"چی بکەین بۆ کەرکوک؟"(1) ئەمە ناوی ئەو وتارە ڕەخنەییەی شاعیر و نووسەر کاک دانا عەسکەرە کەلە سایتی دەنگەکان لە 06-12-2010 دا بڵاو کراوەتەوە، تێیدا پرسی کەرکوک دەخاتە ژێر لێکدانەوە و بەدوای چارەسەرێکەوەیە تا بتوانێ تیشکێ بخاتە سەر قەیرانی ڕۆشنبیر – دەسەڵات و مێزێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەنوسی کەرکوک بڕازێنێتەوە. وروژاندنی ئەم بابەتە کەخۆی نەپرسێکی تازەیە نەیەکەمجاریشە خوێندنەوەی بۆ بکرێ لەو هەستە پڕ لە لێپرسراوەتی و چاوەڕوانییە بێزارکەرەوە سەرچاوە ئەگرێ کەڕۆشنبیرانی کەرکوک بەدەست دەسەڵاتەوە دەرگیری بوونە. بەڵام ئەتوانین خاڵی هاوبەشی ئەم نووسینەی کاک دانا و ئەوانی بەر لەکاک داناش ئەو پرسەیان لەو دیدگایەوە تاوتوێ کردووە دەستنیشان بکەین ئەویش ئەوەیە کە بەدوای گوتارێکی سەرتاپاگیر و گشتیین بۆ ڕۆشنبیرانی کەرکوک لەدەرەوەی گوتاری باوی دەسەڵات. ئەمەش بەو مانایەیە کەڕۆشنبیرانی کەرکوک لەچەند ساڵی ڕابردوودا نەیانتوانیوە هەوڵێک بدەن بۆ پێناسەکردنی شوناسی ڕۆشنبیرییان لەدەرەوەی بازنەکانی دەسەڵات. بەزمانێکی تر ئەوەی پێویستە ببێتە خەمی ئان و ساتی ڕۆشنبیرانی کەرکوک ئەوەیە هەوڵبدرێ لەپانتایی کردە و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانیانەوە پێناسەی خۆیان بکەن وەک داهێنەرێکی ئازاد کەخاوەن ئیرادەیەکی ئازادن ئەویش لەڕێگەی دووبارە دۆزینەوە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی شوناشی ڕۆشنبیرییان لەدەرەوەی دەسەڵات و تێگەیشتنە فۆرماڵییەکانی دەسەڵات.
کەرکوک ئەو هاوکێشەیەیە هێندەیان قورس و ئاڵۆز کردووە کە هەر قسەیەکی لەبارەوە بکەی هێشتا وا دەرئەکەوێ کە هیچ قسەی لێوە نەکراوە و فەرامۆش کراوە. کەرکوک لەبەر ئەوەی لەسەر دەریایەک لەنەوتی ڕەشە بۆتە جێگای تەماح و چاوتێبڕینی حکومەت و لایەن و حیزب و نەتەوە جیاوازەکان. پێکهاتەی کەرکوکیش وەک هەموو دەزانین تاک نەتەوەیی نییە و تێکەڵییەکە لە زۆرینەی کورد ئینجا و عەرەب و تورکمان. من گوتاری شۆڤینیزمی عەرەبی و ڕەگەزپەرستی تورکمانەکان وەلا ئەنێم چونکە جێی ئەم باسەی من نین،بەڵام گوتاری کورد لە کەرکوک لەچەند دێریکدا دەخەمە ڕوو بۆ ئەوەی لەوێوە بتوانم دوو قسە لەسەر گوتاری ڕۆشنبیرانی کوردی کەرکوک بکەم.
دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدامەوە کە بەفەرمی ئیدارەی کەرکوکیان بەدەستەوەیە لەلایەکەوە نەیانتوانیوە بەعەقڵییەتێکی مۆدێرنەوە شارەکە بەڕێوە بەرن و کار بکەن بۆ کاڵکردنەوەی ئەو ڕق و دووبەرەکی و دوژمنایەتییەی نێوان پێکهاتەکان، و لەلایەکی تریشەوە زەمینەی خزمەتکردنی شارەکە و جوانکردنی نەبۆتە یەکێک لە ئەولەویاتی بەرنامەی کاری بەڕێوەبەرانی سیاسی و ئیداری. لەجیاتی ئەوە سیاسەتی تاڵان و بڕۆ پیادەکراوە ئەمە جگە لە بەدەسەتەوەگرتنی سیاسەتی شۆڤینیستی لەچەندین بۆنە جیاجیا وەک هۆکارێک بەبیانووی چەوساوە بوونی کوردی شارەکە بەدەست عەرەبی هاوردەوە. ئەم پەرەگرافەی کە گووتم هیج شتێکی نوێی تێدا نییە و زۆر کەس بەر لەمن ئەم قسانەیان کردووە، بەڵام دووبارەکردنەوەی ئەم قسانە لەم وتارەدا کۆمەکی ئەوەمان ئەکات کە سیمای گوتاری دەسەڵاتی کوردی بناسین و ڕەهەندەکانی دەستنیشان بکەین.
دەسەڵاتدارانی کورد لە کەرکوک کەخۆیان ئەندامانی سەرکردایەتی و کۆمیتەی ناوەندی (ی ن ک) و ( پ د ک) ن و ڕێنوێنی لە سەرکردەکانیانەوە وەرئەگرن و هیچ هەنگاوێک نانێن ئەگەر بەرژەوەندی حیزبی خۆیانی تێدا نەبێ. ئەم دوو حیزبە بەو میتۆدەوە هاتوون حوکمی کەرکوک بکەن دیارە بەدڵنیاییەوە یەکتری قەبوڵ ناکەن و هەریەکە خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینەی کورد ئەزانن. لێرەوە کارەساتەکە دەست پێئەکات کە تەواوی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی کورد لەو گۆشەنیگایەوە دائەڕێژرێن. سەرئەنجامیش کەلێنێکی گەورە ئەکەوێتە نێوان پێکهاتەکانی شارەکە و دواجاریش ئەبێتە هۆی بەهێزبوونی دیدگای شۆڤینیزم. لەئەنجامی بەدەستەوەگرتنی ئەو گوتارە و پیادەکردنی ئەو سیاسەتە نادروستە ڕۆشنبیران دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز ئەکەنەوە و لەهەوڵی ئەوەدا ئەبن بەشداری جیددی بکەن لە چارەنووسی شارەکە. لێرەوە حیزبەکان لەبری بەدەستەوە گرتنی بەرنایەکی تۆکمە و پتەو بۆ نیشاندانی ماهیەت و ناواخنی دیموکراسی و یەکسانی تاک، لەبری بەرقەرارکردنی زەمینەی ئازادی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و قەبوڵکردنی جیاوازی ،دێن لەبەرامبەر پرسە گرنگەکان سەرقاڵی ناشرینکردنی کورد و تاکی کوردن بەکلتور و زمان و ڕۆشنبیرانیشییەوە. ئەمە ئەو چوارچێوەیەیە کە دەسەڵاتی کوردی بەدەستییەوە گرتووە و پارێزگاریشی لێئەکات. ڕۆشنبیرانیش لەبەر چەند هۆیەکی زاتی و بابەتی جۆرە گونجاندنێکیان لەخۆ نیشانداوە کەلەبنچینەدا خزمەت بە چوارچێوەی ئەو گوتارە نادروستەی دەسەڵاتی کوردی ئەکات لەکەرکوک. کاتێ ئەڵێم هۆکاری زاتی مەبەستم ئیش و کار، مەعاش و وەزیفە، پلە و دەسەڵات، کەئەشڵێم هۆکاری بابەتی مەبەستم