ڕۆمانى (شارى مۆسیقارە سپیەکان)ى بەختیار على یەکێکە لە شاکارەکانى ئەو نوسەرە. لە ناوەڕۆکەکەیدا چەندین ڕوداو و چیرۆکى تیادایە هەر یەکەیان بە شێوازى جۆراو جۆرو بە ئاراستەى جیاواز ڕوداوێکى گرنگى مێژووی کورد دەگێڕنەوە کە (ئەنفال)ە. بابەتێکى ترى گرنگى ئەم ڕۆمانە بریتییە لە باسکردنى هونەرى مۆسیقا و شێوەکارییە جاویدانەکانى دونیا کە مرۆڤ لە سەردەم و کاتى جیاوازدا خوڵقاندونى، هەر وەک خودى ڕۆمانەکە خۆى شتێکى جاویدانە.
لە ماوەى ڕابردوودا ئەم ڕۆمانە لەلایەن بەڕێز(حسین سێودینى) سیناریۆی بۆ کراو وەک فیلمێک بەرهەم هێنرا. ئێمەش وەک کورد مافى خۆمانە هەوڵبدەین بۆ بەرەو پێشبردنى بوارەکانى ئەدەبى و هونەرییمان وەک هەر وڵاتێکى ترى دونیا، کە زۆربەى کات دەبینین بەرهەمە فیلمیەکانیان لە ڕۆمان و چیرۆک و بەرهەمە نوسراوەکانیان سیناریۆى بۆ کراوە. هەروەها دەکرێ بەرهەمە نوسراوەکان لە ڕێگەى کردنیان بە فیلم بە دەرەوەى کوردستان بناسێنرێن و، لە ناوخۆشدا هەموو چینەکانى کۆمەڵ پێى ئاشنابن. جگە لەمانەش خاکى کوردستان پارچە پارچەیە و دیسان لەو ڕێیەوە دەتوانین بەرهەمەکانى هەر پارچەیەک باشتر و ئاسان تر بە یەکتر بگەیەنین. بەڵام ئەمە لەکاتێکدا دەکرێت دەرهێنەر و ئەکتەر تەواو ئامادەبێت و، کات و شوێن و هەموو پێویستییەکانى ترى فیلم سازى بە تەواوى لەبەردەستدا بێت.

ئێمە وەک خوێنەرانى بەرهەمەکانى بەختیار علی پێدەچێ دڵخۆش بین بەوەى ببینین بەرهەمێکى کراوەتە فیلم و، دەڵێین زیاتر بەرچاو دەکەوێت و زۆر کەسى تر بە بەرهەمە ناوازەکانى ئاشنا دەبێت. بەڵام لە کاتى بینینى فیلمەکەدا و، پەیبردن بە خاڵە لاوازەکانى ناوى و، گۆڕینى زۆربەى ڕێرەوى ڕۆمانەکە (کە بە جۆرێکە لەگەڵ گەورەیی ڕۆمانەکەدا یەک ناگرنەوە) دەگەینە ئەوەى بڵێین:(حەیفە ئەو شاکارە گەورەیە شتێکى وا سادەى لێ خوڵقێنراوە).

