گفتوگۆ لەگەڵ عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
سازدانی هەرێم عوسمان

پ/بەگشتی بیركردنەوەی كورد سەبارەت بە ڕەخنە چۆنە، واتە ڕەخنە لای كورد چییە؟ گەر سەرنجی بیری كورد بدەین، تا چەند هەست بە دید‌و ڕوانین ‌و هاندان دەكرێت بۆ ڕەخنەگرتن ‌و پرسیار كردن؟
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا/ بۆ ئەوەی بتوانین تەماشاكردنی خۆمان بۆ كاری رەخنە دیاری بكەین، پێویستە قسە لە دەق و بەریەككەوتن و راڤەكردنە جیاوازەكانی بكەین. ئێمە لە كۆمەڵگایەكدا دەژین، كە دەكەوێتە ژێر هەژموونی پارێزەرانی دەقێكی گەورە، هەڵبەتە دەقپارێزان كە لەلایەك بڕوایان بە مرۆڤی كامڵ نییە، لەلایەكی دیكە ناكامڵی خۆیان دەكەنە مانا و پێوەری هەموو ژیان، بێ‌ ئەوەی دەق و بوون و ژیان ئاوێتەی یەك بكەن، دێن لە دەرەوەی بنەماكانی تێگەیشتن و راڤەكردن و جێبەجێكردن، بەردەوام دەقێك لە خڵتەی مانا دامەزراوەكانیان بونیاد دەنێن! 
"هیگڵ" كاتێك بوون وەك پێناسەی یەكەمینی رەهایی دەناسێنێ‌ و ئەو پێناسەیە بە تێز دادەنێ‌، بۆ ئەوەیە لەبەرانبەر تێزدا دووەم پێناسە بۆ رەهایی بە نەبوون (عەدەم)  دابنێ‌، بەو مانایەش نەبوون دەبێتـە پارادۆكسی بوون، واتە پاردۆكسی تێز، پاشان لە هەردووكیان ئاوێـتەیەك درووست دەبێت، خودی ئەو ئاوێتەیەیە پراكتیزە دەكرێ‌. لەنێوان (خودی تێز و پارادۆكسەكەی و ئاوێتەبوون) شتێك هەیە ئەویش سەیرورەیە، سەیرورە واتە هەبوون لە گۆڕاندا، واتە گۆڕان لە خودی خۆیدا، لەو رووەوە سەیرورە گواستنەوەیە لە رەوشێك بۆ یەكێكی دیكە و دەكەوێتـە بەرانبەر چەمكی جێگیربوون. مەبەستم ئەوەیە بڵێم هیگڵ لەڕێگەی خوێندنەوە و راڤەكردن و جێبەجێكردنەوە، تێگەیشتنێك بۆ چەمكی سەیرورە بونیاد دەنێ‌. بەڵام لای ئێمە تێگەیشتن لە سەیرورە و تێگەیشتن لە گۆڕان، لەڕێگەی دووركەوتنەوە لە دەق و پەرەدەپۆشكردنی دەقەوەیە، نەك ئاوێتەبوون و راڤەكردن. تێگەیشتن و دنیابینی ئێمە لەڕێگەی پارێزەرانی دەقەوە بونیادنراوە و دەكەوێتە ژێر خڵتەی مانا دامەزراوەكانەوە، ئیتر لەوێوە پارێزەران فۆڕمێك لە تێگەیشتن بەرجەستە دەكەن، كە هەموو وەڵامەكانی لەخۆدا هەڵگرتووە، فۆڕمێك لە دەق كە تەواوی ئاڕاستەكانی ژیان دیاری دەكات، كە هەموو فەزاكانی ئازادی و دەریچەكانی پرسیار و راڤەكردن و لێكدانەوەی جیاواز دادەخات؟!
دەمەوێ‌ بڵێم دەقپارێزان بەر لەوەی رێگا بدەن ئێمە بۆ خۆمان هەوڵی تێگەیشتن و راڤەكردن و جێبەجێكردن بدەین، بەرلەوەی هەوڵبدەن فەزایەكی ئازاد و گونجاو بۆ بەیەكگەیشتن و ئاڵوگۆڕی و پرسیار و راڤەكردنی جیاواز بسازێنن، بەرلەوەی ئەرزش بۆ بیركردنەوەی ئەویدیكەی جیاواز دابنێن......... چوار دەوری دەق بە كۆمەڵێك حەڵاڵ و حەرام و ترس و نیگەرانی دەتەنن. هەموو ئەو پەردەپۆشكردن و تەنینە، دنیابینی و تێڕوانینێكی داخراو دەسازێنێ‌، ئەو دنیابینی و تێڕوانینە داخراوە بۆ نێو تەواوی كایە جیاوازەكانی ژیانمان درێژ دەبێتەوە.. تێڕوانینی داخراو هەرگیز ئەرزش بۆ دیالۆگكردن لەگەڵ ئەویدیكەی جیاواز دانانێ‌ و پێیوایە ناشێ‌ ئەویدیكە هەرگیز بتوانێ‌ هەنگاو بەرەو ناسینی خۆی بهاوێژێ‌. بەڵام وەك لای هیگڵ دەردەكەوبَت هەنگاونان و خۆناسینی مرۆڤی خۆرئاوایی و قسەكردنی لەسەر بوون و نەبوون، دەبێتە دوو چەمكی بەیەكەوە گرێدراوی نێو دەق! ئیتر لەوێوە و لەڕێگەی راڤەكردنی بوون و نەبوونەوە دەقێكی دیكە دێتە بەرهەم، دەقێك كە لە دەرەوەی پێكهاتە تەقلیدییەكانەوە هەناسە دەدات و بەردەوام خۆی لەسەر گۆڕان بونیاد دەنێتەوە، بێ‌ ئەوەی دەقی ئەسڵی دابخات، بێ‌ ئەوەی خوێندنەوەی دیكە لەسەر دەقی ئەسڵی فەرامۆش بكات. دەقێك دەسازێنێ‌، كە بشێ‌ قابیلی چەندان بەدواداچوون و لێكدانەوە و خوێندنەوەی جۆراوجۆر بێت، دەقێك كە لەڕێگەی ئەویدیكەی جیاواز، جیاوازییەكانی خۆی دادەڕژێتەوە...