فشاری پێکهاتەکانی تر و فشاری قاعیدە و دەستگرتن بەو بارودۆخە ئازادەی کەبەرقەرارە، من گلەییەکم نییە لە هۆکارە بابەتییەکان و دەبوایە دەسەڵاتی کوردی لەمێژبوو ئەو مەترسیانەی بڕەواندایەوە، بەڵام هۆکارە زاتییەکان، جێگای لێوردبوونەوەن. دوو سێ وەزیفە، دوو سێ مەعاش، خانوو . زەوی، پلە و پایە و تاد، ئەمە وای لە دەسەڵاتی کوردی کردووە نووسەرانیش بکەنە دوو بەرەی لێکترازاو و تەنانەت تا حەدێک دژ بەیەک.(2) بەبڕوای من ئەمە ئەم کەلەپچەیەیە دەستی ڕۆشنبیرانی کوردی بەستاوەتەوە، نەهامەتییەکە لێرەوە دەست پێئەکات کەگوتاری ڕۆشنبیرانی کەرکوک لەم ڕووبەرە لەلێکهەڵپێکران لەگەڵ دەسەڵاتەوە سەرچاوەی گرتووە، بەبڕوام من تا ئەو ڕووبەرە دەستکاری ڕیشەیی نەکرێت، ڕۆشنبیرانی کەرکوک لە نووسینی لافیتەیەک و ڕێپێوانێکی هێمنانە زیاترهیچ شتێکی تریان پێناکرێت. بۆیە دروست لەگەڵ کاک دانام کە ئەڵێ " ئەبێ خاوەن ڕوئیایەکی ڕۆشن بین لەسەر مەسەلەی کەرکوک"، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەو ڕوئیا ڕۆشنە چییە و کامەیە و لەچ زەمینەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە مانای مادی پەیدا ئەکات؟ ئایا ڕوئیای ڕۆشن سەرلەقاندنی ڕۆشنبیرانە بۆ سیاسەتە لنگەوقوچەکەی دەسەڵاتی کوردی؟ ئایا دژایەتیکردنی سیاسەتی کوردییە لە کەرکوک؟ یان دۆزینەوەی میکانیزمێکە لەیەکخستنی ڕۆشنبیرانی شارەکە لەدەرەوەی بۆچوون و سیاسەتی حیزبە سیاسییەکان بەکوردی و عەرەبی و تورکمانی و سریانی لەدەوری ئاڕاستەکردنی ژیانی کەرکوکییەکان بەرەو ئاقاری تەبایی و پێکەوە گونجان و ژیان؟ یان پێکهێنانی لوبێکی ڕۆشنبیریی کوردی بەهێزە وەک ئامڕازی فشار بەسەر لایەنە سیاسییەکان؟ بەبڕوای من ئەمە ئەو مێزەیە کەئەتوانین لەسەری دابنیشین و گفتوگۆ بکەین. ئەمە ئەو مەیدانەیە کە پێویستە جیاوازییە ئادیۆلۆژییەکانی تێدا بنێژریت و یەکتری قەبوڵنەکردنی تێدا بسڕدرێتەوە. ئەمە گەر هەنگاوی سەرەتایی بێت، ئەوا لەهەمان کاتدا پایەی گوتاریکی بڕێک جیاوازترە لەگوتاری باوی دەسەڵات.
دەسەڵاتی کوردی لەکەرکوک هیچ خوێندنەوەیەکی تایبەتی بۆ بارودۆخی کەرکوک نەبووە و نییە گەرچی بەقسە ئەو بەڕێزانە سەری زار و بنی زاریان لە چاوپێکەوتنی میدیاکاندا باسکردنی تایبەتمەندییەکانی شاری کەرکوک بووە، بەڵام لەڕاستیدا خاوەن گوتارێک نەبوون ڕوو بەو تایبەتمەندییانە. ئەو بەڕێزانەی دەسەڵاتی کەرکوک قەت ڕۆژێک خزمەتی کەرکوکیان نەکردووە وەک شارێکی کوردستانی، بەڵکو زیاتر لەچاوەڕوانی گۆدۆی بەغدادا بوونە دەستێک بەشارەکەیا بێنێ و ئەمانیش بیدەنەوە بەچاوی خەڵکی کەرکوک. ئەوەی تا ئێستاش کراوە یەک : دەستیان خۆش بێ. دوو : لەئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکدا نین.
