وەرگێڕ بۆ فارسی: فه رشید عه تایی

 
بابم هەتا تەمەنی پێنج ساڵانەی من لە شەڕی نێونەتەوەیی یەکەمدا لە ئەڕتەشدا بوو، لەو ماوەیەدا زۆرم نەدەدیت، کاتێکیش دەمدیت بۆی پەرۆش نەبووم. جاری وا بوو ئەگەر بەیانیان زوو لەخەو هەلدەستام، لەشە زلەکەی بابمم لە بەرگی نیزامییدا دەدیت کە لەژێر نووری شەمەکەوە چاوی لێ دەکردم. جارجارەش دەنگی پێکدادانی دەرگای حەوشە و هەروەها دەنگی کەوشەکانی کە بزمارڕێز کرابوون لەناو کۆڵان دەبیسرا. بابم وەکو بابانۆئێل بە نهێنی دەهاتەوە و بە نهێنیش دەڕۆیی.
دە ڕاستیدا پێم خۆش بوو بابم بێتەوە مالێ، هەرچەند جارێک بەیانیان زوو دەچوومە سەر جێگاخەوە گەورەکە، لە نێوان وی و دایکمدا دەفیچامەوە .
جگەرەکەی دەکێشا و ئەوەش ببووە هۆی ئەوەیکە بۆنێکی ناخۆشی لێ بێ. ڕدێنی بە تیغی دەتاشی و ئەو کارەشی سەرنجڕاکێش و سەرسووڕهێنەر بوو، هەموو جارێ کە دەڕۆیی، زۆر شتی بۆ بیرەوەری بەجێ دەهێشت، ماکێتی تانک، چەند دانە چەقۆ کە دەسکەکەیان لە قاپۆڕ سازکرابوو، کڵاوی ئاپمانی، نەواری پلەی نیزامی و بەگشتی هەموو چەشنە کەرەسەیەکی نیزامی. هەموو ئەوانەی لە سندووقێک دەخست و لەسەر کومێدی دادەنا تا لەڕۆژی پێویستدا کەڵکیان لێ وەرگرێ.
ئاکاری بابم وەکو قشقەلە وابوو، چاوەڕێ بوو هەرشتێک لە ڕۆژی خۆیدا کەڵکی لُێ وەرگیرێ. کاتێک بابم لە ماڵ نەدەبوو، دایکم ئیزنی دەدام خەزێنەکەی بابم بپشکنمەوە و بیگەڕێم ئاخر دایکم بەقەد بابم بایەخی بۆو کەرەسانە دانەدەنا.
سەردەمی شەڕی یەکەم ئارامترین ساتەکانی ژیانی من بوو.
پەنجەرەی ژوورەکەم ڕووی لە باکووری ڕۆژهەڵات بوو. دایکم پەردەی بۆ هەڵواسیبوو، بەڵام پەردەکە شوێنێکی ئەوتۆی نەبوو و من هەمیشە بە هەوەلین گزینگی خۆرەتاو لەخەو هەلدەستام. بە بڕوای من ژیانی ئێمە هیچ وەخت وەکو ئەوکات هێندە ساویلکە و پڕ لە ڕووداوی جۆراوجۆر و خۆش نەبوو. کاتی نووستن لاقەکانم لەژێر مەلافەکە دەهێنا دەرێ و نێوم لێ نابوون "خاتووچەپ" و "خاتوو ڕاست"، جاری واش بوو دەمکردن بە ئەکتەری شانۆ، ناوەڕۆکی شانۆکەش قسەکردن لە بواری جۆراوجۆر بۆ وێنە گیروگرفتەکانی ڕۆژانە بوو. بەسەر خاتوو چەپدا هێندە زال نەبووم هەر بۆیە تەنیا سەری بە هۆی ڕەزامەندی دەجووڵاندەوە و هیچی تر. خاتوو چەپ و خاتوو ڕاست پێکەوە لە بابەت کاری ڕۆژانەی من و دایکمدا وتوووێژیان دەکرد. کاتی کریسمەس بابانۆئێل دەبێ چ خەڵاتێکمان بۆ بێنێ و بۆ ڕەزامەندی مالێ چ کارێک پێویستە بکرێ.
بۆ وێنە باسی منداڵ دەهاتە گۆڕێ، من و دایکم لەسەر ئەو باسە هیچ کات یەک نەبووین، لە نێو ئەو ماڵانەی لە لێژەکەی تەنیشت ماڵە ئێمە بوون تەنیا ئێمە لە مناڵی ساوا بێبەش بووین، دایکم دەیکوت: تا ئەو کاتەی بابت لە شەڕ نەیەتەوە توانای کڕینی مناڵمان نییە چونکە نرخی مناڵ هەفدە شیلینگ و شەش پێنییە. دیار بوو دایکم زۆر ساویلکەیە، بنەماڵەی "جینی" کە ماڵەکەیان لەسەر دوندی لێژەکەیە، مناڵیشیان هەبوو و هەموو کەسیش دەیزانی ئەوان ناتوانن هەفدە شیلینگ و شەش پێنی بدەن بۆی هەیە مناڵێکی هەرزان بێ. لە ڕاستیدا دایکم لە مناڵێکی بەنرخ و گران دەگەڕا بەڵام بە بڕوای من ئەو زێدەڕەوی دەکرد مناڵەکەی بنەماڵەی جینی بۆ ئێمە زۆر باش بوو.