ئەوەى بە ڕونى دەیبینین دەرهێنانى ئەم فیلمە خاڵی لاوازیی زۆرە لە چاو بەهێزیی ڕۆمانەکە، دەتوانین بەم شێوەیە ئاماژە بە خاڵەکان بکەین:
- لە بارەى ناونیشانى فیلمەکە: بینەر لە ناونیشانى فیلمەکەوە وا تێدەگات دەرهێنەر تەنها کارى لەسەر بەشێکى ڕۆمانەکە کردووە کە (شەوى حیساب)ە، و تێیدا (سامیرى بابلى) لە لایەن (جەلادەتى کۆتر)ەوە دادگایی دەکرێت بە بەشدارى هەریەک لەو کەسانەى بە دەستى سامیرى بابلى بوونە قوربانى. لە ڕاستیدا دەرهێنەر گەر بە وردیی و تێڕامانى زیاتر کارى تەنها لەسەر ئەو بەشە بکردایە بەرهەمەکە جوانتر دەبوو. چونکە گرتەکانى باسى شەوى حیساب لە گشت بەشەکانى تر جوانتربوون و، کەمتر لە ڕێڕەوى رۆمانەکە دەرچووبوون، تا ڕاددەیەکى باش حەقی خۆیان پێ درابوو. لێرەوە دەتوانین بڵێین تواناى دەرهێنەر بۆ کارکردن لەسەر تەنها ئەو بەشەى ڕۆمانەکە زیاتر و باشترە، بەڵام دەرهێنەر لە فیلمەکەدا چەند بابەتێکى ڕۆمانەکەى وروژاندووە زۆربەیانى بێ هیچ پێشینەیەک هێناوەتە ناوەوە، یان کۆتاییان نادیارە، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕپچڕی بابەتەکان لە فیلمەکەدا، لەکاتێکدا بەختیار علی هەر بابەتێکى لەو ڕۆمانەدا باسکردووە  پێشینە و چارەنوسى تەواوى داوەتێ، بێگومان ئەمەى بە سادەیی و ئاسانى نەداوە بە دەستەوە بەڵکو بە تەکنیک و تایبەتێتى نوسینى بەختیار على خۆى بەرهەمهاتووە. بۆ نمونە لە فیلمەکەدا دەرکەوتن و بوونى (ئیسحاقى لێو زێڕین و سەرهەنگ قاسم) سادەیە، بەرامبەر بوون و دەرکەوتنیان نییە لە ڕۆمانەکەدا، واتە هەریەک لەو دوو کەسایەتیە چیرۆکى دەرکەوتن و دیارنەمانى تەواوى خۆیان هەیە و ڕێڕەوى باسەکانیان تا کۆتایی بە شێوەیەکى لاوەکى هەر هەیە. بەڵام لە فیلمەکەدا دواى دیارنەمانیان ڕووداو و چیرۆکەکانیان کۆتایی دێت و، تەنها یەک جار بە ناو هێنانێک لەلایەن جەلادەتەوە بیرى بینەر دەهێنرێنەوە.

لە ڕۆمانەکەدا مۆسیقا لە سەرو هەموو بابەتەکانى ترەوەیەو پانتاییەکى فراوان لە ڕۆمانەکەدا داگیر دەکات و، وەک ڕزگارکەرى مرۆڤ لە سەردەمە  تاریکەکانى جەنگدا بەرجەستە کراوە، هەروەها جگە لە (ئیسحاقى لێو زێڕین و جەلادەتى کۆتر و سەرهەنگ قاسم) چەندین مۆسیقارى تر هەن و زۆربەیان وەک تارمایی لە شوێنى جیاجیا دەردەکەون، بەڵام لە فیلمەکەدا باسکردنى مۆسیقا ئەو پیرۆزیەى پێ نەدراوە کە لە ڕۆمانەکەدا دەبینرێت و مۆسیقارەکان کەمترین ئاماژەیان پێکراوە.

بوونى (دالیا سیراجەدین) لە ڕۆمانەکەدا سەرەکییە و پەیوەندى زۆرى بە هەریەک لە چیرۆکى سامیرى بابلى و جەلادەتى کۆترەوە هەیە، بە جۆرێک بەسەرهاتەکانیان تەواوکەرى یەکترن، بەڵام لە فیلمەکەدا تەنها چەند گرتەیەکى کەمە و لەدواى گەڕانەوەى جەلادەت بۆ باکور، دالیا بوونى نامێنێت لە کاتێکدا چیرۆکى دالیا لە ڕۆمانەکەدا لە دواى گەڕانەوەى بۆ باکور تەواو دەبێت، هەرچەند دەرهێنەر ئاماژە بۆ بەشێک لە بەسەر هاتى دالیا دەکات لە فیلمەکەدا، بەڵام لە دواییدا فەرامۆشى دەکات.

