لە عەرەبیەوە: هێمن مەحمود

- هەموو شتێك تێدەپەڕێت. لە توانای هیچ كەسێكدا نییە هیچ شتێك بوەستێنێ. ئا بەمجۆرە پێویستە بژین.
- تەمەنم ئێستا 55 ساڵانە، هەر 3 ساڵ جارێكیش كتێبێك دەنووسم، من نازانم تاوەكو بەر لە مردنم دەتوانم چەند كتێب بنووسم، ئەمە كارێكە وەك هاتنە خوارەوەی ژمارەكان وەهایە، لەگەڵ هەموو كتێبێكیشدا من نوێژ دەكەم -لێت دەپارێمەوە كە لێمگەڕێ با بژیم تاوەكو كتێبەكەم تەواودەكەم.
- هیچ كاتێك نەمویستووە ببمە نووسەر بەڵام بووم، ئەمڕۆ خوێنەرانێكی زۆرم هەن لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە، بڕوام وەهایە ئەمەش موعجیزەیەكە، هەربۆیە پێویستە زۆر متەوازیع بم دەربارەی ئەم توانایە. من شانازیی پێوە دەكەم و چێژم پێ دەبەخشێ، شتێكی سەرسامكەرانەیە بەمجۆرە قسەبكەم بەڵام ڕێزی لێ دەگرم.
- لە ژاپۆن ئوسلوبی واقیعیەتیان لا پەسەندە. ئەوان حەزیان لە پرسیار و دەرئەنجامەكانە، بەڵام چیرۆكەكانی من ئەم شتانەیان تێدا نییە، چونكە من ئەمەوێت هەمیشە چیرۆكەكانم بەسەر هەموو ئەگەرێكدا كراوە بن، بڕواشم وەهایە خوێنەرەكانم لەم كرانەوەیە تێ دەگەن.
- لە ژاپۆن زۆر ئەستەمە تەنها بیت.
- هیچ شتێك نییە ناوی نووسینی تەواوەتی بێت وەك چۆن هیچ نائومێدییەكی تەواوەتیش بوونی نییە.
- لە جیهاندا لەمجۆرەی دڵتەنگیی زۆرە كە ناتوانرێت بە فرمێسك تەعبیری لێ بكرێت وە ناتوانرێت لە لایەن هیچ كەسێكەوە تەفسیری بۆ بكرێت، وە كاتێكیش ناتوانێت بە هیچ شێوەیەك خۆی دەربخات، لە قوڵاییەكانی دڵدا دەمێنێتەوە وەك ئەو بەفرەی لە شەوێكدا دەبارێت كە هەوای نییە.
- لانی كەم هەمیشە تیشكی خۆر بەخۆڕایی دەمێنێـتەوە.
- مردن  دژە ژیان نییە، ئەو بەشێكە لە ژیان.
- زاكیرە بە راستی شتێكی سەرسوڕهێنەرە، خانەكانی پڕیەتی لە شتگەلێك كە هیچ پێویستییەكمان پێیان نیە و مانایان نییە، بەڵام مرۆڤ جار لە دوای جار لەو شتە پێویستانە لەبیر دەكات.
- بەڵام مرۆڤەكان هەمووجار بیر لەوە ناكەنەوە كە ئەوەی لای ئەمان ڕوو دەدات لای خەڵكانێكی دیكەش ڕوو دەدات. 
- فزوڵ جەرائەت لە هێلانەی خۆی دەردەهێنێ و وخەبەری دەكاتەوە، بەڵام لە زۆربەی جارەكاندا فزوڵ بە خێرایی نامێنێت، لەسەر جەرائەت پێویستە بەتەنها بڕوات، ئەمجۆرەی فزوڵ وەك هاوڕییەكی خۆشی وەهایە كە ناتوانرێت متمانەی پێ بكرێت، چونكە ئەو هانت دەدات كەچی دواتر لەساتی تەنگانەدا هەڵدێت، بەمجۆرە پێویستە  لەسەر مرۆڤ بە تەنها بە ڕێی خوێدا بڕوات تاوەكو ئەو جەرائەتە بەدەست دەهێنێت.
- هەندێ جار سەعات دوو یاخود سێی بەرەبەیان خەبەرم دەبێتەوەو ناتوانم بخەوم، لە جێگاكەم هەستام و خۆم گەیاندە مەتبەخەكە، پێكێك ویسكیم تێكرد و ڕۆشتم بەرەو ڕووی تیشكی لایتی ئۆتۆمبیلەكانی شەقامەكە و قەبرستانە تاریكەكەی ئەوبەری شەقامەكە. ئەو ساتانەی كە شەوی دەگەیاند بە رۆژ دریژ و تاریك بوون، ئەگەر بمتوانیبایە بگریم ئەوا حاڵم باشتر دەبوو، بەڵام بۆ چی شتێك بگریم؟ بەسەر كێدا؟ زۆر تەركیزم كردە سەر خۆم، هەر بۆیە بۆ كەس نەگریام، من زۆر پیرترم لەوەی تاوەكو بۆ خۆم بگریم.