کاتێک بەرنامەی ڕۆژانەم دیاری دەکرد لەسەرجێگا هەلدەستام. کورسییەکەم لە کن پەنجەرەی ژوورەکەم دادەنا و تا ئەو جێگایەی توانیبام سەرم لە پەنجەرە دەبردە دەرێ و سەیری خانووبەرە و باغ و تەپکەکانم دەکرد. پاشان دەچوومە ژوورەکەی دایکم و دەچوومە سەرجێگاخەوەکەی وی و باسی بەرنامەکانم بۆ دەکرد. لە ناکاو هەستم بەوە کرد لەشم وردەوردە سارد دەبێتەوە هیچ کات سەبارەت بەوگرفتەی خۆم ڕوون نەبوومەوە و نەمزانی بۆ وام لێ دێ لە کاتی قسەکردندا لەشم وەکو سەهۆل سڕ دەبوو، ئەو تایبەتمەندییە درێژەی هەبوو تا ئەوکاتەی خەوم لێ کەوت. دوایەش بە بیستنی زیقەزیقی نهۆمی خوارەوە وەخەبەرهاتم. دوای خواردنی نانی بەیانی چووینە کلیسای شاری و دوعامان بۆ بابم کرد. دوا نیوەڕۆیان ئەگەر هەوای خۆش دەبوو بۆ سەیران دەچووینە دەرەوەی شار و یان دەچووینە سۆمەعە و لەوێ دایکم بە ئاشنا و خزمەکانی دەکوت بۆ بابم بپاڕێنەوە و دوعای بۆ بکەن. منیش هەموو شەوێ سەرووبەندی نووستن لە خوا دەپارامەوە بابم بە سڵامەتی لە شەڕ بگەڕێتەوە ، دەڕاستیدا نەمدەزانی بۆچی و لەبەرچی دوعا دەکەم. ڕۆژێک کە چوومە سەر جێگاخەوە گەورەکەی، دیتم بابم وەک جاران بە جل و بەرگی نیزامییەوە کە هەروەک بابانۆئێلی لەسەر جێگا ڕاکشابوو، بەڵام هێندەی پێنەچوو ئەو جل و بەرگەی دانا و جوانترین جل و بەرگی خۆی لەبەرکرد. دایکم زۆر بە کەیف بوو بەڵام من شتێکم بەدی نەکرد کە پێی کەیف خۆش و شاد بم چونکە بابم بەبێ جل وبەرگە نیزامییەکەی زۆر سرنج ڕاکێش نەبوو. بەڵام دایکم تەنیا بزەی دەهات و دەیکوت خوا دوعاکانی ئیمەی قەبووڵ کردووە. چووینە کلیسا هەتاکو سپاسی خوا بکەین کە بابمی بە سڵامەتی گەڕاندۆتەوە. بەڵام هەموو شتێک بە پێچەوانەی ویستی من هاتە دی! هەر ئەوێ ڕۆژێ کاتێک شەو داهات بابم هاتەوە کەوشەکانی دانا و دەمپاُییەکانی لەپێ کرد، کڵاوە پیسەکەی کە هەمیشە لە مالێ کەلکی لێ وەردەگرت لەسەری نا تا سەرمای نەبێ. چۆکی دادا و بە توندی لەگەڵ دایکم قسەی کرد دایکم سەری لێ شێوابوو، منیش پێم خۆش نەبوو دایکم ئاوا پەرۆش ببینم چونکە ڕوخسارە جوانەکەی ناحەز دەبوو، بۆیەش خۆم هاویشتە نێو قسەی بابم، دایکم بە لەسەرەخۆیی کوتی : "لۆری کەمێک سەبرت هەبێ". دایکم ئەو ڕستەیەی کاتێک دەکوت کە میوانێکمان دەبوو مرۆڤی زۆر وەڕەز دەکرد، منیش سرنجم نەدایە و درێژەم بە قسەکانم دا. دایکم ئەوجار بەتوندی کوتی : لۆری نالێم بێدەنگ بە، مەگەر نابینی لەگەڵ بابت قسان دەکەم. من نەمدەتوانی پێش ئەو فکرەی خۆم بگرم :"ئەگەر خوا بەوجۆرە دوعاکانی ئێمە قەبووڵ دەکا دیارە زۆر بە جوانی گوێ لە دوعاکانمان ڕاناگرێ. پرسیارم کرد :"بۆچی لەگەڵ بابم قسان دەکەی "؟ 
چونکە من و بابت گەلێک کاری تایبەتمان هەیە، لەبابەت وانەوە دەبێ قسان بکەین، چیتر مەیە نێو قسەکانمان .
پاش نیوەڕۆ دایکم بە بابمی کوت ئەمن بەرێتە گەشت وسەیران، ئەوجار بەجێی وەی بۆ سەیران بچینە دەرەوەی شار چووینە ناوەڕاستی شار و من بڕوام وا بوو وێدەچێ ئەوە دەرفەتێکی باش بێ بۆ باشتر بوونەوەی ئەم هەلومەرجە، بەڵام مخابن وا نەبوو. من و بابم لە بابەت گەشت وسەیران دوو ڕوانگەی جیاوازمان هەبوو، بابم هیچ هۆگرییەکی بە تڕاموا و کەشتی و ئەسب نەبوو، تەنیا شتێک کە سرنجی وی ڕادەکێشا قسەکردن لەگەل هاوتەمەنەکانی خۆی بوو. کاتێک دەمویست ڕاوەستم ئەو هەروا دەڕۆیی، دەستی منی دەگرت و بە ڕاکێش ڕاکێش بە دووی خۆیدا دەیکێشام، بەڵام کاتێک ڕادەوەستا منیش چارەیەکم نەبوو دەبا هەر ئەو کارەم کردبا. 
