هەردو چەمكى مەرگ و نەخۆشى لە شیعرەكانى دوان لە گەورەترین شاعیرانى عەرەب (سەییاب-ى عێڕاقى) و (ئەمەل دونقل-ى میسرى) بە بەردەوامى بونیان هەبوەو رەنگیان داوەتەوە. بەهۆى تەمەنى كورتى هەردوكیانەوە كە سەییاب (38) ساڵ ژیاوەو دونقلیش (43) ساڵ (لە هەمان كاتدا بە نەخۆشى كوشندەش سەفەرى ژیانیان تەواو كردوە) هەردوكیان لاى رەخنەگرانى عەرەب بە كۆپیكراوى یەكدى دادەنرێن، بە تایبەتى دەبێت بڵێین دونقل كۆپیكراوى دیوە میسرییەكەى سەییابە چونكە سەییاب چەند ساڵێك پێش ئەو لەدایكبوەو چەند ساڵێكیش پێش دونقل كۆچى دوایى كردوە. سەییاب نەخۆشییەكى كوشندە لە ئێسك و دەمارەكانیدا دروستبو، دواى ماوەیەك توشى شەلەلى كردو پێش مەرگ بەردەوام دارشەقى پێبوەو ئەو دارشەقانەش بونەتە هەوێنى چەندین شیعر لاى ئەو شاعیرە. دونقل بە هەمان شێوە بە نەخۆشییەكى كوشندە كۆچى دوایى كردوە كە ئەویش شێرپەنجە بوەو سىَ ساڵ بەو نەخۆشییەوە ناڵاندویەتى و ساڵێكیش پێش دەركەوتنى نەخۆشییەكەى بەردەوام بە رێى نەخۆشخانەوە بوە، كە كۆى ژیانى ناو نەخۆشخانەى ناوبراو (4) ساڵ بوە. لێرەدا ئەم وتارە هەوڵدەدات بەراوردێكى خێرا لەنێوان هەردو چەمكى مەرگ و نەخۆشى بكات لاى ئەو دو شاعیرە گەورەیەو تا رادەیەك دوەمیشیان كە (ئەمەل دونقل)ە بە خوێنەرى كورد بناسێنێت.
 
مەرگ و نەخۆشى.. لاى سەییاب
بەدر شاكر سەییاب، لە ساڵى 1926 لە گوندى (جیكۆر)ى سەر بە قەزاى (ئەبى خەسیب)ى شارى بەسرە لە دایكبوەو لە 24/12/1964 لە نەخۆشخانەى (الامیرى) لە كوەیت كۆچى دوایى كردوە. ژیانى منداڵى بەدر بریتییە بوە لە شوانكارەیى و كوێرەوەرى و هەژارییەكى كوشندە. پاش مردنى دایك و باوكى (بە تایبەتى كاتێك كە دایكى مرد بەدر شەش ساڵان بو) ئیتر باپیرو مامەكانى بەخێوكردنى سەییابیان لە ئەستۆ گرت. بێجگە لە شوانكارەیى دەتوانین بڵێین سەرجەم تەمەنى منداڵى ئەو شاعیرە مەزنە لە لێوارى بەندەرەكانى بەسرەدا بە چاودێریكردنى پاپۆڕو بەلەم و كەشتییە گەورە بارهەڵگرەكان بەسەربردوە، سەرەڕاى یاریكردن لەناو دارخورما چڕەكانى گوندەكەى. روبارى بوەیب و گوندى جیكۆر تەنها سەییاب ناساندى بە عێڕاقییەكان. لەكاتى شوانكارەییدا لەگەڵ كچە مامەكانیدا گەورە دەبێت و یەكێك لەو كچانەش دەبێتە خۆشەویستى و چەند شیعرێكى بۆ نوسیوە. بە قسەكردن لەسەر نەخۆشییە كوشندەكەى سەییاب دەگەینە ئەو راستییەى كە بەدر سەرەڕاى ئەو نەخۆشییە لە هەمان كاتدا بەدەست چەند كێشەیەكى ترى