دەمەوێ‌ بڵێم تێڕوانینی دەقپارێزان، مرۆڤ تەنها وەك بوونەوەرێك تەماشا دەكات، كە توانای ئامادەیی و پرسیار و بیركردنەوەی تێدا لەخاڵی سفردایە!! بەڵام لەبەرانبەر ئەوەدا تێڕوانینی دەقوازان، مرۆڤ وەك بناس و ئازاد سەیر دەكات و ئەرزش بۆ توانا لەبننەهاتووەكانی دادەنێ‌. یەكەمیان واتە بەریەكنەكەوتن و بیرنەكردنەوە، ئەوەش وادەكات هیچ پرسیارێكمان بۆ دەق و ژیان نەبێ‌ و هەمیشە لەژێر هەژموونی خڵتەی مانا دامەزراوەكاندا خۆمان مت بكەین. بەڵام دووەمیان بڕوای بە بەریەككەوتن و راڤەكردن و بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی دەق هەیە، بۆیە ژیان و دنیابینی ئەو تێڕوانینە خۆی لە تازەكردنەوە و بونیادنانەوە و گۆڕانی بەردەوامدا هەڵدەگرێتەوە.
كەواتە ئێمە هەڵگری كەلتورێكین كە دەكەوێتە ژێر سێبەری خڵتەی مانا دامەزراوەكانی دەق و هەرگیز دەقپارێزان رێگە بەوە نادەن بەریەككەوتنی راستەوخۆمان لەگەڵ خودی دەق هەبێ‌، تاكو بتوانین تێگەیشتن و راڤەكردن و جێبەجێكردنی خۆمان بسەلمێنین و دەرككردن پەرەپێبدەین. لێرەوە دەشێ‌ پرسیار ئەوە بێ‌ چۆن لە تێگەیشتنی خۆمانەوە دەقێكی دیكە بونیاد دەنێینەوە؟ چۆن تەماشای تازەگەری دەكەین؟ 
هەڵبەتە لە تێگەیشتنی رۆشنبیرییەكی لەو جۆرەی كە قسەكانی خۆم لەبارەوە هەڵچنیوە، رەنگە رەخنەیەك درووست نەبێ‌، كە بتوانێ‌ دەق لەڕێگەی بەدواداچوون و راڤەكردنەوە بونیاد بنێتەوە، دەق لەڕێگەی خوێندنەوەی جیاوازەوە كەشف بكات. وەك دەزانین رەخنە خوێندنەوەی فرە رەهەند و جیاوازە، خوێندنەوەش بەریەككەوتنی دەق و وەرگرە. خوێندنەوە پرۆسەیەكی مەعریفی هەستپێكراوو دیارە و لە رستێك گریمانەو خەون‌و خەیاڵ پێكدێت... پرۆسەیەكی بەنێویەكداچووی مەعریفی ئاڵۆزە، كار لەسەر بەرهەمهێنانەوە دەكات... رەخنە خوێندنەوەیەكە حاڵەتی شیانیی بەرەو حاڵەتی بەخشش دەبات، حاڵەتی شاردنەوەوە بەرەو حاڵەتی پراكتیزەبوون، حاڵەتی هەبوون بە هۆی هێزەوە بۆ حاڵەتی هەبوون بە هۆی كردە... بەو مانایە خوێندنەوە كردەیەكی مەعریفی و زانستی بنەمائامێزە... بۆیە كۆمەڵگایەك دەتوانێ‌ خوێندنەوەی بەرهەمهێن دابهێنێ‌ و دووبارە دەق بەرهەم بهێنێتەوە، كە خاوەنی ئازادی و ئاگاییەكی گەورەی بەریەككەوتن و تێگەیشتن و مەعریفەی ئەدەبی و هونەری و ئیستێتیكی و زمانەوانی بێت، بەشێوەیەكی میتۆدی بەرفرەوان پەیی بە زانستە مرۆییەكان بەرێت و لەكاتی وەرگرتن و خوێندنەوەدا بتوانێ‌ سوودیان لێوەرگرێت، و لەڕێگەی ئەو پەیبردن و ئاگاییە، دیاردە ئەدەبییەكان دەرك بكات و بتوانێ‌ بەكاری بەراوردكردن و بەرهەمهێنانەوە هەڵبسێت، بە مەرجێك دوور بێت لە پەڕگیری دەقپارێزی و پەڕگیری سیاسی و ئایدیۆلۆژی داخراو... بەو مانایە دەمەوێ‌ بڵێم هەموو ئەو رەخنە و خوێندنەوانەی لەسەر خڵتەی مانا دامەزراوەكان درووست دەبێ‌، دەكەوێتە دەرەوەی ماهیەتی رەخنە و تێگەیشتن و خوێندنەوەوە، دەكەوێتە دەرەوەی بەهای رەخنە و بنەما فیكرییەكان و دنیابینی پرسی سەردەمەوە. 