سرنجم دابوویە کاتێک پاڵی وە دیوارێک دەدا نیشانەی ئەوەبوو دەیهەوێ ماوەیەکی زۆر ڕاوەستێ.
کاتێک دیتم ئەوکارەی دووپات دەکاتەوە وەک شێتانم لێ هات. پێم وایە ئەوجارە دەیهەویست بۆ هەمیشە لەوێ پشوو بدا، هەربۆیە کراس وپانتۆلەکەم خێراخێرا دەکێشا کە زوو بڕۆین بەڵام بە پێچەوانەی دایکم ئەگەر پێ داگریت زۆر لەسەر شتێک کردبایە قەڵس دەبوو و دەیکوت:"لۆری ئەگەر عاقڵ نەبی زللەیەکی توندت لێ دەدەم". بابم ئەو شتەی زۆر بۆ گرینگ نەبوو کەمێکم هێنا و برد و هەر لەو فکرەدا بووم بگریم یان نا، بەڵام گوێی نەدەدایە تەنانەت لە گریانی منیش ناراحەت نەبوو. وەک ئەوە وایە مرۆڤ لەگەڵ کێوێک چووبێتە گەش و سەیران، بەگشتی هیچ سرنجێکی بەو خۆهەڵسووڕاندن و مست لێدانانە نەدا، تەنیا بزەیەکی دەهات و لەسەرەوە چاوێکی لە خوارێ دەکرد. تا ئێستا هیچ کەسم نەدیتبوو ئاوا مات بێ.
کاتی چای ئێوارێ دەبا قسەکردن لەگەل بابم دەستی پێکردبایە ، بەڵام بە بوونی ڕۆژنامەی ئێواران هەلومەرجەکە خراپتر بوو. جار نا جارێکی سەری لەپشت ڕۆژنامەکە دەهێنا دەرێ و هەوالێکی تازەی بە دایکم دەکوت. لە هەلومەرجی ئاوادا کە پیاو لە بەرابەر پیاودایە حازر بووم بۆ وەی دایکم زیاتر سرنجی خۆی بدا بە من بەربەرەکانی بکەم. بەڵام کاتێک بە یارمەتی ئەوانیتر هەموو شتێک بە قازانجی وی تەواو دەبوو، ئیتر هیچ شانسێک بۆ من نەدەمایەوە، تەنانەت چەند جار حەولم دا ناوەڕۆکی باسەکە بگۆڕم بەڵام بێ کەلک بوو. دایکم خێرا دەیکوت :"لۆری کاتێک بابت ڕۆژنامە دەخوێنێتەوە ئەتۆ دەبێ بێدەنگ بی ". دیار بوو بە ڕاستی دایکم قسەکردن لەگەل بابمی زۆر لە قسەکردن لەگەڵ من پێ خۆشتر بوو یان ئەوەیکە چون بابم بەسەر ویدا زاڵ بوو لە گوتنی حەقیقەت دەترسا. ئەو شەوە کاتێک دایکم دەیهەویست بمنوێنێ کوتم: "ئەرێ دایە گیان بە بڕوای تۆ ئەگەر لە خوا بپاڕێمەوە بلێی بابم بگەڕێنێتەوە بۆ شەر"؟ دایکم بەو قسەیە ماوەیەک چوو لە فکرەوە و پاشان بزەیەکی هاتێ و کوتی:"نا ڕۆلە گیان بە بڕوای من خوا ئەو کارە ناکا".
- بۆچی دایە؟
- ئاخر ڕۆلەی گیان ئیتر شەڕ تەواو بووە.
- بەڵام دایە ئەگەر خوا بیهەوێ ناتوانێ شەڕێکی دیکە ساز کا ؟
- خوا نایهەوێ ڕۆلە گیان، خۆ خوا شەڕکەر نییە، مرۆڤە خراپەکانن ئەوکارەی دەکەن.
کوتم :"ئێ".
بەو قسانە نائومێد بووم، بیرم کردەوە خۆ خوا ئەو جۆرەی دەڵێن وانییە .
سبەی بەیانی وەک جاران لەخەو هەستام. قاچەکانم لەژێر مەلافەکە هێنا دەرێ و وتوووێژێکی دوور و درێژم سازکرد. کە لەودا خاتوو ڕاست لە بابەت گرفتەکانی کە لەگەڵ بابی هەیبوو قسەی دەکرد لەئاکامدا بابی بردە شوێنی ڕاگرتنی بە ساڵاچووان. هەڵبەت من لە بابەت شوێنی ڕاگرتنی بەساڵاچووان ئاگادارییەکی ئەوتۆم نەبوو بەڵام وێدەچوو جێگایەکی باش بێ بۆ بابم. پاشان کورسییەکەم لە تەنیشت پەنجەرەکە دانا و چوومە سەری و لە پەنجەرەوە چاوم لە دەرێ دەکرد. گزینگی بەربەیان دەهات تەواو بێ. مێشکم پڕ لە چیرۆک و داڕشتنی بەرنامەی جۆراوجۆر بوو، لەژوورەکەی تەنیشت ژووری خۆم لە پڕ لاقم هەڵەنگوت، بەزەحمەت خۆم هاویشتە سەر جێگاخەوە گەورەکە، لە لای دایکم جێگا نەمابوو، بۆیە ناچار بووم بچمە نێوان هەردووکیان. بۆ ماوەیەک بابم لەبیر بردەوە و گوشارم بۆ مێشکم هێنا تا بزانم چ بەڵایەکی دەتوانم بەسەربێنم. ئاخر زیاترین بەشی جێگاکە ئەو داگیری کردبوو، بۆیەش پێلاقەیەکم پێدادا و ئەوەش بوو بە هۆی ئەوەیکە خرپەیەکی لێبێ و خۆی لەبەرێک بکێشێتەوە، بەوکارە جێیەکی زیاتر و بەرئاوەڵاتر بۆ من کرایەوە، دایکم لەخەو هەستا و ڕەپێی نام. لە حاڵێکدا قامکی گەورەم لە زارمدا بوو خەوم لێ کەوت.