جا بابێمەوە سەر وتارەکەی کاک دانا. کاک دانا لەخەمێکەوە قسان دەکات کەخەمی ڕۆشنبیرێکی جیددی و خاوەن خەونە.خاوەن پرۆژەیە، خاوەن دەستپێشکەری و ئیبتیکارە. ئەم دەستپێشکەرییەی کاک دانا بەئەندازەی جوانی و دڵسۆزییەکەی، هاتووە لەدەرگایەک ئەدات، کەبەبڕوای من گرنگترین خاڵێکە ئەتوانین لێوەی دەست پێبکەین و وەک کڵاوڕۆژنەیەک لێوەی بڕوانینە ئەو نەهامەتییەی کەبەرۆکی ڕۆشنبیران بەگشتی و ڕۆشنبیرانی کەرکوکی بەتایبەتی گرتووە. ئەو لەدەرگا دانە بانگەوازێکە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکردن لەدەرەوەی جیاوازییەکانمان.
ئەوەی تا ئێستا ڕۆشنبیرانی کورد لە کەرکوک کردویانە و وتویانە ودەیڵێنەوە گوتارێکە هەناسەکانی خۆی لەژێر گوتاری باوی حیزبە کوردییەکانەوە ئەدات. گوتارێکە نەیتوانیوە خاوەن شوناسێکی جیاوازتر بێت لە گوتاری حیزبە کوردییەکان کە لەوەتەی هەن ئیش لەسەر خەساندنی نووسەران و هونەرمەندان ئەکەن و ئەیانەوێ لە ئۆرگان و دەزگا جۆراوجۆرەکانی حیزبدا دایان مەزرێنن و چۆنیان بوێ هەڵیان بسوڕێنن.(3) ئەوەی لەشوناسی گوتاری ڕۆشنبیرانی کەرکوک غائبە ڕێگاچارەیەکی گونجاوە بۆ تەسفییەی حیسابی ڕۆشنبیران لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک. هەموو دەزانن چی لە کەرکوک ڕوو ئەدات، ئەزانن چ گەندەڵییەک و دزی و نادادپەروەرییەک لەسایەی ئەو دوو حیزبە لەئارادایە و هەمووش داد و بێدادیانە لەدەست ئەو هەڵاواردنە .بەڵام تا ئێستا چ ئاگادارنامەیەکی جیددی و چ هەڕەشەیەکی بەکردەوە لەلایەن ڕۆشنبیرانی کەرکوکەوە وەک کارتی فشار بەڕووی دەسەڵاتدارانی کورد لە کەرکوک بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی کەرکوک بیرێک لەبەرژەوەندییەکانی کورد بکاتەوە؟ کەی ڕۆشنبیرانی کەرکوک لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بۆ تاقە جارێک لەدەرەوەی ئیعاز و بانگەوازی دەسەڵاتی کوردییەوە حەرەکەیەکیان کردوووە گوزارشت بێت لە خۆجیاکردنەوە لەو ڕەوەندەی کەدەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک لەژوورەکانی مەڵبەند و لقەوە بۆ ڕۆشنبیرانی داڕشتووە؟ (4 ) کەی ڕۆشنبیرانی کورد خۆیان لەدەرەوەی ئەو گەندەڵییەوە بینیوەتەوە و بە چ شێوەیەک خۆیان هەڵاواردووە لە پارە هەڵڕشتنەکانی دەسەڵاتی کوردی و وەستانەوەیان لەبەرامبەر بە کارمەند بوونیان لە میلیشیا ڕۆشنبیرییەکان؟ ئەو پرسیارەی کە نە تازەیە و نەئاڵۆزە بەڵام ڕەزا قورسە بۆ زۆربەی هەرە زۆری ڕۆشنبیرانی ژێر چەتری دەسەڵات بۆچی گوتاری ناسیونالیستانەی دەسەڵاتی کوردی لەهەموو ئان و ساتێکدا خەریکی بەرهەمهێنانەوەی دووبەرەکی و ناتەباییە لەسەر جەستەی ڕۆشنبیریی و ژیان، ڕۆشنبیرانیش لە حەوت ساڵی ڕابردوودا خەمێکی جیددی ئەو مەسەلەیان نەخواردووە؟ ڕۆشنبیرانی کەرکوک بۆ ئەوەی کاریگەرییان بەسەر دەسەڵاتی کوردییەوە هەبێ پێویستە لەسەریان کە گوتاری ڕۆشنبیرییان لە گوتاری حیزبی کوردی جیا بکەنەوە.