هەروەها لە ڕۆمانەکەدا کەسایەتیەکان زۆرن و بە ئامادەبوونى هەموو ئەو کەسایەتیانە بابەتى ڕۆمانەکە تەواو دەبێت و، پەیوەندى ئەوان بە یەکترى یەک لەدواى یەک ڕوداوەکان دێنێتە ئاراوە، بەڵام زۆربەیان لە فیلمەکەدا ئاماژەیان پێ نەدراوە و بوونیان نییە.

بۆنمونە: لە خودى ڕۆمانەکەدا کاتێک جەلادەت دەبرێتە (پرتەقاڵی سپی) لە لایەن پزیشکێکەوە چارەسەر دەکرێت بەناوى (موساى بابەک). بەهەمان شێوە لە فیلمەکەدا دالیا بە جەلادەت دەڵیت:(پزیشکێک تۆی چارەسەر کردووە)، بەڵام بوونى ئەو پزیشکە تەنها باسکردنیەتى لە گفتوگۆکەداو نادیارە، لە کاتێکدا لە ڕۆمانەکەدا زۆربەى ڕێڕەوى ڕوداوەکان لەگەڵ بوونى ئەو پزیشکەدایەو پەیوەندى زۆرى لەگەڵ بەسەرهاتەکانى ترى ڕۆمانەکەدا هەیە.

یەکێکى تر لەو کەسایەتیانەى لە فیلمەکەدا بوونیان نییە (شاناز سەلیم)ە کە خۆشەویستى سامیرى بابلییەو پەیوەندى زۆری بە ڕوداوەکانى پێش و دواى شەوى حیسابەوە  هەیە. شاناز سەلیم دەبێتە هۆى ئاشکرا بوونى نهێنى ئەو نەخشانەى کە لاى جەلادەتن و، ڕووداوەکانى دوایی شەوى حیساب بەو هۆیەوە دەبێت لە ڕۆمانەکەدا. بەڵام لە فیلمەکەدا ڕاستەوخۆ دوای نەمانى سامیرى بابلى دووکەس دێن و جەلادەت دەستگیر دەکەن، بەبێ ئەوەى هیچ ڕونکردنەوەیەک لەو بارەیەوە هەبێت. وە لە ڕۆمانەکەدا دوو لایەن لە هەوڵى بەدەست هێنانى نەخشەکاندان و، جەلادەت چەند جارێک لە لایەن هەریەک لە لایەنەکانەوە توشى فڕاندن و ئەشکەنجەو ئازار دان دەبێت و، دواى ماوەیەکى زۆر نەخشەکان ئاشکرا دەکات. بەڵام لە فیلمەکەدا لەگەڵ ئەوەى ئاماژە بە تەنها لایەنێک کراوە بۆ بەدەست هێنانى نەخشەکان، کێشەى نەخشەکان سادەیەو ئەو گرنگیەى پێ نەدراوە کە لە ڕۆمانەکەدا هەیە و بە ئاسانى نەخشەکان ئاشکرا دەبێت، هەروەها مردنى جەلادەتیش وەک زۆرى بابەتەکانى تر سادەیە. لەگەڵ ئەوەى لە ڕۆمانەکەدا بەختیار على بە شێوەیەک وێنەى ئەو مردنە دەکێشێت،  بە بێ ئاگایی مرۆڤ دڵتەنگ دەکات و، مردنى ئەو کەسایەتیە بە جۆرێک لێدەکات نرخ و بەهایەکى بەرز و گرنگى لە لاى خوێنەر هەبێت.

