی بخۆم، دێم و لەبەر دەم ئەم ئەسپانەدا، دوو سەعاتێك دادەنیشم. نا نەگبەت، (تۆ) بەكەڵكی ئیشەكەی خۆت نەماویت، دانی پیانێ و مەترسە، كەس گوێی لێت نییە، دانپیانانت لە‌‌هەزارەها كەس وەرگرتووە، پیاوبه ‌و لە خۆتیشی وەرگرە. مانگێك زیاترە نەچوویتە بۆ ئیش، لەو ڕۆژەوە ئەو برازایەت كە ڕۆمانەكانی لێرە لای تۆ بەجێ هێشتن و تۆش دوای ماوەیەك لە‌ تەنیایدا لاپەڕەیەكت خوێندەوە، دوایی لاپەڕە دوای لاپەڕە، ڕۆمان دوای ڕۆمان، تۆ هەستت كرد چاوەكانت گەرم دادێن و تایەكی گەرم دەتسووتێنێ و هەموو گیانت لە عارەقدا شەڵاڵ، لە ناوچەوانتەوە، تەنانەت لە چاوانتەوە وەك بگریت تنۆك تنۆك ئاوت لێ دەچۆڕا، نا فرمێسك نەبوون، چونكە تۆ نەدەگریایت، بەڵكو هەستت دەكرد، بەستەڵەكی چاوەكانتە كە بەرە بەرە بە جێت دێڵن.كارگەی سەهۆڵی چاوانتەو نە كرێكارت ماوە‌و نە موشتەری، دەبێ تا زووە دایبخەیت. نا( ئێوە) بە كەڵكی هیچ ئیشێك نەماون، ئێستە ڕەنگە دەریش كرابن و بە خۆتان نەزابیبێ، چەندەها تەلەفۆن بۆ جەنابتان كرا كە بگەنە سەر ئیش و لەم دیو خەتەوە وتتان نەخۆشن ، نەخۆشی ئێوەش لەوە دەچێ گران بێت. ئێستا ئیتر دوای ئەم دیارییە جوانە، ئەم دیارییەی كە هەموو ڕۆژێ لەبەر دەمیدا دادەنیشین ڕەنگە (ئێمە) هەر بە تەواوی خۆمان خانەنشین بكەین، ئێمە تەواو لە بیرمان نییە كەی پەیمانمان بەو تاقە برازا شیرینە داوە بۆ نووسینەوەی بیرەوەریەكانمان، بەڵام هەر وەك وەفایەك دەبێ پەیمان بەرینە سەر. ئێمە لاپەڕەیەی زۆرمان نووسیووە و بە زووترین كات دەبێ بیبەین بۆ برازاكەمان، كە ئەو ڕۆژە هەر لە خۆیەوە باسی سەفەر و مردن و شتی وای دەكرد.دەبێ سەرێكیشی لێبدەین تا بزانین چۆنە، (من) دەمێكە حەز دەكەم بچم بۆ لای، (تۆ) لەمێژە سەرت لێ نەداوە.

ئەو ئێوارەیە دوا ئێوارە بوو كە بە حیسابەكانی خۆم دەبوایە بمرم، خراپ بووبووم بە دوو كەرتەوە، كەرتێكم تەواو خۆم ئامادەی مردن كردبوو، ئەوی تریانم پێكەنینی به عەقڵی‌ دوژمنەكەی تر دەهات. هەفتەكە هەر چەندە خێرا تێپەڕی بەڵام لەو هەفتەیەدا وەك چەند ساڵێك ژیابم وابوو. دوشێكی خێرام كرد و دەستێ جلی پاكم لەبەر كرد و كەرتێكم چاوەڕێ بوو عیزرائیل بێت و رۆحم بكێشێت. زەنگی دەرگا لێدرا، كەرتەكەی تر پێی سەیر بوو، گەر ئەمە مردن بێ بۆ زەنگ لێ دەدا، كوا شەرمی لە كەس كردووە؟ یەكەم جار بوو هەستم دەكرد لە مردن دەترسێم، ئەو كەرتەیان كە نایەوێ بمرێ من بە لای خۆیدا ڕادەكێشێت، هەستم دەكرد ترس لە مردن خۆی لە خۆیدا ئازایەتییە، زەنگەكە دیسانەوە لێدرایەوە، بە خۆم وت باشە چی دەبێت گەر دەرگا نەكەمەوە، كەرتێكم وتی مەیكەرەوە، ئەوی تریانم وتی ڕۆڵە بڕۆ بیكەرەوە، تۆ تازە حیسابت تەواو. لە درەختێك دەچیت گەڵات پێوە نەماوە، دڵت بە چی خۆشە، تۆ بەم بەهارە وا بیت، دەبێ پایز چۆن بی؟ میوانی وا یەكجار دێت، دڵی مەشكێنە، ئەوی تریان هاواری دەكرد و دەیوت ئەو كوا دڵی هەیە تا بیشكێنی، سەرم پڕ بوو لە هاوار، تا زەنگەكە چەند بارە بوووەوە و لە ناو ئەو ژاوە ژاوەدا گوێم لە دەنگی مامم بوو لەو دیو دەرگاكەوە، لە دڵی خۆمدا وتم، ئەمەش میوانێكە یەكجار دێت، بە پەلە دەرگام كردەوە، مامە گیان ! ئەوە تۆیت، فەرموو وەرە ژوورەوە، وتی: بیرم دەكردی، خۆ ماوی كوڕی خۆم؟ ئەوە بەشێك لە یاداشتەكانم كە پەیمانم پێ دای، بەشی تریشت بۆ دەنووسمەوە، ئاگات لە خۆت بێ برازا شیرینەكەم. دەفتەرەكەی پێ دام و ڕۆشت، من لە شوێنی خۆم حەپەسابووم، مامم بێ هەڵە ئەو ڕستانەی دەوت. دەبێ كەی مامم چاك بووبێتەوە؟ لە خۆشی چاكبوونەوەی مامم و دەفتەری یاداشتەكانی، بە ڕاكردن هاتمەوە ژوورەوەو دەست و برد دەستم كرد بە خوێندنەوەی. كاتێ تەواو بووم، سەیرم كرد بەیانییەو من لە دوێنێوە دەخوێنمەوە، ئەوەی بیرم لێ نەكردبووەوە مردن بوو، مردن بەو هەموو هێزە گەورەیەوە، بەو هەموو سوپاو پۆلیسە ناشرینانەیەوە كە لە ناوماندا پەخشی كردۆتەوە لەو ناوە نەمابوو. هەستم كرد مردن تەنیا ئەوانە دەبات كە خۆیان دەدەنە دەستی، منیش هەفتەیەك بوو یەكێك بووم لەو كەسانە مردن خەریك بوو فریوم بدات و بمبات، هەستم كرد‌ ئەو هەفتەیە بە قەت دە ساڵ پیری كردم و پڕی كردم لە برین. ئێستا دانیشتووم و بیر لە چركە بە چركەی ئەو هەفتەیە دەكەمەوە و برینەكانم دەژمێرم كە لە ژمارە نایەن، برینەكانم كە لە دەغیلەیەكدا كۆمكردوونەتەوە. دانیشتووم و بە دەزوویەك دڵم دەدوورمەوە.

ستۆكهۆڵم . شوباتی 2010