دەشێ‌ گوتەزای (دەستی لێمەدە با خراپتری نەكەیت) هەڵگری بەشێكی ئیشكالیەتی رەخنەی كوردی و ترس لە رەخنە بێت. لەڕێگەی ئەو گوتەیەوە بۆمان دەردەكەوێت كە دەستی ئێمە پاك نییە، نەگریسە! دەستی ئێمە دەكەوێتە دەرەوەی بنەما مەعریفی و فیكرییەكانی رەخنە و ماهیەتی رەخنەوە. لەڕێگەی ئەو گوتەیەوە دەمانەوێ‌ بڵێین ئێمە ئازاد نین، لە ترسان لە رەخنەوە دەمانەوێ‌ بڵێین با خراپبوونی پێشتریش نەكەوێـتە ئەستۆمانەوە! نەك هەر هێندە بەڵكو كۆی دەستلێدانەكانی پێشووش بەلای ئێمەوە جگە لە خراپكردن شتێكی دیكە نەبووە؟! لەڕێگەی ئەو بۆچوون و تەماشاكردنە، بۆمان دەردەكەوێت، كە رۆشنبیریی ئێمە رۆشنبیرییەكە لەلایەك لەسەر بێ‌ بڕوای وەستاوە؟! لەلایەكی دیكەش بێ‌ لایەنی هەڵدەبژێرێ‌؟! لە كەلتوری ئێمەدا خراپبوون و خراپنەبوون پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، بەڵكو پەیوەندی بە دەقپارێزاندایە، هەر لەوێشەوە دەستی ئێمە فریای تێگەیشتن و راڤەكردن و لێكدانەوەی جیاواز ناكەوێت، بۆیە خۆمان بەدوور دەگرین لە ترسی ئەوە نەبا خراپتری بكەین! 
كەواتە ئێمە لە كۆمەڵگایەكدا دەژین، رەخنە و دەرئەنجامەكانی رەخنە دەكەوێتە دەرەوەی بیركردنەوەمانەوە. بۆیە ئێمە لە رەخنە دەترسین چونكە تێگەیشتنمان بۆ ژیان و دەق پەیوەندی راستەوخۆی بە راڤەكردن و لێكدانەوە و پەیبردنەكانمانەوە نییە. بەدیوەكەی دیكەش ئێمە لە رەخنە ناترسین، چونكە رەخنە هیچی لە ژیان و بیركردنەوەی ئێمە نەگۆڕیووە و ناگۆڕێ‌؟!
لێرەوە دەبینین دیوێكی ئەو دوالیزمیەتە پەیوەندی بە دنیابینی دەقپارێزانەوە هەیە و دیوێكی بە كەمتەرخەمی و هەوڵی خۆنەناسین و جولەی كردەیی خۆمانەوە هەیە؟! 
وەك دەزانین مرۆڤی سەردەم كۆمەڵێك قۆناغی جیاواز و پرسیاری نوێی ئاڕاستەی تێگەیشتن و بنەما جێگیرەكانی فیكر و مەعریفە و تێگەیشتن كردووە، لەوێوە ناشێ‌ تۆ لە گۆشەیەكدا خۆت گیر بكەیت و هەمیشە بڵێیت دنیا دەكەوێتە دەرەوەی من؟! مێژوو هەلودەرفەتی بە من نەداوە؟! ناشێ‌ لە گۆشەیەكدا لەشوێن خۆت پێبكوتی و لە تەواوی دیالۆگ و بەدواداچوونە مەعریفی و زانستییەكان خۆت بەدوور بگریت و پێتوابێ‌ یەكێكی دیكە لەبری تۆ ئەو كارانە رایی دەكات... كەواتە ئێمە بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسی سەردەم و دیالۆگ و گۆڕانكارییە زانستی و مەعریفییەكان بكەین، پێویستە دنیابینی دەقپارێزی بجولێنین، و ئامادەیی خۆمان لە بوارە جیاوازوكانی فیكر و مەعریفە جیاوازەكاندا بسەلمێنین، پێویستە هەوڵی خوێندنەوە و بەدواداچوونی جیدیمان لە تەواوی بوارە جیاوازەكاندا هەبێ‌ و بەریەككەوتنی تایبەت بەخۆمان تۆمار بكەین و تێگەیشتنی خۆمان رووبەڕووی دنیا و شتەكان بكەینەوە... بەكورتی ژیان هەرگیز ئێمە ناخاتە دەرەوەی پێشكەوتنەكانی خۆی، بەڵكو ئەوە ئێمەین خۆمان لە دەرەوەی پێشكەوتن و دەستكەوتە مرۆییەكانەوە دەبینین، هەرگیز ژیان ناوەندێك نییە و ئێمە پەراوێز، بەڵكو ژیان لە ناوەند و پەراوێز پێكهاتووە... كەواتە دەبێ‌ بێ‌ سڵكردنەوە دەست بۆ تەواوی بوارە جیاوازەكان ببەین و شتەكان جێگیرەكان لە شوێنی خۆیان جولە پێبكەین، مەرج نییە هەمیشە ئێمە خراپتری بكەین، رەنگە ئەو خراپكردنە لەوە باشتر بێ‌ كە هەر نەجولێ‌، دەبێ‌ بڕوامان بە جولە و جێگیرنەبوون و گۆڕانی بەردەوام هەبێت.