تەندروستییەوە دەیناڵاند، وەكو بەردەوامبون لەسەر نۆشینى كحول و لەڕولاوازيى جەستەو جگەرەكێشانى بەردەوام و كەمخوێنى. بێگومان ئەو كێشە تەندروستییانە دەگەڕێنەوە بۆ پێش ئاشكرابونى نەخۆشییەكەى كە كۆتایى بە ژیانى هێنا چونكە گرێى دەرونيى سەبارەت بە مەرگ لاى سەییاب لەدایكبوى تەمەنێكى گەنجيى پێش نەخۆشییەكەیە. مەرگ بەردەوام لە قەسیدەكانیدا زۆرترین پرسیارى دروستكردوەو بەجۆرێك لەلایەن رەخنەگرانەوە هەتا ئێستا هیچ كەسێكیان نەیتوانیوە كۆد و نهێنى ئەو دوبارەبونەوە بەردەوامەى مەرگ ئاشكرا بكەن هەتاكو لەم ساڵانەى دواییدا (غەیلان)ى كوڕى (كە هەروەكو سەییاب گۆشەگیرەو لە روى جەستەشەوە تا رادەیەك لاوازە) زۆرترین لایەنى تایبەت و نەخۆشى و هەندێك نهێنى ژیانى منداڵى خۆى لەگەڵ سەییابى باوكدا لە چاوپێكەوتنێكدا ئاشكرا كرد. گرێى دەرونيى سەبارەت بە مەرگ لە تەمەنى هەرزەكاریدا لاى بەدر چەكەرەى كرد. سەییاب پێش دوازدە ساڵ لە نەخۆشییەكەى واتە لە ساڵى (1948)و بە تایبەتیش لە قەسیدەى (لە شەوانى پاییزدا) پرسى مەرگى وروژاندوەو ترسێكى زۆرى خستۆتە دڵى خوێنەرەوە. ترس و دڵەلەرزەى مەرگ لاى سەییاب لە منداڵیداو جارێكى تر لە یەكێك لە داڕشتنەكانى خوێندنگەیدا بە تەواوى رەنگى داوەتەوەو كاتێك مامۆستا سەرپشكیان دەكات لەوەى خۆیان بابەتێك هەڵبژێرن بۆ داڕشتن دەبینێت داڕشتنەكەى سەییاب سەبارەت بە مەرگ و تاریكى و تەنهایى و قەبرو كەللـەسەرى رزیوى ناو قەبرەكانە. بەشێكى زۆرى قەسیدەكانى سەییاب مەرگ و نەخۆشى و ئازارو تەنهایى و مردنى دایكى و هەژارى بونە هەوێنى. شاعير بۆ رزگاربون لە ناسۆرى ژیان و ئەو هەژارییە كوشندەیەى تێیكەوتبو سەرەڕاى نەخۆشییەكەى بەردەوام هاناى بۆ خواردنەوەى كحول بردوەو بە تەواوى هۆگرى بادە نۆشین بوبو. هاوڕىَ نزیكەكانى بۆ شاردنەوەى ئەو راستییە (هەتاكو نەبێتە بابەتى رەخنەیى رەخنەگران) بەردەوام دەیانوت: سەییاب بەهۆى جەستە لاوازەكەیەوە بە قومێك سەرخۆش دەبو (وەك ئاماژەدانێك بەوەى كە ناوبراو دور بوە لە دنیاى بێهۆشى)، بەڵام راپۆرتە پزیشكییەكان شتێكى تریان دەسەلماندو هەموى ئاماژە بون بەوەى كە شاعیر بە هۆى هۆگربونى تەواوەتى بە كحولەوە رۆژ بە رۆژ بڕێكى زیاترى نۆشیوەو درەنگتر گەشتۆتە حاڵەتى بێهۆشى. دواتر لاوازى سەییاب بەهۆى جگەرەكێشانى زۆرەوە بوە چونكە پزیشكەكان دەیانوت: بەهۆى جگەرە كێشانەوە ئیشتیهاى خواردنى نەماوەو رۆژ بە رۆژ لاوازتر بوەو ئەو پێستەى ئێسقانەكانى