- هەڵبژاردنى ئەکتەرەکان و نواندنى خودى ئەکتەرەکان: کەسایەتییەکان لە هەریەک لە ڕۆمانەکانى بەختیار علی دا ئاشکران، چ لە بارەى ڕوخسارى دەرەوەیان و لەبارەى تایبەتێتیەکانى ناوەوە وێنەى کەسایەتیەکەمان پیشان دەدات بە پەسن و پێناسە کردنى هەریەکێکیان، زۆرکات هەڵسوکەوتیان لە چۆنێتى رۆیشتن و قسەکردن و تەنانەت دەنگیشیان پەسن دەکات بەجۆرێک هەست بە بیستنى دەنگى ئەو کەسایەتیانە دەکەین. بەهۆی ئەمەوە دەرهێنەر  دەتوانێت کەسێکى گونجاو هەڵبژێرێت بۆ نواندن و نزیکبێت لە کەسایەتى ناو ڕۆمانەکە ، بەڵام لەم فیلمەدا هیچ کام لەو کەسایەتیانەى کە هەڵبژێردراون بۆ دەورگێڕان لەگەڵ کەسایەتى ناو ڕۆمانەکەدا یەک ناگرنەوە. ئەگەر دەرهێنەر نەیتوانیبێت سود لە پەسنى خودى ڕۆمانەکە وەربگرێت، بۆ ئەوەى شتێکى باش و تەواو بەرهەمبهێنێت دەیتوانى پەیوەندى لەگەڵ خودى نوسەر بگرێت بۆ هەڵبژاردنى کەسایەتیەکان.

هەروەها خودى ئەکتەرەکان لەگەڵ ئەوەی هەریەکەیان تواناى باشیان لە نواندندا هەیە و، لێرەشدا ماندوو بوون و هەوڵیان دیارە بۆ نواندنەکە، بەڵام هێشتا وەک پێویست بەرجەستەى کەسایەتى ناو ڕۆمانەکەیان نەکردووەو  نەیانتوانییوە ناخى خۆیان تێکەڵ بە کەسایەتیەکان بکەن و، بینەر زوو درک بەوە دەکات ئەکتەر لەگەڵ کەسایەتى خودى ڕۆمانەکە لەیەکتر دابڕاون. لەگەڵ ئەوەى دەیانتوانى بە ورد بوونەوە لە چۆنیەتى کەسایەتیەکانى ناو ڕۆمانەکە شتێکى تەواو پێشکەش بکەن.

هەروەها دەقى ناو کتێبەکە بە هەمان شێوەى زمانى نوسین وڕێزمانى لە لایەن ئەکتەرەکانەوە دەوترانەوە لەگەڵ ئەوەى دەبێت ئەکتەر حیوارەکان جارێکى تر دروستبکاتەوە و زیندوێتى پێ بدات و وشەکان بە شێوەیەک دەرببڕێت کە لە ناخى خۆیەوە هەڵدەقوڵێت، بە جۆرێک بینەر هەست بکات کە خودى ئەکتەر خۆی لە ڕاستى دا کەسایەتییەکەیە.

- شوێنەکان لە نێوان و خودى ڕۆمانەکەو گرتەى فیلمەکە: ئەو شوێنانەى دەرهێنەر هەڵیبژاردون بۆ ئەنجامدانى گرتەکانى فیلمەکە زۆربەى یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ڕۆمانەکە. بۆ نمونە: هەم لە واقیعدا و هەم لە پەسنى خودى ڕۆمانەکەدا ئەو کەسانەى ئەنفال کراون نێردراون بۆ باشور کە ناوچەیەکى بیابانە، بەڵام لە گرتەى فیلمەکەدا، ئەم وێنەیە وەک خۆی پیشان نەدراوە.

وە هەروەها ئەو شوێنەى لە ڕۆمانەکەدا بە (پرتەقاڵى سپى) ناسراوە نوسەر بە  (شارێکى نوقمى تەپوتۆز) پەسنى دەکات، بەڵام لە فیلمەکەدا،گرتەکان لە ناوچەیەکدا بوو کەشێکى ڕوونى هەبوو هەمووشت بە ئاسانى دەبینرا. ڕەنگە بۆ دەرهێنەر گران نەبووبێت گەر ئەو گرتانە  لە باشور لە شوێنێکى هاوشێوەى وەسفى ناو ڕۆمانەکە ئەنجامبدات، بۆ بەرجەستە کردنى وێنەکان بە هەمان پەسنى نوسەرى ڕۆمانەکە.