 
 
- كەلتووری كورد تا چەند كەلتوورێكی ڕەخنە بەرهەمهێنە؟ واتە ئایا لەناو فەرهەنگ ‌و كەلتووری كورددا ڕەخنە‌و ڕەخنەگر چۆن لێیدەڕوانرێت؟ پێتوایە ئێمەی كورد ترس لە ڕەخنە بەشێكبێت لە فەرهەنگ ‌و ژیانمان؟
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا/ بێگومان دەشێ‌ لەوێوە فەرهەنگ و كەلتوری كوردی، بیركردنەوە و رەخنە بونیاد بنێ‌، كە بتوانێ‌ قبوڵی بیركردنەوەی ئەویدیكەی جیاواز و ئازاد بكات و تێگەیشتنی جیاواز بۆ دنیا و شتەكان بخاتەوە. هەموو تێگەیشتنێكی جیاوازیش پێویستی بە توانای راڤەكردن و بەدواداچوون و خوێندنەوەی جیاواز هەیە. من هەرگیز گومان لە توانای تاكی كوردی ناكەم، هەرگیز دژی بیركردنەوەی تاكی كوردی نیم، بەڵام هەمیشە لەگەڵ دامەزراوەكان و خواستی سیستم دژ دەكەومەوە. ئەگەر هەوڵە جیاوازەكانی تاكی كوردی نەبێ‌، هەرگیز ناشێ‌ لەمیانی دامەزراوەكان و خواستی سیستم و پەڕگیرییەوە قسە لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئازادی و پێشكەوتن و گۆڕان بكەین.
 بەبڕوای من تەواوی دامەزراوەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان لەسەر بێنرخكردنی تاك و بێنرخكردنی بەهاكانی ئازادی و رەخنەی جیدی كار دەكەن و سنور بۆ بیركردنەوە و راڤەكردنی جیاواز دەكێشن. دەشێ‌ لە هەموو دنیا بەشێكی زۆر لەكاری دامەزراوەكان بەرگریكردن بێ‌، لە جێگیربوون و سیستم. بەڵام ئەگەر ئەوان بۆ ئەو بەرگریكردنە بەڵگە و بنەمای مەعریفی و لۆژیكی تایبەت بەخۆیان هەبێ‌، یان بەشێوەیەكی دیكە ئەگەر ئەوان لە دەرئەنجامی بەرەوپێشچوونی كۆمەڵێك تێزی مەعریفی و هەوڵی جیدی و ئەرزشدانان بۆ ئەویدیكەی جیاواز و بیروڕاكانیان، ئەو لۆژیك و سیستمەیان بەرهەمهێنابێ‌ و بیانەوێ‌ لەڕێگەی تێزە مەعریفیەكانیانەوە بەرگری بكەن. ئەوە بەرگریكردنی ئێمە لە جێگیربوون و هیچ نەگوتن، جگە لە بەرگریكردن لە كۆمەڵێك بەرژەوەندی ماددی هیچی دیكە نییە.
 ئێمە هەمیشە ئەویدیكەی جیاواز دەخەینە دەرەوەی خۆمانەوە، هەرگیز لەڕێگەی ئەویدیكەی جیاواز و دیالۆگ و رەخنە و پێشنیازەكان، بیر لە گۆڕان و چاكسازی و بەیەكەوەهەڵكردن ناكەینەوە، چونكە پێمانوایە بە هاتنەناوەوەی دەستی بێگانە، شتەكانمان لێ‌ خراپتر دەبێت. نەك هەر بێگانە، بەڵكو هەموو ئەو تاكە جیاوازانەی كە دەكەونە دەرەوەی خواستی سیستم و دامەزراوەكانی كوردییەوە، بە ناپاك و دڵڕەش و تێكدەر.. وەسف دەكرێن و هەر لەوێشەوە رەخنەگرتن وەك پەلاماردان و دژبوونەوە و تێكدان.. تەماشا دەكرێ‌. لێرەوە ئەو دامەزراو و سیستمە داخراوانە، دنیابینییەكی داخراو و كۆمەڵگایەكی بێ‌ ئاگا و كوێر بەرهەم دەهێنن، دواتر ئەو دیدە داخراوە هەر تەنها فەزای سیاسی و ئایدیۆلۆژی داگیر ناكات، بەڵكو جبَكەوتە و درێژبوونەوە و رەنگدانەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی دیكەی ژیانیشدا دەبینرێ‌. 
وەك گوتمان دەشێ‌ بەشێكی قبوڵنەكردنی رەخنە لە بوارە جیاوازەكاندا راستەوخۆ پەیوەندی بەو گوتەزا تەقلیدییەی (دەستی لێمەدە با خراپتری نەكەیت) هەبێ‌َ، وەك چۆن بەشێكی دیكەی قبوڵنەكردنی جیاوازی لەمڕۆی رەخنەی كوردی دەكەوێتە ژێر هەمان تێڕوانین و دنیابینی دەقپارێزانەوە!! بەو مانایەش ئەمڕۆی كوردی هەمان دیدی تەقلیدی و تێڕوانینی دەقپارێزان پراكتیزە دەكاتەوە. لێرەوەیە تەقلیدییەت و دیدی دەقپارێزانە، تێڕوانینمان بۆ دنیا و ژیان دادەخات.