بە دەنگێکی بەرز و ئۆخژنی ڕەزامەندی گوتم: دایە گیان...
دایکم بە ئارامی گوتی : ئازیزیزەکەم سسس، بابەی لە خەو هەلمەستێنە.
ئەوە ئاڵوگۆڕییەکی تازە بوو و دیاریش بوو لە قسەکردن لەگەڵ بابم زۆر گرینگترە خۆ ژیان بەبێ کۆنفرانسی بەیانانەی من هەر لە خەیاڵ نەدەهات.
بە تووڕەییەوە پرسیم: بۆچی؟
- چونکە بابت فەقیرە، ماندوویە.
تەنیا بەو هۆیە ڕازی نەدەبووم. لەو هەستە نهێنییەی کە لە وشەی بابی فەقیردا دەمدۆزییەوە هێلنجم دەهات. هیچ کات لە ورووژاندنی هەستەکانم ڕازی نەبووم. هەمیشە پێم وابوو درۆیە.
بە ئارامی گوتم: ئەە
دوایە بە شێوەیەک کە هەستی سەرکەوتوویی تێدا بەدی دەکرا گوتم: دایە دەزانی ئەمڕۆ دەمهەوێ بۆ کوێت بەرم؟
ئاخێکی هەلکێشا و کوتی : "نا گیانەکەم".
- دەمهەوێ بۆ دۆلی گێلێن بە تۆڕە تازەکەم ئەو ماسیانەی کە باڵیان وەک تیغ دەچێ بیانگرم. دوایەش دەمهەوێ بڕۆم....
لە حالێکدا زاری منی بە دەستی توند گرتبوو بە قەڵسییەوە کوتی: بابت هەڵمەستێنە. بەڵام زۆر درەنگ بوو ئەو هەستابوو یان وێ دەچوو هەستابێ. خرپەیەکی هات و شەمچەکەی هەلگرت، پاشان زۆر بەسەرسوڕماوییەوە چاوی لە کاتژمێر بڕیبوو. دایکم بە دەنگێکی زۆر نزم کە پێشتر هیچ کات لەویم نەبیستبوو گوتی: فینجانێک چای دەخۆیەوە ئازیزەکەم. وێ دەچوو ترسا بێ.
بابم بە تووڕەییەوە هاواری کرد : چا؟! دەزانی کاتژمێر چەندە.؟!
بە دەنگێکی بلیند گوتم : دوایەش دەمهەوێ بە شەقامی ڕێن کنیدا بڕۆم. دەترسام نەکا لەو خۆ تێهەلقوتاندنەدا شتێکم لەبیر بچێ. دایکم بە توندی گوتی : هەر ئێستا بنوو. خۆم پێ ڕانەگیرا و گریام. بابم هیچی نەکوت . بێ سرنج دان بەمن و دایکم جگەرەکەی هەڵکرد و چاوی لە دەرێ بڕیبوو. دەمزانی زۆر قەلسە هەر جارەی شتێکم دەکوت دایکم بە توندی منی بێدەنگ دەکرد و منیش هەموو جارێ لەو کردەوەی دایکم شەرمم دەهات. پێم وابوو شتەکە نابەرابەری تێدایە و تەنانەت دڕندانەشە. ئەوکاتەی بابم لە ماڵ نەبوو ئەگەر بە دایکم دەکوت پێکەوە بە شێوەی کاتی لەسەر یەک جێگاخەو دەنووین و درووستکردنی دوو جێگاخەو زێدەڕەوییە، دەیکوت نووستن لە دوو جێگاخەوی جیاوازدا بۆ سڵامەتی باشترە. بەڵام ئێستا ئەو پیاوە بێگانەیە بێ ئەوەیکە کەمترین سرنجێک بە سڵامەتی وی بدا لەپەنا وی دەنوێ. بابم زوو لە جێگاکەی هەستا و چای دێم¬کرد و چایەکی بۆ دایکم هێنا بەڵام بۆ منی نەهێنا. هاوارم کرد دایە منیش چای دەخۆم. بە لەسەرەخۆییەوە کوتی: دەتوانی بە ژێرپیالەکەی دایکت چای بخۆیەوە گیانەکەم. ئەو کارەی دایکم گرفتەکەی چارەسەر کرد؛ بەڵام یان دەبوو من لە مالێ ڕۆیشتبام یان بابم. نەم دەویست بە ژێرپیاڵەکەی دایکم چای بخۆمەوە بەڵکو دەمویست لە ماڵە خۆمدا بە شێوەیەکی بەرابەر لەگەڵم بجووپێنەوە. هەربۆیە لە حەیفی دایکم هەمووم خواردەوە هیچم بۆ وی نەهێشتەوە، دیسان دایکم خۆی خواردەوە و هیچی نەکوت. بەڵام هەر بۆ شەوێ کاتێک دەیهەویست بمنوێنێ بە لەسەرەخۆیی پێیکوتم: "لۆری دەمهەوێ بەڵێنییەکم پێ بدەی". پرسیارم کرد: چ بەڵێنییەک؟
- بەلێن بدە بەیانیان نەچی بۆ ژوورەکەی بابت ئەو بەستەزمانەی لە خەو هەلنەستێنی، بەڵێن دەدەی؟!