ئەو شوێنانەى لە دواى گەڕانەوەیان سامیرى بابلى و جەلادەت لێى نیشتەجێ دەبن و دادگاییەکەى تێدا ئەنجام دەدەن، لە خودى ڕۆمانەکەدا دوو شوێنى لەیەک جیاوازن، ئەو شوێنەى لێى نیشتەجێدەن بریتیە لە (ئوتێلێکى سوتاو لە ناوەڕاستى شار) و، ئەوەى دادگایی کردنى سامیرى بابلی تیادا ئەنجام دەدرێت بریتییە لە (عەمبارێکى کۆن لە شوێنێکى قەراغى شار)، بەڵام لە فیلمەکەدا تەنها عەمبارێک پیشان دەدرێت کە شوێنى دادگاى و نیشتەجێ بوونەکەشیانە. وە لە هەمان شوێندا جەلادەت دەڵێ  ئێرە (گێلاسى سپی)ە، لە کاتێکدا جەلادەت لە ڕۆمانەکەدا ئوتێلەکە بە (گێلاسى سپی) ناو دەبات. 

- مەبەستى ناوەڕۆک لە نێوان خودى ڕۆمانەکەو فیلمەکەدا:  لە ڕاستیدا دەرهێنەر لەبارەى ناوەڕۆکى ڕۆمانەکەوە زۆرترین گۆڕانى کردووە و چەندین باس و ڕوداوى گرنگ و چارەنووس درووستکەرى لەو ڕۆمانەدا لاداوە، بەمەش ڕێڕەوى بابەتى فیلمەکە زۆر سادە تر دەنوێنێت لە خودى ناوەڕۆکى ڕۆمانەکە.

یەکێک لە مەبەستە سەرەکیەکانى ڕۆمانەکە باسکردن و دەرخستنى تەواوى پرۆسەى ئەنفالکردنى کورد وچۆنیەتى ئەنجامدانى ئەو پرۆسەیەیە ئەویش بە شێوەیەکى هونەریانە نەک تەنها گێرانەوەیەکى وشک، و نوسەر دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێت کە مرۆڤ و  ئەو جوانییە نەمرانەى کە دەیخوڵقێنێت لە هەموو سەردەم و کاتێکدا هەن، تەنانەت ئەگەر مردن لە نزیکترین هەنگاوێکدابێت بەرەو مرۆڤ و دوکەڵى جەنگ ئاسمانى لە چاوى مرۆڤ  ون کردبێت.