داپۆشیبو لە رۆژانى پێش مەرگیدا زۆر تەنك بوبو، پاشان بەهۆى هەژارى و خراپیى سیستمى خۆراكییەوە لە تەمەنى منداڵیدا توشى كەمخوێنى بوەو جگەرەش لە گەنجیدا توشى سیلى كرد بەڵام بەهۆى سەختى و كوشندەیى ئەو نەخۆشییەى كە بوە هۆى پوكانەوەى دەمارو ئێسكەكانى و لە كۆتایشدا كوشتى ئیتر هیچ بوارێك بۆ رەخنەگران نەمایەوە كە باسى توشبونى بە نەخۆشى سیل بكەن. سەبارەت بە جگەرەكێشانى بەدر یەكێك لە شاعیرە گەورەكانى عێراق كە (بوڵند ئەلحەیدەری)یە دەڵێت: بەدر بە شێوەیەكى ترسناك جگەرەى دەكێشا (وەك ئاماژەدانێك بە خوگرتنى بەردەوامى بەدرەوە بۆ جگەرە). ئەوەى جێى سەرنجە ئەوەیە كە ئەو ژینگەو خێزانەى سەییاب تێیدا ژیا هەموى جگەرەكێش بون هەربۆیە ئەویش چەند جارێك لە دیدارەكانیدا دەیوت: باپیرى باوكم كاتێك شەوانە چیرۆكى بۆ دەخوێندینەوە بە جگەرە كێشانەوە چیرۆكەكەى بۆ تەواو دەكردین. دواجار سەییاب توتن و كحولى بە نیشتمانى خۆى دەزانى و هەر ئەو دوانەیەش بونە هۆى لاوازكردنى جەستەى. لێرەدا ئێمە نازانین ئەو نەخۆشییە كوشندەیەى كە بوە مایەى پوكانەوەى دەمارو ئێسقانەكانى، ئایا بەهۆى جگەرەو كحولەوە بوە یان نا؟ بەڵام ئەوە دەزانین كە دواى ئەو چەند كەسێك بەو نەخۆشییەوە گیانیان لە دەستدا كە هەمویان جگەرەكێش و بادەنۆش بون. كەواتە سەییاب چەندە لە مەرگ دەترسا ئەوەندەش دەنگێكى ترسناكى هەبو بۆ ئیلقاى شیعریى.
 
مەرگ و نەخۆشى.. لاى ئەمەل دونقل
ئەمەل دونقل، لە ساڵى (1940) لە گوندى (قەلعە)ى سەر بە پارێزگاى (قەنا)ى میسر لەدایكبوەو لە تەمەنى (43) ساڵیداو لەساڵى (1983)دا وەك ئاماژەى پێدرا بە نەخۆشى شێرپەنجە كۆچى دوایى كردوە. شاعیرێكى ناسیۆنالیستى میسرییەو ناوە راستییەكەى بریتییە لە دێڕێكى دورودرێژ (محەمەد ئەمەل فەهیم ئەبولموحاریب دونقل). نهێنى ناوە كچانەكەى ئەمەل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە باوكى یەكێك بوە لە زانا گەورەكانى ئەزهەرو لەو ساڵەدا كە ئەو كوڕەى لەدایكبوە ئەویش خەڵاتێكى گەورەى ئەزهەرى بەدەستهێنانەوەو وەك ئومێدێك بۆ ژیانى داهاتوى خۆى و منداڵەكەى ناوى (ئەمەل)ى بۆ هەڵبژاردوە. دونقل زیاتر لە ژێر كاریگەرى دایكیدا بوە، ئەگەرچى باوكى پێشتر شیعرى ستونى دەنوسى و بەهرەى شیعر نوسینیشى بۆ بەجێهێشت بەڵام بەهۆى ئەوەى لە تەمەنى (دە) ساڵیدا باوكى لە دەستدا ئیتر هۆگربونى بە دایكییەوە هەتا رۆژى مردنەكەى بەردەوامبو. بە مردنى باوكى ترسى مەرگ و