دیسان ئەو "بەستەزمانە" ! ئیتر ئەوجار لە هەر شتێکی پێوەندی بەو پیاوە ناتەبایە هەبا دوودڵ بووم.
- پرسیم: بۆچی؟
- بە خاتری ئەوەیکە بابت دلەڕاوکەیەتی، ماندوویە، چاک نانوێ.
- باشە بۆ نانوێ دایە.
- ئەتۆ دەبێ بزانی کاتێک بابت لەشەڕێ بوو؛ دایە لە ئیدارەی پۆست پارەی پێویستی وەردەگرت.
- لە بەڕێز خوشکە مەککارتی ؟
- بەلێ بەڵام بەڕێز مەککارتی پارەی تری نەماوە. بابت دەبێ پارەمان بۆ پەیدا بکا، دەزانی ئەگەر پارەمان بۆ پەیدا نەکا ًچ دەبێ؟
- نا نازانم، چ دەبێ؟
- ئەوکات دەبێ وەکوو ئەو پیرێژنە سوالکەرە ڕۆژانی هەینی سواڵێ بکەین. ئێمە ناتوانین ئەوکارەی بکەین ناشمانهەوێ، دەمانهەوێ؟
- نا نامانهەوێ.
- تۆش بڕیار بدە ئیتر بابت هەڵنەستێنی.
- بەڵێن دەدەم.
ڕاستم کوتبوو دەمزانی پارە شتێکی گرینگە و منیش نەمدەویست ڕۆژانی هەینی وەکوو ئەو پیرێژنە بچم سوالێ بکەم. بۆ ئەوەی نەتوانم لە دیوەکەدا بێمە دەرێ، دایکم کەرەسەی یارییەکانمی وەکوو ئالقەیەک لە دەوری من دانابوو
هەتاکوو وەختێک ویستم بێمە دەرێ بەسەر یەکێک لەوان دا بکەوم. بەیانی کە لەخەوهەستام هەر لە ژوورەکە خەریکی قومارکردن بووم، بە مێشکم دا هات دەبێ کاتێکی زۆر گوزەرابێ بە خۆم دەکوت خۆزگە بابم لە خەو هەستابا یان کەسێک چایەکی بۆ هێنابام. بە هیچ جۆرێک هەستم بە خۆشی نەدەکرد زۆر وەڕەزبووم، تەنیا ئاواتم ئەوە بوو بچمە نێو جێگاوبانەکەم و بنووم. ئیتر نەمتوانی خۆم ڕاگرم و چوومە ژوورەکەی وان. چونکە لەلای دایکم جێگا نەبوو بەسەر ویدا خۆم فڕێدا و لەپڕ دایکم لەخەو هەستا و دەستمی گرت و بە نەرمی کوتی:"لۆری تۆ چ بەلێنییەکت دابوو"؟
کە پێیان زانی بە گریانەوە کوتم: ئەمن بەلێنییەکەی خۆم بردە سەر، لەمێژە بێدەنگم. لە حالێک دا کە دەیلاواندمەوە بە ناراحەتییەوە کوتی: هەی بمرم ڕۆلەی گیان دەزانم زۆر ناخۆشت بۆ گوزەراوە بەڵام ئەگەر قسان نەکەی ئیزنت دەدەم لێرەبی باشە؟ بە گریانەوە کوتم بەڵام دایە من دەمهەوێ قسان بکەم . ئەوجار زۆر بە توندی کە هیچ کات ئاوام نەدیتبوو کوتی: پێم کوتی لێرە بە بەڵام نەمکوت قسان بکە! بابت دەیهەوێ بنوێ حالی بووی دەلێم چی؟
بە توندی وڵامم دایەوە: دایە ئەگەر بابم لەجێی خۆی بنوێ بۆ سڵامەتی خۆی باشترە . پێموابوو بەوقسەیەی من زۆر تێکچوو، ئاخر بۆ چرکەیەک هیچی نەکوت. لە درێژەدا کوتی:"بۆ ئاخرین جار پێت دەپێم یان نابێ قسان بکەی یان بڕۆ سەر جێگای خۆت بنوو کێهایانت دەوێ "؟ 
بەوکارە زۆر تێک چووم بەڵام دایکم تەنانەت وڵامیشی نەدامەوە منیش هێندەم ڕق هەستابوو لە حەیفان بە دزی دایکم پێلاقەیەکم بە بابم دادا، لەپڕ بابم زۆر بە ترسەوە لەخەو ڕاست بۆوە. هەر لەوحالەدا بەدەنگێکی تژی لە ترسەوە پرسیاری کرد: کاتژمێر چەندە؟ دایکم زۆر بە هێدی و هێمنی وڵامی دایەوە ئێستا بەیانییە زوویە، هیچ نەبوو ئەو مناڵەیە، بنوو.