 
 
 - ئێستای ڕەخنەی ئەدەبی كوردی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ پێتوایە ڕەخنەی ئەدەبیمان لە چ ئاستێكدا بێت؟ 
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا/ بەبڕوای من ناشێ‌ لەمیانی عەقڵانیەتێكی تۆتالیتێر، عەقڵانیەتێك كە كۆی بوارەكانی ژیان بەداخراوی بەڕێوە دەبات، قسە لە هیچ تاكە بوارێكی دیاریكراوی ژیان بكەن. ئەو عەقڵانیەتە داخراوەی كۆمەڵگای كوردی بەڕێوە دەبات، هەموو وزەكانی خۆی لەوەدا كۆدەكاتەوە، پێمان بڵێت: ئێمە خاوەنی كۆمەڵگایەكی یەكپارچەو یەكگرتووین!! هەڵبەتە ئەو دروشمە، بەكارهێنانی ئەو تێزە كلاسیكییە لە هوشیاری درۆزنانە، یان ساختە، هەر تەنها شاردنەوەی جۆرێك لە واقیعی وسبەلێكراو و بنەڕەتی نییە، بەڵكو شاردنەوەی چییەتی مرۆییە، لێدانی توانا لەبننەهاتووەكانی مرۆڤ و بڕوابوونە بە بنبەستبوون. لە دنیادا كۆمەڵگای یەكپارچە بوونی مەحاڵە. ئەوەی هەمیشە كۆمەڵگا بەڕیوە دەبات ململانێیە.
 بەكورتی دەمەوێ‌ بڵێم هەتا ئەو بۆچوون و دنیابینییە چوارچێوە بۆ داڕێژراوەو جێگیرە، بنەما و بنچینەكانی بیركردنەوەی كوردی داگیركردبێ‌، هەتا بڕوانەبوون بە ئازادی و جیاوازی و هەڵنەكردن لەگەڵ ئەویدیكە و بڕوانەبوون بە توانا لەبننەهاتووەكانی مرۆڤ... كۆی دەسەڵاتەكانی كوردی بەڕێوە بەرێت، مەحاڵە بەشێوەیەكی درووست بتوانین قسە لە بوارەكان بكەین، جاچ ئەو قسەكردنە لە پەروەردە و ئافرەت و ئازادی بێ‌، یان لە رەخنەیی ئەدەبی و بیركردنەوەی رەخنەیی بێ‌. دەمەوێ‌ بڵێم هەموو ئەو قسەكردنانە كورتی دێنن، كە ملكەچی عەقڵانیەتێكی لەو شێوەیەوەن. قسەكردنی جیدی لە دووتوێی عەقڵانیەتێك كە بڕوای بە ئازادی و جیاوازی نییە، لە زبڵداندا خۆی دەبینێتەوە!  
 
- ئەو هۆكارانە چین وادەكەن ڕەخنەی ئەدەبیمان پێشنەكەوێت؟ چیبكرێت بۆ پێشخستنی؟
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا/ لەبەر ئەوەی بڕوام بە جیاوازی و توانا لەبننەهاتووەكانی مرۆڤە، لەبەر ئەوەی بڕوام بە خوێندنەوە و كرانەوە و قبوڵكردنی ئەویدیكە هەیە، بۆیە هەمیشە بەشێكی زۆر لە ژیاندۆستی ناوەوەم بەرەو هەوڵ و تەقەڵڵای جۆراوجۆر هانمدەدا، هەمیشە حەزێكی لە بننەهاتووی پرسیاركردن و بەدواداچوون و خوێندنەوە دەمخاتەوە سەر ریتمە بەهێزەكانی خەون و ژیان و جوانی. دەمەوێ‌ بڵێم ئەگەرچی بنبەستبوون و پەڕگیری و داخران.. تەواوی فەزاكانی ژیانی كوردی داگیر كردووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تاكی كوردی لە دەرەوەی دامەزراوە داپڵۆسێنەرەكانەوە لە هەوڵی خۆی بەردەوامە.. پێویستە تاكی كوردی كۆڵنەدا و لە ململانێی بەردەوامدا بێ‌، بەرەو گۆڕان و ژیانێكی دیكەی رەنگاوڕەنگ و پڕ لە بەخشش و جیاواز. بە كورتی هەوڵە لەبننەهاتووەكانی تاكە بە تواناكان، جێگای ئومێدە. 
 
- ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە لەنێوان ‌و ئەدیبان ‌و ڕەخنەگرانماندایە نەبووەتە هۆكاریی نازانستی كاركردنی ڕەخنەگر، یان ڕاستگۆیی ڕەخنەگر‌و زوویربوونی ئەدیبان؟ (بەگشتی مجامەلە ‌و پەیوەندی كۆمەڵایەتی گرفتێك نیە لەبەردەم پێشخستنی ڕەخنە، گەر نمونەت لایە تەنیا ئاماژەی پێبكە بێ ناوهێنان؟
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا/ بەر لەوەی قسە لەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرانەی نێوان ئەدیبان و رەخنەگران بكەین، وەك گوتم پێویستە بزانین رەخنە و دەقی رەخنە، بەدواداچوون و توێژینەوەیە لەبارەی مانای خواستراو و وێنە و دنیابینی... دەقی رەخنەیی خوێندنەوە و جیاوازییەكانی خوێندنەوە لەنێو دەقی یەكەمدا دەنوێنێ‌. دەقی رەخنەیی كردەی بەیەكگەیشتنی ئاسۆ مەعریفیەكان و ئەزموون و شارەزاییە جیاوازەكان دەگەیەنێت. خوێندنەوە لە بۆشاییەوە نایەتە دی، بەڵكو لە هەڵدانی مەعریفە و شارەزایی جۆراوجۆر و پرسی سەردەمەوە دەست پێدەكات. دەقی رەخنەیی كەشفكردنی ئەو بەیەكگەیشتنەیە، كە دەكەوێتە نێوان مێژوو و كەلەپور و پرسیارە هەنووكەییەكانەوە. حەقیقەتی دەقی رەخنەیی راستەوخۆ پەیوەندی بە قبوڵكردنی ئەزموونە جیاوازییەكان و تێگەیشتن و پرسیارە مەعریفیەكانی سەردەمەوە هەیە. 