خەمى قوڵى ژیان بە تەواوى لە شیعرەكانیدا رەنگى دایەوە بە تایبەتى لە تەمەنى گەنجیدا كە ئەویش بە چەشنى سەییاب تەمەنێكى كورتى هەبو. لە ژیانى رۆژانەیدا بەردەوام وەزیفەو كارەكەى بەجێدەهێشت و رایدەكردەوە بۆ ماڵەوە بۆ شیعر نوسین و شاعیرێكى تا رادەیەك گۆشەگیر بوە. پرسى مەرگ و رەشبینى لاى دونقل لە یەكەم دیواندا بە ناوى (گریان لەنێوان دو دەستە شینەكانى یەمامەدا) بە تەواوى رەنگى داوەتەوەو ئەو دیوانەشى لە ساڵى 1969دا بەچاپگەیاند ئەگەرچى پێشتر زۆربەى قەسیدەكانى لە رۆژنامەو گۆڤارە ئەدەبییەكاندا بڵاوكردبۆوە. ئەمەل دونقل نزیكەى سىَ ساڵى رەبەق بە نەخۆشى شێرپەنجەوە تلایەوەو ساڵێكیش پێش دەركەوتنى نەخۆشییەكە بەردەوام هەست بەلاوازبونى جەستەى دەكراو بە كۆى گشتى چوار ساڵ میوانى نەخۆشخانەكان بو. دونقل بە چەشنى سەییاب شیعرگەلێكى زۆرى بۆ نەخۆشییەكەى نوسیوەو لە دواهەمین دیوانیدا كە لە ساڵى مردنەكەیدا بڵاوكراوەتەوە (1983) و ناوى (كاغەزەكانى ژورى ژمارە 8) بو، بە تەواوى وەسفى رۆژەكانى كۆتایى ژیانى دەكات كە لە ژورى ژمارە (8)ى قاوشێكى خەستەخانەیەكى قاهیرەدا چارەسەرى بۆ دەكرا. یەكێك لە قەسیدەكانى ئەو دیوانە بە ناوى (لە دژى كىَ)وە بو، لەو قەسیدەیەدا شاعیر هەمو ئازارو ناسۆرو كێشە تەندروستییەكانى خۆى بەیان كردوەو دواهەمین قەسیدەشى بەناوى (باشورییەكە)وە بو كە هەر لەو قەسیدەیەشدا بە ئاشكرا باس لە لاوازبون و ئازارەكانى نەخۆشییەكەى دەكات. نەخۆشى نەیتوانى كۆتایى بە نوسینى شیعر لاى دونقل بهێنێت چونكە (ئەحمەد حەجازى) رەخنەگرو هاورێى بەردەوام دەیوت: ململانێى دونقل، ململانێى نێوان شیعرو مەرگە بەڵام لە كۆتاییدا مەرگ كۆتایى بەو ململانێیە هێنا. دونقل لە رۆژى 21/5/1983دا كۆچى دوایى دەكات. رۆژەكانى كۆتایى تەمەنى لەگەڵ هاورێى هەمو تەمەنى نوسەرو روناكبیرى ناسراو (جابر عسفور) بو، پێش مردنیشى داواى كردبو لەسەر حیسابى خۆى كفن و دفنى بكەن و بینێژن بەڵام كەسوكارەكەى ئەو ئەركەیان گرتە ئەستۆ.
 
سەرچاوەكان:
1- د. إحسان عبـاس، بدر شاكر السياب: دراسة في حياته وشعره- بيروت - دار الثقافة، 1969
2- عيسى بلاطة، بدر شاكر السياب حيـاته وشعره - بيروت. دار النهـار للنشر، 1971
3- جابر قميحة ـ التراث الإنساني في شعر أمل دنقل ـ هجر للطباعة والنشر والتوزيع والإعلان ـ القاهرة 1987.
4- حسن الغرفي ـ أمل دنقل: عن التجربة والموقف ـ مطابع إفريقيا الشرق، الدار البيضاء 1985.