لە حاڵێکدا لە جێگاکەی دەهاتەدەر کوتی: باشە لۆری گیان ئەتۆ بابەت هەستاند ئەوجار بچۆوە بۆ ژوورەکەی خۆت.ئەمجارە بە پێچەوانەی وی زۆر بە هێمنی لەگەلم جووڵایەوە، دەمزانی بەڕاستییەتی و دەشمزانی مافی من لە دەس چووە هەر بۆیە دەبێ زوو مافی خۆم دەستەبەر بکەم. کاتێک ویستی من لەسەر جێگاکە لابەرێ زۆر بەتوندی زیقاندم؛ ئەوەندەم توند زیقاند تەنانەت مردووەکانیش لەخەو هەستان. بابم بە توندی هاواری کرد: تێرعەمر نەبی ڕۆلە بۆ قەت خەوت نییە. دایکم بە هێمنی کوتی: خۆشەویستم ئەوە هەر خوو و خدەی خۆیەتی. دایکم بە ڕوالەت بە هێمنی وای کوت بەڵام دیاربوو زۆر پەرۆش بوو و دلەراوکەی هەبوو. لەحالێکدا هەناسەبڕکەی بوو هاواری کرد: باشە ئەوجار کاتی ئەوەیە ئەو ئاکارە ناحەزەی وەلابنێی. 
ئەوجار تەواوی لێفە و پەتۆکانی لەدەوری خۆی هاڵاند و ڕووی لە دیوار کرد و درێژ بوو هەر لەو حالەدا سووکەئاوڕێکی داوە ، چاوە ڕەشەکانی پڕ لە ڕقوقین بوو، پیاوێکی دزێو دەهاتە بەرچاو. کاتێک دایکم دەیهەویست دەرگای ژوورەکەی دیکە بکاتەوە، منی لە باوەش هێنایە خوار و منیش لەو دەرفەتە کەلکی پێویستم وەرگرت و بۆ لای گۆشەی ژوورەکە هەڵاتم و یەک بۆخۆم زیقاندم، بە زیقاندنی من بابم لە جێی خۆی ڕەق هەڵات. بە دەنگێکی ویشک و ناخۆشەوە کوتی:"بێدەنگ بە تولەسە".
بەوقسەیە زۆر تێک چووم و لە جێی خۆم ویشکبووم بە جۆرێک کە ئیتر نەمزیقاند. هیچکات هیچ کەس ئاوای قسە لەگەڵ من نەکردبوو. بە سەرسوڕماوییەوە چاوم تێ بڕیبوو. ڕوخساری لە تووڕەییان سوورسوور هەلگەڕابوو. هەر لەو کاتەدابوو زانیم خواش قومارم پێ دەکا.
خوا پاڕانەوەکانی ئێمەی قەبوول کردبوو هەتا ئەو دێوەزمەی بگەڕێنێتەوە بۆ لامان ئیتر هیچم نەدەبیست هاوارم کرد:"بۆخۆت بێدەنگ بە".!بابم زۆر شێتانە لەسەر جێگاکەی هاتە خوار و هاواری کرد:"چت کوت".؟ لەو کاتەدا دایکم هاواری کرد:میک! ....میک تۆ نازانی ئەو منالە ئێستا خووی بە تۆ نەگرتووە، بابم زۆر بە قەلسییەوە کوتی:"دیارە فەقەت بە خواردەمەنییەکەی ڕاگەیشتووی و گوێت بە پەروەردەکردنی نەداوە ،ئێستا پێی خۆشە زۆر چاکی بکوتم.بە ڕاستی بەو قسانە تێکچووم، وەک شێتان هاوارم کرد خۆت بکوتە بێدەنگ بە، بە بیستنی ئەو قسانە ئیتر خۆی پێی ڕانەگیڕا و لێیدام هەلبەت فەقەت چەند زللەیەکی سەبری لێدام، بەڵام بێگانەیەک لە منی دابوو ئەویش بێگانەیەک کە بە دوعامانی ئێمە گەڕابۆوە و بە زۆرەملی جێگای ئێمەی داگیر کردبوو. هێندە بەوشتەوە تووڕە ببووم فەقەت دەمزیقاند و بۆولا و بۆولای هەپدەهاتم و بابیشم بە جلوبەرگێکی بۆری نیزامییەوە وەکوو کێو بە ڕقەوە چاوی لە من بڕیبوو. نیگاکانی وەکوو کەسێک دەچوو دەیهەوێ مرۆڤێک بکوژێ.پێموایه هەر ئەوکاتە بوو زانیم تەنانەت بەرچاوتەنگیشە. لەوڕۆژەوە ژیانم وەکوو جەحەندەمی لێهاتبوو. من و بابم بە ئاشکرا ببووین بە دوژمنی یەکتر زۆرمان شەڕ دەکرد.ئەو کاتانەی من لەگەڵ دایکم بووم ئەو بە ئانقەست موزاحیمی ئێمە دەبوو و بە پێچەوانە کاتێک ئەو لەگەل دایکم دەبوو، من لێخەیان نەدەبوومەوە. ئەو کاتانەی دایکم چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە ئەو بە ئانقەست لە کەوشەکانی زەمانی شەڕی خۆی دەگەڕا. بە پێچەوانە کاتێک لەگەل دایکم قسەی دەکرد منیش دەنگێکی زۆر بڵیندم لە کەرەسەکانم دەردەهێنا هەتا وابزانێ بوونی وی بۆ من گرینگ نییە، ئێوارەیەک کە لەسەر کارێ هاتەوە و من چووبوومە زگ سندووقەکەی و یاریم پێدەکرد هەڵایەکی ساز کرد مەپرسە. دایکم زۆر بە توندی کوتی: لۆری تۆ بێ ئیزنی بابت نابێ بە کەرەسەکانی وی یاری بکەی، ئەی بۆ بابت بە کەرەسەکانی تۆ یاری ناکا.بابم لە بەرابەر ئەو قسەیەدا جۆرێکی چاو لە دایکم کرد دەتکوت دایکم لێی داوە. دوایە بە قەلسی ئاوڕی دایەوە لە حاڵێک دا سندووقەکەی بۆ جاری دووهەم دەهێنا خوارەوە، نەڕڕاندی و کوتی:ئەوانە کەرەسەی یاری کردن نین تاقمێکیان لە هیچ کۆ وەدەست ناکەون و زۆر پڕ بایەخن .