كەواتە قسەكردن لە خوێندنەوە و رەخنە و لێكۆڵینەوە هەر تەنها قسەكردن نییە، لە كۆمەڵێك میتۆدی ئەدەبی و رەخنەیی بوارە زانستی و ئەكادیمییەكان، هەر تەنها قسەكردن نییە لە شارەزاییەك كە بوارەكانی پەروەردە بەرهەمی دەهێنێ‌، شارەزاییەك كە دەكەوێتە دەرەوەی ئەو بوارەوە!! چونكە بوارەكانی پەروەردە وەك (گادامێر) لە كتێبی (حەقیقەت و میتۆد)دا بۆی دەچێ‌: پرۆسەی درووستكردنی خودی مرۆڤە لە (وێنە)یەكی نموونەییدا. بەڵام هونەر بەو وەسفەی كە توانایەكی گشتی بۆ درووستكردنی (وێنە) هەیە، یان بەو مانایەی كە نوێنەرایەتی ئەزموون دەكات، رۆڵێكی تایبەتی لە تێگەیشتنی رۆشنبیرییدا دەبینێ‌. گادامێر لەسەر بنەمای رۆشنبیرییەك كە بەرهەمی ئەزموونە جیاوازەكانی ژیانە، بەرەو بیركردنەوەی جوانی دەچێ‌. مەبەستم ئەوەیە كە گادامێر، مرۆڤ لەو دوو وێنەیەدا لێكجیا دەكاتەوە: وێنەیەك كە شارەزایی بە شێوەیەكی نموونەیی پێكیدەهێنێ‌، وێنەیەك كە ئەزموون بەپێی بونیادە رۆشنبیرییە جیاوازەكان درووستی دەكات. لە یەكەمیاندا شارەزایی شتێكە ئێمە دەبینە خاوەنی، بۆیە بە خودەوە بەندە. بەڵام لە دووەمدا ئەزموون شتێكە ئێمە بە مانا پۆزەتیفەكەیەوە ملكەچی دەبین، بۆیە تەجاوزی خودێتی دەكات و بەرەو رووداو، یان بەرەو مانا دەچێ‌. بێگومان ئەوەی لەو جیاكردنەوەیە قابیلی بەدواداچوونی زێترە خودی رۆشنبیریی و بونیادە جیاوازەكانی رۆشنبیرییە؟!
هەڵبەتە جیاوازی نێوان وێنەیەك كە كایەكانی پەرەوەردە بەپێی مرۆڤی نموونەیی پێكیدەهێنێ‌ و وێنەیەك بەپێی ئەزموونەكانی ژیان دێتە ناوەوە، لە جیاوازی نێوان سیستم و تەجاوزكردنی سیستمدایە! دەشێ‌ وەك جیاوازی نێوان دوو جۆر لە تێگەیشتن تەماشای بكەین؟! تێگەیشتنێك كە بە بابەتی تێگەیشتنەوە بەندە و تێگەیشتنێك كە بە خودی تێگەیشتنەوە دەلكێ‌. تێگەیشتنێك كە بە خود و ناوەندگەراییەوە پەیوەستە، تێگەیشتنێك كە دەكەوێتە دەرەوەی ناوەندگەرایی و خۆی لە كۆی خودە جیاوازەكاندا دەبینێتەوە. تێگەیشتنێك كە رەنگدانەوەی یەك پرسیاری دیاریكراوە و تێگەیشتنێك كە لە پرسیاری بەردەوامدا خۆی درووست دەكاتەوە...
بێگومان بابەتی تێگەیشتن هەمیشە جێگیرە، بەڵام مەرجەكانی تێگەیشتن لە گۆڕانی بەردەوامدایە و ناكەوێتە سەر بابەتی تێگەیشتنەوە، بەڵكو دەچێتە سەر ئاسۆكانی راڤەكردنەوە. بابەتی تێگەیشتن جێگیربوونی خۆی لەدووتوێی سیستمێكی دیاریكراودا بەرجەستە دەكات، بەڵام تێگەیشتن وەك قبوڵكردنی جیاوازی، دەكەوێتە سەر فرە خوێندنەوەو خوێندنەوەی جۆراوجۆرەوە و لەوێوەش مەرجەكانی تێگەیشتن بەرەو بوونێكی زێتر دەبێتەوە. هەموو خوێندنەوەیەكی جیاواز، داهێنانی دەقێكی دیكەی جیاوازە. دەقی جیاوازیش فیكرەی یەكگرتووی كۆتائامێزی نێوان دەق و خوێنەر، بابەت و خود.. رەتدەكاتەوە، وەك چۆن بە تووندی یەكگرتنی نێوان دەق و دانەر رەتدەكاتەوە. 