ئەمە بەو مانایە نییە کە نابێ ڕۆشنبیران سیاسەت نەکەن و نەبنە ئەندامی حیزبە کوردییەکان، بەڵکو بەو مانایەیە کە داهێنانە ڕۆشنبیرییەکانیان و ئەرکە مرۆییەکانیان لەبەردەم بەرژەوەندی حیزبەکان سەرنەبڕن. دیارە لەکاتێکدا کەئەم قسەیە ئەکەم ئەو ڕاستییەشم لەبەرچاوە کە کوردی دانیشتووی کەرکوک و ڕۆشنبیرانی ئەو شارە لە بەرامبەر وەستانەوە بەڕووی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی عەرەب و توکمانەکان و پێشبینی مەترسی گەشەی ئەو سیاسەتانە و فشاری بەردەوامی ململانێکان ناچارن لەپای سندوقی دەنگدان دەنگ بە دەسەڵاتی کوردی بدەن نەک بە شۆڤینیزمی عەرەب و تورکمان. دەخوازن هەر هەنگاوێک هەڵبگرن لەخزمەتی شارەکە و کورد و دەسەڵاتی کوردی بێت و بچێتە گیرفانی کوردەوە نەک پێهاتەکانی تر.ئەمە ئەو هەستە نەتەوەییەی کورد و ڕۆشنبیرانی کەرکووکە. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی کورد یەک لە سەدی ئەو هەستە جوانە پێداگر نەبوون لەسەر بەرژەوەندییەکانی میللەتی کورد.
دەسەڵاتی کوردی و دەسەڵاتە تۆلیتاری و نادیموکراسییەکانی جیهان بەپێی سروشت و بونیادییان نەک بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافییان نەک هەر تەنها گوێ لە ڕۆشنبیران ناگرن بگرە تەواوی بەهاکانی مرۆڤ و کۆمەڵگاکانیان لەدۆخێکی پڕ لەترس ڕائەگرن و بەردەوام ئەگەری هێرشکردنە سەر ئەو بەهایانە لەئان و ساتدایە. پەیوەندی ڕۆشنبیر و دەسەڵات هەر تەنها پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەی ڕۆشنبیر نییە لە بونیادی دەسەڵات، بگرە ڕەخنەیەکە لەتەواوی ڕەهەندە مەترسیدارەکانی دەسەڵاتیش کە تەواوی کۆمەڵگە بە ڕۆشنبیرانیشەوە بەموڵکی خۆی ئەزانێ. دەسەڵاتی کوردی لە ئاسمانەوە نەهاتۆتە خوارێ، ئەو تا دوێنی لەشاخەکانی کوردستانەوە بەگوتارێک دەستبەکار بووە کەئاوی لە دروشمەکانی" یان کوردستان یان نەمان و ئێمە کوردین نابەزین"ەوە خواردۆتەوە، کە بەتەواوی توانایەوە لە سەنگەری پاراستنی شوناسی کوردبوونەوە لەبەرامبەر کلتوور و نەتەوەکانی تر خەریک بووە جیاوازییەکانی خۆی نیشان داوە و وەک کاک داناش ئەڵێ "بیركردنه‌وه‌و مه‌یلی سیاسی ئێمه‌به‌شێك بووه‌له‌و شۆڕشانه‌ی خۆمان"، ڕۆشنبیرانیش بەتەواوەتی پشتیوانی ئەو هەلومەرجە و ئەو دۆخەیان کردووە ، کەچی پاش زیاتر لە هەژدە ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕاپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم هێشتا بە عەقڵییەتی سەدەی بیستەم دەیانەوێ خۆیان لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکان و دونیای پاش ڕوخانی سەدام حوسێن بگونجێنن و هەر بەو دیدگایەوە لەجەنگێکدان لەگەڵ پێکهاتەکانی شارەکە و خودی کوردو ڕۆشنبیران. تێڕوانینی دەسەڵاتی کوردی هێشتا هەر ئەو تێڕوانینەی پێش سەردەمی جیهانگیرییە و ئاڵوگۆڕی بەسەردا نەهاتووە. دەسەڵاتی کوردی ئێستاش ڕۆڵی ئەو باوکە نەخۆشە ئەگێڕێ کەئەیەوێ بەخەنجەری دەبان بچێتەوە بەگژ باهۆزی جیهانگیری و مۆدێرنە. وتارەکەی کاک دانا بانگەوازێکە لێوانلێو لەخەم و ئازار لەپێناو دەستدانە کارێکی بەهادار بۆ دۆزینەوەی ڕێڕەوی ڕاستەقینەی ژیان لەشارێک کە لەوانەیە لەداهاتوودا بەهۆی سیاسەتی نادروستی لایەنە سیاسییەکانەوە دووچاری کاولکاری و وێرانی ببێتەوە و دانیشتوانەکەشی دەرگیری شەڕێکی نائینسانی ببێت. ئەمە ئەو پەیامەیە کەلەوتارە ڕەخنەئامێزەکەی کاک دانا عەسکەر ئامادەیە و ئەمەش ئەو ڕووبەرەیە کە ڕۆشنبیرانی کەرکوک ئەبێت کاری لەسەر بکەن و پانتاییەکەی فراوانتر بکەنەوە.