بەلام هەرچی دەگوزەرا زیاتر هەستم بەوە دەکرد چۆن تێدەکۆشێ من و دایکم لێک جیا بکاتەوە. شتێک کە بۆ من سەرسووڕهێنەر بوو ئەوەبوو کە ئاخری نەمزانی دایکم بۆچی هێندە هۆگری ئەو پیاوە ناحەزە دەبێ. لە حالێک¬دا ئەمن زۆر سرنجڕاکێشتر بووم. بۆ وێنە زاراوەکەی وی ئی خەڵکی فەقیر بوو. کاتی چا خواردنەوە دەنگی لە زاری دەهات. تا ماوەیەک وام بیر دەکردەوە بە هۆی خوێندنەوەی إإ ڕۆژنامەیە دایکم وا هۆگرێتی، هەر بەوهۆیە لە خۆمەوە هەوالی جۆراوجۆرم ساز دەکرد و بۆم دەخوێندەوە. پاشان بیرم دەکردەوە ڕەنگە بە هۆی جگەرەکێشانەکەی بێ. هەربۆیە جگەرەکەی بابم هەلدەگیرساند و بەلالێوم وەدەنا و پێی لە خۆ بایی دەبووم تا ئەوەیکە بابم پێی زانی. تەنانەت چایەکەشم بە دەنگەوە دەخواردەوە، بەڵام دایکم دەیکوت تۆ زۆر بێ تام بووی. بە ڕوالەت هەرچی بێ دەبێ هەر ئەو نووستنە دزێوە بێ؛ هەربۆیە بێ وەی ئەوان بزانن سەرێکی ژووری خەوەکەیانم دا خۆم شاردبۆوە و ئاگام لٌێیان بوو، بەڵام هیچ کات نەمدیت کارێکی تایبەت بکەن. زۆرم بیر لەو شتە دەکردەوە و بیر و هزری منی زۆر ئاڵۆز کردبوو .پێم وابوو ئەسپی کارەکە دەبێ گەورە بوون و دەس لە ملی یەک کردن بێ. هە ربۆیە زانیم دیسان دەبێ سەبرم هەبێ و چاوەڕێ بم. بەو حاڵەش دەمویست ئەوان بزانن ئێستا لە تێکۆشان و ململانێی خۆم نەوەستاوم. ئێوارەیەک بابم زۆر ناشیرن تر لە جاران بوو جۆرێکی قسە دەکرد حاڵی نەدەبووم. بۆیە منیش ویستم بەو شێوەیە ئەو حالی بکەم کوتم:دایە تۆ دەزانی کاتێک گەورە بووم دەمهەوێ چ بکەم؟
وڵامی دایەوە نا ڕۆڵەی گیان چ دەکەی؟
بە دەنگێکی ئارام کوتم: دەمهەوێ لەگەل تۆ زەماوەند بکەم 
بابم قاقایەکی لێدا بەڵام بە سوخرەی نەگرتم دەمزانی دایکم بە ئانقەست خۆی لە نەزانی داوە بەڵام لە ڕاستیدا زۆری پێخۆش بوو. هەستم بەوە دەکرد وێدەچێ خاترجەم بووبێ لەوەیکە ڕۆژێک زالبوونی بابم بەسەر وی دا کۆتایی پێدێ. 
بزەی هاتێ و کوتی: زۆر سەیر دەبێ ...نا؟!