لێرەوە رووخاندنی (منی دەقی) بە گەورەترین بەرهەمی سەدەی بیستەم دەژمێردرێت، دەمەوێ‌ بڵێم فیكری پۆستمۆدێرنە خودی رەتكردەوە بۆ ئەوەی لە بەشداریكردنی خودە جیاوازەكانەوە دەقێكی دیكە بەرهەم بهێنین. ئەدەب و هونەر نە گەڕانە بەدوای دۆزینەوەی خود، وەك لای خودگەراكان قسەی لێدەكرێت. نە فەنابوونە لە نموونەی باڵادا، وەك لای میسالییەكان هەیە. بەڵكو ئەدەب و هونەر لە بڕینی حەقیقەتەكانەوە دێتەوە، بەردەوام لە گەمەی دەركەوتن و خۆ حەشاردان راست دەبێتەوە. ئەدەب و هونەر زێتر بەلای ژیان و ئەزمووندایە، بەرەو رووداو، بەرەو مانا و پرسیارە جیاوازەكانی سەردەم دەچێ‌، نەك شارەزاییەكی سیستیماتیزەكراو، كە دواجار مرۆڤی نموونەیی لەسەر تاكە پرسیارێك  وێنە دەكات. ئەزموونی ژیان هەمیشە خۆی لە بەردەوامی و ئەویدیكەی جیاواز و دیالۆگ و پرسیاری سەردەم هەڵدەگرێتەوە، هەر لەوێشەوە دەگەینە ئەوەی كە كارە ئەدەبییەكان بۆ نەوەكانی داهاتوو شتێك لە گوتنیان پێیە. بەڵام شارەزایی دامەزراوەیی لەسەر تاكە پرسیارێكی دیاریكراو بنجی خۆی دادەكوتێ‌ و بەردەوام ئەو پرسیارەش رووبەرووی ئەویدكە دەكاتەوە. دەشێ‌ دەوڵەمەندی شارەزایی چوارچێوە بۆداڕێژراوی دامەزراوەكان لەوەدا خۆی بنوێنێ‌، كە بە درێژایی مێژوو یەك پرسیار رووبەڕووی ئەویدیكە دەكەنەوە؟! راستە ئەویدیكە بەو پرسیارە رادێ‌ و دووچاری گرفتی بەدحاڵی بوون نایەت، بەڵام خودی ئەو گرفتنەبوونە بۆخۆی جۆرێك لە یەكرەنگی و جۆرێك لە بنبەستبوونی لەخۆدا هەڵگرتووە، ئەوە ئەو دۆگمابوونەیە، كە ئەكادیمیا و دامەزراوە پەروەردەییەكان.. بە دەوڵەمەندبوون بە ئەویدیكەی دەفرۆشێنەوە، وەك چۆن هەر ئەو دەوڵەمەندبوونەشە كە بەشێكی زۆری ئەدەبی كلاسیكی شانازی پێوە دەكات .
بەدیوەكەی دیكە ئەمڕۆ رەخنە و لێكۆڵینەوە بەو مانایە سەیر ناكرێت، كە دەق ئاڕاستەكانی دیاری دەكات، بەو مانایە نییە، كە لە چوارچێوەی دەقدا قەتیس دەبێت، بەڵكو وەك ئیبداعێكی دیكە و دەقێكی دیكەی ئیبداعی دێتە ژماردن. بێگومان بەكارهێنانی وشەی (ئەمڕۆ) لە رستەی سەرەوەدا شارەزاییەكی دیكەی سەردەم دەسەپێنێ‌! هەڵبەتە مەعریفەی مێژوویی لەسەر جۆرێك لە جۆرەكانی شارەزایی درووست دەبێ‌، بەڵام شارەزاییەكی تەواو جیاواز لەو شارەزاییەی بە تاكە پرسیارێكەوە بەندە، جیاواز لەو شارەزاییەی بە یاساكانی سرووشتەوە پەیوەستە. شارەزایی ئەدەب و رەخنە و خوێندنەوە بەرەو رووداو و كەشفكردن درێژە دەبێـتەوە.. شارەزایی ئەدەبی كۆی رووبەرە قەدەغەكراو و وسبەلێكراوەكانی رۆشنبیریی باو دەخاتە نێو رەخنە و جوڵەی رەخنەییەوە، وەك چۆن ئەو جوڵەیەش وەك بنەمایەك بۆ خوێندنەوەی كۆمەڵگا تیۆریزە دەكات.
بە كورتی دەمەوێ‌ بڵێم ئەگەر تەماشاكردنمان بۆ دەقی رەخنەیی و خوێندنەوە و راڤەكردن لە داهێنانەوە خۆی هەڵگرێتەوە، ئەوە هەرگیز ناكەوینە دووتوێی ئاڕاستەكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانەوە بەو مانایەی كە تۆ ئاماژەت پێداوە. لە هەمان كاتدا ناكەوینە چوارچێوەی دامەزراوێكی پەروەردەییەوە كە مرۆڤێكی نموونەیی بەپێی بابەتی تێگەیشتن وێنە دەكات. 