- جارێكی تر چاوەڕێ دەكەین، بێهودانە، موعجیزە، كات بەسەردەبەین و  دڵەكانمان لاواز دەبێت و لەیەكتری جیادەبینەوە.
_ مرۆڤ چارەنوسی خۆی دیاری ناكات، بەڵكو ئەو چارەنوسە مرۆڤ دیاریدەكات.
_ بیرەوەرییەكان لەناوەوە ئینسان  دەكوڵێنێ بەڵام لەهەمانكاتدا زۆر بەتوندی پارچە پارچەی دەكات بۆ چەند بەشێك.
- ئازار بێ هیچ گومانێك شتێك حەمیمی تێدایە.
- مناڵان دڵێكی نەرمیان هەیە و دەتوانرێت مرۆڤ هەرچۆنێكی بوێت بیشێوێنێت.
- زۆرجار ڕوو دەدات تەنها داهاتوو ئەوەمان بۆ دەردەخات كە چی شتێك مانای هەبووە.
- ئایا تەنهاییت خۆشدەوێت؟ هیچ كەسێك تەنهایی خۆشناوێت. هەموو ئەوەی هەیە ئەوەیە من هاوڕێیەتیم بەسەر كەسدا ناسەپێنم، چونكە دەبێتە هۆی بێهیوایی.
- كاتێك زەمەن كێشی راستەقینەی خۆی دەردەخات فشاری زیاتر دەخاتە سەرت وەك خەونێكی پڕمانا، تۆ بێ وەستان دەجوڵێیت تاوەكو نەجاتت بێت، ئەگەر تۆ بڕۆیت بۆ كۆتایی دونیا ئەوا ناتوانی لەدەستی هەڵبێیت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش پێویستە تا كۆتایی جیهان بڕۆیت، چونكە چەند شت هەیە كە ناتوانیت ئەنجامی بدەیت ئەگەر بێت تاوەكو  كۆتایی جیهان نەرۆیت.
- ئەگەر تۆ هەستت بەم بێماناییە كرد كەواتە ئەمە بەڵگەیە بۆ ئەوەی تۆ مرۆڤێكی ئاساییت و پێویستە ڕازیی بیت لە خۆت.
- زامە هەڵچووەكان ئەو نرخەی كە پێویستە بیدەیت بۆ ئەوەی خاوەن سەربەخۆی بیت.
- سەرەڕای هەموو شتێك هەستكردن بە تەنهایی وەك ئەوە وایە ترشێك لە پیاڵەیەكەوە بڕوات، بێ ئەوەی دەسەڵاتت هەبێت دڵ دەكوڵێنێ و لە كۆتایشدا دەیتوێنێتەوە.
- ئاسۆی تەنگ، لەكاركەوتنی خەیاڵ و هەڵچوون هەمووی وەك مشەخۆرەكان وەهایە كە شێوە و خاوەنەكەی دەگۆڕێت بەڵام بۆ هەتا هەتایی دەژی.
- دوای خوێندنەوەی چەندین جارەی كتێبێك هەندێ جار چاوەكانم دادەخەم و هەوایەك هەڵدەمژم، هەڵمژین بەتەنها و دەست لێدانی پەڕەكان وام لێ دەكات ئاسوودە بم.
- تێڕوانێكی نادیارم هەبوو بەوەی كە ئەوكاتەی بمەوێت جیدی بم ئەمە بە زەرورەت بەمانای ئەوە نایە كە لە حەقیقەت نزیك بوومەتەوە.
- هەموو كەسێك بەشێوەیەك دەمرێت، چەندین جۆری مردن هەیە. بەڵام لە كۆتایدا ...هیچ شتێك نامێنێتەوە سەحرا نەبێت.
- هەرچەندێك درێژتر بژین دیواری زیندانەكانمان تاریكییەكی درێژتر لە خۆ دەگرێت.
- زۆر شت هەیە نازانین بەڵام وا دەردەكەوێت لامان كە ئێمە نە زۆرتر دەزانین نە كەمتر.
- بە نیسبەت مرۆڤەوە ساتی مردن ساتێكی گرنگە، چونكە هیچ كەسێك لەدایكبوونی خۆی بە ئارەزوی خۆی نەبووە بەڵام دەتوانرێت مردنی خۆت هەڵبژێریت.
- بیر لەوە دەكەمەوە ئەمە كارێكی باش دەبێت كە بەم شێوەیە بمرم: لەعەسرێكی هاویندا بخۆمەوە و لەسەر نوێنەكە پاڵبكەوم، دیاریش نەبێت كەی بەئاگادێمەوە یاخود هەرگیز خەبەرم نابێتەوە.
- ئێمە لە جیهانێكدا دەژین كە ئاستی فیعلی زۆر لەوە خاوترە كە لە جیهانی نافیعلیدا هەیە، ئەمە ئەگەر بەفەوزا وەسف نەكرێت چی لێ ناوبنێین؟

 
 
دەربەندیخان
Hemnm1979@yahoo.com

سەرچاوە: سایتی (ادب و فن) و.عەرەبی/ عدنان المبارك
* لە ژمارەی رۆژی 30ی حوزەیرانی ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ بڵاوبووەتەوە