بە خاترجەمی کوتم: بەپێ چونکە ئێمە ئەودەم خاوەن مناڵ دەبین .بە هێمنی کوتی: ڕاستە ڕۆلەی گیان ئێمە هەر لەو ڕۆژانەدا خاوەن مناڵ دەبین تۆش لە تەنیایی ڕزگاریت دێ. بەو هەوالە زۆر کەیفخۆش بووم چونکە ئەوە یانی هەرچەند بابم بەسەر ویدا هەر زاڵە بەڵام ئاواتەکانی من ئێستاش بۆ وی گرینگە. بێجگە لەوە بنەماڵەی جینی ش بێدەنگ دەبوون. بەڵام شتەکە جۆرێکی دیکەی لێهات. سەرەتا دایکم نیگەرانی درەنگ هاتنەوەی شەوانەی بابم بوو بەڵام ئەوە بۆ من کەلکی نەبوو؛ چونکە ئیتر دایکم بۆ گەڕان نەیدەبردمە دەرێ، زۆر دلناسک ببووم و هەر لە خۆڕا لێی دەدام. جاری واشە بە خۆم دەکوت خۆزگە هیچ کات باسێکم لەو مناڵە پیسە نەکردبا. هەردەڵێی وەستای سازکردنی بەڵا و گرفت بۆ خۆمم. بە ڕاستی چ بەڵایەکم بەسەر خۆم هێنابوو! "سانی هەر هات و هاواری دەکرد. منیش هەر لە هەوەڵ کاتەکانی ژیانیدا ڕقم لێی بوو. مندالێکی بەدفەڕ بوو و زیاتر لە ڕادەی پێویست دەگریا. دایکم بە شێوەیەکی زۆر نازانستییانە لەگەڵی دەجووڵایەوە و تەنانەت نەیدەزانی سانی جارجارە دەیهەوێ خۆی نیشان بدا؛ ڕۆژانە فەقەت دەنووست و منیش ناچار بووم بۆ وەی هەلنەستێ لەسەر پەنجەی لاقم بڕۆم ئەوجار مەسئەلە هەستانی بابم نەبوو. مەسئەلە ئەوە بوو سانی هەڵمەستێنە. نەمدەزانی ئەو مناڵە بۆچی هەمیشە و هەرکات لەخەو دایە . هەرکات دایکم لەوێ نەدەبوو هەلمدەستاند. جاری واش بوو بۆ وەی نەهێلم بنوێ دەمگەست.ڕۆژێک دایکم لەوحالەدا منی دیت و چاکی کوتام.ئێوارەیەک بابم لەکارێ گەڕاوە، منیش لەو باغەی پێش ماڵە خۆمان قومارم دەکرد، جۆرێک جووڵامەوە یانی ئاگام لەوی نییە چ دەلێم بە دەنگێکی بەرز کوتم: ئەگەر مندالێکی دیکە بێتە ئەو مالەی دەڕۆم .بابم بەسەرسووڕماوییەوە چاوێکی لێکردم و بە توندی پرسیاری کرد: چت کوت؟! لەو حالەدا دەمویست ترسەکەم بشارمەوە وڵامم دایەوە:"لەگەل خۆم قسەم دەکرد تایبەتییە". هیچی نەکوت و ڕۆیشت. ڕاستییەکەی دەمویست ئەو قسەیە مەترسی بێ بۆ بابم بەڵام شوێن دانانەکەی تەواو بە پێچەوانە بوو .
هەلس و کەوتی لەگەڵ من زۆر بەرەو باشی ڕۆیی، بەڵام هۆی ئەو گۆڕانەم نەدەزانی . لە شێوەی هەلس وکەوتی دایکم لەگەل سانی بێزم هەلدەستا. تەنانەت کاتی نان خواردنیش هەلدەستا چاوی لە لانکەی سانی دەکرد کە لەوێدا نووستبوو: بە بابمی دەکوت ئەویش ئەو کارە بکا. بابم لەو کاتەدا گێژ ببوو بەڵام وا دیار بوو لە مەبەستی دایکم تێنەگەیشتبوو. بابم شەوانە بە گریانی سانی زۆر تێکدەچوو ، بەڵام دایکم زۆر قەڵس دەبوو و دەیکوت:"سانی هیچ کات ناگری مەگەر گرفتێکی هەبێ". ئەوە درۆیەکی گەورە بوو؛ چونکە سانی هیچ کات گرفتێکی نەبوو و فەقەت بۆ خۆنیشاندان دەگریا. بە ڕاستی ساویلکە بوونی دایکم بیر و فکرمی ئالۆز کردبوو.
بابم سرنجرُِاکێش نەبوو بەڵام زۆر بەزەبر و بەهۆش بوو. ئەو بە هەلس وکەوتە ڕاستەقینەکەی سانی زانیبوو و دەشی-زانی منیش پێم زانیوە .
شەوێک لەپڕ لە خەو هەستام کەسێک لە کن من نووستبوو، وەمزانی دایکمە و بۆ هەمیشە لە بابم کشاوەتەوە. بەڵام کاتێک نەقەنەقەکانی سانیم لە ژوورەکەی ئەولا بیست و دەنگی دایکیشم کە دەیکوت:"سەبر ڕۆلە گیان سەبر"!ئەوجار زانیم بابمە لە تەنیشت من درێژ بووە بەڵام ئێستا خەوی لێ نەکەوتبوو. هەناسەبڕکەی بوو و زۆریش قەڵس وتووڕە بوو. پاش چەند کاتێک زانیم بۆچی قەڵسە: پاش ئەوەی منیان لەسەر جێگاکە وەدەر نابوو نۆرەی وی بوو وەدەری نێن. لەوەبۆولا دایکم کەسی پێ گرینگ نەبوو بێجگە لەو ژەهرەمارە سانی نەبێ. بۆ بابم زۆر بە داخەوە بووم .
تەواوی ئەو شتانەی بەسەر من هاتبوو بەسەر ویش هات. دەتوانم بڵێم هەلسوکەوتی من زۆریش پیاوانە بووە. دەستم بەسەریدا هێنا و دەمکوت :" سەبربە پشووت لەسەرەخۆ بێ".
هیچی نەدەکوت. دوایی بە ناراحەتییەوە کوتی:"تۆش نەنووستووی"؟
کوتم: وەرە دەستت لە ملم کە!
زۆر بە ئارامی ئەوکارەی کرد، تەواوی لەشی ئێسقان بوو.
هەرچەند بۆی زەحمەت بوو بەڵام کاتی کریسمەس ماکێتێکی شەمەندەفەری بۆ کڕیم
 
 
کوتایی.