 
- پێتوایە ڕەخنەگرانی كورد لەناو زانكۆكاندان یان لەدەرەوەی زانكۆ؟ بەواتایەكی تر ئایا زانكۆ ڕەخنەگری بەرهەمهێناوە؟ پێتوایە زانكۆ نەیتوانیوە ڕەخنە بەمانا زانستیەكەی دروستبكات؟
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا/ راستە لە هەموو دنیادا زانكۆكان بەشدارییەكی گەورە لە بەرهەمهێنانی میتۆدەكانی رەخنە و جیگیربوونی سیستم و سیستیماتیزەكردن و جێبەجێكردندا وازی دەكەن، لە هەموو دنیادا دامەزراوە پەروەردەییەكان بنەمایەكی نەخشە بۆداڕێژراو بۆ دیالۆگی مەعریفی و زانستی و فیكری دادەڕێژن و بەدواداچوون و راڤەكردن و لێكدانەوەی خۆیان لە بوارە جیاوازەكان دادەمەزرێنن. لە هەموو دنیادا ئەوە زانكۆ و دامەزراوە پەروەردەییەكانن فیكر و مەعریفە تیۆریزە دەكەن و میتۆدەكان بەشێوەیەكی زانستی دەخەنە بەر باس و بنەماو بنچینەكانی دەنووسنەوە.. كەواتە زانكۆكان وەك بواری بەرهەمهێنانی مەعریفە و تیۆریزەكردن، وەك بوارێكی زیندووی كایە جیاوازەكانی ئەدەب و زانست، دەردەكەون.. هەر لەوێشەوە رەخنە و تێزی رەخنەیی بەرهەم دەهێنن... لێرە نامەوێ‌ ئاماژە بە كۆمەڵێ‌ بیریار و فیكری رەخنەیی بدەم، كە لە پانتایی زانكۆكانی دنیادا پەرەیان بە فیكر و دنیابینی خۆیان داوە و هەر زانكۆكانیش تێزەكانیان پەسەند كردووە و گفتوگۆی جیدییان لەبارەوە كردووە و دواجاریش وەك پانتاییەكی بەرفرەوانی ئاگایی و شارەزایی لە بوارە جیاوازەكانی ئەدەب و زانست خۆیان بەرجەستە كردووە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناشێ‌ قسە لە ئاوێتەبوونی دەسەڵاتە جیاوازەكان و كاریگەری دنیابینی و عەقڵانیەتی گشتگیر و داخراو و بنبەستبوو نەكەم. كەواتە ئەگەر بەشێك لە قسەكانم پەیوەندی بە كایە مەعریفی و زانستیەكانی نێو زانكۆوە هەبێ‌، ئەوە بەشێكی زۆری بۆ دەسەڵات و كۆمەڵگا دەگەڕێتەوە. كەواتە ئەو كاتە دەشێ‌ كایە مەعریفییەكان جێكەوتە و كاریگەری خۆیان بنوێنن، ئەو كاتە دەشێ‌ كایە مەعریفییە جیاوازەكان لە كۆمەڵگادا رەنگدانەوەیان هەبێ‌، كە هەڵگری ئاگاییەكی بەرفرەوان بین، كە خاوەنی دنیابینی و عەقڵێكی كراوە و دەوڵەمەند بین، كە بتوانین ئەویدیكە بە هەموو جیاوازییەكانی قبوڵ بكەین و ئەرزش بۆ گۆڕان و بیركردنەوە جیاوازەكان  دابنێین... 
بەدیوەكەی دیكەش لەبیرمان نەچێ‌، قسەكردنی من لەبارەی دامەزراوە پەروەردەییەكان، قسەكردنە لەو دامەزراوانەی، كە لەڕێگەی پرسی سەردەم و دنیابینی جیاواز و مەعریفەی فرەڕەهەندەوە.. بەردەوام خۆیان نوێ‌ دەكەنەوە، من هەرگیز مەبەستم  مینتالیەتێكی داخراو و گشتگیر و بنبەستبوو نییە...
بەڵام ئەگەر پرسیارەكەت لە زانكۆكانی كوردستانەوە سەرچاوەكانی خۆی دیاری بكات، ئەوە من بەگشتی پێموایە قسەكردن لە دامەزراوە پەروەردەییەكانی كوردستان، لە دەرەوەی دەسەڵاتی تۆتالیتێری كوردی و دنیابینی داخراوی كوردی،  ناتوانێ‌ ئامانجە دیاریكراوەكەی خۆی بپێكێ‌!! بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوەشدا پێویستە كاری تاكە كەسی چ لە نێو زانكۆكان و چ لە دەرەوەی زانكۆكان بە هەند وەرگرین. 
 
- دەتونین بڵێین رەخنەی ئەدەبی كوردی گرفتی دەقی هەیە؟
عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا/ رەخنەی ئەدەبی كوردی گرفتی دەقی نییە، چونكە رەخنەی ئەدەبی بۆخۆی دەقێكی ئیبداعییە. دەشێ‌ بڵێین ئەدەبی كوردی گرفتی داهێنانی هەیە، لەوێوە كە بڕوای بە جیاوازی و خوێندنەوەی جیاواز كورتی دێنێ‌! ئەدەبی كوردی پێویستە بەر لەوەی قسە لەخۆی بكات، دنیابینی خۆی لەسەر مەعریفە جیاواز و كرانەوە و پرسیاری سەردەم دووبارە بونیاد بنێتەوە. چونكە ناشێ‌ لە دەرەوەی ئەویدیكەی جیاواز و بەیەكگەیشتن و ئاڵوگۆڕی و خوێندنەوە و راڤەكردنی مەعریفی، لە دەرەوەی كەشفكردنی نەگوتراو و وسبەلێكراوەكان و بڕوابوون بە دەمەتەقێی كراوە .. ئامادەیی خۆمان لە ئێستای دەق و پرسیارە جیاوازەكانی سەردەم و دنیابینی و مەعریفە.. دابمەزرێنین. بەو مانایەش بەر لەوەی قسە لە داهێنان و دەقی رەخنە بكەین، پێویستە قسە لە گۆڕان و كۆی ئەو دنیابینییە داخراوە بكەین، كە كۆمەڵگای كوردی پەكخستووە. بەر لەوەی قسە لە بوارەكانی ئەدەب و هونەر بكەین، پێویستە مانا و تەئویلە جۆراوجۆرەكان لە تێگەیشتن و تەفسیركردن و جێبەجێكردنێكی دیكەوە دەرك پێبكەین. 
 
 
سازدانی هەرێم عوسمان
پاشكۆی ئەدەب و هونەری كوردستانی نوێ‌
29/5/2012