ئەم باسانە بەهەمان شێوە لە فیلمەکەدا هەیەو ئاماژەى پێ کراوە، بەڵام بە شێوەیەکى سادە و ساکار. ئەگەر دەرهێنەر هۆی ئەم سادەییە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە ئەو تەنها سودى لە بیرۆکەى ڕۆمانەکە وەرگرتووە بۆ دەرهێنانى فیلمەکە، ئەوا ئەمە پاساوێکى لاوازە، چونکە لە دونیادا زۆر جار دەبینین ڕۆمان یان چیرۆکى نوسراو وەک فیلم بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بە تەکنیکێکى وا کاری لەسەر دەکرێت، لە ڕێڕەوى بەرهەمە نوسراوەکە لاى نەداوە و، ئەو زیاد کردن و کەم کردنەى لە بابەتەکەدا کراوە بەرگێکى نوێى بە بەرهەمەکە داوە، بە جۆرێکە هەم خوێنەرى بەرهەمەکە ڕازى دەکات و توشی وەستانى ناکات هەم بە تەواوى بەرهەمەکە دەگەیەنێتە  ئەو کەسانەى لە ناوەڕۆکى ڕۆمانەکە شارەزا نیین و نەیان خوێندووەتەوە، نمونەى دیار (بازرگانى ڤینیسیاى نوسەرى ئیتاڵى شکسپیر) دەرهێنەر بە جۆرێک کارى لەسەر کردووە، تەنانەت کەسێکى کورد کە ئەو فیلمە دەبینێت بە تەواوى لە مەبەست و ئامانجەکانى تێدەگات، لەگەڵ ئەوەى ئەو بەرهەمە لەڕووى زمان و کلتور و شوێنەوە لە ئێمەوە دوورە. بەڵام بەڕێز حسێن سێودینى کارەکەى بە جۆرێک گۆڕیوە دابڕانەکانى نێوان فیلمەکەو ڕۆمانەکە خوێنەرى ڕۆمانەکەى توشى سەر شێوان کردووە و ئەگەر کەسێکیش لە ناوەڕۆکى خودى ڕۆمانەکە شارەزا نەبێت ناتوانێت درک بە تەواوى مەبەستەکانى فیلمەکە  بکات. لەبەر ئەوە دەبوایە دەرهێنەر باسەکە بە قوڵى و زیاتر هاوشێوەى خۆی بەرجەستە بکات، چونکە ئەگەر بینەر کەسێک بێت خودى ڕۆمانەکەى نەخوێندبێتەوە ناتوانێت لە لایەنە نادیارەکانى فیلمەکە تێبگات. یان ئەو سادەیی باس کرنەى ئەنفال بۆ پێناسە کردنى گەورەیی واقیعى ڕوداوەکە شیاو نییە، گەر ئەو فیلمە لە دەرەوەى کوردستان نمایش کرا ناتوانێت ڕوون و ئاشکرا بابەتى ئەو ڕووداوە پیشانى کەسانى بەدەر لە کورد بدات کە شارەزایى لە بارەى مێژوى کورد نەبێت.
 
بە دڵنیایی نامانەوێت لە تواناى داهێنەرانەى دەرهێنەر یان ئەکتەر یان هەر ستافێکى ترى بەرهەمەکە کەم بکەینەوە، بە پێچەوانەوە بیرۆکەى کردنى ڕۆمانى لەوشێوەیە بە فیلم خۆى شتێکى جوان و گەورەیە. بەڵام ئەو فراوانیی و قوڵیەى بابەتەکان هەیانە لە ڕۆمانەکەدا، لە فیلمەکەدا نابینرێت. خودى ڕۆمانەکە زۆر فراوانەو بابەت و بەسەرهاتى جۆراو جۆر لە خۆى دەگرێت کە نوسەر هەموو بابەتە جیاوازەکانى ڕۆمانەکەى بە شێوەیەکى توندو تۆڵ بە یەکەوە بەستووەتەوە. بەڵام دەرهێنەر بە لابردن یان تەرک کردنى چەند بەشێکى ناوەڕۆکى ڕۆمانەکە، واى لە بابەتەکانى فیلمەکە کردووە  پچڕ پچڕ و بڵاو بەرەو پێشەوە بچێت، وە زۆر ڕوداویش بە خێرای و نادیار دەربکەون. بۆ ئەوەى دەرهێنەر بەرهەمەکە بەشێوەیەکى جوانتر و تەواوتر دەربهێنێت دەیتوانى بە شێوەیەکى وردتر کار لەسەر بەرهەمەکە بکات و زیاتر خۆى لەگەڵدا ماندوو بکات، بەوەى رۆحى لەگەڵ ڕۆمانەکەدا تێکەڵ بکات و لەگەڵ هەست و ناخى کەسایەتییەکانى ناو ڕۆمانەکەبێت، وەک ئەوەى خۆى یەکێک بێت لە دونیاى ناو ڕۆمانەکە گەڕابێتەوە، ئەوکات بەرهەمەکە زۆر جوانتر و بێ خەوشتر دەبوو لەوەى کە هەیە، وەک چۆن لە کاتى خوێندنەوەى هەر ڕۆمانێکى بەختیار علی دا هەرگیز هەست بەوە ناکەین نوسەر کەسێکە لە هەمان دونیاى من وتۆدایە، بەڵکو هەست دەکەین نوسەر لە دونیاى ناو ڕۆمانەکەوە بەو ڕوداوانە ئاشنامان دەکات کە ڕوو دەدەن.