بانگەوازی ئەمجارەی ڕۆشنبیرانی کەرکوک هەر تەنها لەهەمبەر پەیوەندی نێوان دەسەڵات و ڕۆشنبیرانەوە نییە، بەڵکو لەسەر چارەنووسی شارەکەیە. من لێرەدا بەپێویستی ئەزانم ئەوەش بڵێم کێشەکە تەنها لە گۆڕینی دەموچاوەکان نییە وەک کاک عارف قوربانی بۆی چووە،(4)بەڵکو کێشەکە لەگۆڕینی ئەو میتۆدەیە کە دەموچاوەکانی ئەمڕۆ تەعبیری لێئەکەن. بەکردەوەش بینیمان لێپرسراوی مەڵبەند و بەرپرسی لق لەدوو بۆنەی جیاوازدا ئاڵوگۆریان بەسەردا هات کەچی بارودۆخەکە هەروەک خۆیەتی. بەو ئومێدەی بەدەر لەجیاوازی تێڕوانین و بۆچوونەکانمان، بەدەر لە فشارە ئایدیۆلۆژی و حیزبییەکان، ئێمەی ڕۆشنبیرانی کەرکوک بتوانین لەسەر مێزەکەی کاک دانا و لە کەشوهەوایەکی دیموکراسییانە پەنجە بخەینە سەر زامەکانی کەرکوک.

07-12-2010
ڤانکۆڤەر – کەنەدا

ژێدەرەکان :
1-چی بکەین بۆ کەرکوک..؟! نووسینی دانا عەسکەر سایتی دەنگەکان دووشەممە شەشی کانوونی یەکەمی 2010 .
2-زێدەڕۆیی نابێت ئەگەر بڵێم ڕۆشنبیرانی کەرکوک سەرباری دابەشبوونیان بەسەر دوو بەرەی سەوز و زەردا بەڵام هێشتا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران هەن سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە و ملیان بە دەزگا حیزبی و میلیشیا ڕۆشنبیرییەکانی دەسەڵات نەداوە.
3-دیارە ئەبێ لێرەدا ئەوە بڵێم مەبەستم کۆی ئەو نووسینانە نییە کەڕۆشنبیرانی کەرکوک لەسەر دۆزی کەرکوک نووسیویانە. چونکە ئەبێتە ناهەقی. کەئەشێ من بەشێکیانم نەبینیبێ بەهۆی دووریمەوە لە کەرکوک، بەڵام مەبەست ئەو نووسەرە حیزبیانەیە کە وەک مەعاشخۆری حیزب ئەڕواننە ئەرکەکانیان.
4-دیارە نابێت پشتیوانی کردنی ڕۆشنبیرانی کەرکوک لە کەمپینی بێدەنگ نابینی سلێمانی و کەمپینی خوێندن بەزمانی کوردی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرچاو نەگرین کە هیوام بەردەوام بوون و سەربەخۆبوونیانە.
5-عارف قوربانی وتاری "سەرم لەم سڕەی کەرکوک دەرناچێ" سایتی خەندان 03-11-2010 .